دڵشاد شەهاب: 80٪ی داواکارییەکانی یەکێتی لە کابینەی داهاتوودا جێکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی ئاهەنگێکی گەورە بۆ دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئامادەنین دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببن.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، باسی لە پلانەکانی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد، کە بڕیارە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت.
لە قسەکانیدا دڵشاد شەهاب دەڵێت، بانگەشەی ئەم جارەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "ئارام دەبێت لە ئاستێکی بەرز بە بڕوایەکی پتەو و بە ئامادەکارییەکانی باش بە رەچاوکردنی مۆدێلێکی نوێ، کە نەبێتە هۆکاری بێزاری خەڵک و کاریگەریی لە هاتووچۆ و ژیانی خەڵک بکات".
لەم هەڤپەیڤینەدا، دڵشاد شەهاب باس لە دوایین گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت 80٪ـی داواکارییەکانی یەکێتی لە حکومەت جێکراونەتەوە، بەڵام ئامادەنین وەزارەتی ناوخۆیان پێ بدەن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: جگە لە لق و ناوچەکان، بەشێوەیەکی باڵا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێنەکردووە، بۆ بە فەرمی دەستتان پێنەکردووە؟
دڵشاد شەهاب: بە فەرمی دەستمانپێکردووە، ئەوەی دەڕوات فەرمییە، چونکە کۆمیسیۆنیش رایگەیاندووە، ئەگەر مەبەستت رێوڕەسمی گەورەیە، ئەوە لەم رۆژانەدا و بەم نزیکانە لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەدەچێت، وەکو هەمیشە پارتی بانگەشە بە ئامادەبوونی بەرپرسە باڵاکانی و بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکات، ئەم جارەش هەر وادەبێت لە ئایندەیەکی نزیکدا.
رووداو: ئێستا ساردوسڕییەک هەیە کاک دڵشاد وایە؟
دڵشاد شەهاب: هێشتا گەرم نەبووە.
رووداو: دوای ئەو رێوڕەسمە فەرمییە پارتی بە گەرمی بانگەشە دەکات؟
دڵشاد شەهاب: بێگومان... قۆناخەکانی ئامادەسازی هەروایە، بۆ نموونە کارێک لەسەر نێوخۆی حیزب دەکرێت، ئامادەسازیی بەربژێران دەکرێت، دەزگاکانی حیزب و مەکینەی بانگەشە دەکەوێتە کار، ناشکرێت لە ئەمڕۆوە تاوەکو زیاتر لە 30 رۆژیتر هەموو رۆژێک ئاهەنگ و کۆڕی جەماوەریی بکەین بۆ خەڵک و دەنگدەر، دەبێت واشی لێبێت جۆرێک ئارامیی بانگەشە هەبێت، بڕیاری پارتی ئەوەیە بانگەشەیەکی ئارام لە ئاستێکی بەرز بە بڕوایەکی پتەو و بە ئامادەکارییەکانی باشی هەمە لایەنە لەگەڵ رەچاوکردنی مۆدێلێکی نوێ کە نەبێتە هۆکاری بێزاری خەڵک و کاریگەریی لە هاتووچۆش ژیانی خەڵک بکات، بۆیە هەنگاو بە هەنگاو بە گوێرەی بەرنامەی دانراو بانگەشە دەکەین و ئینشاڵڵا ئەنجامێکی باش بەدەست دەهێنین.
رووداو: پارتی دەنگەکانی خۆی دەهێنێتەوە؟
دڵشاد شەهاب: بڕوای ئێمە وایە دەنگی زیاتر دەهێنین.
رووداو: بەچی؟
دڵشاد شەهاب: هەڵبژاردنەکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، پارتی لە بیناکردنی عێراقی نوێدا ئامادەبوویەکی کاریگەرە، لە ئازادیی عێراق، لە سەردەمی نووسینەوەی دەستوورەوە، لە بەشداریکردن لە حوکمڕانی و پارێزگاریکردنێکی بێ کۆت و مەرج لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەشێوەیەک زۆر جاران ویسترابێت گورزێک لە هەرێمی کوردستان و مافەکانی بدرێت گەورەترین لەمپەر و ئاستەنگ بۆ پارتی و کارەکتەرەکانی دروستکراون، کاری خەڵک زۆر بە ئاسانتر رۆیشتوون، چونکە ئامانجەکانی پارتی ئەوانە بوون کە سازشیان لەسەر ناکرێت، ئەگینا ئەگەر بڕوا بە یەکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان بێت، ئەوە لە مێژوودا کەس بەقەدەر پارتی ئەو بڕوایەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام پێکەوەژیانێک تۆ و مافەکانت لە کوێدان، بۆیە پارتی مێژوویەکی پڕشنگداری هەیە و قوربانیشی داوە، هەندێکجار هاوپەیمانیی قورس دژی پارتی پێکهێندراون هەر پارتییە توانای ئەو ئاڵنگارییانەی هەیە.
رووداو: بەڵام خەڵک ئایندەی دەوێت
دڵشاد شەهاب: ئەم رێبازی خەباتە دوور و درێژە.. ئەوانەی من دەیڵێم ئەوە نییە ئەوە نادیدە بکەم کە خەڵک مووچەی درەنگ دێت و ئاستەنگی ژیانی هەیە، بەڵام ئەمە شەڕێکە بەردەوامە، شەڕی ویست و ئیرادە و پارێزگاریکردن لە بوونی خۆت. دەزانی عێراق دونیایەک کێشەی تێدایە، لە هەندێک لەوانە لە زۆرینەی بەشەکانی باشترین، لە هەندێکیش گرفتەکانمان زیاترن. ئەوانەی تاوەکو ئێستا توانیبێتیان بێزارییەک یان تەنگ پێهەڵچنینێک بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستبکەن بە بابەتی مووچە بووە، هیچ خەڵک ئەمە بە رەوا نابینێت، یەک کەسیش لە جیهان و رێکخراوی دووروو نزیک هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی سیاسەتێکی هەڵەیە، کە لە ئەنجامی رکابەریی سیاسییدا خەڵک ئازار بدەیت، گەلی ئێمە خۆشبەختانە بە سەربەرزی قۆناخێکی سەختی بەڕێکردووە، رەنگە زۆر جار گوترابێت رێگایەکی سەختمان لەپێشە، ئەوەی هەیە ئەو بڕوایەی هەمانە نە کۆڵ دەدەین و نە بەجێی دەهێڵین؛ نە دەستبەرداری هیچ مافێکی خەڵکی کوردستان دەبین.
جەنابت دەڵێی پشت بە چی دەبەستین؟ پشت بەوە دەبەستین کە وا ئەگەر گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی کورت هەموو ئەو پیلانگێڕانییەی دوای 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دژی پارتی کران، زۆر خەڵک وای وێنا دەکرد کە هەڵبژاردنی دواتر زەڕبەیەکی زۆر گەورە بە پارتی دەکەوێت، چونکە هەرچی روویدا لە ناوخۆ و دەرەوە خستیانە ئەستۆی پارتی، بەڵام گەلی کوردستان بەهای ئەوەی زانی، کە ئەوەی پارتی هەنگاوی بۆ ناوە ئامانجی پیرۆزی ئەو خەڵکەن کە پارتی زیاتر لە 100 ساڵە هەنگاوی بۆ ناوە، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو رژێمانەی عێراقیان بەڕێوەبردووە مووچە نەبووە بە تەنیا، ئەمە کەم سەیرکردنی ژیانی خەڵک نییە تکایە، ئێمەش بەشێکی ئەم کۆمەڵگەیەین، بەڵام دیسانەوە دەیڵێین یەکێک لە ئاستەنگەییەکان بۆ راگرتنی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو، بەڵام نەوەکو نەکەوتین، بەهێزتری کردین و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێمان دەکات.
رووداو: ناکۆکی نێوخۆیی رەنگە زیانی زۆری بە هەرێمی کوردستان گەیاندبێت، ئەوەی لە بەغداوە دەکرێت پێدەچێت بەشێکی پەیوەندی بە ناکۆکیی نێوخۆوە هەبێت، ئەمە بۆیە دەڵێم تاوەکو ئەمڕۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێندراوە، نەتانتوانیوە پەرلەمانیش کارا بکەنەوە، کاک بافڵ لە گوتارەکەی لە مێری باسی ئەوەی کرد، پێشتریش گوتوویەتی تاوەکو رازی نەبین حکومەت پێکنایەت و بەوە رازی نابین کە بۆمان دیاریکراوە و حکومەت پێکنایەت، بۆ پێکنایەت؟
دڵشاد شەهاب: قۆناخێکی دیکەمان ماوە، ئەگینا بە دڵنیاییەوە هەموو راستییەکان بۆ گەلەکەمان دەخەینەڕوو، هەنگاو بە هەنگاوی کە لە هەشت مانگی رابردوودا کراون بە ئاشکرا و نائاشکرا، لە دیداری فەرمی و دۆستانە. بەخێرایی بەسەر هەندێک بابەتدا دەڕۆم، لە پرسیاری یەکەمدا ناکۆکی نێوخۆیی راستە کاریگەریی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەبووە، بێگومان هیچ کاتێک نەیارەکانمان نەیاندەتوانی ئەو پیلانانەی دژی گەلی کوردستانە کاریگەریی کەمتر دەبووەوە. با روونتر بیڵێین کە ئێمە لەسەر چی ناکۆکیمان هەیە، بۆ نموونە ئەگەر من لە قسەیەکی ئەو بەڕێزەوە [بافڵ تاڵەبانی] دەستپێبکەم، توخوا پێکنەهێنانی حکومەت بە دەستکەوت بفرۆشیتە گەلێک؟ وشەی من بەکاربهێنیت و بڵێی رازی نابم.. دڵنیام گەلی کوردستان زۆر لەسەر ئەوە دەوەستێت بۆ رازی نەبوونی 'من'ێک کە هەر کەس بێت گەلێک باجەکەی بدات و پێگەی هەرێمی کوردستان باجەکەی بدات. ئەرکێک بەرامبەر خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە کە خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، ئەمانە هەمووی ئەوە ناهێنێت بازدانێک بێت بەسەر حەزێکدا؟.
رووداو: حەزە یان داواکاری؟
دڵشاد شەهاب: ئەوەی من بینیم جەنابیان گوتی من رازی نابم.. دێمە سەر وردەکاری، هەشت مانگە گفتوگۆ دەکەین، سەرەتا زۆر بە دووردرێژی کارمان لەسەر دیدگەی هاوبەش بۆ قۆناخی حوکمڕانی کردووە، دوایین کۆبوونەوەمان بە گوتەی یەکێتی خۆیان 80%ـی داواکانیان جێکراونەتەوە، باشە ئەگەر حیزبێک بڕوای وابێت 80%ـی بەرنامەی هاوبەشی قۆناخی ئایندە هەیە، ئایا بەرژەوەندیی خەڵکی ئەم کوردستانە ئەوە ناهێنێت کە 20%ـی دەست لێ هەڵبگریت؟ ئەمە بۆ هەردوولامان راستە. کە هەڵبژاردن تەواو بوو بە گوێرەی ریزبەندی دەنگەکان پارتی سەردانی هەموو لایەنەکانی دەکرد، بیرمە سەرەتا بڕیار بوو بچینە لای یەکێتی، هیچ ناکۆکییەکی سیاسیی نەبوو، ئامادەنەبوون و گوتیان ئاسایی بچنە لای خەڵکی دیکە و بێنەوە.. ئێمە بڕیارمان وابوو لە دووەم بۆ سێیەم تاوەکو ئەوانەی کورسییەکیان هەبوو دەرگامان کراوە بووە، لەکاتێکدا پارتی نزیکەی دوو هێندەی یەکێتی دەنگ و کورسیی هێناوە، دیسان دەیڵێمەوە هێشتا ئومێدێکی گەورەمان هەیە بگەینە ئەنجام، پارتی بڕیاری بنبەستیی نەداوە و نەخێر ئێستاش پەیوەندیمان هەیە و نائومێدیش نین بگەینە ئەنجام، بەڵام وابکەن پێکنەهێنانی حکومەت وەکو دەستکەوت بفرۆشین. سبەی بگەینە ئەنجام ئێمە ناڵێین وەرن دەنگمان پێبدەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێکهێنا، بەڵکو دەڵێین خەڵکینە ببوورن، دواکەوتین، بەڵام دواجار حکومەتێکمان پێکهێنا بناخەیەکی پتەوی هەیە و خزمەتی ئێوە دەکەین، ئینجا پێچەوانەکەی بفرۆشیتە خەڵک کە رێگەت نەداوە حکومەت پێکبێت، پێموایە خوێندنەوەی بۆ بکرێت گەورەترین بانگەشە پێشکێشی پارتی کراوە.
رووداو: لەسەرچی ناکۆکن؟ بۆ بە روونی نایڵێن؟
دڵشاد شەهاب: لەسەر پۆست.
رووداو: لەسەر چ پۆستێک؟
دڵشاد شەهاب: یەک شت نییە بەدیاریکراوی، بەڵام لەسەر پۆستە، بۆ زانیاری؛ بە رێژەی دەنگ یان کورسی حیساب بکەیت بە رێککەوتنی پێشتر جگە لە رێککەوتنی ستراتیژیی 50 بە 50، ئەوەی ئێستا خراوەتەڕوو بۆ یەکێتی لە هی هەموو کاتەکان زیاترە.
رووداو: داوای وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ پێیان نادەن؟
دڵشاد شەهاب: لەسەر کۆمەڵێک بابەت گفتوگۆ هەیە، ببوورە کە هەموو شتێک ناڵێم هێشتا گفتوگۆمان بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە بنبەست، گەیشتنە ئەنجام کە ئومێدمان وایە دەگەین، بڕیاری پارتی و فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانیش ئەوەیە ئێمە بگەینە ئەنجام، چونکە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان وادەخوازێت، ئەگەر نەگەیشتین دڵنیابە ئێمە هەموو ئەو وردەکارییانەی هەن بۆ راستگۆیی [دەیڵێین]. بۆ پەرلەمانی کوردستانیش ئێمە هەوڵی زۆرمان دا پەرلەمان کارا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن رێزی لێبگیرێت.
رووداو: دوایین وەڵامی یەکێتی ئەوەیە کە پەرلەمان و حکومەت یەک پاکێجە؟
دڵشاد شەهاب: بابەتەکە یەک پاکێجە، پەرلەمان و حکومەت یەک پاکێجە.
رووداو: بۆ دەتانەوێت پەرلەمان سەرەتا کارابێتەوە؟
دڵشاد شەهاب: یاسا وایە، دەمانەوێ رێز لە دەنگی خەڵک بگرین، بۆ هەموومان ئیحراجییە کە حکومەت پێکنایەت، بۆ پارتیش ئیحراجییە، بەڵام چەند تێیدا خەتابارین و دەبێت چی دیکە بکەین؟.
رووداو: بۆ خەتاکە دەخەنە ئەستۆی یەکێتی؟
دڵشاد شەهاب: نەمانگوتووە، دەزانیت ئەگەر بەڕێز سەرۆکی یەکێتی ئەو بانگەشەیەی نەکردایە پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ببەستێتەوە، ئێمە هەر قسەمان لەسەر نەدەکرد تاوەکو دەگەیشتینە ئەنجامێکی ئەرێنی و بەخەڵکی خۆمان دەگوت ببوورن دواکەوتین. ئەنجامێکی خراپ مافی خۆمانە بڵێین تاوەکو ئێستا هاتووین، بڵێین حیزبێک 800 هەزار دەنگی هێناوە یەکێک 400 هەزار، یەکێک 23 کورسی و یەکێک 39 زەحمەت نەبێ یەکێک لەمانە... ئێمە گوتووشمانە ئامادەین تەنیا پێوەر دەنگدان نەبێ، بەڵام ناشکرێ نادیدە بگرێ، سبەی کابینە وەکو خۆی بێت باشە بۆ هەڵبژاردنمان کرد؟ لەگەڵ ئەوانەشدا رێز لە پێگەی هەردوولا دەگیرێت کە مێژوویەکی درێژی حوکمڕانییان هەیە. خەڵکی خۆمان دەزانن هەیمەنی ئیدارەیی هەیە و لە سلێمانی حکومەتی خۆجێی جۆرێکە و لە هەولێر و دهۆک جۆرێکە، بەڵام دواجار دەبێت رێز لە دەنگی خەڵکیش بگرێت کە هەڵبژاردن کراوە.
رووداو: راستە وەزارەتی ناوخۆ گرێکوێرەکەیە؟
دڵشاد شەهاب: یەکێکە لە گرێکوێرەکان، یەکێکە لە گرفتەکان.
رووداو: بە روونی پارتی ئەو وەزارەتە دەداتە یەکێتی؟
دڵشاد شەهاب: ئێستا لە گفتوگۆداین.
رووداو: گفتوگۆ لەسەر وەزارەتی ناوخۆ دەکەن؟
دڵشاد شەهاب: بۆچوونی پارتیتان بە فەرمی پێبڵێم، نەخێر.
رووداو: نایدەن بە یەکێتی؟
دڵشاد شەهاب: نەخێر.
رووداو: زۆر سوپاس کاک دڵشاد
دڵشاد شەهاب: سوپاس بۆ ئێوە.