رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، ئامادەییان دەربڕیوە لە بەرامبەر ناردنی مووچەی مانگی ئاب، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی پرسی نەوت، پێویستە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەربچێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 09-10-2025 لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی راگەیاند، ''چارەسەری کۆنکرێتی بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە داهاتوودا یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەربچێت.''
ئامانج رەحیم ئاماژەی بە رێککەوتنی سێقۆڵیی حکومەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و گوتی، رێککەوتنەکە بۆ قۆناخێکی راگوزەری بەر لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە.
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، رادەستکردنی بەشێک لە داهاتی نانەوتییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموز 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بەگوتەی ئامانج رەحیم لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار دراوە لەسەر پرسی رادەستکردنی بڕی داهاتی نانەوتی نامەیەک ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت.
وەک سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، ''لە کۆتایی نامەکەدا باس لەوە کراوە تاوەکو ئەم پرسە یەکلایی دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە وەکو سێ مانگی پێشوو، لە ناردنی بڕی 120 ملیار دینار، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو لا دەکرێت، بەردەوام بێت.''
گفتوگۆکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەردوو حکومەت بەردەوامن. ئامانج رەحیم جەختی لەوە کردەوە، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی پێنج مووچەی مانگەکانی 8، 9، 10، 11 و 12 ـی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکات.
23ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. تاوەکو ئێستا مووچەکانی مانگی ئاب و ئەیلوول خەرج نەکراوە.
دەقی قسەکانی ئامانج رەحیم:
رووداو: دوای گفتوگۆیەکی چڕ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کرایەوە. ئێوە یەکێک بوون لەوانەی کە لە سەرەتاوە لە وردەکارییەکاندا بوون. پێمخۆشە لەسەر ئەو رێککەوتنە ئەوەم پێ بڵێیت کە تاوەکو ئێستا نەگوتراوە؟
ئامانج رەحیم: خۆتان دەزانن پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی نەوت چەند قۆناخێکی بڕیوە. لە ساڵی 2007 بۆ یەکەم جار لە پەرلەمانی کوردستان یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرچوو هەر ئەو کات حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ دژی دەرکردنی ئەم یاسایە بوون، بۆیە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەوکاتە، لە ساڵی 2012 داوایەکیان تۆمارکرد لەسەر پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە.
ئەوە بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـوە دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی لە بەندەری جەیهانەوە، بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ. تاوەکو ساڵی 2023 کە بڕیاری دادگەی پاریس دەرچوو بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوت.
بۆیە دەتوانین بڵێین قۆناخی یەکەم لە ساڵی 2007 کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرچوو تاوەکو ساڵی 2023، هەرێمی کوردستان خۆی بەردەوام بووە لەسەر فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت، دوای ئەوەی کە لە ساڵی 2023 بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس دەرچوو، کە بڕیاری دا فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراقە، دژی ئەو رێککەوتنەیە و بڕیاری دا کە هەناردەکردنی نەوت بوەستێت.
لە ساڵی 2023 یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ دەرچوو بۆ ساڵی 2023 تاوەکو 2025. بێگومان دەتوانین بڵێین هۆکاری سەرەکی بۆ هەبوونی ئەم ناکۆکییە لەنێوان هەردوو لا، نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە کە ئەمەش چیرۆکێکی هەیە و لە ساڵی 2007 بۆ یەکەمجار رەشنووسێکی (درافتێکی) هاوبەش لە سەردەمی بەڕێز نووری مالیکی نووسرایەوە کە هەردوو لا لەسەری رازی بوون، بەڵام کە دواتر نێردرا بۆ ئەنجوومەنی شوورا، کە ئێستا ئەنجوومەنی دەوڵەتە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی تێدا کرا و ئەو رەشنووسە نەگەیشتە دەرئەنجام. بۆیە ئەگەر لە من بپرسی چارەسەری کۆنکرێتی بۆ ئەوەی کە چیدیکە ئەم بابەتە نەبەسترێتەوە (خازع نەبێ) بۆ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران یان لە چوارچێوەی یاسای بودجە رێکبخرێت، ئەوەیە کە یاسایەکی هاوسەنگ بە ناوی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەربچێت، کە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت. ئەمە وا دەکات کە ئیدی بڵێین....؛ چونکە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەمووکات دوودڵە لە رێککەوتنەکان. چەندین رێککەوتنی دیکەش هاوشێوەی ئەمە کراوە، بەڵام ماوەیەک بڕی کردووە.
رووداو: چەند رۆژی رابردوو چەند کاژێرێک وەستا، دووبارە شڵەژانێکی دروست کرد؟
ئامانج رەحیم: ئەمە پەیوەندی بە کۆگاکانی سۆمۆ هەبوو لە جەیهان. بۆیە بەڕاستی چارەسەری کۆنکرێتی بۆ ئەم ناکۆکییە لە نێوان هەردوولا کە پەیوەندیی زۆریشی بە بژێوی و ژیان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەیە کە لە کابینەی داهاتووی عێراقی فیدراڵدا، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ، هەوڵ بدەین کە یاسایەکی نەوت و گاز دەربچێت و بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا بە یاسا، نەوەک بە بڕیاری ئیداری، چونکە بڕیاری ئیداری هەموو کات ئەو لایەنەی کە دەری کردووە قابیلی ئەوەیە بیگۆڕێت. بۆیە دەرکردنی یاسایەکی لەم جۆرە وا دەکات کە قۆناخێکی درێژخایەن بتوانین بڵێین کە کێشەی نەوت و گاز لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی چارەسەر دەکات. ئەم رێککەوتنەی کە لە ساڵی 2025 کرا کە لە 27-09-2025 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەتوانین بڵێین قۆناخێکی راگوزەرە لەنێوان ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان کار بە یاسای نەوت و گازی خۆی بکات و بەبێ عێراق نەوت هەناردە بکات بۆ بازاڕەکان، لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە بگەینە ئەو ئایدیاڵەی کە هەمانە ئەویش ئەوەیە کە یاسای نەوت و گازی فیدراڵمان هەبێت. لەنێوان ئەم دوو قۆناخە قۆناخێکی راگوزەر هەیە کە من پێموایە ئەم رێککەوتننامەیەی کە وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەسەر ئاستی زۆر بەرز رایانگەیاند، کە ئەوان پشتیوانییان کردووە لە گەیشتن بەم رێککەوتننامەیە، پێموایە ئەمە تاوەکو رادەیەکی باش قۆناخێکی راگوزەرە بۆ ئەوەی کە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی نوێی عێراقی فیدراڵ وا بکەین کە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەربچێت و بە ئاشکرا ماف و دەسەڵات و شایستەی هەردوو لا دەستنیشان بکرێن.
پرسیارێک زۆر دەکرێت ئایا ئەم رێککەوتننامەیەی کە کراوە بۆ ماوەی سێ مانگە یان نا. بێگومان هەموو رێککەوتننامەیەک کە دەکرێت لە نێوان دوو لایەن پێویستە چوارچێوەی یاسایی هەبێت. ئەگەر لە سەرەتای رێککەوتننامەکەش سەیر بکەیت باس دەکات دەڵێت، بنەمای یاسایی ئەم رێککەوتننامەیە، یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵە.
بێگومان لە نەبوونی یاسای نەوت و گاز هەموو ساڵێک ئێمە بابەتی نەوت لەگەڵ مووچە تێکەڵ کراوە و لەنێو یاسای بودجە رێکخراوە کە شوێنە راستەقینە و دروستەکەی ناکۆکیی نەوت بریتییە لە یاسای نەوت و گاز، نەوەک یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ. بۆیە هەمیشە شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان گرێدراوەتەوە بە پرسی پابەندیی نەوتی.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر هەمواری یاساکە، بێگومان یاساکە پێش هەموارکردن شەش دۆلاری دانابوو بۆ هەر بەرمیلێک و هەموو گرێبەستەکانی کوردستانی هاوشێوەی گرێبەستی خزمەتگوزاری مامەڵە کردبوو، بەڵام دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی، پرۆژەیاسەیەکیان پەسەندکرد لە ئەنجوومەنی وەزیران و نێردرا بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەموارکردنەوەی مادەی 12.
ئەگەر سەیری یاسای بودجەی عێراق بکەین، سێ مادەی تێدایە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، مادەکانی 11 و 12 و 13. مادەی 12 تایبەتە بە بابەتی نەوتی و لەو هەموارەی یاساکە لە پەرلەمانی عێراق، بڕیار درا بە هەموارکردنەوەی لە چەند روویەکەوە. یەکەمیان هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ناردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی قەرەبووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و ماوەی جێبەجێکردنی ئەم هەموارکردنەوەیەی کردە دوو بەش، بەشی یەکەم دووبارە دەتوانین بڵێین ماوەیەکی راگوزەرە کە کۆمپانیایەکی راوێژکاری دێت کە ''وود مەکنزی'' هەڵبژێردراوە لەلایەن هەر سێ لایەنەکە.
رووداو: دەستی بە کار کردووە؟
ئامانج رەحیم: بەڵێ. ئیستا رێککەوتنەکەیان لەگەڵدا کراوە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و ئیدی دەستپێدەکەن. بۆ ئەم ماوەیە سێ مانگ دانراوە بۆ ئەوەی کە وود مەکنزی بتوانێ کاری پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بکات. بێگومان ئەگەر لە یادیشت بێت، یەکێک لەو رێگریانەی کە نەدەگەیشتینە رێککەوتننامەی سێ قۆڵیی نێوان هەرسێ لا، بریتی بوو لە نیتاقی عەمەلی ئەم راوێژکارییە. ئایا ئەم راوێژکارییە مافی ئەوەی هەیە کە یەکلایەنە دەستکاریی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بکات و هەمواریان بکات یان نا.
رووداو: ئێستا رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
ئامانج رەحیم: ئێستا جێهێڵدراوە بۆ ئەم [کۆمپانیا] راوێژکارییە. هەموو لایەک کۆک بوون کە ئەم راوێژکارییە بێت و بەدواداچوون بۆ گرێبەستەکان بکات. یەکێک لە خاڵەکانی دیکە ئەگەر لە یادت بێت، ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو گرێبەستەکانی نەوتی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات. بەپێی ئەم رێککەوتنە هەرێمی کوردستان هەموو گرێبەستەکانی خۆی بە هەموو هەموارکردنەوەکان رادەستی ئەم کۆمپانیا راوێژکارییە دەکات بە وردەکارییەوە.
رووداو: رادەستی کۆمپانیا یان وەزارەتی نەوت؟
ئامانج رەحیم: نەخێر. کۆمپانیا. لەبەر ئەوەی هەردوو لا [کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیای وود مەکنزی] وەکو لایەنێکی نێودەوڵەتین. هەڵدەستێت بە پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی نەوت لەو وردەکارییەی کە تایبەتە بە لایەنی فۆرمیلە و جۆری ئابووریی گرێبەستەکە لەگەڵ مەرجە بازرگانییەکان.
رووداو: کۆمپانیاکان رازی بوون بەوەی دەستکاریی گرێبەستەکان بکرێت؟
ئامانج رەحیم: ئەمە هێڵدراوەتەوە بۆ کۆمپانیا راوێژکارییەکە.
رووداو: ئەگەر بڕیار بدات دەستکاریی گرێبەستەکان بکرێت چی؟
ئامانج رەحیم: بەپێی یاسای هەمواری یاسای بودجە، وەکو باسم کرد کە مادەی 12ـەیە و هەموار کراوەتەوە، هەر بڕیارێک کە کۆمپانیا راوێژکارییە تەکنیکییەکە بیدات، ئەوە پابەندییە بۆ هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکان.
رووداو: کۆمپانیاکان بەوە رازی بوون؟
ئامانج رەحیم: بۆ کۆمپانیاکانی نەوتیش بەڵێ. کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بەوەی کە ئەم کۆمپانیا راوێژکارییەی کە دێت و وەکو باسم کردووە ناوی وود مەکنزییە کە کۆمپانیایەکی ژمارە یەکە لەسەر ئاستی جیهان، کۆمپانیایەکی بەریتانییە، بەڵام ئێستا بە شێوەی نێودەوڵەتی کار دەکات. لەم بوارەدا زۆر کاریان کردووە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی راوێژکاری لە بواری وزە بۆ حکومەتەکان.
بۆیە چاوەڕێ دەکرێت کە هەر سێ لا متمانەیان داوە بەم کۆمپانیا راوێژکارییە کە بێت سەیرێکی فۆرمیلە و جۆری ئابووریی گرێبەستەکان بکات و لە کۆتاییدا بڕیار دەدات ئایا ئەو 16 دۆلارەی کە وەکو سولفە دەدرێت بە کۆمپانیاکانی نەوت، تاوەکو چەند لەگەڵ ئەو فۆرمیلەیەی کە کۆمپانیا راوێژکارییەکە پەسندی دەکات، یەک دەگرنەوە. بۆیە لە ماوەی ئەم سێ مانگە کە دەستنیشانکراوە، پێویستە ئەم کۆمپانیا راوێژکارییە کارەکانی خۆی تەواو بکات. بۆیە کە باسم کرد رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە بنەما یاساییەکەی بریتییە لە یاسای هەمواری یاسای بودجە. یاسای هەمواری بودجە خۆی کردوویەتە دوو بەش. بەشی یەکەمی کە ماوەیەکی راگوزەرە، لە ماوەی ئەم سێ مانگە ئەم کۆمپانیا راوێژکارییە هەڵدەستێت بە وەرگرتنی هەموو گرێبەستەکان و سەردانیی هەموو چاڵە نەوتییەکان و زانیاری دەدات لەسەر هەموو بەراییەکانی ئەم چاڵە نەوتییانە و دواتر راپۆرتی خۆی پێشکێشی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و پێمان دەڵێت ئایا ئەم 16دۆلارەی کە هەمواری یاسای بودجە دەستنیشانی کردووە، ئایا کەمترە لە شایستەی کۆمپانیاکان یاخود زیاترە. ئەو کاتە دەچینە قۆناخی دووەم کە بەپێی یاساکە دەڵێت بڕیاری کۆمپانیای راوێژکاری بڕیارێکی پابەندکەرە بۆ هەر سێ لایەنەکە و ئەمە جەختیشی لەسەر کراوەتەوە لە رێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا.
بۆیە کۆمپانیا راوێژکارییەکە کاتێک کاری خۆی تەواو کرد، هەر سێ لا پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکەی، دواتر دەچینە قۆناخێکی دیکە کە قۆناخێکی پێموایە بەردەوامییە و پێموایە قۆناخێکە کە ئیدی لەو قۆناخە بە دواوە دەچێتە قۆناخێک کە پرسی وادەی رێککەوتنەکە بە جۆرێکی دیکە رێکبخرێتەوە.
رووداو: کەواتە نەوتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە راناگیرێت؟
ئامانج رەحیم: بەو پێیەی کە من ئەندام بووم لە نووسینەوەی رێککەوتنی سێ قۆڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت، خۆت دەزانیت ماوەیەکی زۆری ویست، چەندین ڤێرژن لەنێوان ئێمە و کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی عێراقی ئاڵوگۆڕی پێکرا، ئەمە رێگە راستەکە بوو کە هەر سێ لا ئێستا کۆکن لەسەر ئەوەی کە یەک رێککەوتنی هاوبەش هەبێت. دوایی کە هاتینە سەر داهاتی نانەوتیش هەر ئەمە رێگە راستەکەیە. دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێکەوە رێکبکەون لەسەر رێککەوتنێک سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، بۆ ئەوەی کە قابیلی جێبەجێکردن بێت.
بۆیە من پێموایە لەم ماوەیە گوێم لە زۆر بەرپرسان دەبێت کە وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە، خەڵک وا تێگەیشتووە کە هەر لە بنەڕەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی فیدراڵی بە پشبەستن بەوەی کە ئێمە لە سەروبەندی هەڵبژاردنین، بەپێی رێککەوتنەکە وایانکردووە کە ئەم رێککەوتنە بۆ سێ مانگ بێ و دوای سێ مانگ دەچینەوە سەر ئەو بابەتە.
رووداو: واتا خەڵک نەترسێت؟
ئامانج رەحیم: خۆت دەزانی من دەتوانم لەسەر لایەنە یاسایی و تەکنیکییەکەی قسە بکەم، بەڵام ئیدی ئەمە عێراقە. تاوەکو ئێمە یاسای نەوت و گازمان نەبێت، تاوەکو ئێمە نەبینە خاوەنی یاسای نەوت و گازێک کە فیدراڵی بێت، لە چوارچێوەی دەستوور بێت، چونکە راستە دەستوور باسی نەوت و گازی کردووە، بەڵام دەستوور لە زۆر وڵات پێیدەڵێن یاسای بنەڕەتی، پێویستە بە یاسادانان کە لە پەرلەمان دەربچێت، ئەو بنەما دەستوورییانە رێکبخرێنەوە، کە لەنێو یاسای بنەڕەتی و دەستووردا هاتووە.
رووداو: لە سەرەتاوە 195 هەزار بەرمیل بوو بۆ هەر رۆژێک. ئەو بڕە زیاد بووە؟
ئامانج رەحیم: ئەگەر لە یادت بێت، بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی فەرەنسی، هەرێمی کوردستان 413 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد دوایین جار. دوای ئەوەی کە فرۆشتنی ناوخۆیی کرایەوە، دوای ئەوەی کە هەناردەکردنی نەوت راوەستا و لەگەڵ عێراقیش رێککەوتن نەکرا لەسەر ئەوەی کە ئەم نەوتە لە دوای بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس هەناردە بکرێت، لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی نەوت، نەوتەکەیان ساخ دەکردەوە. ئەو کاتە گەیشتەوە 312 هەزار بەرمیل نەوت. تاوەكو پێش هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە، 312 هەزار بەرمیل نەوت بوو.
دوای هێرشە درۆنییەکان گەیشتە 67 هەزار بەرمیل نەوت و دوایی بووە 80 هەزار و بووە 100 هەزار بەرمیل نەوت و 120هەزار. ئێستا ئەوەی جێی دڵخۆشییە کە نەوتی هەرێمی کوردستان ئەگەر 195 هەزاری هەژمار بکەین، لەگەڵ 50 هەزار بەرمیل نەوت کە تەرخان کراوە [بۆ ناوخۆ]، بەپێی رێککەوتنە سێقۆڵییەکە و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش، بڕیاری ژمارە 550ـی ئەنجوومەنی وزەرای عێراق، خۆت دەزانیت ئەمە کلیلی کردنەوەی ئەو گرێکوێرەیەیە کە لە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەرچووە، بەڕاستی بڕیاری ژمارە 550 کە ئەگەر هەڵە نەبم رۆژی 17-07-2025 دەرچووە، وایکرد کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی خۆی رادەست بکات، لە بەرامبەردا 16 دۆلار دێت و بڕیار درا لەسەر خەرجکردنی ئەو کات مووچەی مانگی شەش و 120 ملیار دینار [داهاتی نانەوتی] دەستنیشان کرا وەکو سولفەیەک بدرێت تاوەکو دەگەینە [چارەسەرکردنی] ئەو کێشەیە. بۆیە بڕیاری 550 هاوشێوەی هەمواری یاسای بودجە گرنگ بوو.
رووداو: ئێستا 195 هەزار بەرمیلە؟
ئامانج رەحیم: ئێستا 195 هەزار بەرمیل نەوتە ئەگەر تێکڕا هەژماری بکەین لەگەڵ 50 هەزار بەرمیل نەوتیش هەژمار بکە.
رووداو: زیاد دەکات؟
ئامانج رەحیم: بەڵێ بێگومان. ئەگەر کۆمپانیاکانی نەوت بە جۆرێک لە جۆرەکان متمانەی ئەوەیان لا هەبێت کە ئەم رێککەوتننامە سێقۆڵییە بەردەوام دەبێت و دواتریش وەکو باسم کرد، ئەم کۆمپانیا راوێژکارییەی کە رای کۆتایی خۆی دەردەبڕێت لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێموایە دەرفەت زۆرە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکانی نەوت وەبەرهێنانی زیاتر بکەن و دەرفەت زۆرە بۆ ئەوەی کە بگاتەوە ئاستێکی بەرزتر. دوێنێ گوێم لە بەڕێز جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، کاک حەمدی بوو کە باسی لەو دەکرد کە ستراتیژیی هەموو لایەک ئەوەیە کە لانیکەم بگەینەوە 412 هەزار بەرمیل نەوت کە پێش دەرچوونی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس بەرهەمهێنان هەبوو و من دڵنیاشم دەکرێت، واتا دەرفەت هەیە کە بەرەو زیاتر بڕوات.
رووداو: داهاتی نانەوتیش دۆسیەیەکی دیکەیە کە هێشتا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە.
ئامانج رەحیم: داهاتی نانەوتی خۆت دەزانی پابەندییەکی دیکەیە لەسەر هەرێمی کوردستان کە بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و بە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ و بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش 550-676 و 770 دوایین بڕیار بوو کە دەرچوو، بەپێی ئەمانە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بە بڕیاری 285 بڕیاری داوە کە پابەندی دارایی خۆی سەبارەت بە داهاتی نانەوتی جێبەجێ بکات.
ئەو بابەتەی پێشتر لەوانەیە زۆر قسەی لەسەر کرا بێت و پێویست بەوە نەکات ئێستا ئێمە دووبارەی بکەینەوە، کە ئەم دانوستاندنەی لەنێوان شاندی دانوستاندنکاری هەردوولا هەبووە، بەداخەوە نەگەیشتینە دەرئەنجامێکی کۆنکرێتی لەسەر داهاتی نانەوتی.
ئەوە بوو لە دواجار لیژنەیەکی یاسایی دروستکرا، ئەگەر لە یادت بێت بە سەرپەرشتیی راوێژکاری بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی، دکتۆر عەلی فەوزی کە شارەزایەکی یاساییە و راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانە.
لە دوایین کۆبوونەوە ئێمە راپۆرتێکی هاوبەشمان نووسی چووەوە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام بەداخەوە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران نە رای حکومەتی فیدراڵی کە بەڕێز وەزیری دارایی، تەیف سامی داوای دەکرد، نە ئەو رایەش کە ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان داوامان کردبوو، هیچی پەسند نەکرا، بڕیار درا کە بابەتەکە بنێردرێتە ئەنجوومەنی دەوڵەت.
ئەنجوومەنی دەوڵەت بە یاسایەک کار دەکات کە یاساکە هی ساڵی 1979ـیە. یاسای ئەنجوومەنی شورایە. کاتێک کە ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیارێک دەدات، لەنێو ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی شورا سێ جۆرە بڕیار هەیە، مادەی شەش بڕگەی یەکەمی دەڵێت، لە حاڵەتی بڕگەی یەکەمی مادەی شەشی یاسای ئەنجوومەنی شورا، ئەگەر بڕیارمان دا، ئەم بڕیارە پابەندکەر نییە بۆ هیچ لایەنێک، تەنانەت بۆ ئەو لایەنەشی کە داوای کردووە.
لە حاڵەتی دووەمیان کە بڕگەی دووەمی مادەی شەشە دەڵێت، لێرەدا ئەگەر بەپێی ئەم بڕگەیە بڕیارمان دا، تەنیا پابەندکەرە بۆ ئەو لایەنەی کە داوای رایەکەی کردووە. لە حاڵەتی سێیەمدا ئەگەر هەردوو لایەنە ناکۆکەکە بڕیاریان دا کە ئەنجوومەنی دەوڵەت حەکەم بێت، ئەو کاتە بڕیارەکە بۆ هەردوو لا پابەندکەرە. ئینجا ئەم راوێژ و رایەی کە ئەنجوومەنی دەوڵەت داویەتی لەسەر ئەم بابەتە، بڕگەی یەکەمە، واتا پابەندکەر نییە بۆ حکومەتی عێراقیش.
لە دوا کۆبوونەوەش ئەگەر سەیری بڕیاری ژمارە 777 بکەیت هی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. دووبارە داوای کردووە لە لیژنەی شەش کەسی، متمانە بە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت بکەن، بەڵام دەڵێت ئەنجامەکە بهێننەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەم بابەتەمان زۆر بە وردی گەنگەشە کرد، لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نامەیەک ئاراستەی بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی بکرێت.
رووداو: ئاراستەتان کرد؟
ئامانج رەحیم: نامەکەمان نارد و بەڕێز سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نامەکەی واژۆ کرد. نامەکە پێکهاتووە لە سێ بەش، بەشی یەکەمیان باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە کە پابەندی دارایی خۆی سەبارەت بە داهاتی ناناوتی جێبەجێ بکات.
بەڵام جەختمان کردووەتەوە کە ئەمە پێویستی بە رێککەوتنێکی هاوبەشی حکومی هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی کە وەکو رێککەوتنی نەوتی بکەوێتە بواری جێبەجێکردن. باسیشمان لەو وردەکارییە یاساییە کردووە کە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ ئێوەش پابەندکەر نییە. بۆیە ناکرێت تاکلایەنە ئێوە بڕیارێکی ناپابەندکەری ئەنجوومەنی دەوڵەت فەڕز بکەن بەسەر ئەم دۆسیەیەدا. لە کۆتایی نامەکەدا باس لەوەش کراوە کە تاوەکو ئەم بابەتە یەکلایی دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە وەکو سێ مانگی پێشوو بڕی 120 ملیار دینار لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان هەردوو لا دەکرێت، بەردەوام بێت. بەڵام دووبارە جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە کە پێویستی بە رێککەوتنێکی حکومییە بۆ ئەوەی داهاتی نانەوتیش چارەسەر بکرێت.
وردەکارییەکی دیکە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت هەیە، بێگومان بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت پشتی بە مادەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ژمارە 6ـی ساڵی 2019 بەستووە. بێگومان ئەم مادەیە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە، چونکە ئەگەر سەرەتای مادەکە بخوێنیتەوە، هاتووە کە [تەئول و ئیلە حیسابات حیسابی موحافەزات. بیمافی ها موحافەزات و اقلیم] واتا ئەم شیکردنەوەیەی بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت، تەنیا پارێزگاکانی سەر بە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.
رووداو: بۆیە حکومەتی عێراق زۆر بەدڵی نییە؟
ئامانج رەحیم: بۆیە من پێم وایە حکومەتی فیدراڵیش لەم وردەکارییەی لەوانەیە نەیەوێت ئێستا ئەو بەڕێوەبردنە داراییەی کە لە وەزارەتی دارایی کاری پێدەکرێت چەندین ساڵە...؛ بۆ نموونە با بۆت باس بکەم، لەوەتەی من بە ئەزموونی خۆم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندنمان کردووە و ئاگامان لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ هەیە، بەردەوام پشکێک لە داهاتی رسووماتی گومرگی بۆ ئەو پارێزگایانە بووە لە عێراق کە دەروازە سنوورییەکەی تێدایە، بەڵام بەم شیکردنەوەیەی بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت، دەڵێت دەبێ 100٪ـی رسوومی گومرگی هەمووی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
بۆیە ئێمە ئەم لایەنە دەستوورییانەشمان هەموو روونکردووەتەوە لەو نووسراوەی کە ناردوومانە. بۆ نموونە خاڵێکی دیکە کە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت هەیە دەڵێت، هەر یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت، بۆ فەڕزی رەسمێک یاخود زەریبەیەک، ئەگەر ئەم یاسایە هاوشێوەی هەبوو لە حکومەتی فیدراڵی، ئەم یاسایەی هەرێم بە یاسایەکی فیدراڵی هەژمار دەکرێت.
رووداو: واتا لەوێش جێبەجێ دەکرێت؟
ئامانج رەحیم: نا. واتا دەبێت 50٪ـی بڕوا، ئەمە یاسایەکی لۆکاڵی (محلی) هەژمار ناکرێت، تاوەکو زەریبە و رسوومەکە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان وای کردووە کە حکومەتی فیدراڵیش بە یەک پاکێچ قبووڵی هەموو رایەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی نەکردبێت.
رووداو: کەواتە شیکردنەوەکە خرایە لاوە؟
ئامانج رەحیم: دوێنێ یاخود بڵێین لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، باس لەم بابەتە کراوە. دیارە هەر سێ وەزیرە کوردەکە بە سوپاس و پێزانینەوە، بێگومان دەبێت باسی رۆڵی هەرسێکیان بکەین بەڕاستی لەم ماوەیە لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون. هەمووکات پێکەوە یەک ستراتیژیمان هەبووە. ئەوان کە کۆبوونەوەیەکیان کردووە لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی، ئەم بابەتانەیان هەموو روون کردووەتەوە، نووسخەیەک لەم نووسراوەی کە بەڕێز سەرۆکوەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی بەڕێز سوودانی کرد، خراوەتەوە بەردەستی بەڕێز سوودانی.
بۆیە ئەوەی کە من لە وەزیرە کوردەکانم بیست دوێنێ کە قسەمان لەگەڵ کردن، مووچەی مانگی هەشت خەرج بکرێت و ئەوەیشی کە تێگەیشتووم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، ئەوەیە کە ئێمە دەبێت هەردوو شاندی دانوستاندنکار جارێکی دیکە دابنیشینەوە بە دیدگایەکی هاوبەش.
رووداو: ئامادەن بڕۆنەوە؟
ئامانج رەحیم: ئێمە ئامادەین وەکو شاندی دانوستاندنکار. رێنوێنیی بەڕێز سەرۆکوەزیران و رێنوێنیی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران وایە کە ئێمە بەردەوام بین لە دانوستناندنەکانمان.
خاڵێکی دیکە زۆر گرنگە کە ئێمە لە بەغدا هێزمان هەبێت وەکو هەرێمی کوردستان. چونکە ئەم شتانەی کە بۆت باس دەکەم، بۆنموونە باسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەکەین، سبەی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا زۆرینە و کەمینەیە، چونکە یاسای نەوت و گاز هیچ جۆرە دەنگدانێکی تایبەتی نییە، دووبارە بە 50+1 تێپەڕ دەکرێت. بۆیە هەبوونی نوێنەرایەتییەکی گرنگ و بەهێزی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و بە یەکدەنگی و یەک سراتیژی، پێم وایە دەتوانین زۆر لەم بابەتانە تێپەڕێنین. بێگومان بابەتێکی دیکە کە زۆر گرنگە، بۆ یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، ئەویش ئەوەیە کە پێی دەڵێن، (ریڤینیو شەیرین لۆو) واتا یاسای بەشداری پێکردنی داهات. چونکە ئەگەر تۆ یاسای نەوت و گازیشت دەبێت، بەبێ ئەوەی کە لەسەر کۆمەڵێک میکانیزم رێکبکەویت، چۆن ئەم داهاتە دووبارە دابەش دەکرێتەوە لە نێوان پارێزگاکان و هەرێم و حکومەتی فیدراڵی؟ پێم وایە هاوسنەگ نابێت.
بۆیە ئەم دوو یاسایە دەبێت بیکەینە ستراتیژیی هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق و لە حکومەتی فیدراڵی هەوڵ بدەین کە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و هەروەها یاسای دابەشکردنی داهاتەکان، چونکە ئەو بابەتەی پەیوەستە بە داهاتی نانەوتی، دووبارە پەیوەندی بەو یاسایە هەیە کە چۆن داهاتەکان دابەش بکرێن لەنێوان پارێزگاکان و هەرێم و حکومەتی فیدراڵی.
رووداو: مووچەخۆران تاوەکو سەری ساڵ چەند مووچە وەردەگرن؟
ئامانج رەحیم: خۆی ئەم پرسیارە لەوانەیە تۆ نەتوانیت بە یەک وشە وەڵامی بدەیتەوە. من پێم وایە هەرێمی کوردستان لە دیدگای حکومەتی فیدراڵییەوە دوو پابەندیی سەرەکی لەسەرە، پابەندی ژمارەیەک بریتییە لە نەوت، ئەوەی دیکەیان بریتییە لە داهاتی نانەوتی. پرسی نەوت کۆتاییهات، ئەو 10 رۆژەی کە تێپەڕ بووە تاوەکو ئێستا، 195 هەزار بەرمیل نەوت [رۆژانە] رادەستی کۆمپانیای نەوتی باکوور کراوە لە پێشابوور و لەوێوە چووەتە بەندەری جەیهان و فرۆشراوە. ئەگەر لێدوانەکانی بەڕێز حەیان عەبدولغەنیشت بیستبێت کە دەڵێت ئێمە نەوتی هەرێمی کوردستانمان فرۆشت و دەڵێت نەوتێکی زۆر باشە و کڕیاری باشیشی هەیە و داهاتەکەشیمان لە رێگەی سۆمۆوە رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە. بۆیە ئەو پرسەی نەوت تاوەکو رادەیەکی زۆر دەتوانم بڵێم سەقامگیریی خۆی وەرگرتووە.
دەمێنێتەوە سەر داهاتی نانەوتی. من پێم وایە مادام دۆسیەی نەوت کە ئەولەوییەتی لای حکومەتی فیدراڵی زیاترە لە داهاتی نانەوتی، ئەگەر ئەم دۆسیەیەش لە ماوەی ئەم
یەک دوو هەفتەیە بتوانێت شاندی دانوستاندنکار بچێتەوە بۆ لای حکومەتی فیدراڵی، بە سەرپەرشتیی ئەو لێژنە سێ کەسییەی کە دوو نوێنەری کوردیشی تێدایە، دوو وەزیری کوردی تێدایە کاک خالید و کاک بەنگین، بگەینە رێککەوتنێک. زۆر دوور نین لە یەکدی.
رووداو: ئەگەر رێکبکەون لەسەر داهاتی نانەوتی، هەموو مووچەکان مسۆگەرن؟
ئامانج رەحیم: پێم وایە ئیدی هیچ بیانوویەک نامێنێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی. چونکە ئێستا خۆت دەزانی لیستی مووچە لەڕووی تەکنیکییەوە بۆشایی تێدا نەماوە، چەند جارە کە ئێمە لیستی مووچە دەنێرینە بەغدا هیچ بۆشاییەکی تەکنیکی تێدا نەماوە. پرسی بایۆمەتری و پرسی بەبانکیکردنی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئەم لایەنە تەکنیکییانە. بۆ نموونە تەرازووی پێداچوونەوە (میزان موراجعە)، تاوەکو تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو نەنێریت، مووچەی مانگی دواتر خەرج ناکرێت. ئەمانە هەموو کۆمەڵێک بابەتی تەکنیکی بوون کە چارەسەر بوون. بابەتەکانی دیکە وەکو باسم کرد پرسی نەوت و داهاتی نانەوتییە.
بۆیە من پێموایە ئەگەر لەسەر ئەم رێچکەیەی ئێستا بەردەوام بین، هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگەکانی دیکەی ساڵی 2025 خەرج نەکات. لە ئێستاشەوە ئەوەی کە من ئاگام لێیە لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەنێو لایەنە سیاسییەکانیش، هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئێمە دەبێت شێوازێکی دیکە بدۆزینەوە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیی دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی پشکی خۆی لە داهاتی فیدراڵی وەربگرێ و هاوبەشی بکات بەو داهاتە ناوخۆییەی خۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بەڵام تۆ یاسای بودجەی خۆت هەیە وەکو هەرێمی کوردستان، پێویستە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیار بدرێت ئەم پشکە چۆن جارێکی کە دابەش دەکەیتەوە لەسەر مووچە، لەسەر[بودجەی] بەکاربردن و لەسەر وەبەرهێنان. تاوەکو رادەیەکی زۆریش ئێمە لە دانوستاندنەکانمان بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی زۆر باوەڕی بەم شێوەیە هەیە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵییە و پێویستە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە و یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بڕیار بدرێ و پشکێک لە حکومەتی فیدراڵی بێتە هەرێمی کوردستان.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
ئامانج رەحیم: سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ