فوئاد حوسێن باسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات: "ئەمە زەنگی مەترسییە"

09-12-2025
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان و شەڕی میدیایی میدیاکانی پارتی و یەکێتی.
 
هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق
 
بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن تایبەت بوو بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران، لەوبارەیەوە گوتی، "شیعە، سوننە و کورد لەسەر پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتوونەتە رێککەوتن." هەروەها گوتیشی، "جێگەی داخە گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان تەنیا لە میدیاوەیە."
 
هاوکات ئەوەیشی خستەڕوو، "شیعە و سوننە چوارچێوەیان بۆ گفتوگۆ هەیە، بەڵام کورد ئەو چوارچێوەیەی نییە." باسی لەوەش کرد، "ململانێیەکی گەورە" لەنێو شیعەکان هەیە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران.
 
ئەگەر سەرۆککۆماری عێراق هەڵنەبژێردرێت، حکومەتی عێراق دروست نابێت، چونکە دەبێت سەرۆککۆمار سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت. لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە فوئاد حوسێن دەڵێت، "ئەگەر لەسەر سەرۆککۆمار رێکنەکەوین دەگەڕێینەوە بۆ هاوکێشەی زۆرینە."
 
هەر لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەنێو ماڵی کورد گوتی، "دوور نییە پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێری جیاواز بۆ سەرۆککۆمار بچنە پەرلەمان." ئەوەشی ئاشکرا کرد، "پارتی پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق." پێیشی وایە، "باشترە پارتی و یەکێتی رێکبکەون، ئەگەرنا دەبێتە کێبڕکێیەکی تووند."
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، پارتی دەتوانێت رۆڵێکی گەورە لە بەغدا ببینێت و "شیعە و سوننە حیسابی بۆ دەکەن." سەبارەت بە خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش گوتی، "ناوم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەهێندرێت، بەڵام بڕیار لای جەنابی سەرۆک بارزانییە." گوتیشی، "پێویستە بەم نزیکانە پارتی بڕیار لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار بدات."
 
فوئاد حوسێن لەبارەی گرنگیی وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بۆ عێراق و کوردیش باشترە کورد لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بێت."
 
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەبێ یەکێتی دەکرێت؟
 
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن گوتی، "بەپێی ژمارە پارتی دەتوانێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام جوگرافیا رێگە نادات."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، هەڵمەتی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی "قبووڵنەکراوە و ئاست نزمە،" پێیشی وایە، "ئەوەی ئێستا لە میدیاکانەوە بەرامبەر یەکدی دەکرێت، رەخنە نییە، بەڵکو شکاندنی ئێسکی یەکترە."
 
"ئەمە زەنگی مەترسییە"
 
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان فوئاد حوسێن دەڵێت، "ساڵێک تێپەڕی و پەرلەمانی کوردستان دانەنیشتووە، ئەمە زەنگی مەترسییە."
 
لە میدیاکانەوە بەشێک لە بەرپرسانی لایەنەکان باس لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، بەڵام فوئاد حوسێن دەڵێت، "لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە."
 
رووداوەکانی خەبات
 
فوئاد حوسێن دەربارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی سنووری خەبات قسەی کرد و گوتی، "گرووپی سەید شوهەدا ئاگاداریان کردووینەتەوە پەیوەندییان بە رووداوەکانی خەباتەوە نییە."
 
لەبارەی ئەو گرووپانەیش کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکان، گوتی، "ناتوانن بەشداربن لە حکومەتی عێراق."
 
حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکان لە لیستی تیرۆر
 
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ناوی حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی بە فەرمی لە وەقائیع-ی عێراق فوئاد حوسێن گوتی، "لیستی تیرۆر هی عێراق نەبوو، لە مالیزیاوە هاتبوو و بە هەڵە لە وەقائیع بڵاوکرایەوە."
 
هەر لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "بابەتی خستنە لیستی تیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی باس نەکراوە" و "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەران بوو لەوەی حکومەتی عێراق بەیاننامەی دژی لیستەکە دەرکرد."
 
 
ـ

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ پایکس و وێنەی ئەو کاراکتەرەی بۆ هونەرمەندە AIـەکە دروستکراوە

تەواوی چیرۆکی گۆرانیی "هەرە گولێ" کە جیهانی بە کوردی هێنایە سەما؛ پیاوە ماسکدارەکەی پشت گۆرانییەکە کێیە؟

هەموو شتێک لە یەکشەممەیەکی هێمنی کۆتایی مانگی سێ دەستیپێکرد. لەژێر تریفەی گڵۆپی سووری ترافیک لایتێکدا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا کە بێدەنگییەکەی تەنیا بە دەنگێکی خاو و نەناسراو دەشکا، دوو گەنجی کوردستانی و ئەریتیریایی، سەریان بۆ چێژبینین لە دەنگی خۆشی گۆرانیبێژێک رادەوەشاند کە خۆیان بە ژیریی دەستکرد دروستیانکردبوو و تازە گۆرانیی (گولێ)یان پێ گوتبوو. لووام مێسفین، مۆبایلەکەی دەرهێنا و بەدەم گوتنی گۆرانییەکەوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کرد و لە تیکتۆک بڵاویکردەوە. لەو چرکەیەوە بۆمبێکی کولتووریی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەقییەوە. لەماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا، ژمارەی بینینەکان لەسەر شاشەکان وەک دڵەخورپەی مرۆڤێکی عاشقیان لێهات. سەرەتا 50 هەزار، ئینجا 100 هەزار، دواتر بووە زریانێکی دەنگ و میوزیک و سەما کە جیهانی تەنییەوە و چیدیکە هیچ بەربەستێک ناتوانێ رایگرێ