یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: باج وەرگرتنی ئێران لە تەنگەی هورمز هێڵی سوورە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دۆسیەی عێراق و ئێران پێیوایە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لەنێوان ئەمریکا و ئێران تەنیا سەرەتایەکن و ئەستەمە لە 14 رۆژی ئاگربەستدا کێشەکان چارەسەر بکرێن؛ هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵەکانی ئێران بۆ دانانی باج لەسەر کەشتییەکانی تەنگەی هورمز "هێڵی سوورە" بۆ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
 
خانمە دیپلۆماتەکە رۆژی هەینی لە بووڵتەنی هەواڵی کاژێر 18:00ی رووداودا بەشدار بوو کە جەعفەر موبەشرنیا پێشكێشی کرد. 
 
گاڤیتۆ تیشکی خستە سەر دانوستاندنە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکا و ئێران، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
 
دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران
 
سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، گاڤیتۆ بە رووداوی گوت: "جێگەی دڵخۆشییە کە ئاگربەستێکی 14 رۆژە هەیە و لایەنەکان دانیشتوون و پێکەوە قسە دەکەن. بەڵام هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەپێشە لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بابەتی ئەتۆمی، گرووپە بەوەکالەتەکان و بەرنامەی مووشەکی کە پێویستە چارەسەر بکرێن. پێم وانییە 14 رۆژ بەس بێت بۆ ئەو کارە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دۆناڵد ترەمپ بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی سەردەمی ئۆباما (کە پێشتر رەخنەی لێدەگرت) رازی دەبێت، گاڤیتۆ رایگەیاند کە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە "سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ ئەمریکا و بەدەستهێنانیشی زۆر قورس دەبێت،" بەڵام جەختی کردەوە کە "کاری لەپێشینەی ژمارە یەک بۆ ئەمریکا، کردنەوەی بێ مەرجی تەنگەی هورمز دەبێت."
 
سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، گاڤیتۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی زۆرجار نا-باوە و ئامادەیە شتی چاوەڕواننەکراو بکات و گوتی: "ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەی نەرمی نواندن بن، بەتایبەتی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، بەرنامەی مووشەکی و جموجووڵی پاشکۆکانیان، لەنێویاندا میلیشیاکانی نێو عێراق، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە بیر لە سووککردنی زیاتری سزاکان بکرێتەوە."
 
لەبارەی رۆڵی گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا، حووسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە ئەو گرووپانە لە چەند ساڵی رابردوودا لاواز کراون، بەڵام "لە عێراق و لوبنان، ئەمریکا چاوەڕێ دەکات ئێران کۆنترۆڵێکی زیاتری هەبێت و واز لە پارەدارکردنیان بهێنێت بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بکات لە هەناردەکردنی تووندوتیژی بۆ سەرتاسەری ناوچەکە. ئەمە وەک کۆسپێک دەمێنێتەوە ئەگەر ئێران ئامادەنەبێت نەرمی بنوێنێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئایا ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد رێکدەکەون؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ناوچەکە: پێموایە ئەوە پەیوەستە بەوەی کە سەرکەوتن چ واتایەکی هەیە. جێگەی دڵخۆشییە کە ئاگربەستێکی 14 رۆژە هەیە، جێگەی دڵخۆشیشە کە لایەنەکان دادەنیشن و پێکەوە قسە دەکەن. هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەپێشە لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک بابەتی ئەتۆمی، گرووپە بەوەکالەتەکان لە ناوچەکە و بەرنامەی مووشەکی بالیستی کە پێویستە چارەسەر بکرێن. پێشموانييە 14 رۆژ بەس بێت بۆ ئەو کارە.
 
رووداو: ترەمپ زۆر رەخنەی لە رێککەوتنی ئۆباما لەگەڵ ئێران گرت و هەڵیوەشاندەوە. ترەمپ رازی دەبێت بە رێککەوتنێکی وەک سەردەمی ئۆباما؟ 
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: رێککەوتنێکی هاوشێوە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ ئەمریکا و بەدەستهێنانیشی زۆر قورس دەبێت. لەم رۆژانەی دواییدا زۆرمان لەو بارەیەوە بیستووە. بەدڵنیاییەوە، رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 کە مامەڵە لەگەڵ ئامانجە ئەتۆمییە درێژخایەنەکانی ئێران بکات، سەرەتایەکی باش دەبێت. بەڵام کاری لەپێشینەی ژمارە یەک بۆ ئەمریکا، کردنەوەی بێمەرجی تەنگەی هورمز دەبێت.
 
رووداو: ئایا ئەمریکا رازی دەبێت سزا ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئێمە پێشتر بینیمان کە سەرۆک ترەمپ سزای لەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانی سووک کرد لەپێناو جێگیرکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهان. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەرۆک ترەمپ ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی زۆرجار نا-باوە و نیشانی داوە کە ئامادەیە شتی چاوەڕواننەکراو بکات. بۆیە ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەی نەرمی نواندن بن، بەتایبەتی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، بەرنامەی مووشەکی و جموجووڵی پاشکۆکانیان، لەنێویاندا میلیشیاکانی نێو عێراق، ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە بیر لە سووککردنی زیاتری سزاکان بکرێتەوە.
 
رووداو: حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکان ، هەروەها گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لەم شەڕەدا بۆ پشتیوانی لە بەرەی ئێران . ئایا ئەوە دەبێتە کێشەیەکی گەورەی نێوان ئێران و ئەمریکا؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: لە لایەکەوە، ئەم گرووپە بەوەکالەتانە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر لاواز کراون، لەنێویاندا حیزبوڵڵا. هەروەها رێککەوتنێکیش لەگەڵ حوسییەکان کراوە کە بووەتە هۆی ئاگربەست. لە هەندێک رووەوە، ئەوان ئەمڕۆ هەمان ئەو مەترسییەیان نییە کە جاران هەیانبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە عێراق و لوبنان، ئەمریکا چاوەڕێ دەکات ئێران کۆنترۆڵێکی زیاتری هەبێت و واز لە پارەدارکردنیان بهێنێت بۆ ئەوەی رێگرییان لێ بکات لە هەناردەکردنی تووندوتیژی بۆ سەرتاسەری ناوچەکە. ئەمە وەک کۆسپێک دەمێنێتەوە، ئەگەر ئێران ئامادە نەبێ نەرمی بنوێنێت. ئەگەر ئێرانییەکان دەیانەوێ سزاکانیان لەسەر سووک بکرێ، دەبێت بە جیدی بیر لەو نەرمی نواندنانە بکەنەوە.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان بێلایەن بوو ، بەڵام زۆرترین زیانی گیانی بەرکەوت لەنێو هەموو ئەوانەی بەشداری شەڕەکە نەبوون . ئەوە بۆ ئەمریکا هیچ واتایەکی هەیە؟ 
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەمریکا زۆر نیگەرانە لەوەی لە عێراق روودەدات، لە هەموو روویەکەوە. بەم دواییانەش، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کۆنترۆڵی باشترى بەسەر خاکەکەیدا هەبێت و دڵنیایی بدات لە سەلامەتیی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان. ئەمە جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا. ناسەقامگیری لە عێراق لێکەوتەی بۆسەر تەواوی ناوچەکە هەیە، بەتایبەتی سووریا. هەوڵ هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی عێراق و بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەرێمی کوردستان باجی دۆخەکە نادات. لە هەمان کاتدا، پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت بۆ جڵەوکردنی تەواوی گرووپە چەکدار و میلیشیاکان.
 
رووداو: ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران هەیە؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەگەر سەرکەوتن بە واتای نەگەڕانەوە بۆ جەنگ پێناسە بکرێ، ئەوا من رێژەی 60%ی پێدەدەم، یان لەوانەیە کەمێک زیاتریش. لەوە زیاتر، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەری رێککەوتنێکی کورتخایەن هەیە کە ببێتەهۆی سەقامگیرییەکی درێژخایەن؟ ئەگەری ئەوە زۆر کەمە. ئەوەی زیاتر چاوەڕوانکراوە ئەوەیە کە ئەم گفتوگۆیانە بە نیازپاکی بەڕێوەبچن و زەوینە خۆش بکەن بۆ زنجیرەیەک گفتوگۆ لە مانگەکانی داهاتوودا کە رەنگە ببنەهۆی چارەسەرێکی درێژخایەنتر. ئەوەی دەمانەوێ لێی دووربین، ئاگربەستێکی دیکەی کورتخایەنە هاوشێوەی ئەوەی دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیران روویدا، کە پێکدادانەکان چەند مانگێک دواتر دەستیان پێکردەوە. بە بۆچوونی من، سەرکەوتن ئەوە دەبێت کە ئەمە ببێتە یەکەم هەنگاو لە زنجیرەیەک گفتوگۆ کە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی راستەقینە، کۆنکرێتی و درێژخایەن
 
رووداو: پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی باج لەو کەشتییانە وەربگرێ کە بە تەنگەی هورمزدا دەڕۆن. پێتوایە ئێران بتوانێت یاساکە جێبەجێ بکات؟
 
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەمە هێڵێکی سوورە بۆ ئەمریکا. سەپاندنی باج، بەتایبەتی لەسەر ئەو نەوتەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، داهاتێکی گەورە دروست دەکات، کە هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن دەکرێت بەرهەمی ناوخۆیی ئێران دوو هێندە بکات. ئەمە کارەساتبار دەبێت لە رووی توانای ئێرانەوە بۆ دابینکردنی پارە بۆ تۆڕە پاشکۆکانی و جموجووڵە تێکدەرەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. دووەم، ئەمە رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە. تاوەکو ئەم دواییانەش، هەرگیز دانەخرابوو. رێگەدان بە وڵاتێک کە باج بسەپێنێت و تێپەڕبوونی کەشتییەکان کۆنترۆڵ بکات، لێکەوتەی جیهانی دەبێت، لەنێویاندا لە شوێنەکانی وەک گەرووی تایوان. ئەمە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکان و دروستکردنی ئاڵنگاریی ئەمنیی گەورە لە سەرتاسەری جیهان. بۆ ئەمریکا، هاوبەشە هەرێمییەکانی، ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، لەنێویاندا چین، دەبێت ئەمە وەک هێڵێکی سوور بمێنێتەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە