هەڤپەیڤین: رێكەوت سەلام
ئەستێرەی بەیان عوسمان، لە زنجیرە درامای گەردەلوولدا گەشایەوە كە تێیدا رۆڵی "وەنەوشە"ی بینی و هەر بەو ناوەشەوە ناسرا، كار گەیشتە ئەوەی یەكێك لە گرانبەهاترین ئۆتۆمبێلەكان كە لاندكرۆزەرە، بەناوی ئەوەوە بناسرێ لە كوردستان . وەنەوەشە توانای خۆی لە كاری پێشكەشكاریش تاقیكردەوە، بەڵام پێیوایە لە كاری دراما و شانۆیی سەركەوتووتر بووە، ئەو هەرچەندە لە فیلمێكدا باوەشی بە ئەكتەرێكی كوڕدا كردووە، بەڵام ئامادە نییە لە كاری هونەریدا ئەكتەرێكی كوڕ بە ناوی خۆشەویستی و رۆمانسی ماچ بكات.
رووداو: بۆچی لە بەشی سێیەمی گەردەلول نەبینرایت، بەشدار نەبوویت یان بەشداریان نەكردی؟
وەنەوشە: خۆم بەشداریم نەكرد نەك بەشداریم پێنەكرێت، من سیناریۆی خۆمم خوێندەوە و هەستم كرد ئەو جوانییەی لە بەشی پێشوو وەنەوشەی تێدا نیشان درابوو، لە بەشی سێیەمدا نییە، بۆیە سیناریۆكەم بەباش نەزانی و بەشداریی گەردەلولم نەكرد. كارێكی باشیشم كرد كە بەشداریم نەكرد.
رووداو: بەشداری لە گەردەلووی چواریش ناكەیت؟
وەنەوشە: نەخێر بەشدار نابم، چونكە لەبری ئەوەی سیناریۆكان باشتر بكرێن و سوود لە هەڵەكانی خۆمان وەربگرین، كەچی خراپتر دەبین.
رووداو: ناساندنی خۆت لە چیدا دەبینیتەوە؟
وەنەوشە: ناساندنی خۆم لە خۆشەویستی خەڵك دەبینمەوە، چونكە بەشێوەیەك پشتگیرییان كردم كە هەمیشە چاو نەترس بم و هەمیشە بیر لە باشتر بكەمەوە.
كارێكی باشم كرد بەشداری گەردەلوولی سێم نەكرد
رووداو: دووجار پەیوەندی خۆشەویستیت لەگەڵ شوان عەتوف هەبووە لەسیناریۆكاندا، هەرخۆت دەستپێشخەر بووی، هیچ شتێكت لا دروست نەبووە؟
وەنەوشە: نەخێر بە رێكەوت بوو، هەتاوەكو ئێستا كە لەگەڵ شوان عەتوف دەركەوتووم، زۆر ئاسوودە بووم، چونكە كەسێكی بە توانایە و خزمەتێكی زۆرباشی هونەر دەكات، ئەمەش هچ پەیوەندی بە نێوانمانەوە نییە، بەڵام خۆم كەسێكی رۆمانسیم.
رووداو: لە فیلمی شیرین و فەرهاد باوەشت بە شوان عەتوفدا كرد، ئەوە كێشەی بۆ دروست نەكردی؟
وەنەوشە: ئەوە شتێكی ئاساییە لە كاری هونەریدا، بەڵام لە هەمانكاتدا سنوور هەیە بۆ هەموو شتێك.
رووداو: هەڤاڵی هاوسەرت غیرەی لێنەكردی؟
وەنەوشە: نەخێر، كاتێك هەڤاڵ لەگەڵم بوو چاوی پڕ بوو لە هاندان و پشتگیریی كردم نەك چاوی پڕ بێت لە مۆڕەكردن، ئەوەش وای لێكردم كە سڵ نەكەمەوە لە كارەكانم و هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە كە باشتر ئەم كارە ئەنجامبدەم.
رووداو: ئەگەر بەشداریت لە كارێك كرد، ماچی ناودەمی تێدابوو، ئامادەی بیكەیت؟
وەنەوشە:نەخێر، بەهیچ شێوەیەك، چونكە هەموو كارێك سنووری خۆی هەیە.
بە بەرچاوی مێردەكەمەوە باوەشم لە شوان عەتوف دا
رووداو: هەندێك لە چاودێران دەڵێن شانۆ و سینەما لە كوردستان وشك بووە، تۆ دەڵێی چی؟
وەنەوشە: شانۆ و سینەما وشك نەبووە، بەڵكو لە قەیراندایە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە سەیری ساڵانی پێشوو بكەیت بینەری شانۆ زیاتر بوو، چونكە بینەر ئێستا دەڵێ من ناچم بۆ فڵانە شانۆ چونكە نازانم باسی چی دەكات و ئێمەش دەبێ ئەوە بزانین كە بینەری ئێمە زۆر سادەن و حەزیان لە شتی سادەیە، بۆ نموونە ئەوەندەی شانۆی كۆمیدی بینەری هەیە تراژیدی نیەتی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بینەری كورد بە گشتی هیلاكن، دواتریش خەڵك تاقەتی نییە 2 كاژێر بەدیار شانۆگەرییەكەوە دابنیشێت.
رووداو: دەڵێن قوتابی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان هیچ فێر نابێت، وایە؟
وەنەوشە: پەیمانگا فێری كردم باوەڕم بە خۆم بێت و نەترسم، بە تایبەتی لە رەگەزی نێر.
رووداو: 6 مانگ وەك پێشكەشكار دەركەوتیت و ون بوویت، بۆچی؟
وەنەوشە: من حەزم لەو بوارە نەبوو، بەڵام ئەمەش ئەزموونێك بوو، هیچ زیادەیەكی نەخستە سەر بواری نواندنەكەم. دواتر بۆم دەركەوت ئەوەندەی كە لە بواری سینەما و شانۆ سەركەوتووم لە بوارەكانی دیكە سەركەوتوو نیم.
رووداو: بۆ پارە بوویتە پێشكەشكار؟
وەنەوشە: من لەڕووی ماددییەوە لە بواری پێشكەشكاری سوودمەند بووم، ئەوە راستییەكە، چونكە هونەرمەند ناتوانێت لەسەر هونەرەكەی بژیت لە كوردستان، بۆیە یەكەم كارەكەم بەلاوە گرنگ بوو، دواتر پارەكە، چونكە من دەبێ داهاتێكی وام هەبێت كە پێی بژیم. دواتر من 2 كۆمپانیای گەورە لە كوردستان داوای رێكلامیان لێكردم و بە داهاتێكی زۆریش، بەس ئەو ریكلامەم نەكرد.
رووداو: بۆچی نەتكرد؟
وەنەوشە: كۆمپانیایەك حەز ناكەم ناوی بێنم بۆ 5 خولەك ریكلام 30 هەزار دۆلاری دامێ، بەڵام رێكلامەكەم نەكرد، چونكە رێكلامەكە و كوالێتی رێكلامەكەم بە دڵ نەبوو.
بەشداری فیلمێك ناكەم ماچی تێدابێت
رووداو: گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆ بڵاوبووەتەوە كە گۆرانی دەڵێی، پێت ناخۆش نەبوو؟
وەنەوشە: نەخێر، چونكە ئەوە راستییەكە من گۆرانیم گوتووە و هیچ شتێكی خراپی تێدا نییە، بەڵام لەنێو كۆمەڵگا بەشێوەیەكی دیكە بڵاوكرایەوە، ئەمەش بەشێك بوو لە رقلێبوونەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا پاكی من دەركەوت و هەر ئەو كاتەش ئەم باسە كۆتایی هات.
رووداو: كەس رقی لێت دەبێتەوە؟
وەنەوشە: بەدڵنیاییەوە رقلێبوونەوە هەیە، بەڵام هەندێجاریش رقلێبوونەوە بەناوبانگت دەكات.
رووداو: خۆت رقت لە كەس دەبێتەوە.
وەنەوشە: نەخێر، چونكە من لە ژیانم حەز ناكەم رق لە هیچ كەسێك هەڵگرم و خراپەش بەرامبەر بە هیچ كەسێك بكەم، چونكە زیاتر خۆشەویستی هەڵدەگرم لە كەسی بەرامبەر ، نەك رق و كینە.
رووداو: دەڵێن زۆر گرینۆكی؟
وەنەوشە: بەڵێ وایە، من زۆر عاتفیم، هەندێجار لە ناخەوە رووخاوم، بەڵام بەسەر خۆمدا زاڵ بووم و خۆم دەرنەخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ