رووداو دیجیتاڵ
ئاگربەستی کاتیی نێوان واشنتن و تاران نزیکە پێ بنێتە هەفتەی دووەم، ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات و سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە.
باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، هۆشداری دەدات بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەمارۆدانی تەنگەی هورمز، پەرەسەندنێکی "ناسەربازیی" یەکجار گەورەیە و رێگەی گەیشتن بە رێککەوتن لە هەر کاتێک زیاتر ئەستەم دەکات.
لیف ئاماژە بەوە دەکات، زمانی "ئامادەین بۆ تەقەکردن"ـی ترەمپ، تەنیا دروشم نییە، بەڵکو هۆشدارییەکی جددییە هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزی زیاتر لە ناوچەکەدا
لە بەشێکی زۆر گرنگی قسەکانیدا، باربارا لیف باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەکات و دەڵێت، لە 6 هەفتەی رابردوودا کوردستان بووەتە ئامانجێکی بەردەوامی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران. ئەو بە روونی پەیام ئاراستەی بەغدا دەکات و دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرپرسە لەوەی گوشار بخاتە سەر تاران و میلیشیاکان بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرەڕۆیی و بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی هەرێمی کوردستان بهێنن.
ئەم دیپلۆماتکارە ئەمریکییە جەخت دەکاتەوە، نە پرسی ئەتۆمی و نە کێشەی تەنگەی هورمز، بە تەنیا بە هێزی سەربازی چارەسەر نابن و لە کۆتاییدا دەبێت هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باربارا لیف:
رووداو: ئایا قسە و هەڕەشەکانی ترەمپ مانای دەستپێکردنەوەی شەڕە، خوێندنەوەی ئێوە چییە؟
باربارا لیف: بۆ ئەم ساتە دۆخەکە روون نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت هەردوولا پابەندی ئاگربەست بن و هێرش نەکەنە سەر یەکدی، بەڵام بێگومان ئەمە پەرەسەندنێکی ناسەربازییە لەلایەن ئەمریکاوە، دەبێت ببینین ئێران چۆن رووبەڕووی دەبێتەوە، کە بێگومان وەڵامی دەبێت.
رووداو: ترەمپ لە قسەکانیدا دەڵێ سوپا لە ئامادەباشیدایە ئەوەی ماوە لە ئێران کۆتایی پێبهێنێ، ئەمە واتای چییە؟
باربارا لیف: وەکو هەمیشە، سەرۆک ترەمپ زاراوەی زۆر رەنگاوڕەنگ و زۆر جار سەربازییانە بەکاردەهێنێت، 'ئامادەین بۆ تەقەکردن' ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو ئامادەیە فەرمان بە هێزەکانی ئەمریکا بدات بۆ جۆرێک لە پێشڕەوی یان هێرش یان هەر شتێکی دیکە، من پێموایە ئەمە زیاتر هۆشدارییەکە، چونکە ئەو هێزی زیاتر لە ناوچەکە کۆدەکاتەوە، ئێرانیش ئەمە وەکو ئەگەرێک بەکاردێنێت بۆ مانەوەی تەنگەی هورمز بە داخراوی، زۆر سەیرە بەلامەوە کە ئەمریکا رێگری لە "هەموو" کەشتییەکان دەکات لە هاتن و چوون، لە کاتێکدا دەبێت تەنیا رێگری لە کەشتییە ئێرانییەکان یان ئەو کەشتییانە بکەن نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە.
رووداو: ترەمپ دەڵێ وڵاتانی دیکەش لەگەڵمان دەبن لەو پرسە، لەو بڕوایەدای وڵاتانی دیکە بۆ گەمارۆدانی هاوکاری ئەمریکا بکەن ،لەنێویاندا بەریتانیا؟
باربارا لیف: هیچ هێزێکی دەریایی دیکە لە جیهاندا نییە تەنانەت نزیکیش بێتەوە لە هێزی دەریایی ئەمریکا لە رووی توانا، هێزی ئاگرین، قەبارە و ئاڵۆزیی ئەو چەکانەی دەیانهێنێتە ناو جەنگەوە، بۆیە دڵنیا نیم هێزی دەریایی دیکە پێویست بێت بۆ ئەوەی سەرۆک پێشنیاری دەکات دروستکردنی گەمارۆیە لە دیوی دەریای عومان لە تەنگەی هورمز.
رووداو: تەنگەی هورمز و پرسی ئەتۆمی دوو خاڵن هەردووک تێیدا زۆر دوورن،جیاواز بیردەکەنەوە، لەو بڕوایەدان لەسەر هەردوو پرس لەو 10 رۆژە نزیک ببنەوە ؟
باربارا لیف: ئەو جۆرە قسە و گرژییانەی ئێستا هەن گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ ئەستەمتر دەکات، بەڵام روونە نێوەندگیرەکان، بە پلەی یەکەم پاکستان و تورکیاش هاوکاری پێشکێش دەکەن، زۆر هاندەرن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام دڵنیا نیم ئێستا بەو گەمارۆیەوە ئەوە رووبدات، پێشبینی ناکەم ئێرانییەکان بەم گەمارۆیە کاریگەر بن بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا، لە راستییدا سنووردارکردنی زیاتری رۆیشتنی نەوت بۆ بازاڕەکانی وزە دەبێتە هۆی ئازاری خێرا بۆ ئاسیا و ئەورووپا و لە کۆتاییشدا بۆ ئەمریکا.
رووداو: کەواتە ئاگربەستەکە دوای ئەو ماوەیەی دانراوە لە 22ـی نیسان کۆتایی دێت و شەڕ دەستپێدەکاتەوە ؟
باربارا لیف: بێگومان ئەوە مەترسییەکی گەورەیە، چەند خاڵێک هەن مەترسین، یەکەمینیان ئەوە بوو ئایا لوبنان بەشێکە لە گۆڕەپانی ئاگربەست یان نا؟ دوو بۆچوونی جیاوازمان لە هەردوولاوە بیست؛ ئێران پێداگری دەکرد رێککەوتوون لوبنان بگرێتەوە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل گوتیان وانییە، ئەوە لە لایەک، مەترسییەکە ئەوەیە لایەک یان لایەکەی دیکە هێرشێکی سەربازی بکەن پەرەسەندنی خێرا دروست بکات، بەداخەوە، گەورەترین ترسی من ئەوەیە وڵاتانی کەنداو جارێکی دیکە ببنە ئامانجی هێرشەکانی ئێران، هەروەها عێراق و بەتایبەتی کوردستانی عێراق لەم شەش هەفتەیەدا ئامانجێکی بەردەوام بوون لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق .
رووداو: پێش چەند رۆژێك گوتت، دەبێ ئەمریکا گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بە بۆچوونی ئێوە دەبێ گوشارەکان چی بن؟
باربارا لیف: پێموایە ئیدارەی ئەمریکا لە مێشکیدایە و هەر ئەوە بکات، ئیدارەکە سەرەتا هەوڵ دەدات گوشارێکی ئابووریی گەورە لە رێگەی گەمارۆدانی تەنگەی هورمزەوە بخاتە سەر ئێران. وەک گوتم، زۆر لۆژیکیتر دەبوو تەنیا رێگری لە کەشتییە ئێرانییەکان و نەوتی ئێران بکرێت، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەخشینانەی لە سزا درابوون بۆ کڕینی نەوتی ئێران لە دەرەوە، هەموو ئەمانە کەمێک مانا دەبەخشن، بەڵام ئەگەر باس لە گوشارێکی خێرا دەکەیت بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ، پێناچێت ئەمە ئێران بێنێتە سەر مێز، ئێران ساڵانێکی زۆرە لەژێر سزای قورسدایە و جۆرە خۆڕاگرییەکی پێشانداوە، هەروەها بۆ گەلەکەی خراپ بووە، من پێموایە گوشارێکی سیاسیی گەورە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەمووان هاوڕان کە پێشینەیە، ئەویش کردنەوەی تەنگەی هورمزە بەبێ هیچ مەرجێک و بەبێ بەڕێوەبردن لەلایەن هیچ کەسێکەوە، جگە لەوەی رێگە بدرێت بازرگانی نێودەوڵەتی بڕوات. ئەگەر ئەمریکا ژیرانە رەفتار بکات، گوشار بکات بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە رێگەچارەیەکی بێ مەرج بۆ تەنگەی هورمز، ئەوە دەبێتە سەرکەوتن.
رووداو: پرسی تەنگەی هورمز تەنیا پەیوەستە بە ئەمریکاوە یان وڵاتانی دیکە، لەکاتێکدا تەنیا ئەمریکا باسی دەکات، دەبێ کام وڵاتی دیکە بێنە نێو پرسەکە ؟
باربارا لیف: جۆری جیاواز هەن بۆ ئەوەی وڵاتان تێیدا بەشدار بن، زۆربەی لە رێگەی گوشاری سیاسییەوەیە، جا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بێت یان دوولایەنە یان لە چوارچێوەی رێکخراوەکانی دیکەدا، بیستووتانە ئیمارات زۆر بە روونی لەسەر ئەم خاڵە قسەی کردووە، وڵاتانی دیکەی کەنداو و ئەوروپییەکانیش هەروەها، وەزیری دەرەوەی سەنگاپوورەش ئاراستەیەکی زۆر روونی دا لەسەر ئەوەی چییان دەوێت، بەڵام وەکو گوتم، هیچ هێزێکی دەریایی دیکە قەبارە و توانای هێزی دەریایی ئەمریکای نییە، بۆیە بیرۆکەی ناچارکردنی بە رێگەی سەربازی لای وڵاتانی دیکە سەرنجڕاکێش نییە، لەوەش زیاتر، مەسەلەکە تەنیا یەک جار کردنەوەی تەنگەکە نییە، دەبێت هێزێکی زۆر لەوێ بهێڵیتەوە و ئامادەی مەترسییەکی زۆری هێرش بیت. کۆمپانیاکانی دڵنیایی بازرگانی و کەشتیوانی ئەو سەرکێشییە ناکەن کاتێک هەست بکەن ئەگەری هێرشی درۆنی ئێران، مینی دەریایی یان مووشەکی بالیستی هەیە.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەی جەنگ هەن، لەوانە داخستنی دەرگەی قوتابخانەکان کە ئێستا دووبارە کراوەتەوە، ئێمە پێشبینی چ بکەین، ئاگربەست بەردەوام دەبێ؟ یان شەڕ دەستپیدەکاتەوە؟
باربارا لیف: ئێستا هەردوولا لە جۆرێک لە وەستانن بەرامبەر یەکدی و هەڵوێستی جیاوازیان دەبێت و هەڕەشە لە یەکدی دەکەن، بەڵام دەتوانن پشت بەو راستییە ببەستن کە کۆمەڵەیەکی گەورە لە بیروڕای گشتی لە ئاسیا، ئەورووپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستانیش هەن زۆر هاندەرن بۆ ئەوەی ئەم لایەنانە بگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام بەداخەوە دوو هەفتەی داهاتوو سەخت دەبن، بەداخیشەوە وەکو بینیمان گرووپە چەکدارەکانی عێراق زۆر سەرەڕۆ بوون لە بەئامانجکردنی کوردستانی عێراق و هاووڵاتییانی خۆیان و ژێرخانی سڤیل، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی لە عێراق دەبێت تێبگەن دەبێت کۆتایی بە بەئامانجکردنی کوردستانی عێراق بهێنن، گوشارەکە لەسەر بەغدایە بۆ ئەوەی ئەمە جێبەجێ بکات.
رووداو: دوایین پرسیارم، بەرای ئێوە گفتوگۆ دەستپێدەکاتەوە؟ ئەگەر دەستپێدەکاتەوە چۆن دەبێ و چ هەوڵێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن دەبێ ؟
باربارا لیف: دەبێ پرسیار بکەین کە ئێستا تاوەکو گەڕی دیکەی گفتوگۆکان چ روودەدات، کێشەی ئەتۆمی یان تەنگەی هورمز تەنیا بە رێگەی سەربازی تەواو نابن، چەکی سەربازی تەنیا تا شوێنێکی دیاریکراو دەتگەیەنێت، بەڵام پێویستت بە گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی تاران پابەند بکەیت بە جۆرە رەفتارێکی دیاریکراو و هەبوونی سیستمێکی پشکنینی ورد بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەبێت لە کاتێکدا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رووداو: ئاگربەست درێژدەکرێتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن؟
باربارا لیف: دەکرێ ئەوە رووبدات، بەڵام پێش ئەوە دۆخێکی سەخت دەبێ، لەوانەیە هەنگاوی سەربازی هەبێ، هیواخوازین نەگاتە ئاستی هێرشی سەربازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ