باڵیۆزی پێشووی پاکستان لە ئێران: تەنگەی هورمز موڵکی هیچ وڵاتێک نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
فوئاد رەحیم
تەنگەی هورمز
تەنگەی هورمز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە گەڕی یەکەمدا شکستیهێنا، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو هەوڵی دیکە دەستپێبکەن بۆ دەستپێکردنەوەی، کێشەی ئەمریکا و ئێران لەسەر چەند خاڵێکە لە نێویاندا تەنگەی هورمز و پرسی ئەتۆمی. 
 
ئاسف دورانی، باڵیۆزی پێشووی پاکستان لە ئێران، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، باس لە هۆکارەکانی شکستی دانوستاندنەکان دەکات و دەڵێت، پرسی ئەتۆمی گرێکوێرەی سەرەکی بووە، چونکە واشنتن دەیەوێت تاران لە هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەکی ئەتۆمی بێبەش بکات، کە ئەمەش مافێکی یاسایی ئێرانە.
 
دورانی پێیوایە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێت، بەڵام جەنگی 40 رۆژەی رابردوو پێشانی دا هیچ لایەنێک ناتوانێت مەرجەکانی بەسەر لایەکەی دیکەدا بسەپێنێت. سەبارەت بە تەنگەی هورمز، دورانی جەخت دەکاتەوە ئەو رێڕەوە ئاوییە خاکی هیچ وڵاتێک نییە و دەبێت بە رێکارێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی بازرگانیی جیهانی پەکینەکەوێت.
 
باڵیۆزی پێشووی پاکستان، کە وڵاتەکەی نێوەندگیرێکی سەرەکییە، هۆشداری دەدات بەهۆی هێرشەکانی رابردوو لە کاتی دانوستاندنەکاندا، متمانەیەکی ئەوتۆ لە نێوان هەردوولادا نەماوە و هەر ئەمەش وایکردووە ئاگربەستەکە بە لەرزۆکی بمێنێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاسف دورانی:
 
رووداو: بۆچی دانوستاندنەکانی رێککەوتن شکستی هێنا و بەو ئاراستەیە چوو ئێستا هەیە؟ 
 
ئاسف دورانی: وەکو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە، زۆربەی بابەتەکە پەیوەندی بە کێشەی ئەتۆمییەوە هەبوو، بەڵام ئەمەش جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە پێشتر ئێران رایگەیاندبوو نایەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، ئەوان لەژێر چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی رایانگەیاندبوو سنووری پیتاندنی یۆرانیۆمیان 3.67٪ بێت. بەپێی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، مافی ئێرانە دەستی بە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بگات، بەڵام وا دیارە ئەمریکا دەیەوێت هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەکی ئەتۆمی لە ئێران قەدەخە بکات، پێموانییە ئەمە رێگەیەکی دروست بێت و پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت. هەرچەندە ئەم خولە ئەنجامێکی وەهای نەبوو کە چاوەڕوان دەکران، بەڵام هەردوو وڵات، مەبەستم ئەمریکا و ئێرانە، دەرفەتیان بە دیپلۆماسی داوە، کاتێک دیپلۆماتەکان دادەنیشن، رێگەیەک بۆ دەرچوون دەدۆزنەوە، هیواخوازم لە گەڕەکانی داهاتوودا ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن کە لە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد رووبەڕوویان بووەوە.
 
رووداو: واتە ئەگەری ئەوە هەیە بەمزووانە گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکان دەستپێبکات؟  
 
ئاسف دورانی: بەڵێ، ئەگەری گفتوگۆ هەیە، چونکە بەبێ ئەوە دەگەنە بنبەست، واتە رێگەیەکی داخراو کە ناتوانن بگەنە هیچ ، پێم وانییە ئەمریکا لە پێگەیەکدا بێت مەرجەکانی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، وەکو لەم جەنگە 40 رۆژەیەدا بینیمان، هەروەها ئێرانیش نایەوێت بچێتە ناو جەنگەوە، بۆیە گرنگە دابنیشن و سەیری خاڵە جیاوازەکان بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن.
 
رووداو: پاکستان لەو چەند رۆژەی ماوە دەتوانێ چی بکات بۆ هەردوولا، بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکان؟ 
 
ئاسف دورانی: پێموایە دەبێت پاکستان بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی، وەکو چۆن لە راگرتنی جەنگدا کردی، تەنیا دوو یان سێ کاژێر مابوو بۆ ئەو مۆڵەتەی سەرۆک ترەمپ دابووی، بەڵام لۆژیک زاڵ بوو و جەنگەکە راگیرا، هیواخوازم وەکو هەنگاوێک بۆ متمانەی هەردوولا، ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە، لەم نێوەندەدا هەردوو لایەن دەست بکەنەوە بە گفتوگۆ و ئەو کێشانە چارەسەر بکەن لە گەڕی یەکەمدا لە ئیسلامئاباد چارەسەر نەکران.
 
رووداو: کەواتە چارەنووسی ئاگربەستەکە چی دەبێ؟ 
 
ئاسف دورانی: لەم بارودۆخەدا، کاتێک متمانە کەم بێت، بێگومان ئاگربەست بە لەرزۆکی دەمێنێتەوە بۆ نموونە، ئێران مافی خۆیەتی متمانەی بە ئەمریکا نەبێت، چونکە دوو جار کاتێک گفتوگۆکانی ئەتۆمی لە قۆناخی کۆتاییدا بوون و ئاماژەی ئەرێنی هەبوون، ئیسرائیل ساڵی رابردوو هێرشیکردە سەر ئێران لە جەنگێکی 12 رۆژەدا و دواتر ئەمریکاش بەدوایدا، دووبارە لە 28ـی شوباتدا، سەرەتا ئیسرائیل هێرشیکرد و پاشان ئەمریکا، کەواتە لەرزۆکی ئاگربەستەکە هەر دەمێنێت چونکە هەردوولا نەیانتوانیوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
 
رووداو: دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات، ئەو هەڕەشانە دەبنە کارتی رازیکردنی ئێران بۆ رێککەوتن، یان مەترسین بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ؟ 
 
ئاسف دورانی: پێموایە سەرۆک ترەمپ حەزی لە بەکارهێنانی هەڕەشەی وایە، بەڵام راستی شتێکی دیکەیە، ئەمریکا هەوڵیدا هێزی تووندی خۆی لە دژی ئێران بەکاربهێنێت، زیاتر لە 10 هەزار شوێنیان کردە ئامانج و ژێرخانی ئێرانیان تێکدا، بەڵام لەوە زیاتر چییان پێ دەکرێت؟ هەمان شت لەگەڵ ئیسرائیلیش روویدا, ئێران بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو وەڵامی دایەوە، بەهۆی تەکنەلۆژیای درۆن و مووشەکی ئێرانەوە، کەشتیگەلە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا ناچاربوون ناوچەکە جێبهێڵن، ئێران رەنگە وەکو ئەمریکا بەهێز نەبێت، بەڵام سوود لە پێگەی جوگرافی وەردەگرێت، ئەمریکا سەرەڕای هەموو هێزەکەی نەیتوانی بێبایەخی بکات، بۆیە پێموایە ئەمە جۆرێکە لە وەستان. 
 
رووداو: بۆچوونتان چییە لەسەر رێکارەکانی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز، لەکاتێکدا ترەمپ دەڵێ ئەوەی ئێران دەیکات نایاساییە؟ 
 
ئاسف دورانی: دەکرێت ئەم کێشەیە لە رێگەی نێوەندگیری و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاوانی هەیە، ئەو میکانیزمە بەردەستە و دەکرێت دیاری بکات مافی کێیە لە هاتوچۆکردندا، پێموانییە ئێران بتوانێت تەنگەی هورمز دابخات، بەڵام لە کاتی جەنگدا ئێران سوودی لەم پێگەیە بینی، لە دۆخی ئاساییدا پێموانییە ئەمە یاسایی بێت، بۆیە گرنگە هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی ئێران و عومان، لەسەر هاتوچۆکردن گفتوگۆ بکەن و پاشان دەبێت ئەمە بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریایی بێت.
 
رووداو: ئایا دەقێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی تەنگەی هورمز؟ 
 
ئاسف دورانی: ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە، مافی تێپەڕبوون ناکرێت رەت بکرێتەوە، تەنگەی هورمز خاکی ئێران یان عومان نییە، پێچەوانەی تەنگەی بۆسفۆر یان سوێس یان پەنەما کە لە ناو خاکی وڵاتەکاندان، تەنگەی هورمز خاکی هیچ کام لەوانە نییە، بۆیە دەبێت رێکارێکی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی مافی تێپەڕبوونی وڵاتان.
 
رووداو: ئێوە باڵیۆزی پاکستان بوون لە ئێران، بەپێی بۆچوونی ئێوە ئایا ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن و کێشەکان چارەسەر بن، یان ئەو دۆخە درێژە دەکێشێت؟
 
ئاسف دورانی: من پێموایە ئێران لەگەڵ رێککەوتنە و پێی خۆشە رێککەوتن بکات، چونکە ئێران وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا و بەرژەوەندیی هەیە، ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ رووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە لە ناوچەکەدا، کاتی ئەوە هاتووە ئێران نیگەرانییەکانی دراوسێیەکانی لە کەنداو چارەسەر بکات، ئەمە نەک هەر بۆ سوودی ئێران، بەڵکو بۆ سوودی هەموو ناوچەکە دەبێت و سەقامگیری و گەشەسەندنی زیاتر دروست دەکات، دەبێت چارەسەرێکی ناوچەیی هەبێت.
 
رووداو: کەواتە ئەو بەربەستانە چین وادەکات ئەو رێککەوتنە تاوەکو ئێستا نەبێ؟
 
ئاسف دورانی: پێموایە بە تەواوەتی لە دەستی ئێراندا نییە، بۆ نموونە، ئێستا ئەم هێرشە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرا، پەیوەندی بە وڵاتانی کەنداویش نییە  وڵاتانی کەنداو هەن بنکەیان داوەتە ئەمریکا بەو بیرکردنەوەیەی کە ئەم بنکانە خزمەت بە ئاسایش و سەروەریی ئەو وڵاتانە دەکات، بەڵام ئەوە رووینەدا چونکە بۆ ئێران ئەو بنکانە بوونە خاکی دوژمن، بۆیە پێموایە دەبێت چارەسەرێکی ناوچەیی هەبێت .
 
رووداو: لەوباوەڕەدان ئێران رازی بێ بە بەڕێوەبردنێکی نێودەوڵەتی بۆ تەنگەی هورمز 
 
ئاسف دورانی: هیواخوازم وا بێت، چونکە ئەگەر وانەبێ ئەم بابەتە دەبێتە هۆی تێکدانی گواستنەوەی کاڵاکان لە تەنگەی هورمزەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە