رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ناردنی کەشتیگەل و فڕۆکەی شەڕکەر لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشانیانە لە ناوچەکە. دەشڵێت، بەڵگە نییە ئێران لەپشت هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بووبێت.
ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لە کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژی پێنجشەممە 13-10-2023 کاژێر 23:00 پەخشکرا، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی نیازی نییە هێزی سەربازیی شەڕکەر بنێرێتە ناوچەکە؛ وڵاتەکەی وەکو "گرووپێکی تیرۆریستی" لە بزووتنەوەی حەماس دەڕوانێت. هەروەها حەماس بە هۆکاری هەڵگیرساندن و دەستپێکردنی شەڕ دەزانێت و دەڵێت، هەموو کارێک دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان لەلای حەماس.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی باس لە دەستهەبوونی ئێران لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن، ساموێل وێربێرگ گوتی، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئێران لەپشت هێرشەکەوە بووبێت.
رووداو: رۆڵی ئێستای ئەمریکا تەنیا پشتگیریکردنە لە ئیسرائیل، یان راگرتنی ئەو شەڕە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمریکا و هەنگاوی دیپلۆماسی لەو پێناوەدا دەنێت؟
ساموێل وێربێرگ: هەندێک لەپێشترێتیمان هەیە، یەکەم ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان ئەمریکییەکان، وەکو ئەمریکا پێویستە کار بکەین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانمان، هەروەها بارمتەکانی دیکەی وەکو ئیسرائیلییەکان، تایلەندی و فەڕەنسییەکان، دووەم هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی پەیامێکی روون بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستە (حەماس) بنێرین بۆ راگرتنی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی دەیکات لە رێگەی مووشەکەوە لە دژی ئەو شوێنانەی خەڵکی سڤیلیان تێدایە لە ئیسرائیل، سێیەم هاوئاهەنگیکردن تایبەت بە هەوڵە پێویستەکان بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین و ئەگەری کردنەوەی هەر رێڕەوێکی مرۆیی کە رۆڵی هەبێت لە سووککردنی ئەو دۆخە مرۆییەی هەیە بۆ گەلی فەلەستین.
رووداو: لەگەڵ کوژران و برینداربوونی ئیسرائیلییەکان بەهۆی هێرشەکانەوە، رۆژانە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلیش سڤیل دەکوژرێت، ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات؟
ساموێل وێربێرگ: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وای دەبینێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە، ئەمریکا ئەوە بەسەر ئیسرائیلدا ناسەپێنێت کە چۆن ئەو کارە دەکات، چۆن ئیسرائیل خۆی لە دژی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەپارێزێت، هێشتا لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانەوە ئەو هێرشە مووشەکییە بەردەوامانە دەبینین کە حەماس دژی شوێنە مەدەنییەکان دەیانکات، کەوایە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو یارمەتییەکی پێویست، لە یارمەتیی ئەمنی و سەربازی بۆ بەرگریکردن لە خۆی پێشکێشی ئیسرائیل دەکات، لە هەمان کاتدا ئێمە لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبین لەبارەی گرنگیی پاراستنی هەموو مەدەنییەکان، مەدەنیی ئیسرائیلی بێت یان فەلەستینی، بەڵام پێویستە بەرپرسیارێتی لە شوێنی گونجاو دابنێین، بزووتنەوەی حەماس، ئەو بزووتنەوە تیرۆریستییە بەرپرسە لەو هەموو پشێوی و وێرانکاری و کوشتنە لە ناوچەکەدا، ئەو دەستیکرد بەو هێرشە تیرۆریستییانە لە ناوچەکدا پێش چەند رۆژێک، هەر ئەو بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە مرۆییە لە ئەستۆ دەبێت کە لە کەرتی غەززە هەیە.
رووداو: ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی حەماس دەدات، ئەمریکاش دەیەوێت ئەو کارە بکات، واتە سەرچاوەکانی دارایی وشک بکات، واتە رەفتاری ئەمریکا لەگەڵ حەماس وەکو مامەڵەیە لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی دەبێت؟
ساموێل وێربێرگ: چەند ساڵێک لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو گرووپەی واتە حەماس بە گرووپێکی تیرۆریستی پۆڵێن کردووە، کەواتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوی نوێ نییە بۆ پۆڵێنکردنی ئەو گرووپە، لەلای ئەمریکا گرووپەکە گرووپێکی تیرۆریستییە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی رێگری ناکەین، چونکە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستییە (حەماس) نییە، بەڵام ئەو بەرپرسە لە دەستدرێژیکردن و رفاندنی بارمتەکان، بۆیە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشانمان لەناوچەکەدا لە پەیوەندیدا دەبین، هەندێک لەو وڵاتانەش لە وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، هۆکارێک لە هۆکارەکانی راسپاردنی بلینکنی وەزیری دەرەوەش بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەیە بچینە گفتوگۆ و پەیوەندییەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا هەیە، چونکە پێویستە پەیامی روون بۆ بزووتنەوەی حەماس بنێرین لەبارەی گرنگیی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی ئەمریکا و بارمتەکانی دیکەش.
رووداو: ئەگەر لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنان یان لە شوێنی دیکە بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکرێتەوە، هەڵوێستی ئەمریکا چی دەبێت؟
ساموێل وێربێرگ: ئەوە هۆکارێکە لە هۆکارەکان بۆچی ئەمریکا دەستیکرد بە گواستنەوەی هەندێک لە کەشتیگەلی هەڵگری فڕۆکەی شەڕکەر و کەرەستەی سەربازی و بەرگریی دیکە بۆ ناوچەکە، چونکە ئەمریکا نایەوێت هیچ فراوانبوونێکی ئەو ناکۆکییە بۆ ناوچەی دیکە ببینێت، ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان لەناوچەکە دەکەین گرژییەکان کەمبکەنەوە، ئێمە پێمانوایە هەندێک لایەن وەکو حیزبوڵڵا، رژێمی ئێران هەوڵدەدەن ئەو کارانە بقۆزنەوە، کەواتە ئەمریکا دەیەوێت زۆر روون بێت لەبارەی پشتیوانیکردنمان بۆ هاوپەیمان و هاوبەشانمان لە ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنەپێویستەکان بۆ پاراستنی خۆمان و پاراستنی هاوپەیمان و هاوبەشانمان لە ناوچەکەدا.
رووداو: ئەگەری هەیە رەوشەکە وای لێبێت ئەمریکا سەرباز بۆ ئیسرائیل بنێرێت، واتە ئەگەر ئیسرائیل داوا لە ئەمریکا بکات، ئەمریکا سەرباز دەنێرێت بۆ ئیسرائیل؟
ساموێل وێربێرگ: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تائێستا هیچ نیازێکی بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە نییە، ئێمە هاوئاهەنگیی وردمان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەیە، هاوئاهەنگی دەکەین لەبارەی ئەوپەڕی توانامانەوە بۆ رزگارکردنی ژیانی سەرجەم بارمتەکان، ئێمە هەندێک بیرۆکە و تەکنەلۆژیا و توانای هەواڵگریی و شتی دیکە دەدەینە ئیسرائیلییەکان، ئەمریکا پێیوایە تائێستا هیچ پێویست بە دەستوەردانی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە لە کەرتی غەززە و ناوچەی دیکە ناکات.
رووداو: ئێران بە تێوەگلان لەو هێرشانەی حەماس تۆمەتبار دەکرێت، ئەمریکا تەواو یەکلایی بووەتەوە کە ئێران رۆڵی لەو هێرشانەی حەماسدا نەبووە؟
ساموێل وێربێرگ: تائێستا گوێمان لە سەرۆک بایدن و وەزیر بلینکن بووە کە بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە رژێمی ئێران راستەوخۆ دەستی لەو هێرشی تیرۆریستییانە لەلایەن حەماسەوە هەبووبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە رژێمی ئێرانی بەرپرسیارێتیی ناکەوێتە ئەستۆ، چونکە ساڵانێکە دەبینین کە چۆن یارمەتی وەک چەک و پارە و راهێنان دەداتە حەماس، حیزبوڵڵا و سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکان، بەڵێ لە کۆتاییدا پێمانوایە ئێران تێوەگلاوە و بەرپرسیارێتی هەیە، بەڵام لەبارەی ئەم هێرشانەوە بە دیاریکراوی، تائێستا بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە کە حکومەتی ئێران یان رژێمی ئێران راستەوخۆ دەستی هەبووبێت، بەڵام هێشتا زانیاری و وردەکاری کۆدەکەینەوە.
رووداو: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەسەڵاتیان هەیە پارەکانی ئێران کە بەمدواییانە ئازادکران بلۆک بکاتەوە، ئەمریکا کەی دەسەڵاتەکانی بۆ بلۆککردنەوەی پارەکانی ئێران بەکاردەهێنێت؟
ساموێل وێربێرگ: کەواتە یەکەم پێویستە جەخت بکەینەوە تائێستا رژێمی ئێران نەگەیشتووە و ناگاتە یەک دۆلار لەو پارانە، ئەمریکا بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ قەتەر توانای چاودێریکردنی ئەو هەژمارانەی لە بانک لە قەتەر هەیە، هەموو توانایەکمان هەیە بۆ ئەوەی ئەوە ببینین، بەگشتی پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ئەوەی وردەکاریی زیاترتان هەبێت، بەڵام هەموو توانایەکمان هەیە لە راگرتنی وەرگرتنی ئەو پارانەوە لەلایەن رژێمی ئێرانی، بەڵام پێویستە بڵێین رژێمی ئێران توانای وەرگرتنی ئەو پارانەی نییە تەنیا بۆ بابەتی مرۆیی و خۆراک نەبێت، بۆیە ئەمریکا چاودێریی بابەتەکە دەکات و لەوە زیاتر نامەوێت قسە بکەم، چونکە وردەکاریی یاساییە.
رووداو: عێراق پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین نیشانداوە، ئەمریکا چۆن لەو بابەتە دەڕوانێت؟
ساموێل وێربێرگ،: بەشێوەیەکی گشتی ئەمریکا پشتیوانی هەر گەلێک لە گەلان دەکەین بۆ ئەوەی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ناڕەزایەتی ئاشتیانە بکات، ئەمریکا دژی ئەوە نییە، بەڵام با بپرسین ئایا ئێمە بە کردەیی پشتیوانی گەلی فەلەستینی دەکەین، ئایا ئەو لایەنانە پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی دەکەن، چونکە کێ لە دژی گەلی فەلەستینی دەوەستێت، بزووتنەوەی حەماس ئەو بزووتنەوە تیرۆریستییە بەرپرسیارێتی خراپیی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ، کەواتە ئەگەر هەر لایەنێک لە هەر وڵاتێک بیەوێت کە پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی بکات، باشترین رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە ئەوەیە هەڵوێستێکی زۆر روونی هەبێت و سەرکۆنەیەکی زۆر روونی لە دژی حەماس هەبێت.
رووداو: ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو ئەگەر ئەمریکا بچێتە نێو ئەو شەڕەوە بنکە و بارەگاکانیان لە عێراق دەکەنە ئامانج، هەڵوێستتان چییە؟
ساموێل وێربێرگ: نامەوێت بچمە وردەکارییەکان و پێشبینی ئەنجامەکان، بەڵام دەکرێت ئەوە دووپاتبکەمەوە کە هاوئاهەنگی و پەیوەندیی تەواومان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەکانی ناوەندی و خۆجێی لە عێراق هەیە، لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، هێزە کوردستانییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگیی باش و بەهێزمان لەگەڵ سەرجەم دەسەڵاتەکانی عێراق هەیە و هەموو رێکاری پێویست بۆ پاراستنی خۆمان دەگرینەبەر، سوپا و هێزە ئەمریکییەکان تەنیا بۆ هۆکاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق لەوێن سەبارەت بە شەڕی دژ بە داعش، کەواتە ئێمە لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ