رووداو دیجیتاڵ
قەداسەتی ئیغناتیۆس ئەفرامی دووەم، سەرۆکی باڵای کەنیسەی سریانی ئۆرتۆدۆکسی لە جیهاندا، لەهەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ رووداو، تیشکی خستە سەر دۆخی هەنووکەیی کریستیانەکان لە سووریا و عێراق. ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی کریستیانەکانی سووریا لەدوای گۆڕینی دەسەڵات رووی لە باشتربوون نەکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکان بەهۆی نائارامی و ناڕوونیی دیدگا سەبارەت بە داهاتووی سووریا، کۆچیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی کەنیسەی سریانی ئۆرتۆدۆکسی نیگەرانیی خۆی دەربارەی کەمبوونەوەی نوێنەرایەتیی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی کاتیی گەلی سووریا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە هیوادارن کریستیانەکان وەک هاووڵاتیی پلە یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. هەرچەندە دیدارێکی "بنیاتنەر"ی لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع هەبووە و بەڵێنی دڵنیاکەرەوەی پێدراوە، بەڵام قەداسەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە دەستوەردانی هەرێمی و بیانی و جیاوازییەکانی نێو گرووپە دەسەڵاتدارەکان، رێگرن لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە.
سەبارەت بە دەستووری نوێی سووریا، ئیغناتیۆس ئەفرامی دووەم رایگەیاند، دەستوورەکە خواستی گەلی سووریا بەگشتی ناهێنێتەدی، بەتایبەتی لە دانانی فیقهی ئیسلامی وەک تاکە سەرچاوەی یاسادانان و داوای هەموارکردنەوەیەکی کرد کە زیاتر لەسەر بنەما مەدەنییەکان بنیات بنرێت و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد لە رۆژئاوای کوردستان، قەداسەتی ئیغناتیۆس باسی لە کێشەی داخستنی قوتابخانە سریانییەکان کرد لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە بەهۆی جیاوازییەکانی پرۆگرامی خوێندن و جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کردەوە. هاوکات ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە پێشوازیکردن و یارمەتیدانی ئاوارە کریستیانەکان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە "پەیوەندیی باوک و کوڕ" وەسف کرد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیغناتیۆس ئەفرامی دووەم، سەرۆکی باڵای کەنیسەی سریانی ئۆرتۆدۆکسی لە جیهاندا:
رووداو: بەخێربێن قەداسەتتان.
ئیغناتیۆس ئەفرام: سوپاس.
رووداو: هەولێرتان رووناک کردەوە.
ئیغناتیۆس ئەفرام: سوپاس، سوپاس، ئێمە دڵخۆشین کە بۆ دەیەمین جار و زیاتر دێینە هەولێر.
رووداو: گەشتەکەتان چۆن بوو.
ئیغناتیۆس ئەفرام: گەشتێکی ئاسوودەبەخش بوو، ئەمە یەکەمجارە راستەوخۆ لە دیمەشقەوە دێم بۆ هەولێر، پێشتر لە رێگەی بەیرووتەوە دەهاتین، بۆیە گەشتێکی کورت و ئاسوودەبەخش بوو، سوپاس بۆ خودا.
رووداو: سوپاس بۆ خودا کە بە سەلامەتی گەیشتن.
ئیغناتیۆس ئەفرام: خودا بتپارێزێت، سوپاس.
رووداو: دەمەوێت لە دۆخی کریستیانەکانی سووریاوە دەستپێبکەم، دۆخی کریستیانەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەتی دوای گۆڕانی دەسەڵات؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: کریستیانەکان بێگومان بەشێکن لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی سووریا، بۆیە دۆخی گشتیی سوورییەکان، دۆخی کریستیانەکانیشە بە شێوەیەکی گشتی، بەداخەوە کریستیانێکی زۆر لە سووریا کۆچیان کردووە، بەهۆی ئەو نائارامییەی هەیە و بەهۆی ناڕوونیی دیدگا سەبارەت بە داهاتووی سووریا، کریستیانەکان لە یەکەم رۆژی ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا روویدا، هەوڵیانداوە پشتگیریی حکومەتی نوێ بن، چونکە لە بەرژەوەندیی کریستیانەکان و هەموو سوورییەکاندایە کە ئارامی و ئاشتی لە سووریا هەبێت و هەموو سوورییەکان پێکەوە بە خۆشەویستی و تەبایی بژین، بۆیە دۆخی کریستیانەکان وەکو دۆخی باقی سوورییەکانی دیکەیە، رۆژ دوای رۆژ رووداوگەلێک روودەدەن, کە کاریگەرییان لەسەر کریستیانەکان هەیە، هەروەک چۆن کاریگەرییان لەسەر ئەوانی دیکەش هەیە و بەهۆی نائارامییەوە ترس دەخەنە دڵی زۆر کەسەوە، تاوەکو ئێستاش کۆنترۆڵی تەواوی دۆخی سووریا نەکراوە، بۆیە ئەمە بۆ هەمووان جێگەی ترسە.
رووداو: ئایا دوای گۆڕانی دەسەڵات دۆخیان بەرەو باشتر یان خراپتر چووە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: بێگومان تاوەکو ئێستا دۆخیان بەرەو باشتر نەچووە، وەکو گوتم، کریستیانەکان سووریین، دانیشتووانی رەسەنی سووریان، گەلێکی سەرەکی و رەسەنی سووریان و هەزاران ساڵە لێرەن، بەلایانەوە گرنگە سووریا بۆ هەموو رۆڵەکانی وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر بێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سووریا چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە، کە مامەڵەی هاووڵاتیی پلە یەک لەگەڵ کریستیانەکاندا بکرێت، ماف و ئەرکیان هەبێت وەکو هەموو سوورییەکانی دیکە، ئەمە ئەوەیە کە هیوادارین کریستیانەکان وەکو باقی سوورییەکانی دیکە بتوانن بە سەربەرزی و کەرامەتەوە لەسەر خاکی خۆیان بژین، دوو رۆژ پێش ئێستا هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنێکی کاتیی نوێ کرا، کە وا دانرابوو ببێتە ئەنجوومەنی گەل یان پەرلەمان، بەداخەوە لەنێو دەرچووەکاندا بۆ ئەندامێتیی ئەو ئەنجوومەنە، تەنیا یەک کریستیان یان دووان دەرچوون، ئەمەش بێگومان لای ئێمە جێگەی نیگەرانییە، دەمانەوێت کریستیانەکان لە هەموو ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بن، ئەرکی سەرشانیشمانە خزمەتی وڵاتی خۆمان بکەین، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتمان پێبدرێت بۆ ئەوەی خزمەتی ئەم وڵاتە بکەین.
رووداو: باسی داواکارییەکەتان دەکەین، بەڵام ئەو پەرلەمانتار یان دوو پەرلەمانتارەی باستکردن کە نوێنەرایەتیی کریستیانەکان دەکەن لە پەرلەمان یان ئەنجوومەنی کاتیی گەل لە سووریا، ئایا ئەوانە نوێنەرایەتیی ئێوە دەکەن؟ ئایا ئێوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانتان کرد؟ ئایا ئەمە بە ئەنقەست بوو وەکو درووز و کورد و عەرەبی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟ ئەوان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد، ئایا ئێوەش بایکۆتتان کرد؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: نەخێر هەرگیز، بە پێچەوانەوە، ئێمە هانی رۆڵە کریستیانەکانمان دا کە بەشداری لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا بکەن، دەبێت ئەوەش بڵێم، تەنانەت لەلایەن حکومەتی ئێستاشەوە هاندان هەبوو بۆ کریستیانەکان، کە بچنە نێو هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵام دەنگیان پێنەدرا، کریستیانێکی زۆر خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کرد، بەڵام هەڵنەبژێردران، ئەمەش زیاتر نیگەرانمان دەکات.
رووداو: بۆچی هەڵنەبژێردران؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: راستییەکەی نازانم بۆچی، بەڵام رەنگە هێشتا لەوپەڕی گۆڕانکاریدا بین، نەک شۆڕش، بەڵکو ئەوەی پێی دەگوترێت سەرکەوتن، بۆیە زۆر لە سوورییەکان پێیان وابوو کە بۆ دەیان ساڵ لە کاری سیاسی بێبەش کرابوون و ئەمڕۆ دەرفەتیان بۆ هاتووەتە پێش، ئێمەش بێگومان پێشوازی لەوە دەکەین، پێشوازی لەوە دەکەین کە دەرفەتێک بۆ هەموو سوورییەکان هەبێت بۆ کارکردن لەپێناو سووریادا، رەنگە هەندێک لەوان ویستبێتیان رۆڵێکی گەورە و کاریگەریان لەم هەڵبژاردنەدا هەبێت، بۆیە دەرفەت بەو پێکهاتانە نەدرا کە پێیان دەگوترێت کەمینە ژمارەییەکان، واتە پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، رەنگە دەرفەتی پێویستیان بۆ نەمابێتەوە.
رووداو: با پرسیارەکەم بە روونتر بکەم، ئایا کریستیانەکان ساردبوونەوە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا؟ ئایا ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو؟ یان گومانتان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: گومانمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، چونکە لە راستیدا هیچ زانیارییەکمان لەسەر هیچ سەرپێچییەک نییە، بەڵام بەڵێ لەلایەن هەندێک لە کریستیانەکانەوە ساردبوونەوەیەک هەبوو، ئێمە هانمان دان بەشداری بکەن، چونکە بۆ ئێمە گرنگە هەمووان بەشدار بن، بەڵام ئەوەی کە روویدا پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی کریستیانەکان دەرنەچوون، چونکە ئەوانەی دەنگدەرانیان هەڵبژارد، گرووپێکی دیاریکراو بوون لەلایەن حکومەتەوە، چەند هەزار سوورییەک بوون، کە کریستیانیشیان تێدا بوو، ئەو دەنگدەرانە ئەندامەکانیان لەنێو خۆیاندا هەڵبژارد، واتە لەناو دەنگدەرانەوە رەنگە 140 کەس هەڵبژێردرابن، 70 کەسی دیکەش راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکەوە دادەمەزرێن.
رووداو: چاوتان بە سەرۆک ئەحمەد شەرع کەوت؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: بەڵێ، مانگی ئایاری رابردوو چاوم پێی کەوت.
رووداو: دیدارەکە چۆن بوو؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: دیدارێکی بنیاتنەر و ئەرێنی بوو، دیدارێکی باش بوو، توانیمان لە ئاراستەکان تێبگەین و بێگومان دڵنیایی پێداین سەبارەت بە داهاتووی سووریا و سووریایەکی گشتگیر بۆ هەموو رۆڵەکانی، ئەمەش زۆر گرنگە، هێشتا دڵنیایی و قسەی باش لە بەرپرسانی سووریاوە دەبیستین، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوە تێدەگەین کە ئەم حکومەتە بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی دەیەوێت لەسەر ئەرزی واقیع، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە تووشی سەختی دەبێت.
رووداو: هۆکارەکان چین؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: یەکەم، دەستوەردانی زۆری هەرێمی و بیانی لە سووریادا هەیە، دووەم، ئەو گرووپە جیاوازانەی کە لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع گەیشتوونەتە دەسەڵات، لە ئاستی پابەندبوونی ئایینی و کراوەییان بەرامبەر بەوانی دیکەدا جیاوازن، بۆیە بێگومان هەندێک ئاستەنگ هەن کە ناهێڵن ئەم حکومەتە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە ئێستا دەیدات، جێبەجێ بکات، بەڵام من خۆم گومانم لە نیازپاکی حکومەت نییە، بەڵام واقیعی سەر زەوی هێشتا پێویستی بە باشترکردنێکی گەورە هەیە.
رووداو: لە دیدارەکەتاندا هیچ بەڵێنێک بە کریستیانەکان درا و جێبەجێ نەکرا، یان هیواتان هەیە جێبەجێ بکرێن؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: لە سەرەتادا، راستییەکەی ئێمە داوای هیچ شتێکی تایبەت بۆ کریستیانەکان ناکەین، ئێمە دژی دەستوەردانی نێودەوڵەتی یان پاراستنی نێودەوڵەتیی کریستیانەکانین، ئێمە دژی پێدانی هەر ئیمتیازێکین بە کریستیانەکان، بەڵام دەمانەوێت کریستیانەکان هاووڵاتیی پلە یەک بن و لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش ئەو شتەیە کە لە بەڕێز سەرۆکەوە بیستمان، ئەمە ئەو بەڵێنە بوو کە لە راستیدا پێی داین، بێگومان هەوڵێک لەلایەن حکومەتەوە هەیە بۆ دڵنیاکردنەوەی کریستیانەکان و پێدانی ئاماژەی ئەرێنی لەم بارەیەوە، بەڵام دیسانەوە دەیڵێمەوە کە بابەتەکە هێشتا لە سەرەتادایە و بێگومان پێویستی بە کات هەیە، بەڵام لەم کاتەدا ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکان وڵات بەجێدەهێڵن، کە ئەمەش بێگومان شتێکی باش نییە بۆ کریستیانەکان.
رووداو: تاوەکو ئێستاش بەجێیدەهێڵن؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: بەڵێ بەڵێ.
رووداو: ژمارەی کریستیانەکان لە سووریا و بەتایبەتیش ئۆرتۆدۆکسەکان چەند ماوە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: بە بۆچوونی من ژمارەیان لە 500 هەزار کریستیان لە سووریا تێناپەڕێت، لە کاتێکدا بۆ نموونە پێش 10 ساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار کەس بوون، زۆربەی کریستیانەکانی سووریاش بێگومان ئۆرتۆدۆکسن، سریانی و رۆم و ئەرمەنییە ئۆرتۆدۆکسەکان، هەروەها هەندێک کەنیسەی کاسۆلیکی و هەندێک کەنیسەی پرۆتستانتیش هەن.
رووداو: بوونیان، واتە لە کوێ وەکو زۆرینە دەژین، بۆ نموونە لە چ شارێکدا؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: بە هەموو سووریادا، بە هەموو جوگرافیای سووریادا دابەشبوون، بێگومان لە دیمەشقی پایتەخت و دەوروبەری پایتەخت رێژەیەکی گەورەیان هەیە، لە پارێزگاکانی حومس و حەلەب و جزیرەی سووریا، قامشلۆ، حەسەکە، باکووری رۆژهەڵات، لە لازقیە و تەرتووس، لە هەموو ئەو ناوچە بەرهەمدارانەدا هەن، چونکە هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆیانن.
رووداو: رای ئێوە لەسەر دەستووری نوێ چییە؟ واتە کورد و درووز و عەلەوییەکان دەستوورە نوێیەکەیان رەتکردووەتەوە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: لە راستیدا تاوەکو ئێستا دەستوورێکی نوێمان نییە، راگەیێندراوێکی دەستووری هەیە کە خاڵە سەرەکییەکانی تێدایە کە رەنگە لە دەستوورە نوێیەکەدا بن، بە شێوەیەکی گشتی ئەم دەستوورە خواستی گەلی سووریا بە گشتی ناهێنێتەدی، بەتایبەتی لە رووی ئەوەی کە بۆ نموونە فیقهی ئیسلامی وەکو تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە سووریا داناوە، ئێمە بێگومان دەزانین و رێز لەوە دەگرین کە سووریا وڵاتێکی موسڵمانە و زۆرینەی رەهای گەلی سووریا موسڵمانن، بەڵام هاووڵاتیی سووری دەبێت مافی تەواوی هەبێت، جا موسڵمان بێت یان کریستیان یان تەنانەت بێدینیش بێت، ئەم دەستوورە دەبێت زیاتر لەسەر بنەما مەدەنییەکان بنیات بنرێت و ئەمەش ئەو شتەیە کە لەم راگەیێندراوە دەستوورییەدا بەدیناکرێت و هیوادارین لە داهاتوودا هەموار بکرێتەوە.
رووداو: واتە ئەمە تاکە خاڵە کە تێبینیتان لەسەری هەبێت؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: نەخێر بێگومان خاڵی دیکەش هەن، بەڵام من وەکو پیاوێکی ئایینی و سەرۆکی کەنیسەیەک سیاسەت ناکەم، بەڵام بێگومان هەندێک لە سیاسییەکان رەخنە لە نەبوونی دیموکراسییەک دەگرن کە نوێنەرایەتیی گەل بکات، واتە لە راگەیێندراوەکەی ئێستادا دەسەڵاتێکی زۆر بە سەرۆک سپێردراوە و ئەم بابەتانە سیاسییەکان دەیورووژێنن، بێگومان بۆ ئێمە گرنگە هەمووان لە هەموو شتێکدا یەکسان بن، لە ماف و ئەرکەکاندا، هەست بکەن کە رۆڵیان هەیە لە بنیاتنانی سووریای نوێدا کە بۆ هەموومان گرنگە.
رووداو: بێگومان سووریای نوێ و داهاتووی سووریا، ئایا ئێوە دڵنیان لەبارەیانەوە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: من گەشبینم بەڵام بەوریاییەوە، بەوریاییەوە واتە گەشبینییەکی بەوریاییم هەیە، چونکە دۆخەکە هێشتا ناجێگیرە، دیدگاکە روون نییە و زۆر شت بەستراوەتەوە بە یارمەتیی وڵاتانی دراوسێ و هەندێک لەو وڵاتانەی کە بڕیار بەدەستن، یارمەتیی گەلی سووریا بۆ هەستانەوە لەم دۆخە بەرەو داهاتوویەکی باشتر، بەڵام یارمەتییەک کە هیوادارین لەسەر حیسابی سوورییەکان نەبێت، ئەمەش ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا، دەستوەردانەکان ئەگەر لە بەرژەوەندیی گەلی سووریادا بن، بێگومان پێشوازییان لێدەکەین و هیوایان بۆ دەخوازین، بەڵام ئەگەر لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەو وڵاتانە بێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گەلی سووریا، ئەوە شتێکە کە ناتوانین قبووڵی بکەین.
رووداو: لە سوەیدا پێکدادان هەبوو و پێکدادانی نوێش لە حەلەب لە ناوچە یان گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب روویاندا، ئایا هیچ نیگەرانییەکتان هەیە لەوەی مامەڵەی کریستیانەکان وەکو درووز و کوردەکان بکرێت لە سووریا؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: ئێمە بێگومان دژی بەکارهێنانی تووندوتیژین لەلایەن هەر کەسێکەوە و دژی هەر کەسێک بێت، هەموو سوورییەکانیش خوێنیان لای ئێمە پیرۆزە و نامانەوێت هیچ حاڵەتێکی تووندوتیژی لە هیچ شوێنێک ببینین، بەڵام ئێمە وەکو کریستیان خەڵکی ئاشتەواین و ئاشتیمان خۆشدەوێت و هەمیشە داوای ئاشتی دەکەین، حەزرەتی مەسیح وەسیەتی بۆ کردووین و پێی فەرمووین: "خۆزگە بەوانەی ئاشتیخوازن، چونکە ئەوان بە کوڕانی خودا ناودەبرێن"، بۆیە چەکدار نین، نوێنەرایەتیی مەترسی بین بۆ هیچ لایەنێک، دەمانەوێت هاوکاریی دەسەڵاتدارانی وڵات بکەین و ئەمەش ئەرکی ئێمەیە وەکو کرستیان، بۆیە پێموانییە و گومان ناکەم هیچ ئەگەرێک هەبێت کە کرستیانەکان رووبەڕووی هیچ جۆرە دەستدرێژییەک ببنەوە، سەبارەت بەوەی لە کەناراوەکانی سووریا یان لە سوەیدا لە باشوور روویدا، هەروەها ئەوەی ئەم رۆژانە لە ناوچە و گەڕەکەکانی حەلەب و تەنانەت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە جزیرەی سووریا روودەدات، بێگومان ئێمە هیوادارین و نوێژ دەکەین کە ئەم کێشانە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، دەمانەوێت هەموو سوورییەک مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، جا چ مافی ئایینی بێت یان نەتەوەیی و ئیتنی لە رووی زمان و شارستانییەت و کولتوورەوە، بێگومان پێویستە خاوەنی هەموو ناسنامەیەکی کولتووری لە چوارچێوەی ناسنامەی یەکگرتووی سووریادا ئەم مافانەی هەبێت، بۆ ئێمە گرنگە سووریا وڵاتێکی یەکگرتوو بێت، بەڵام لەم وڵاتەدا پێویستە رێز لە هەموو پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان بگیرێت و ئەم تایبەتمەندییەی هەر پێکهاتەیەک وەکو دەوڵەمەندییەک بۆ سووریا سەیر بکرێت، نەک هەڕەشە.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ کورد لە رۆژئاوای کوردستان یان لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە سووریا چۆنە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: کۆبوونەوەیەکی گەورەی سریان لە شارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، کە کۆبوونەوەیەکی دێرینە، سریان و کورد بە درێژایی سەدەکان بە خۆشەویستی و برایەتی پێکەوە ژیاون، سەرەڕای هەندێک ناخۆشی کە لە مێژوودا روویانداوە، بەڵام ئەمڕۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن هەیە، بەڵام هەندێک کێشە لە بابەتی قوتابخانەکاندا هەن، کە بێگومان ئێستا کاریگەریی لەسەر ئێمە داناوە، قوتابخانەکانمان، کە سەر بە کەنیسەکانن، داخراون، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان رەتیدەکەنەوە ئەو پرۆگرامە پەیڕەو بکەن کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەرهەمی هێناوە، بۆ ئێمە گرنگە کە وەکو یەک دەوڵەت و یەک وڵات، پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی دیمەشق هەبێت، چونکە ئەو قوتابییانەی قۆناخی ئامادەیی و دواناوەندی تەواو دەکەن، دەچنە زانکۆکانی سووریا، بۆیە ئەمە بابەتێکی هەستیارە بۆ ئێمە و لە ساڵانی رابردوودا بووەتە هۆی کێشە، لە سەرەتای هەموو ساڵێکی خوێندندا کێشەیەک لەم بارەیەوە هەیە، ئەم ساڵ کێشەکە پەرەیسەند و بووە هۆی داخستنی قوتابخانەکان، هیوادارین ئەم بابەتە بە زوویی چارەسەر بکرێت.
رووداو: واتە ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر کرا؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: هێشتا چارەسەر نەکراوە.
رووداو: قوتابخانەکان داخران و قوتابییان...
ئیغناتیۆس ئەفرام: لە ماڵەوە دانیشتوون.
رووداو: ناخوێنن؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: ئێستا نەخێر.
رووداو: ناچن بۆ قوتابخانە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: نەخێر.
رووداو: قوتابخانە لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نییە، ئایا لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەرنەکراون؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: نەخێر دەرنەکراون، بەڵام ئەو قوتابخانانەی سەر بە کەنیسەن و کەنیسە بەڕێوەیان دەبات، ئێستا داخراون، داخراون، چونکە ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هاتوون و ئەو قوتابخانانەیان داخستووە، لەبەرئەوەی قوتابخانەکان رەتیانکردووەتەوە داواکارییەکەیان بۆ پەسەندکردنی پرۆگرامی خوێندن جێبەجێ بکەن.
رووداو: وەکو کەنیسە، قسەتان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردووە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: بێگومان، مەترانییەتەکەمان لە حەسەکە لە گفتوگۆی راستەوخۆ و پەیوەندیدایە لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەبارەت بەم بابەتە، تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
رووداو: بەڕێزتان، بە شێوەیەکی کەسی، پەیوەندیتان لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد هەیە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: لە راستیدا نەخێر.
رووداو: واتە بەڕێز مەزڵووم عەبدیتان نەبینیوە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: نەخێر، لە راستیدا نا.
رووداو: نیازی ئەوەتان هەیە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: من زیاتر لە پێنج ساڵە سەردانی ناوچەی جزیرەم نەکردووە، بە پەرۆشم بۆ ئەوەی بڕۆم و سەردانی بکەم، بەڵام هەندێک هۆکاری ئایینی هەن، واتە چاوەڕێی تەواوبوونی هەندێک پڕۆژەین بۆ ئەوەی بچین بیکەینەوە و سەردانێکی گشتگیر و تەواو ئەنجام بدەین، بەڵام من پێشوازی لە دیداری هەموو کەسێک دەکەم و بێگومان جەنەراڵ عەبدی ناناسم، بەڵام دڵنیام چاومان پێی دەکەوێت و یەکتر دەناسین، بۆ ئێمە گرنگە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی نیشتمانیی سووریادا.
رووداو: بەڵام پێش چاوپێکەوتنەکە تێبینیم کرد و هەستم کرد پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ کورد هەیە، چونکە بە کورمانجی قسەتان کرد.
ئیغناتیۆس ئەفرام: من لە قامشلۆ لەدایکبووم و لەوێ پەروەردە بووم، پێش ئەوەی بچم بۆ خوێندنی ئایینی، بۆیە هاوڕێی کوردم هەبوون، ئەوان کەمێک بە سریانی قسەیان دەکرد و منیش کەمێک بە کوردی قسەم دەکرد، ئاسایی بوو.
رووداو: واتە مابووەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا بە زمانی کوردی قسە بکەم.
ئیغناتیۆس ئەفرام: هیوادارم، بەلای منەوە هەموو زمانێک دەستکەوت و دەوڵەمەندییە بۆ مرۆڤ و هیوادارم فێری ببم، بەڵام بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە منداڵیم لە قامشلۆ بووە، بۆیە لەنێوان خۆمان و هاوڕێ کوردەکانمان لە قوتابخانە ئاسایی بوو، ئەوان بە سریانی قسەیان دەکرد و ئێمەش بە کوردی قسەمان دەکرد.
رووداو: شتێکی جوانە.
ئیغناتیۆس ئەفرام: بێگومان.
رووداو: پەیوەندیی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی سریانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان چۆنە؟
ئیغناتیۆس ئەفرام: کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی سریانی یەک کەنیسەیە و پاتریارک سەرۆکی کەنیسەیە لە هەموو جیهاندا.
رووداو: باشە، مەبەستم لە هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئۆرتۆدۆکس و سریانییەکان.
ئیغناتیۆس ئەفرام: بێگومان کەنیسەی سریانی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەپەڕشییەی موسڵ و هەرێمی کوردستان و کەرکووکە، یەکێکە لە ئەپەڕشییە هەرە گرنگەکانی کەنیسەی سریانی، قەداسەتی میتران مار نیکۆدیمۆس داوود، کە میترانی ئەپەڕشییەکەیە، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ پاتریارکییەت هەیە، من خۆم چەندین جار سەردانی ئەم هەرێمەم کردووە، لە پلەی یەکەمدا بەهۆی ئەو ئاوارەییەی کە بەهۆی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی داعش لە موسڵ و دەشتی نەینەوا روویاندا، زۆربەی ئەندامانی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی سریانی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، من چەندین جار سەردانم کردوون و بێگومان لە هەموو جارێکدا زیاتر پێزانینمان بۆ ئەو ماندووبوون و خزمەتگوزارییانە هەیە کە حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتییەکەیەوە پێشکەشی دەکات، چ سەرۆک مەسعود بارزانی، چ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی یان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کە هەمیشە خۆشمان دەوێن و نوێژیان بۆ دەکەین، بەڕاستی هەمیشە هەستمان پێکردوون کە بایەخێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەندامانی کەنیسەکە، بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارە بوون، ئێمە رێز لەمە دەگرین و دەبینین ئەندامانی کەنیسەکە لێرە ئاسوودەن، بۆیە پەیوەندیی من پەیوەندیی باوک و کوڕە لەگەڵ ئەوانەی لێرەن.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس، شەرەفمەند بووم بە دیدارتان و جارێکی دیکە بەخێربێن بۆ تۆڕی میدیایی رووداو و هەروەها بۆ هەولێر.
ئیغناتیۆس ئەفرام: زۆر سوپاس بۆ چاوپێکەوتنەکە.
رووداو: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ