شایەتحاڵێک باس لە ساتی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی لە رەققە دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
لە راستەوە، جوان محەممەد شایەتحاڵی رووداوەکە و دلبخوین دارا، پێشکێشکاری رووداو
لە راستەوە، جوان محەممەد شایەتحاڵی رووداوەکە و دلبخوین دارا، پێشکێشکاری رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی زیاتر لە سێ مانگە لە سووریا دەستگیرکراوە، شایەتحالێک لە بوڵتەنی رۆژئاوای کوردستان باسی ساتی دەستگیرکردنەکەی دەکات و دەڵێت بەپێی زانیارییەکانیان لە زیندانێکی حەلەبە.
 
ئیڤا ماریا میشێلمان، لە رەققە لە 18ی کانوونی دووەمی 2026 دەستگیر کرا، جوان محەمەد، شایەتحاڵی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانە ئەڵمانییەکە بۆ رووداو باسی وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی ناوبراوی کرد. بەگوێرەی قسەکانی جوان محەمەد، ئیڤا ماریا و هاوڕێکەی ئەحمەد پۆڵات لە 18ی کانوونی دووەمی 2026 لە رەققە ببوونە میوانی ئەوان. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو کاتەدا شەڕ لە دەوروبەری رەققە هەبوو، بەڵام لە ناوەندی شارەکەدا نەبوو.
 
جوان محەمەد باسی لەوە کرد کە پاشنیوەڕۆ، هێزە عەرەبەکان دەوریان گرتن و داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێکردن. گوتیشی کە شەڕێکی سەخت دروستبوو و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. لەو کاتەدا، ئیڤا ماریا و ئەحمەد پۆڵات دیمەنیان تۆمار دەکرد و شەڕیان نەدەکرد، هەرچەندە ئیڤا ماریا رەخت و چەکی پێبوو.
 
رۆژی دواتر، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا هاتن و داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێکردن. جوان محەمەد رایگەیاند کاتێک هێزە ئەمنییەکان چوونە ناوەوە، یەکەم جار ئیڤا ماریایان بینی و دەستگیریان کرد. گوتیشی کە ئەو بە زۆر نا، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاسایی دەستگیرکرا.
 
جوان محەمەد هەروەها گوتی کە ئیڤا ماریا بە عەرەبی قسەی دەکرد و مۆبایلی پێ نەبوو. گوتیشی نازانن بۆ کوێیان بردووە، بەڵام هەندێک زانیاری هەن کە لە حەلەب لە زینداندایە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: دەمەوێت بزانم چۆن ئەوت بینی و لەوێ چیتان دەکرد؟
 
جوان محەمەد:  وەک بینیت کاتێک هێرش کرایە سەر شێخ مەقسوود، دێرەزوور و رەققە، هەموو شت تێکەڵ ببوو. گوتیان گەنجانی کورد بانگەوازی سەفەربەری دەکەن. ئێمەش چووین و چەکمان هەڵگرت. چووینە ناوچەی رەققە.
 
رووداو: لەو کاتەدا لە رەققە شەڕ هەبوو؟
 
جوان محەمەد: بەڵێ، شەڕ هەبوو. ئێمە لە 17ی مانگ چووین، 17ی کانوونی دووەمی 2026. چوین و لەوێ ماینەوە. لە دەوروبەری رەققە هیچی وا نەبوو.
 
رووداو: چوونە کوێ؟
 
جوان محەمەد: چووینە شوێنی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە رەققە.
 
رووداو: کاتێک چوون، خەڵکی لێبوو؟
 
جوان محەمەد:  نزیکەی 200 هەڤاڵی لێبوو، هەموویان گەنجی کورد بوون. چوینە ئەوێ و ماینەوە. هیچ هێرشێک لەسەر رەققە نەبوو، شەڕ لە دەوروبەری مەنسوورە و تەبقە بوو، بەڵام هێرش نەکرابووە سەر رەققە. ئێمە تا رۆژی 18ی مانگ لەوێ ماینەوە. زۆر گەنج رۆیشتن و هەندێکمان ماینەوە.
 
رووداو: لە 18ی مانگدا، کاتژمێر چەند بوو؟
 
جوان محەمەد:  کاتژمێر 10ی بەیانی. 18ی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 10ی بەیانی. ئەم رۆژنامەڤانە ئەڵمانییە و ئەو کوردەی تورکیا، باوکی... ئەمانە ببوونە میوانمان. 
 
رووداو: هەردووکیان پێکەوە هاتن؟
 
جوان محەمەد: هەردووکیان پێکەوە هاتن. ناوی ئەحمەد پۆڵات بوو، ئەویشی لەگەڵ بوو. دوو کەس بوون و بوونە میوانمان. هاتنە ئەو شوێنەی لێی دەماینەوە لە رەققە، لە شەقامی سەیف ئەلدەولە، مەڵبەندەکە لەوێ بوو.
 
رووداو: باشە، ئەو هات چی کرد؟ تەنیا دانیشت یان کارێکی دیکەی کرد؟
 
جوان محەمەد:  بەڕاستی کاتێک هات وەک میوانێک بوو. کاتژمێر 12 یان 12:30ی نیوەڕۆ، هەموو عەرەبەکان دەوریان گرتین. گوتیان خۆتان رادەست بکەن. ئێمە کەوتینە شەڕێکی سەختەوە، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە تا 3ی شەو بەرگریمان کرد. ئەوانیش لە ناوەوە بوون. ئەو لە تەنیشت من بوو. ئەحمەد پۆڵات تەنیا وێنەی دەگرت، کامێرای پێبوو. ئەو کچە ئەڵمانییەش وێنەی دەگرت. لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە تا 3ی شەو لە تەنیشتم بوو. 
 
رووداو: ئایا شەڕی دەکرد؟ 
 
جوان محەمەد:  نا، شەڕی زۆری نەدەکرد، بەڵام رەخت و چەکی پێبوو.
 
رووداو: کاتێک بە کوردی قسەی دەکرد، کوردییەکەی چۆن بوو؟
 
جوان محەمەد:  بەڵێ، ئاستی کوردییەکەی زۆر باش بوو. لەو کاتەدا 15-16 خێزانی عەفرینیش هاتنە لامان بۆ ئەوەی بچنە حەسەکە. ئێمە گەمارۆ درابووین و کەس نەیدەتوانی دەربچێت. لە 18ی مانگدا، لە رۆژی دووەم، ئاسایشی گشتیی حکومەتی نوێی سووریا هاتنە لامان و گوتیان نامانەوێت هیچ روو بدات، خۆتان رادەست بکەن.
 
رووداو: واتە هۆزە عەرەبەکان هێرشیان کردبووە سەرتان و دواتر هێزە ئەمنییەکان هاتن و داوای خۆبەدەستەوەدانیان کرد؟
 
جوان محەمەد: بەڵێ، گوتیان ئێمە هاتووین بۆ پاراستنی ئێوە و دەتانباتە دەرەوە. هاتنە ناو مەڵبەندەکە. ئیڤا و ئەحمەدیش لەوێ بوون. کاتێک ئەمن ئەلعام هاتنە ژوورەوە، یەکەم کەس ئەو کچە ئەڵمانییەیان بینی. جگە لەو هیچ کچێکی دیکە یان کەسێکی بیانی لێ نەبوو. دەستگیریان کرد و جیایان کردەوە. دواتر بە ئێمەیان گوت کێ سەربازە و کێ مەدەنییە؟ با لەیەک جیا ببنەوە. نزیکەی 16 خێزانەکەی عەفرین و ئێمە چووینە خوارەوە. من خۆم وەک مەدەنی ناساند و لەگەڵ مەدەنییەکان وەستام. هەموو سەربازەکانیان گرت و بردیانن بۆ زیندانی ئەحداث. بە ئێمەشیان گوت بۆ کوێ دەچن؟ گوتمان دەچینە حەسەکە. گوتیان بە ئۆتۆمبێلی خۆمان دەتانبەین، بەڵام مەچنە حەسەکە، بچنە حەلەب.
 
رووداو: رێگاکە داخرابوو؟
 
جوان محەمەد:  گوتیان ئێمە بە ئۆتۆمبێلی خۆمان دەتانبەین.
 
رووداو: باشە، کاتێک ئیڤایان برد، بە ئاسانی بردیان یان بە زۆر رایان کێشا؟ چۆن بوو؟
 
جوان محەمەد: نە بە ئاسانی بوو، نە بە زۆریش. وەک ئەوەی کەسێک دەستگیر بکەیت و گفتوگۆی لەگەڵ بکەیت، کەمێک بەو شێوەیە بوو.
 
رووداو: بە چ زمانێک قسەیان دەکرد؟
 
جوان محەمەد: وەڵا ئەو بە عەرەبی قسەی دەکرد.
 
رووداو: ئیڤا عەرەبی دەزانی؟
 
جوان محەممەد: بەڵێ.
 
رووداو:  فەرماندەی ئاسایشی گشتی کە کەسێکی ناسراو بوو لەوێ، هاتە لای ئێوە، کێ بوو؟
 
جوان محەمەد: وەڵا عەبدولعەزیز ئەلغەنی بوو (محەمەد عەبدولغەنی). ئەو حەلەبییە و بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی حەلەبە، کەسێکی ناسراوە. ئەو هاتبوو، ئەو فەرماندەیە بوو کە ئیڤا و ئەحمەدی دەستگیر کرد. دواتر نەمانزانی بۆ کوێیان بردن، بەڵام بەپێی ئەوەی پرسیمان و بەدوایدا چووین، دەڵێن لە حەلەب لە زینداندایە.
 
رووداو: باشە، ئیڤا لەو ماوەیەدا کە رۆژێک لەلاتان بوو، پەیوەندی بە ماڵەوە نەکرد؟ مۆبایلی پێ نەبوو؟
 
جوان محەمەد:  بەڕاستی مۆبایلی پێ نەبوو. تەنیا رەخت و چەکی پێبوو.
 
رووداو: کاتێک هات نەیگوت من کێم؟ خۆی نەناساند؟
 
جوان محەمەد: نا، من یەکەم جار بوو دەمبینی. کاتێک ئاسایشی گشتی هاتن، ئەو چوو بوو چاوەڕێی دەکردن و پێی گوتن مەیەنە سەرەوە، ئێمە دێینە خوارەوە. ماڵەکە سێ نهۆم بوو. ئەو کچە ئەڵمانییە لە بەر دەرگاکە وەستا و گوتی مەیەنە سەرەوە، مەدەنی لێرەیە. کاتێک بینییان نە کوردی و نە عەرەبی بە باشی نازانێت، گرتیان و بردیان.
 
رووداو: چ جۆرە جلێکی لەبەردابوو؟
 
جوان محەمەد: جلی مەدەنی بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە