هەڤپەیڤین: نەوزاد مەحموود
ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەوروپی و ئەمریكی، سەرقاڵی ئەوەن كە رۆژی 16ی ئادار (رۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە) بكەنە رۆژێكی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی. جگە لەوەش پەرلەمانی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا زوو زوو پرسی بەجینۆسایدناسینی ئەنفالی گەلی كورد دەورووژێنن.
ئارام ئەحمەد، وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) لەبارەی ئەو هەوڵانەوە دەڵێت "كاریگەری ئەوان بە پاڵپشتی سیاسی دەستپێدەكات و دواتر ئەنجام و ئاكامە گەورەكانی دەردەكەون". بۆ یەكەمجاریش ئاشكرای دەكات كە لیستێكیان لەبەردەستە لەبارەی ناوی ئەو كۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریكیانەیان چەكی قەدەغەكراویان بە رژێمی پێشووی عێراق فرۆشتووە و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە لیستەكە.
بەریتانیا لە هەمووان زیاتر كار لەسەرجینۆسایدی كورد دەكات
رووداو: ئێوە لەو دواییە بەشداری چەند كۆنفرانسێكتان كرد لە ئەوروپا كە تایبەت بوون بە پرسی ناسینی ئەنفالی گەلی كورد وەكو جینۆساید، ئەو كۆنفرانسانە ئەنجامەكەی دەستكەوتێكی هەبوو؟
ئارام ئەحمەد: هەر بەستنی ئەو كۆنفرانسانە لەسەر كورد لە ئەوروپا بۆ خۆی پێشكەوتنێك و بەرەوپێشچوونێكە لە پرسی ناسینی جینۆسایدی كورد لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا، لانیكەم هەر نەبێ ئامادەیی هەر وڵاتێكی رۆژئاوا پێشان دەدات بۆ قسەكردن و خستنەڕووی ئەو كوشتارەی لە دژی گەلی كورد كراوە. راستە لەوانەیە هەندێكجار ئەنجامی كۆنفرانسەكان وادەرنەكەون كە شتێكی تایبەتی دیاربێ، بەڵام لەڕووی پشتیوانی مەعنەوی و سیاسییەوە كەم نییە.
كۆنفرانسی ئەمجارە لە پەرلەمانی ئەوروپا بوو، پێشتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ سەردانی كردن و داوای لێكردن بایەخ بە پرسی كورد و جینۆسایدی كورد و هەڵەبجە و ئەنفال بدەن، بۆیە ئەوە وایكرد گڕوتینێكی باش بدرێ بەو كارە. ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پەرلەمانی ئەوروپا كرد و ئەوان بەڵێنیان دا كاری باش بكەن. بەڕاستی پەرلەمانی ئەوروپا زۆر گرنگە بۆ ئێمە، چونكە نوێنەرایەتی 28 دەوڵەتی ئەوروپی دەكات و قورسایی زۆری هەیە لەسەر سیاسەتی ئەوروپا.
رووداو: ئەوان بەڵێنی چییان بە ئێوە دا؟
ئارام ئەحمەد: ئەوان بەڵێنی ئەوەیان بە ئێمە دا كە لەمەودوا بەگەرمی كار بۆ پرسی جینۆسایدی كورد بكەن. ئەوە هەنگاوێكە و دواتر لەسەر ئاستی دەوڵەتانیش لەگەڵ نوێنەری چەند دەوڵەتێك قسەمان كرد و بەڕاشكاوی پێمانگوتن كە دەمانەوێ كاریگەری و قورسایی خۆیان لەنێو یەكێتی ئەوروپا بەكاربهێنن. هەروەها داوامانكرد گرووپێكی دۆستایەتی لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و كورد دروستبكرێ بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی جینۆساید. من كاتێك گفتوگۆم لەگەڵ دەكردن یان كە گفتوگۆكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان بینی لەگەڵ ئەو گەورە بەرپرسانە، هەستمان بە جددیەتی زۆر كرد لەلایەن ئەوانەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی كورد لە نێو پەرلەمانی ئەوروپا زۆرتر بكەن.
لیستێك لە ناوی ئەو كۆمپانیایانەمان لەبەردەستە كە چەكیان بە حكومەتی پێشووی عێراق فرۆشتووە
رووداو: ئەگەر كاریگەریی خۆیان بەكاربهێنن، بۆ نموونە چی دەكەن بۆ كورد؟
ئارام ئەحمەد: ئێمە پاڵپشتییەكی سیاسیمان دەوێ، ئەگەر ئێمە باسی چەند ساڵێك پێش ئێستا بكەین، ئەگەر لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای پاڵپشتی و پشتگیری كوردمان بكردایە، وەڵامیان نەدەدایەوە و باسیشیان نەدەكرد، بەڵام ئێستا تۆ دەبینی ئەوان كۆنفرانسی تایبەت بە پرسی جینۆسایدی كورد دەبەستن. كاریگەری ئەوان بە پاڵپشتی سیاسی دەستپێدەكات و دواتر ئەنجام و ئاكامە گەورەكانی دەردەكەون. چاوەڕێ دەكەین یەكێتی ئەوروپا رۆڵی هەبێ لە فشارخستنە سەر حكومەتی بەغدا بۆ ئەوەی قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید بكاتەوە.
مەسەلەی ناساندنی پرسی جینۆساید هەوڵێكە بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و پێشاندانی ئارەزووی نێودەوڵەتییە زیاتر بۆ بە هاناوە چوونی ئەو گرووپ و كەمپینانەی كار بۆ قەدەخەكردنی ئەو جۆرە چەكانە دەكەن لە وڵاتانی دونیا. لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانی ئەوروپا دەتوانێ كاربكات بۆ قەرەبووكردنەوەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید.
رووداو: بۆ مەسەلەی قەرەبوو كردنەوە، یەكێتی ئەوروپا فشار لە حكومەتی بەغدا دەكات یان بۆ خۆیشی قەرەبوو دەدات؟
ئارام ئەحمەد: بە هەردوو بارەكەدا كاریگەریی دەبێ، بەڵێ فشار لەسەر حكومەتی بەغدا دروستدەكات بۆ قەرەبووكردنەوە. هەروەها ئەو دەوڵەتانەش ناچار دەكات كە چەكیان بە حكومەتی پێشووی عێراق فرۆشتووە. لەرێگەی دادگای باڵای تاوانەكان. چونكە ئەوە یەكێك لە بەندەكانی رێككەوتننامەی رۆما. ئەوە دەرگایەكە و كاری لەسەر دەكرێ، بەڵام زیاتر لە رێگەی حكومەتی بەغداوە دەبێ.
رووداو: بەجینۆسایدناسینی تاوانەكانی هەڵەبجە و ئەنفال لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە، تاوەكو چەند كاریگەریی دەبێ بۆ ئەوەی پشتگیری لە دەوڵەتی كوردی بكەن؟
هیوامان هەیە یەكێتی ئەوروپا فشار لە حكومەتی بەغدا بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان
ئارام ئەحمەد: پرسی مافی بڕیاردانی چارەنووس یان سەربەخۆیی یان هەر پرۆژەیەكی لەم جۆرە كارێكی سیاسییە و زیاتر پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغداوە هەیە، پەیوەندی بە وڵاتانی ناوچەكەوە هەیە، بەڵام كاتێك ئێمە لەرێگای جینۆسایدەوە دەبینە خاوەنی پشتگیرییەكی نێودەوڵەتی و ئەوروپی، ئەو كار و پرۆژانەی كورد ئاسانتر دەچنە پێشەوە. پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ خۆی هاندەرێك دەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.
رووداو: قوربانییەكانی كورد و كەسوكارەكانیان ماندوو و بێزارن لە چاوەڕوانیی قەرەبوو كردنەوە، خەڵك دەیانەوێ بزانن ئەو كۆنفرانسانە لەڕووی كردارییەوە و بەرهەمی نزیك مەودایان دەبێ؟
ئارام ئەحمەد: بەڵێ پێشتر گوتم ، ئێمە لەسەرەتاوە نەماندەتوانی باسی جینۆسایدیش بكەین، قۆناغ بە قۆناغ لەرێگەی ئەو كۆنفرانس و جموجوڵانەوە گەیشتووینەتە قۆناغێكی باشتر، بێگومان ئێمەش چاومان لەوەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرهەمی هەبێ.
رووداو: جولەكەكان زۆر بەباشی توانییان هۆڵۆكۆست بەكاربێنن، تەنانەت دەوڵەتی جولەكەش هەر بەرهەمی هۆڵۆكۆستە، ئێوە هەوڵتان داوە لە نزیكەوە گوێ لە شارەزایانی ئەوان بگرن تاوەكو بزانن چۆن ئەو پرسەیان بەرەوپێش برد؟
ئارام ئەحمەد: جینۆساید بۆخۆی دەبێتە ناسنامەیەكی نەتەوایەتی هەرە بەهێز، ئێمەش لای خۆمانەوە هەر لەسەرەتاوە بە وردی لەڕێگای خەڵكانی پسپۆڕەوە دیراسەی ئەوەمان كردووە. ئێستا هۆڵۆكۆست لەپاڵ بنەما نەتەوەییەكانی دیكە بووەتە ناسنامەی جولەكە و كە سەیری بیرەوەرییەكانیان دەكەیت، تێدەگەیت بۆ ئێمەش بەهەمانشێوەیە، بەڵام دەبێ ئێمەش لەنێوخۆماندا بۆ بابەتی جینۆساید یەكڕیز و تەبا و بەهێز بین. بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین وەك ئەوان.
رووداو: من مەبەستم ئەوەبوو ئەوان لە بەكارهێنانی هۆلۆكۆستدا ئەزموونیان زۆرە، پێشنیاز و سەرنجی خۆیان بە ئێوە نەداوە لەو بارەوە بۆ ئەوەی چۆن جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە بەكاربهێنن؟
هەواڵمان بۆ هاتووە هەندێك لەوانەی بەناوی ئەنفالكردنەوە براون زیندوون
ئارام ئەحمەد: ئێمە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو نەتەوانە، خۆمان بەرنامەی خۆمان داناوە و لەو چەند ساڵەی رابردوو كە بەردەوام سەرقاڵی كۆنفرانس و سەردانی وڵاتان و دەرەوە بووین، سوودمان لە ئەزموونی ئەو میللەتانە وەرگرتووە.
رووداو: ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا چ وڵاتێك زیاتر لە هەموویان بایەخ بە جینۆسایدی كورد دەدات؟
ئارام ئەحمەد: ئەوەندەی تێبینیمان كردووە، بەریتانیا، سوید، هۆڵەندا، نەرویج، فەرەنسا، ئیتاڵیا و پۆلۆنیا بایەخ بە پرسی ئێمە دەدەن، بەڵام بەریتانیا لەهەموویان زۆرتر و زیاتر بایەخ بە جینۆسایدی كورد دەدات و كاریشی لەسەر دەكات. دەبینی بەریتانیا لەڕووی قورسایی سیاسیشەوە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا رۆڵی باشترە لە نێو یەكێتی ئەوروپا. هەروەها گرووپی تایبەتیشی هەیە بۆ كاركردن لەسەر جینۆسایدی گەلی كورد و تارادەیەك حكومەتی بەریتانیش هاتووەتە پێشەوە.
رووداو: وەك بیستوومە ئێوە سەرقاڵن بە خۆئامادەكردن بۆ سكاڵا تۆماركردن لە دژی هەندێك كۆمپانیای دیكەی هاوشێوەی كۆمپانیا هۆڵەندییەكە كە چەكیان فرۆشتووە بە رژێمی پێشووی عێراق؟
ئارام ئەحمەد: ئێمە وەك بەڵگە، بۆ ناساندنی تاوانەكە و سزادانی تاوانباران و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان ئامانجی تەواوی ئێمە ئەوەیە ئەوانە سزا بدرێن كە دەستیان هەبووە، یان بەشێوەیەك لە شێوەكان رۆڵیان هەبووە بۆ ئەوەی ئەو چەكە بگاتە دەستی سوپای پێشووی عێراق. بەشێك لەئامانجی ئەو كۆنفرانسانەی پێشتر باسمانكردن بۆ ئەوەیە. كاری تایبەتمان كردووە لە رێگای یاساناسانەوە، كارمان لەسەر كردووە و كاریشی لەسەر دەكەین.
رووداو: بەڵام من گوتم كۆمپانیای دیاریكراو هەیە بۆ ئەوەی بتانەوێ سكاڵای لەسەر تۆماربكەن؟
ئارام ئەحمەد: لیستێك هەیە لەبەردەستماندا و یاساناسەكانمان خەریكی پێداچوونەوە و تاوتوێكردن و لێكۆڵینەوەن تێیدا و لە پاڵ كۆنفرانسەكانماندا بەوانەشەوە سەرقاڵین و كاری لەسەر دەكەین.
رووداو: لیستی ناوی ئەو كۆمپانیا رۆژئاواییانەی چەكی كۆكوژیان فرۆشتووە بە عێراق؟
پەرلەمانی ئەوروپا بەڵێنی داوە بە گەرمی كار لەسەر جینۆسایدی گەلی كورد بكات
ئارام ئەحمەد: ئەو بابەتە بەڵگە و دۆكۆمێنتی تەواوی دەوێ، تۆ ناتوانی بە بەڵگەی لاوازەوە دادگا لەكەس بگریت، ئێمە وەك حكومەت سەرقاڵی بەدەستهێنانی بەڵگەی بەهێزترین و ئەو كارە وەك گوتم یاساناسەكانمان پێیەوە سەرقاڵن. دەمەوێ ئەوەشت پێبڵێم كە لە ئەڵمانیا و هەندێك رێكخراوی دیكە خەریكی كاركردنن لەسەر ئەو لیستە.
رووداو: مەبەستەكەی من ئەوەیە ، لیستەكە ناوی ئەوانەی تێدایە كە چەكیان فرۆشتووە بەعێراق، تۆ روونت نەكردەوە لیستەكە ناوی كێی تێدایە و چەند ناوە؟
ئارام ئەحمەد: ئەو لیستە تەنیا ناوی ئەو كۆمپانیایانە نییە كە چەكیان فرۆشتووە بە حكومەتی پێشووی عێراق، بەڵكو هەیە تەنیا كەرەستەی كیمیاوی ناردووە بۆ عێراق، ئیدی زانیویەتی ئەوە بۆ مەبەستی چەك و كوشتوبڕی خەڵك بەكارهاتووە یان نا، بەڵام عێراق ئەوانەی كردووە بەچەك و رەنگە كۆمپانیاش هەبێ بڵێ من هەرگیز نەمزانیوە ئەوە بۆ چەكی كیمیاوی دژی مرۆڤ بەكاردێت. بەڵام هەرچۆن بێت، ئەوانە چەكیان بە عێراق فرۆشتووە.
رووداو: ئەگەر هەر كۆمپانیایەك ناچاربكرێ قەرەبووی هەڵەبجە بكاتەوە، پارەكە راستەوخۆ دەدرێ بە هەڵەبجەییەكان؟
ئارام ئەحمەد: ئەو پارەیە راستەوخۆ بۆ كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە دەبێ. مەسەلەی قەرەبووكردنەوە هەروایە. نەك تەنیا هەڵەبجە، ئەو ناوچانەی دیكەش كە سوپای پێشوو وێرانی كردوون كاتێك قەرەبوو دەكرێنەوە هەر بۆ ئەوان خۆیانە.
رووداو: بۆچی دەڵێی گەڕان بەدوای گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەتەواوی زەحمەت بووە؟
ئارام ئەحمەد: هۆكاری زۆرە، بەڵێ ئێستا تیمەكانمان وەك چەند ساڵی رابردوو ناتوانن بگەڕێن بە شوێن گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا. سەددام حوسێن ئەو گۆڕانەی لە قووڵایی بیابان هەڵكەندووە، بیابانیش سروشتێكی وای هەیە كە خۆڵەكەی وەك تۆز وایە و ساڵانە زۆربوونی رەشەبا و خۆڵبارین و ئەو شتانە وادەكات بەتەواوی گۆڕەكان دەشێوێن و دەبن بەژێرەوە و زۆر بەزەحمەتتر دەدۆزرێنەوە.
رووداو: زۆربەیان لەكوێن؟
ئێستا تیمەكانمان وەك چەند ساڵی رابردوو ناتوانن بگەڕێن بە شوێن گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا
ئارام ئەحمەد: زۆربەیان لە خوارووی سەماوەن، لە نزیك سنووری سعودیە. بەڵام وەك گوتم دۆزینەوەی ئەو گۆڕانە بە تەواوی زەحمەت بووە. گۆڕانی كەشوهەوا كارەكەی دژوارتر كردووە.
رووداو: ئێستا تیمەكانتان لەكاركردن وەستاون؟
ئارام ئەحمەد: ئێمە كاردەكەین، تیمی دیكەمان هەیە كە بەیەكەوە كاردەكەن و لە هەر شوێنێك گومانێك هەبێ یان شتێك هەبێ بەپەلە دەگەنە ئەوێ و كاری لەسەر دەكەن.
رووداو: لەو بڕوایەدای هەموو ئەوانەی برانە بیابان بوون بەژێر خۆڵەوە، یان تێیاندایە كەوتوونەتە دەست ماڵە عەرەبە كۆچەرییەكان و تاوەكو ئێستا نەدۆزراونەتەوە؟
ئارام ئەحمەد: زۆربەی بەڵگەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە زۆربەیان لەنێو گۆڕی بە كۆمەڵدان، بەڵام رەنگە تاك و تەرا هەبن كە لەرێگای ئەو جۆرە خێزانانەوە رزگار بووبن، بەڵام لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەر هەواڵێكی وامان بیستبێ بەدواداچوونمان كردووە، راستی ئەوەش زۆر زەحمەتە بیدۆزیتەوە دوای 26 ساڵ. ئێستا هەندێك هەواڵمان لایە كە دەڵێن چەند كەسێك هەن هێشتا ئەنفال نەكراون، ئێمە لێكۆڵینەوەمان بەردەوامە و هێشتا ئەنجامێكمان بەدەستەوە نییە.
رووداو: حكومەتی بەغدا بۆچی كێشەتان بۆ دروستدەكات لە هێنانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان؟
ئارام ئەحمەد: حكومەتی بەغدا بۆ هەڵەبجەش ئاستەنگمان بۆ دروستدەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ