رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکان بۆ گەیشتنی شاندەکانی دانوستاندن بەردەوامن لە ئیسلام ئاباد، سەردار یاسر ئیلیسا خان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی ململانێ ناوچەییەکان لەسەر کەرتی گەشتوگوزاری پاکستان و رۆڵی وڵاتەکەی لە پرۆسەی ئاشتیدا. ئەو دەڵێت، ژیانی ملیۆنان کەس لە جیهان بەهۆی جەنگەکەوە لە مەترسیدایە و پێیوایە ئەوان دەتوانن جیهان رزگار بکەن.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ کاروباری گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی کەرتی فڕۆکەوانی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵاکان. لەگەڵ ئەوەشدا، پاکستان کە زیاتر پشتی بە گەشتیاری نێوخۆیی (نزیکەی 40 - 50 ملیۆن گەشتیار) بەستووە و ساڵانە 2 بۆ 2.5 ملیۆن گەشتیاری بیانی رادەکێشێت، ئێستا وەک نەتەوەیەکی سەقامگیر و ئاشتیخواز سەیر دەکرێت. ئەو پێی وایە، پاکستان بازاڕێکی گەشتیاریی هەرزان و نەدۆزراوەیە و شوێنێکی نایابە بۆ گەشتوگوزاری پزیشکی و ئایینی.
پاکستان وەک ناوەندێکی ئاشتی
سەردار یاسر ئیلیسا خان جەختی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینە جیاوازەکان لە پاکستان کردەوە و گوتی، "زیاتر لە 1000 کەنیسە، 400 پەرستگای هیندۆسەکان و 150 پەرستگای سیخەکانمان هەیە و هەرگیز کێشەی ئایینیمان نەبووە." ئەو هیوای خواست جیهان پاکستان وەک وڵاتێک ببینێت کە هەمیشە بانگەشەی بۆ ئاشتی و تەبایی کردووە.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە میوانداریکردنی دانوستاندنەکانی داهاتوو لە ئیسلام ئاباد، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، پاکستان زۆر گەشبینە بەو رۆڵە و خواستی روونی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، "دیپلۆماسی هونەرە و دەبێت بە نموونە سەرکردایەتی بکەیت، سەرکردەکانی ئێمەش نموونەیەکی باشن." هەروەها باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کرد بۆ هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ دانیشتن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، چونکە ململانێکان ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.
هاوسەنگیی دیپلۆماسی و ستراتیژی "بازرگانی لە رێگەی گەشتکردنەوە"
سەبارەت بە هاوسەنگیکردنی پەیوەندییەکانی پاکستان لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی و وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران، سەردار یاسر سیاسەتی "بازرگانی لە رێگەی گەشتکردنەوە"ی پاکستان خستەڕوو و گوتی، "هیچ کام لەمانە روونادەن ئەگەر ئاشتی لە ناوچەکەدا نەبێت." نیگەرانیی خۆی بۆ هەڵئاوسانی نرخی خۆراک و ئاسایشی خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا و کێشە جیهانییەکانی دیکە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، جیهان ئێستا ئامادە نییە بۆ جەنگ.
رۆڵی پاکستان وەک نێوەنگیر و پەیامی سەرۆکوەزیران
ئەو راوێژکارە پێیوایە پاکستان تێکەڵەیەک لە گۆڕەپانێکی بێلایەن و رۆڵێکی دیپلۆماسیی چالاک دەگێڕێت. روونیشی کردەوە، پاکستان بەهۆی رۆڵی گەورەی لە هاندانی وڵاتان بۆ دانیشتن و چارەسەرکردنی جیاوازییەکانیان، بە شێوەیەکی لۆژیکی وەک شوێنی دانوستاندنەکان هەڵبژێردراوە.
سەبارەت بە پەیامی سەرۆکوەزیران بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەردار یاسر رایگەیاند، سەرۆکوەزیران خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرییە و زۆربەی جیهانیش پاڵپشتی لەم ئامانجە دەکەن. ئاماژەی بە کاردانەوەی بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانی کرد دوای راگەیاندنی ئاگربەست، وەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە ئاشتی هاندەری گەشەی ئابوورییە.
لە کۆتاییدا، راوێژکارەکە لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پایتەختی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد، "ئەمە تەنیا کاریگەریی لەسەر یەک وڵات نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەیەک هەیە و ژیانی ملیۆنان کەس بەهۆی ئەم جەنگەوە لە مەترسیدایە... ئێمە جیهان رزگار دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەردار یاسر ئیلیسا خان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پاکستان:
رووداو: لێرە لە ئیسلام ئاباد هێشتا چاوەڕێی گەیشتنی شاندەکانی دانوستاندن دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک نییە لەسەر کاتی گەیشتنیان. ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز یاسر، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ کاروباری گەشتوگوزار دەکەین. سوپاس بەڕێز سەردار یاسر کە لەگەڵمانیت. با لە پۆستەکەی جەنابتەوە دەستپێبکەین؛ ئەم جەنگەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر گەشتوگوزاری وڵاتەکەتان هەبووە؟ هەروەها ئەم دانوستاندنانەی کە رەنگە بچنە قۆناخی دووەمەوە، چ کاریگەرییەکیان دەبێت؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. پێموایە تەواوی ناوچەکە هەست بە گوشار دەکات. بەتایبەتی لە کەرتی فڕۆکەوانیدا؛ گەشتەکان هەڵوەشێنرانەوە، نرخی کاڵاکان بەرز بوونەوە، نرخی سووتەمەنی بەرز بووەتەوە، بۆیە ئێستا تێچووی گەشتکردن زۆر گرانترە. خۆشبەختانە پاکستان پشتی بە گەشتیاری بیانی نەبەستووە، ئێمە بنکەیەکی گەورەی نێوخۆییمان هەیە کە نزیکەی 40 بۆ 50 ملیۆن گەشتیاری نێوخۆیین. لە رووی نێودەوڵەتییەوە، نزیکەی 2 بۆ 2.5 ملیۆن گەشتیاری بیانی دێنە وڵاتەکەمان. بەڵام پێموایە ئێستا گەشتیاری زیاتر دەرفەتەکان لە پاکستان دەبینن، وەک نەتەوەیەکی سەقامگیر و ئاشتیخواز. لە رابردوودا گەشتیارێکی زۆر روویان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرد و ئێمە پێمان وایە پاکستان بازاڕێکی هەرزانە و هێشتا بە تەواوی نەدۆزراوەتەوە. ئێمە شوێنێکی نایابین بۆ گەشتوگوزاری پزیشکی و ئایینی. ئەمەش یەکێکە لەو ساتانەی کە ئێمە بانگەشە بۆ خۆمان دەکەین و بە جیهانی نیشان دەدەین کە چیمان هەیە و چۆن لە رووی هەمەچەشنی، کەشوهەوا، خەڵک و میواندۆستییەوە هاوشانی وڵاتە گەورەکانین، کە ئێستا خۆت بۆ یەکەمجار لە پاکستان ئەزموونی دەکەیت. وڵاتێکی جوانە و زۆر شتی هەیە پێشکێشی جیهانی بکات.
رووداو: کەواتە پێت وایە ئێستا زۆربەی خەڵکی جیهان سەرنجیان لەسەر وڵاتەکەتانە، وایە؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: بەڕاستی هیوادارم وابێت. هیوادارم خەڵک پاکستان وەک خۆی ببینن؛ وڵاتێک کە هەمیشە باڵیۆزی ئاشتی بووە. ئێمە پێکەوەژیانمان سەلماندووە. هەموو ئایینەکان لە پاکستان هەن. ئێمە لەگەڵ خوشک و برا کریستیان، هیندۆس و سیخەکانمان دەژین. زیاتر لە هەزار کەنیسە، 400 پەرستگای هیندۆسەکان و 150 پەرستگای سیخەکانمان هەیە و هەرگیز کێشەی ئایینیمان نەبووە. ئێمە هەمیشە بانگەشەمان بۆ ئاشتی و تەبایی کردووە. پێموایە لەم کاتەدا جیهان لە کۆتاییدا دەتوانێت ببینێت ئێمە لە راستیدا کێین و چۆن وەک نەتەوەیەک دەژین. ئێمە بە هەمان شێوە لەگەڵ جیهانیش ئاشتییانە دەژین؛ رێز لەوانی دیکە دەگرین و هەموو شتێکمان - هەموو ستراتیژییەکمان - لەسەر بنەمای گەشەی هاوبەش داڕشتووە. پێموایە ئەوە تاکە رێگەیە ئەگەر بمانەوێت جیهان لەگەڵ ئێمە گەشە بکات.
رووداو: بەڕێز یاسر، دەتوانیت پشتڕاستی بکەیتەوە کە ئیسلام ئاباد وەک شوێنی دانوستاندنەکانی داهاتوو دیاری کراوە؟ پێت وایە تیمەکانی ئێران و ئەمریکا ئەمڕۆ دەگەنە ئیسلام ئاباد؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: ئێمە زۆر گەشبینین. لە کۆتاییدا ئەوە ئامانجەکەیە و خواستی ئێمەش زۆر روونە. ئێمە بە دیدگایەکی روونەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی ببینە هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکە. دەزانیت دیپلۆماسی هونەرە و دەبێت بە نموونە سەرکردایەتی بکەیت، سەرکردەکانی ئێمەش نموونەیەکی باشن. سەرۆکوەزیران و مارشاڵەکەمان گەشتیان کردووە، چەندین کۆنفرانسیان رێکخستووە و شەو و رۆژ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئاشتی باشترین چارەسەر و باشترین بڕیارە. پێموایە ململانێ لەم قۆناخەدا تەنیا کاریگەریی لەسەر ئێران و ئەمریکا نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە. ئێمە لێرە باس لە رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس دەکەین، نەک ژیانی یەک کەس، ژیانی ملیۆنان کەس. ئەگەر ئەم ململانێیە چارەسەر نەکرێت، تەواوی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە.
رووداو: باشە، حکومەت چۆن هاوسەنگی رادەگرێت لە نێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی و وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: سەیرکە، ئێمە هەمیشە بانگەشەمان بۆ سیاسەتی "بازرگانی لە رێگەی گەشتکردنەوە" کردووە. هیچ کام لەمانەش روونادەن ئەگەر ئاشتی لە ناوچەکەدا نەبێت. ئێستا تەواوی جیهان زیاتر نیگەرانی هەڵئاوسانی نرخی خۆراک و ئاسایشی خۆراکە. ئێمە نیگەرانی نەخۆشییەکانی وەک کۆڤید-19 بووین. نیگەرانی بازرگانین، چونکە جارێکی دیکە نرخی کاڵاکان بەرز دەبنەوە. بۆیە هەموو شتێک لە دەوری ئابووری دەسوڕێتەوە. ئەگەر هەڵئاوسان بەرزتر ببێتەوە، خەڵک باجەکەی دەدەن، هاووڵاتیانی هەموو وڵاتان باجەکەی دەدەن. بۆیە ئەگەر ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبێت، بازرگانیی زیاترمان دەبێت، خەڵک گەشت دەکەن، خەڵک بە ئاشتی دەژین و هاووڵاتیانی هەموو وڵاتان ئارام دەبن. پێموایە دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەو شتانە بێت. وەک گوتم، ئاسایشی خۆراک دەبێتە کێشەیەکی گەورە، گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی دیکەیە کە ئێستا رووبەڕووی بووینەتەوە. بۆیە کێشەی دیکەمان هەیە کە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. جیهان لەم قۆناخەدا ئامادە نییە بۆ جەنگ، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو کێشەکانی دیکەی کە هەمانە.
رووداو: ئایا پاکستان وەک گۆڕەپانێکی بێلایەن خۆی بۆ ئەم دانوستاندنانە پیشان دەدات، یان رۆڵێکی دیپلۆماسیی چالاکتر دەگێڕێت؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: پێموایە لە راستیدا تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. دەزانیت، شوێنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵبژێردرا چونکە ئێمە پێشەنگ بووین لە بانگەشەکردن بۆ پرۆسەی ئاشتی وەک باڵیۆزانی ئاشتی. پێموایە ئەگەر ئێمە نەبووینایە و وڵاتێکی دیکە بووایە، دەکرا دانوستاندنەکان لەوێ بکرێن. بەڵام چونکە پاکستان رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە هاندانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی پێکەوە دابنیشن، جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە بڕیارێکی هاوبەش، بۆیە بە هەموو پێوەرێک لۆژیکییە کە ئەم دانوستاندنانە لە پاکستان بن، چونکە پاکستان نێوەندگیری دەکات و رۆڵێکی گەورە لەم دۆخەدا دەگێڕێت.
رووداو: سەرۆکوەزیران دەیەوێت چ پەیامێک بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رۆڵی دیپلۆماسیی پاکستان؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: پێموایە دەبێت تەواوی جیهان پاڵپشتی لە سەرۆکوەزیرانەکەمان بکەن، کە تا رادەیەکی زۆریش دەیکەن. هەمووان هەمان ئامانجیان هەیە، هەمووان ئاشتییان دەوێت. باوەڕ ناکەم لەم قۆناخەدا کەس جەنگی بوێت یان بیەوێت ئەم جەنگە درێژە بکێشێت. خەڵک زۆر دڵخۆش بوون بە راگەیاندنی ئاگربەستەکە. کاردانەوەی بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانیت بینی، کە ئەوە نیشانەیەکی زۆر باشە و دەریدەخات کە خەڵک و ئابوورییەکان دەگەشێنەوە کاتێک ئاشتی و تەبایی هەبێت. پێموایە لەم قۆناخەدا تەواوی جیهان هەمان شتی دەوێت کە ئێمە دەمانەوێت؛ ئێمە ئاشتی و سەقامگیریمان لە تەواوی ئەم ناوچەیەدا دەوێت.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم؛ ئایا بەپێی زانیارییەکانی تۆ، پێشبینی دەکەیت دانوستاندنەکان ئەمڕۆ یان سبەی دەستپێبکەن بۆ ئەوەی بە بینەرەکانمانی بڵێین؟
سەردار یاسر ئیلیسا خان: هێندەی من بزانم، دانوستاندنەکان لە ئێستاوە دەستیان پێکردووە. مەبەستم ئەوەیە گفتوگۆ هەیە، کۆنفرانس هەیە، جا چ دیپلۆماسیی پشت پەردە بێت یان شتی دیکە. ئێمە شەو و رۆژ هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی هەمووان لەسەر مەرجی هاوبەش رێکبکەون، خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە و بتوانن ئەم جیاوازیی بۆچوونانە تێپەڕێنن. پێموایە کێشەکە تەنیا جیاوازیی دیدگایە؛ هەندێک دەڵێن ئێمە راستین، ئەوانی دیکەش دەڵێن نەخێر ئێمە راستین. بۆیە پێموایە دەبێت هەموومان بگەینە ئەنجامێک و جیاوازییەکانمان چارەسەر بکەین لەپێناو باشترکردنی جیهان و مرۆڤایەتی. چونکە وەک گوتم، ئەمە تەنیا کاریگەریی لەسەر یەک وڵات نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەیەک هەیە و ژیانی ملیۆنان کەس بەهۆی ئەم جەنگەوە لە مەترسیدایە، پێموایە سەرۆکوەزیران و مارشاڵەکەمان کارێکی نایاب دەکەن و هەوڵ دەدەن جیهان رزگار بکەن. بەڕاستی ئەمە رزگارکردنی یەک وڵات نییە، ئێمە جیهان رزگار دەکەین.
رووداو: سوپاس بەڕێز یاسر.
سەردار یاسر ئیلیسا خان: سوپاس بۆ تۆ.
رووداو: سوپاس کە لەگەڵمان بوویت. بێگومان ئێمەش لێرە لە ئیسلام ئاباد دەمێنینەوە بۆئەوەی نوێترین هەواڵەکان بگەیێنین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ