رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەند نەبوو بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە بەشێک لە لایەنە عەرەبییەکانی دابوو، بۆیە دوو ئەندامی عەرەب لە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی کەرکووک کشانەوە.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لە هۆکارەکانی کشانەوەی دوو ئەندامی عەرەب لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک کرد، کە رۆژی چوارشەممە 21-5-2025، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانێتییەکە راگەیاند و گوتی: ئەو رێککەوتنەی لە هۆتێل رەشیدی بەغدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کرا، رێککەوتنێکی لاسەنگ بوو، نە کورد، نە عەرەب و نە تورکمان وەکو پێکهاتە پێی رازی نەبوون، هەربۆیە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە و تێکچوونی هاوپەیمانێتییە لاسەنگەکە چاوەڕوانکراو بوو."
حەمدانی دەڵێت، ئەو عەرەبانەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتن "نوێنەرایەتیی پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتیی حیزبێک یان بەشێک لە عەرەب دەکەن کە حیزبی 'تەقەدوم' بوو و وەکو خۆشیان ئێستا بە ئاشکرا دەڵێن کە یەکێتیی پابەند نەبووە بەو بەڵێنانەی پێشتر پێیداون و لەسەری رێککەوتوون."
"رێککەوتنی شاراوە"
عەزام حەمدانی لەبارەی رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێک لە عەرەبەکانی کەرکووک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە و ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ گوتی: "هیچ رێککەوتنێکی فەرمی نییە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و عەرەبیش وەکو پێکهاتە ئاگاداری نێوەڕۆکی رێککەوتنی یەکێتی و تەقەدووم نییە، ئەگەر رێککەوتنێکیشیان هەبێت رێککەوتنێکی شاراوەیە نەوەک رێککەوتنێکی فەرمی و ئاشکرا بۆ نێوماڵی عەرەب یان کورد و تورکمان."
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025 هەریەک لە رەعد ساڵح و شێخ زاهر ئەنوەر عاسی، کە دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک راگەیاند.
رەعد ساڵح راگەیێندراوی هاوبەشی هەردووکیانی خوێندەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرا، "زیاتر لە 9 مانگە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکهێندراوە، بەڵام ئێمە جیدیبوونمان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیاسی بەدینەکردووە."
لەبارەی قۆناخی داهاتوو و چارەنووسی حکومەتی خۆجێی کەرکووکیش حەمدانی دەڵێت: راگەیێندراوی ئەمڕۆی ئەو دوو ئەندامەی لە هاوپەیمانیێتیی بەڕێوەبردنی کەرکووک کشانەوە، راگەیێندراوی کەسییە، نەک حیزبی تەقەدوم، لە رۆژانی داهاتوو ئەگەر حیزبی تەقەدوم بە فەرمی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی کەرکووک بکشێتەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کە لە پشکی ئەو حیزبەیە دەست لەکار بکێشێتەوە، حکومەتی خۆجێی کەرکووک تووشی قەیران و گرفتی گەورە دەبێتەوە."
ئەندامەکەی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک پێیوایە، نێوماڵی عەرەب لە کەرکووک هاوشێوەی نێوماڵی کورد پەرت و بڵاوە و بڕیارێکی رێکخراوی عەرەبییان بۆ گەڵاڵە ناکرێت و دەڵێت: "هەر ئەم پەرت و بڵاوییە وایکرد درز بکەوێتە نێوماڵی عەرەب لە کەرکووک و ئەو درزەش بە سوودی کورد بە دیاریکراوی بە سوودی یەکێتیی شکایەوە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، کە ئەجێندای دەرەکی فاکتەری سەرەکیی پەرتکردنی نێو ماڵی عەرەب و نێو ماڵی کوردیشە لە کەرکووک".
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.
10-8-2024 نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێکهاتوون لە پێنج ئەندامی یەکێتی، ئەندامێکی کریستیان و سێ ئەندامی عەرەب لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبوونەوە و هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی کەرکووک راگەیاند و بوونە زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و حکومەتی خۆجێیان لەسەر ئەو بنەمایە پێکهێنا، دوای ئەو هاوپەیمانێتییەش پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و بەشێک لە عەرەبەکان بایکۆتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کرد و تاوەکو ئێستا بایکۆتەکەیان بەردەوامە، تەنیا یەک ئەندامی بەرەی تورکمانی بەشداریی دانیشتنەکانی ئەنجوومەن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ