بۆ یەكەمجار ئامێری سەنتووری لە كارێكی ئۆركێستراییدا بەكارهێنا، بە جۆرێك گۆڕانكاری لە ژەنینیدا كردووە كە بۆ موزیكی زەماوەندیش بشێ.شێوەی ژەنین و ئەداكردن و تەنانەت دانیشتنەكەشی جیاوازە لەگەڵ سەنتوورژەنەكانی دیكە. ئێستا لە ژەنینی سەنتووردا ستایلێك هەیە پێیدەڵێن ستایلی ئەردەوانی. ئەردەوان كامكار كە بچووكترین ئەندامی خێزانی كامكارانە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئەو گۆڕانكارییانە دەكات كە لە ئێران بەسەر ئامێری سەنتووریدا هێناوە.
رووداو: ساڵی 1991 لە یەكێك لە كارەكانتدا بە ناوی "بر تارك سپیدە" كە ئاوازدانەرەكەی برای گەورەت كاك هۆشەنگی كامكار بوو، بۆ یەكەمجار ئامێری سەنتوور لەگەڵ كارێكی ئۆركێسترایی دەركەوت. ئەو ئەزموونە سەخت نەبوو؟ چونكە ئامێری سەنتوور زۆر سنووردارە؟
ئەردەوان كامكار: نا كارەكە سەخت نەبوو، چونكە هەر ئامێرێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆ نموونە وەرە بۆ ئامێری كۆنتەرەباس نۆتەی ورد بنووسە، یان مەودای ئاڵۆزی بۆ دابنێ، ئەوە چیدی كۆنترەباس نییە. بۆیە ژەنیار دەبێ بەپێی ئەو سنوورانەی كە ئامێرەكە هەیەتی.. چونكە هەموو ئامێرێك بەشێوازی خۆی سنووردارە، لەكاتی ئەنجامدانی كارەكەی لەگەڵ ئۆركێسترا بیر لەوە بكاتەوە ئاخۆ دەتوانێ لەو شوێنەدا ئەو میلۆدییە بەشێوازێكی كرۆماتیك لێبدات، بەڵام هەندێكجار لە ناوەڕاستی كارەكەدا دەكرێ گۆڕانكاری لە ئامێرەكەدا بكەیت، بۆ نموونە كاتێك كە 20 میزان بێدەنگیت هەیە و دەتوانی گۆڕانكاری لە ئامێرەكە بكەیت. واتە ئەمە دەبێ بەرنامەی بۆ دابڕێژی.
رووداو: سەنتوور لە وڵاتانی باڵكان هەیە، لە چین هەیە، لە هیندوستان هەیە، ئەو سەنتوورەی ئێستا لە ئێران هەیە دەتوانێ ئامێرێك بێ كە ستانداردێكی جیهانی هەبێ، واتە ببێتە ئامێرێك كە هەرجۆرە مۆسیقایەكی لەسەر لێبدەی؟
ئەردەوان كامكار: بەڵێ دەكرێ، چونكە ئەو ئامێری سەنتوورانەی كە دروستی دەكەین و من هاریكاربووم لە دروستكردنیان، دەكرێ زۆر كار بكرێ. دەكرێ هەر جۆرە مۆسیقایەكی پێ لێبدرێ، بەڵام وەهاش نییە كە بۆ نموونە تۆ پارچەیەك دەژەنیت، بۆ نموونە بڕگەیەكی كرۆماتیكت هەیە و بتەوێ لێیبدەیت، ئەوەیان ناكرێ، چونكە بۆ ئەوەیان دەبێ وەك پیانۆ هەموو نۆتەكانت هەبێ، بەڵام ئەو سەنتوورەی من قسەی لەبارەوە دەكەم، لە ماوەی یەك یان دوو چركەدا دەتوانێ تۆنەكە بگۆڕی و دیسان بە ژەنین بكەیتەوە.
رووداو: مامۆستا ئەردەوان، گەشبینی بە داهاتووی سەنتوور، پێتوایە ئامێرێكە بەرەو رێبازێكی زۆر بەرز دەڕوات؟
ئەردەوان كامكار: لە وڵاتەكانی دیكە نازانم، بەڵام لە ئێران داهاتوویەكی زۆر روونی هەیە. ئەم هەر فرۆشی ئەو ئامێرە لە دوكانەكان دەزانین كە خەڵك ئەو ئامێرەیان زۆر زۆر پێخۆشە. لە هیچ قۆناغێكی مێژووی ئێران نەبووە ئەو ژمارە زۆرەی ئەو ئامێرە دروستبكرێ.
رووداو: بە بۆچوونی جەنابت سەت هەزار سەنتوورژەن لە ئێران هەن؟
ئەردەوان كامكار: بە بۆچوونی من هەیە، بەڵام 2000 كەس لە ئێران هەن كە بە شێوازێكی پرۆفیشناڵ كاری لەسەر دەكەن.
رووداو: یەكێك لەو فیلمانەی كە دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە ئێران هەبوو، فیلمی سەنتووری بوو كە ساڵی 2006 بەرهەمێنرا، دەتوانم بڵێم موزیكەكەی كە تۆ داتنابوو زۆر جیاواز بوو، داریوش مێهرجوویی، دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی، دەرهێنەری فیلمەكە بوو، ئەزموونی موزیكی سەنتووری چۆن بوو؟
ئەردەوان كامكار: جەنابی مێهرجوویی بۆ موزیكی ئەو فیلمە تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی سیناریۆیەكی ئاوهام هەیە و دەمەوێ كاری لەسەر بكەیت. گوتی كاراكتەرەكە (بەهرامی رادان) سەنتوور دەژەنێ، پاشان فڵان و فڵان شتی بەسەر دێ.
بیرم كردەوە موزیكی ئەو فیلمە زیاتر لەگەڵ موزیكی پۆپدا دەگونجێ، واتە ئەو كارانەی كەسەكە لە فیلمەكەدا دەیانكات لەگەڵ موزیكی پۆپ دێتەوە، بۆیە هەندێك بەدواداچوونم بۆی كرد، دواتر شتانێكم بۆ سەنتوور نووسی كە زیاتر لەگەڵ موزیكی پۆپدا بێتەوە. بەهرامی رادان رۆڵی ژەنیارێك دەبینێ كە لە ماوەی چەندین ساڵدا بەدبەخت دەبێ. پارەی نامێنێ. كار دەگاتە ئەو شوێنەی كە ناچار دەبێ بچێتە هەندێك بۆنەی وەك زەماوەند موزیك بژەنێ. لە جۆرە بۆنانەی وەك زەماوەند ناكرێ بەشێوازی سوننەتی ئامێر بژەنی، بەڵكو دەبێ بەشێوازێك بژەنی كە خێرایی و داینامیكی زۆری دەوێ. ئیدی وابوو كارەكەم ئاوها كرد.
رووداو: فیلمەكە ئەوەندە كاریگەری هەبوو لە ئێران، كە فرۆشی ئامێری سەنتووری زۆر كرد.
ئەردەوان كامكار: بەڵێ. لەو فیلمەدا ئەوە پیشان دەدرا كە دەكرێ سەنتوور و ئامێرە ئێرانییەكان لەو شێوازەشدا بژەنرێ.
رووداو: زۆر گەشتت كردووە بۆ باشووری كوردستان. ئامۆژگاریت بۆ موزیكی كوردی و موزیسیەنی كورد لە باشووری كوردستان چییە؟
ئەردەوان كامكار: دەبێ لە موزیكی كوردستان و هەر شوێنێكی دیكە پێوەر و مێعیارمان هەبێ. دەبێ جددی بێ، بە جۆرێك لەو هونەرمەندە دیارانەی كە هەیە، چ كورد و چ لە نەتەوەكانی دیكە، سوود وەربگرین، بۆ ئەوەی رێگاكە پیشان بدەین و پێیان بڵێین ئەمە رێگا راستەكەیە و دەتگەیەنێ بە شوێنی مەبەست. ئەگینا ئەگەر تەواو ئازاد بێ، بەداخەوە وەكو ئێستای لێدێ. كەسەكە نازانێ چی دەكات، بۆ نموونە دێ موزیكی كوردی و هیندییە سوورەكان تێكەڵ دەكات. دەبێ شوێنێك هەبێ رێنوێنیت بكات و بڵێ ئەوە رێگا دروستەكەیە. كە كەوتیتە سەر ئەو رێگایە، ئیدی دەتوانی ئەوەی حەزت لێیە بیكەی.
رووداو: كاتێك گوێمان لە سەنتووری بەڕێزت دەبێ، ستایلی ژەنینت، شێوەی ئەداكردنت زۆر جیاوازە لە كەسانی پێش خۆت، بۆ نموونە نەسب یان كوكی سەنتووری جەنابت جیاوازە، تەكنیكت داهێنا وەك ئەوەی دەستی چەپ میلۆدییەك لێبدات و دەستی راست میلۆدییەكی دیكە. بە جۆرێك ئێستا ستایلێك هەیە پێیدەڵێن ئەردەوانی. ئەم ستایلە چۆن خوڵقا؟
ئەردەوان كامكار: موزیكی ئێران لە كۆن و ئێستاش زیاتر فۆكەسی لەسەر تار بووە. یانی تار لە هەر پەیژەیەكی موزیكدا ژەنرابێ، سەنتووریش ناچار بووە هەر ئەو پەیژەیە بەكاربهێنێ. بۆیە ئەو رێژیستانەی كە تاریان تێدا دەژەنرێ، بۆ نموونە مەقامی شووری سۆل كە بۆ تار باشە، بۆ سەنتوور باش نییە پێی بژەنین، یان مەقامی ماهووری سی بۆ سەنتوور باش نییە.
من ویستم ئەم پەیژە موزیكییانە بۆ سەنتوور كە شیانی باشتری تێدایە بێنم. بۆ نموونە ویستم نۆتە كرۆماتیكەكان لێبدەم بۆ ئەوەی نۆتە كەم نەهێنین، بەهەرحاڵ دەبێ لەگەڵ سەنتووردا خۆمان بگونجێنین. من بەو جۆرە پەیژە موزیكییەكانم هەڵبژارد و زۆر سەرنجم لەسەر ژەنینی بە كۆمەڵ نەبوو، بۆ نموونە سەرنجم لەسەر ئەوە نەبوو كە پەیژەیەك هەڵبژێرم كە نەی بتوانێ بیژەنێ یان تار و كەمانچە بتوانێ بیژەنێ، من تەنیا لەسەر سۆلۆی سەنتوور كارمدەكرد. ئەو پەیژانەی كە من بەكاریان دەهێنم بۆ سەنتوور باشترن، شیانی زیاتریان تێدایە و دەنگیان خۆشتر دەردەچێ. بەڵام كاتێك دەمانەوێ ئەو پارچانە بژەنین، ئەو پارچانەی من دەیانژەنم خێراییان زۆرە، هەڵبەت سەرەتا كە من دەستمپێكرد، خێرایی كەرستەیەكی باش بوو لەبەردەستم، چونكە لە موزیكی كۆندا خێراییمان نەبوو، بۆیەش كاتێك ویستم گەنجەكان رابكێشم، لە رێگەی خێراییەوە ئەو كارەم كرد، واتە ویستم سەریان سوڕبمێنێ و لە خۆیان بپرسن چی بوو. من ئەو فاكتەرەم بەكارهێنا، بەڵام ئەم جۆرە سەنتوورژەنینە پێویستی بە تەكنیكێكی زۆر بەرزە.
رووداو: دەستی چەپی تۆ میلۆدییەك لێدەدات و دەستی راستت میلۆدییەكی دیكە، ئەمە پێشتر لە سەنتووردا نەبوو..
ئەردەوان كامكار: من ئەمەم لە موزیكی جیهانی وەرگرت.
رووداو: تۆ كەڵكت لە كام جۆرە موزیك وەرگرت؟
ئەردەوان كامكار: زیاتر كەڵكم لەو ئامێرانەی ئەوروپا وەرگرتووە كە لە سەنتوور دەچن، ئەو پارچانەی بۆ ئەوان نووسرابوون ویستم بە دوو دەستی لێیانبدەم، بۆ ئەوەی هەم میلۆدییەكە جوان ببێت، هەمیش بۆ گوێگر شتێكی نوێتر بێ. ئەمانە ئەو شتانەن كە من لە سەرەتادا دەمكردن، بەڵام دواتر ئیدی پێویستم بە كۆكردنەوەی گوێگر نەبوو، بۆیە هاتم كارم لەسەر بەرهەمەكانی خۆم كرد، كە هەمووان بیستوویانن و دەزانن چۆنن. ئەو شێوازە نوێیە پێویستی بە شێوازە دانیشتنێكی تایبەتە.
رووداو: بەڕێزت ئەزموونێكی زۆرت لە سەفەر و كۆنسێرت هەبووە، بەڵام رۆژانی باش و خراپیشت هەبووە، دەمەوێ تۆزێك باسی بەرز و نەزمی ژیانتم بۆ بكەی؟
ئەردەوان كامكار: دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ژیانی هونەرمەند، هەرچەند دروست نییە مرۆڤ بە خۆی بڵێ هونەرمەند، بەڵام بەهەرحاڵ ژیانی هونەرمەند شتێكی سەیر و سەمەرە نییە، بەڵكو ژیانێكی ئاساییە، منیش ژیانێكی ئاسایی وەكو هەموو خەڵكم هەیە. جیاوازییەكە ئەو كاتە دروست دەبێ كە دێتە ناو كاری هونەرییەوە، من لە ژیانی خۆمدا هەڵەی زۆرم كردووە، بەڵام پەشیمان نیم، چونكە ئەو كاتەی ئەو شتانەم كردووە بە بۆچوونی خۆم دروست بوون، لەوانەیە ئێستا وەها نەبینیم، هەڵبەت ئێستاش وەك خراپ نایانبینم. رەنگە كەس نەزانێ من لە سفرەوە دەستم بە ژیان كردووە. من بەردەوام بە دوای شتەكانەوە نەبووم، بەڵكو بەردەوام ویستوومە بەوەی دەیكەم هەقدەستی خۆم بەدەستبهێنم، ئەو هەقدەستەش وەك دەڵێن دەبێ مەعقوول بێ، واتە نە كەم و نە زۆر، بەڵكو ئەوەندە بێ كە خۆم پێویستمە، لە ژیانی ئێستاشمدا لەسەر هەمان رێچكە دەڕۆم. من هیچكات پارە پاشەكەوت ناكەم. هەر پارەیەكیشم دەستبكەوێ لەگەڵ منداڵ و ژن و خێزانەكەم خەرجی دەكەین.
رووداو: ئێستا ئەگەر لێت بپرسم لە چ قۆناغێكی ژیانتی و دەتەوێ بەرەو كوێ بڕۆی؟ ئاراستە و رێچكەت بەرەو كوێیە؟ مەبەستم لەڕووی تاكەكەسی و هەست و سۆزە. ئەو رێگەیە بەرەو كوێ دەڕوات؟
ئەردەوان كامكار: وەختێك هەبوو كە حەزم دەكرد تەنیا كۆنسێرت بكەم و خۆم پیشان بدەم.
رووداو: بۆ ئەوەی هەموو بتناسن، بەڵام ئێستا ناسراوی؟
ئەردەوان كامكار: بەڵێ هەندێك لەوەی تۆ باسی دەكەیت هەیە، دواتر دەمویست تەنیا وانەی تیۆری بڵێمەوە، بەڵام ئێستا فێرخواز و هونەرخوازەكانی دیكەم گەیشتوونەتە ئاستێك كە ئەو وانەیەی من دەیڵێمەوە ئەوان بیڵێنەوە، بۆیەش ئێستا دەمەوێ تەنیا بیربكەمەوە، واتە هەر ئەو شتەی كە بە فێرخوازەكانی دیكەم دەڵێم لێكۆڵێنەوە بكەن، دەمەوێ خۆشم بڕۆم لێكۆڵینەوە بكەم. موزیكی باشووری ئێران هیچ لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەوە نەكراوە، دەمەوێ بڕۆم كاری تێدا بكەم، ئەوەش كاتی دەوێ، بەڵام ئەگەر لە رۆژێكدا وانە بە 100 بۆ 120 فێرخواز بڵێمەوە، ئیدی توانام نامێنێ، چونكە هەموو مێشكمی گرتووە، دەمەوێ ئەوە بەو كەسانەی دیكە بسپێرم و خۆم بڕۆم لێكۆڵینەوە بكەم و كار بكەم، بۆیە پێموایە چالاكییەكانم زیاتر لەو بوارەدا دەبن.
رووداو: تۆ لە خێزانێك گەورە بوویت كە باوكت مامۆستایەكی گەورەی موزیك بوو، براكانت هەر هەموویان موزیسیەنن و تۆش برا بچووكی خێزانی كامكارەكانی. سەنتوور چۆن بوو بە بەشێكی گرنگ لە ژیانی هونەری تۆ؟
ئەردەوان كامكار: لە خێزانی ئێمەدا هەموویان ئامێریان دەژەنی، بۆیە ئاساییە كە هەر كەسێكی دیكەش بووایە هەر حەزی لە موزیك دەبوو. بەڵام من خۆم زۆر دڵم چووە سەر سەنتوور، نازانم بۆچی، بەڵام دەنگی سەنتوورم پێخۆش بوو.
ئەوجا بەرەبەرە سەیری كوڕەكانم دەكرد، یەكێكیان كەمانی دەژەنی، یەكێكیان جۆزەی لێدەدا. كەیفم بە ستایلی پەشەنگ هات، دەنگی ئامێرەكەی پەشەنگ لە دڵم نیشت، بە باوكمم گوت ئەگەر رێگە بدات سەنتوورێك لە فێرگەكەی بهێنمە ماڵەوە، بۆ ئەوەی راهێنانی لەسەر بكەم. ئیدی لەوێوە دەستم بە یاریكردن بە سەنتوور كرد. سەیری كەسانی دیكەم دەكرد، لەوانیشەوە فێردەبووم و جێبەجێم دەكرد، ئەوە هەتا تەمەنی 10 ساڵان بوو، لە تەمەنی 10 ساڵانەوە ئیدی دەستم بە هەندێك كاری جیدیتر كرد، چونكە باوكم پێیگوتم هەر دەبێ خوێندەواریت هەبێ، واتە خوێندەواریی موزیك، بۆ ئەوەی بتوانی بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ كار بكەیت. من بەشی زۆری ژیانم لە تاران بووم، لە زانكۆی هونەرە جوانەكانی تارانیش هەموو ئەو مامۆستایانە هەبوون كە ئێستا دەیانبینی، بەڕێز محەممەد رەزا لوتفی، بەڕێز عەلیزادەی لەوێ بوو. كۆبوونەوەیەكی زۆر جوان لەوێ هەبوو. دادەنیشتن گفتوگۆیان دەكرد، یان لە چیمەنی كۆلێژەكە كارەكانی خۆیان دادەڕشت. كەشەكەی زۆر جوان بوو. من لەو كەشەدا بووم، بۆیەش زۆر حەزم چووە سەر موزیكی سوننەتیی ئێران و دەستم بە وەرگرتنی دەورە كرد.
ئەردەوان كامكار: بەڵێ هەر ئەو بوو، من هەر حەزم لە سەنتوور بوو، ناشزانم بۆچی.
رووداو: دەنگی سەنتوور بوو یان شێوەی ئامێرەكە، یانیش هەردووكیان؟
ئەردەوان كامكار: هەردووكیان بوو، بەڵام دەنگی سەنتوور، كە تریبلی زۆر بەرزی هەیە، بۆ گوێچكەی منداڵ خۆشترە هەتا ئامێرێكی وەك عود كە دەنگەكەی باسترە.
رووداو: چووی بۆ كۆرسی سەنتوور؟
ئەردەوان كامكار: بەڵێ. كاتێك دەستم بە رەدیف كرد، ئەوجار رەدیف دڵی كەمەندكێش كردم، زۆر حەزەوە رەدیفم دەژەنی، دوای ئەوە دەستم بە ژەنینی رەدیفەكان كرد بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ، هەڵبەت بەو شێوازەی كە براكەم لێیدەدا. لاسایی براكەمم دەكردەوە، هەموو شێوازەكانی دانانی مەزرابی ئەو قۆناغە فێربووم. ئەو كات هەمووان هانیان دەدام، دەیانگوت منداڵێك لەو تەمەنە چۆن حەزی چووەتە سەر موزیكی سوننەتی ئێران، لەسەر ئەو رەوتە بەردەوام بووم هەتا ئەو كاتەی باوكم گوتی دەبێ خوێندەواریت هەبێ، بۆیە دەستمكرد بە خوێندنی زانستە جیاجیاكانی موزیك.
رووداو: چ هەستێكت هەیە لە خێزانێكدا لە دایكبووی باوك هونەرمەند، شەش برا هونەرمەند و خوشك هونەرمەند. هەندێكجار كەسێك لە خێزانێك لەدایك دەبێ كە هەموویان نەشتەرگەر و پزیشكن. بەڵام تۆ لە خێزانێكدا لەدایكبوویت هەموویان موزیسیەنن، باسی پەیوەندی خۆت و خێزانی كامكاری ئازیزمان بۆ بكە.
ئەردەوان كامكار: خێزانێك كە هەموویان بوون بە پزیشك، رەنگە بە حەزی خۆیان نەبووبێ، واتە سەیر دەكات بزانێ باوكی چ كارەیە، ئەویش یەكسەر ئەو كارە دەكات. خێزانی ئێمە وانەبوون، چونكە وەك خۆت گوتت هەموویان موزیسیەن بوون، بۆیە بۆ نموونە ئەگەر سێ ژوورمان هەبووبێ، لە هەر سێ ژوورەكەدا دوو كەس دانیشتوون راهێنان دەكەن. هەمیشە موزیك هەیە، بۆیە منیش وەك برای بچووكیان هەمیشە دەچوومە ناو ئەو ژوورانە و دەخەوتم، واتە بە دەنگی ئەوان دەخەوتم. موزیك بەردەوام لە گوێمدا بوو. ئینجا باوكیشم هەوڵی دەدا كەشێكی وەها دروست ببێ كە من حەزم لە موزیك بێ، بەڵام كاتێك دەیزانی ئەو حەزە بەڕاستی هەیە، كاتێك دەیبینی من بۆ لای سەنتوور دەچم و پێمخۆشە كار لەسەر ئامێرێك بكەم، ئەو بە جدیتر وەریدەگرت.
رووداو: لە شەش براكە كامیان كاریگەری زۆری لەسەرت هەبووە؟
ئەردەوان كامكار: منداڵەكانی خێزانی ئێمە هەموویان میهرەبانن. بەڵام ئەرسەلان زیاتر كاریگەری لەسەر من هەبوو، چونكە ئەو راهێنانی زۆر جدی دەكرد، بەڵام دواتر چونكە زیاتر حەزم لە سەنتوور بوو، ئاساییە كە پەشەنگ كاریگەری لەسەرم هەبێ، ئەو كە دەهاتە سنە بەردەوام راهێنانی سەنتووری دەكرد، هەڵبەت پێش ئەوەی بڕواتە زانكۆ. ئەو كاتەی كە لە زانكۆش بوو دەگەڕاوە بۆ سنە. بیرمە جارێك هەموو ئەوانەی لە زانكۆ كاریان لەسەر سەنتوور دەكرد، پێكەوە هاتنە سنە، هەموویان سەنتووریان لێدەدا، ئینجا هەموو شەوێك بۆنەیەكمان هەبوو، لە كۆتاییەكەشیدا دەیانگوت ئەردەوان وەرە شتێكمان بۆ بژەنە. من كوڕێكی پێنج یان شەش ساڵان بووم و دادەنیشتم موزیكم بۆ دەژەنین، ئەوان پێیان سەیر بوو كە ئەوە چۆن شەرم ناكات. شەرم نەكردنەكە بۆ ئەوە دەگەڕاوە كە ئێمە لە خێزانی خۆماندا هەموو رۆژێك ئامێرمان دەژەنی، بۆیە بۆ من ئاسانتر بوو.
رووداو: هەستێكی خۆشە لە تەنیشت خێزانێك بی كە هەموویان هونەرمەندن.
ئەردەوان كامكار: یەكجار زۆر. ئینجا ئەوە لە خێزانێكی گەورەدا زۆر جوانە. چونكە بۆ نموونە تەنانەت شەڕەكانیشیان هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە، من لەگەڵ ئەردەشیر لێم دەبوو بە شەڕ، ئەرژەنگ بەرگری لێدەكردم. ئەگەر ئەرژەنگ لەگەڵ ئەردەشیر شەڕی كردبایە، برایەكی گەورەتر دەهات و دەیگوت بۆچی وەهات لە ئەردەشیر كردووە. بڕیاردەری سەرەكیش ئیمپراتۆری باوكم بوو، بەڵام خێزانێكی باش بوو. بۆچی وابووین؟ چونكە دایكم زۆر كاریگەری هەبوو، رۆڵی دایكم لەوەی ئێمە ببینە موزیسیەن لە رۆڵی باوكم كەمتر نەبوو، زۆری حەز لە موزیك بوو، بۆیەش لە هیچ كارێك درێغی نەكرد، چونكە ئاگالێبوون لە هەشت كەس كارێكی زۆر سەختە، زۆر سەختە، بەڵام ئەو بە گیان و دڵ ئەو كارەی دەكرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ