رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، دۆسیەی ئاو، پڕۆژەی 'رێگەی گەشەپێدان' و چەند پرسێکی دیکەیش کراوە. دەشڵێت، تورکیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە پشتیوانیی هەر رێگەیەک بکات کە ببێتە هۆی سوود گەیاندن بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات و لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە "قووڵی" باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردووە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سەردان و کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیادا لەگەڵ بەپرسانی حکومەتی عێراق، هەردوولا کۆمەڵێک دۆسیە و بابەتیان تاوتوێکرد کە پەیوستبوون بە ئاو، فراوانکردنی وەبەرهێنان، ئابووری و گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕ و هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، پێدانی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات بۆ پیاوانی کار و وەبەرهێنەران، رێکاری پێدانی ڤیزا بۆ تەواوی گەشتیارانی عێراقی و تورکیا.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی ئاو لەنێوان هەردوو وڵات گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا "بە چڕی باسکراوە. لە رێگەی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردووڵات بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. لایەنی تورکیا باسی لەوەکرد، کە دیدگەی حکومەتی تورکیا بریتییە لە پشتیوانیکردنی عێراق و دووپاتیان لە قووڵایی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لاببرێن لە هەموو دۆسیە هاوبەشەکاندا، بە دیاریکراویش دۆسیەی ئاو."
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "گفتوگۆیەکی تەکنیکیی قووڵ لەسەر ئەوبابەتە کراوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند هەیە کە تاوتوێى ئەوە دەکات، لە سەردانی ئەم دواییانەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت بۆ ئەنقەرە بە وردی باسی ئەم بابەتە کراوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندار."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی چی کراوە و تورکیا چ داوایەکی لە عێراق هەبووە؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هەردوولا کۆمەڵێک دۆسیە و بابەتیان تاوتوێکرد کە پەیوستبوون بە ئاو، فراوانکردنی وەبەرهێنان، ئابووری و گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕ و هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێدانی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات بۆ پیاوانی کار و وەبەرهێنەران، رێکاری پێدانی ڤیزا بۆ تەواوی گەشتیارانی عێراقی و تورکیا. رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش کە بەدواداچوون بۆ هەموو دۆسیە لاوەکییەکان دەکات کە گرنگ و پەیوەندیدارن و رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندیی نێوان هەردولا دەبێت، بەهێزکردنی ئەو لیژنەیە لە رێگەی بەدواداچوونی چڕ لەلایەن هەردوو بەڕێزان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات. گفتوگۆکان ئەرێنی بوون، بەڵام پێویستمان بە رێچکە و هەنگاوێکە کە مۆرکێکی یاساییان هەبێت. دیدگەیەکی روون هەبوو سەبارەت بە 'رێگەی پەرەپێدان' کە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، لایەنی تورکی خواست و ئامادەیی و هیوای دەربڕیوە کە بەشێکی چالاک و پشتیوانی رێچکەی ئەو کارە بێت. هەروەک بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەشی دەربڕی بەشێوەیەکی سیاسی و بەردەوام بۆ حکومەت و گەلی عێراق و ئاماژەی بە پەیوەندیی برایانە دا کە هەردوو وڵاتی دراوسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
رووداو: عێراق بۆ دۆسیەی ئاو داوای لە تورکیا هەیە، تورکیا ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەردەداتەوە؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەم دۆسیە بە چڕی باسکرا، لە رێگەی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردووڵات بەدواداچوونی بۆ دەکرێت کە دروست دەکرێت بە ئامانجی هاوئاهەنگی لەبارەی ئەو دۆسیانەی کە مۆرکێکی تەکنیکی و پسپۆڕییان هەیە بۆ کەرتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوولادا. لایەنی تورکیا باسی لەوەکرد، کە دیدگەی حکومەتی تورکیا بریتییە لە پشتیوانیکردنی عێراق و دووپاتیان لە قووڵایی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لاببرێن لە هەموو دۆسیە هاوبەشەکاندا، بە دیاریکراویش دۆسیەی ئاو.
رووداو: بۆ مەسەلەی پەکەکە تورکیا چ داوایەکی لە عێراق هەبوو؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق هەنگاوی ئەرێنیی دیاریکراو و بەرنامە داڕێژراوی گرتووەتەبەر لە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی بە درێژایی هێڵی سنووری نێوان هەردوولا، ئەوەی تایبەتە بە خاکی عێراقەوە، عێراق لە رێگەی بەڕێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بەردەوامە لە دووپاتکردنەوە لەوەی کردەوەی سەربازیی تاکلایەنە زیان بە بنەمای دراوسێیەتیی باش دەگەیێنێت و دۆخی ئەمنی ئاڵۆزدەکات، کاری لەپێشینەی هەوڵی هاوبەش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و بەرەنگاربوونەوەی توخمەکانیەتی. هەردوولا رێککەوتن لەسەر دیدگەیەکی هاوبەشی ستراتیژیی کە رێچکەی خۆی بگرێت لەماوەی کەمی داهاتوودا بە ئامانجی چارەسەری هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لەبارەی هەموو پرسەکان.
رووداو: وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە عێراق کردووە کە پەکەکە بخەنە نێو لیستی تیرۆر؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا باسی ئەوەی کرد. بەڕێز فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، 'دەستووری عێراق باس لەوە دەکات کە نابێت خاکی عێراق ببێتە شوێنێک یان رێڕەوێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ'، عێراقیش پابەندە بەو بۆچوونە و جێبەجێکردنی ئەم دیدگەیەش پێویستی بە هاوکاری و ئاهەنگیی نێوان هەردوولا هەیە نەک پەنا بۆ هیچ کردەوەیەکی تاکلایەنە ببرێت کە زیانی مرۆیی لێدەکەوێتەوە لە رۆڵە خۆشەویستەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و زیانی مادی بە ژێرخان و دامەزراوەکان بگەیێنێت، ئەو کردەوانە رەتدەکرێتەوە، چارەسەر بۆ رووبەڕبوونەوەی بریتییە لە هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ ئاماژەدان بە پەیوەندیی پتەو کە هەردوولا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، حەوت هەزار عێراقی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی تورکیا دەژین و سەرووی 850 کۆمپانیای وەبەرهێنان و ئابووریی تورکی لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق کاردەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری سەرووی 20 ملیار دۆلارە، هەموو ئەم توخمانە هێزن و بنەمایەکی ئەرێنی دەسەپێنێت، بەتایبەتی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئاڵنگارییەکان بکرێت کە رووبەڕووی هەردوولا دەبێتەوە و وەڵامی دەرفەتەکان بدرێتەوە کە رەنگدانەوەی بۆ سەر بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێ بێت.
رووداو: ئایا عێراق هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر پەکەکە دەبێت؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق پابەندە بە دیدگەی دەستووریی خۆی کە نابێت خاکی عێراق بکرێتە شوێنێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ، پێمانوایە ئاسایش و سەقاگیریی ناوچەکە بە هەموو شێوەیەک ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە، بۆیە پەیوەندییەکان ئەندام و پێکەوەییە لە ئاستی جەماوەری و ئاستی بەرژەوەندیی ستراتیژی، ئاسایش چەمکێکە دابەش ناکرێت، حکومەتی عێراق هەنگاوی تووندی گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی ئاسایش درێژایی هێڵی سنووری نێوان هەردوولا، هاوئاهەنگیش لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە لە رێگەی هاوکاریی ئاڵوگۆڕی زانیاری، عێراق داوای لەلایەنی تورکی کردووە هەنگاوی روونتر بگرێتەبەر لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان لە رێگەی رێکاری هاوبەشی حکومیی نێوان هەردوولا نەک لە رێگەی کاری تاکلایەنە.
رووداو: کەی دەست بە دروستکردنی رێگەی گەشەپێدان دەکرێت؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی لیژنەی باڵای ستراتیژی بۆ بەدواداچوون لە هەموو کار و پرس و دۆسیانە لەگەڵ کەرتە جیاوازەکانی نێوان هەردوو وڵات، پشتیوانی کاری ئەو لیژنە تەکنیکی و پسپۆڕییانە بکرێت کە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لە رووی پەرەپێدان و ئابووری هەردوو وڵاتانی دراوسێ.
رووداو: بۆ مەسەلەی نەوت، وەزیری دەرەوەی تورکیا هیچ داخوازییەکی لە عێراق هەبوو؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت لە سەردانی فەرمیی چەند رۆژەی بۆ تورکیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا کۆبووەوە و ئەو بابەتەی بە وردی باسکرد. عێراق پابەندە بە دیدگەی خۆی کە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ تورکیای دراوسێ دەکات لە رێگەی لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش بەشێوەیەک رەنگدانەوەی هەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و دەرفەت بدرێتە کەرتەکان بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە رۆڵی خۆیان بگێڕن. بەرێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەم خاڵە دا، لایەنی تورکیا پابدبوونی خۆی دەربڕی بەوەی پشتیوانی هەر رێگەیەک بکات کە ببێتە هۆی هاوکاری زیاتر لەو بوارەدا.
رووداو: عێراق ئامادەیە سکاڵای دووەمی خۆی لە دادگەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2018 بۆ 2022 بکشێنێتەوە؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق ئێستا دانوستاندن و لێکتێگەیشتن و سەردانی دوولایەنەی چالاک دەکات لە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات و لیژنەی تەکنیکیی پسپۆڕ هەن لە هەموو کەرتەکاندا پسپۆڕانە بەداداچوون دەکەن کە پاڵ بە دۆسیەکانەوە دەنێت بە ئاراستەى دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان و خزمەتکردنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کە ئاسایش و سەروەریی هەردوو وڵاتی دراوسێ بەهێز بکات، دیالۆگ تاکە رێگەی سوودبەخشە، عێراق لە رێگەی بەڕێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە تێڕوانینى سەروەریی نیشتمانیی خۆی دەربڕیوە کە سنووردار ناکرێت لە پێکهاتەیەک یان پارێزگایەک یان لایەنێک، دیالۆگەکان گوزارشت بوون لە تێکڕاى نیشتمانى عێراقى بەرامبەر بە تیکڕاى نیشتمانى تورکى، هەرلایەک گوزارشت لە بەرژەوەندیی سەروەری و تایبەتمەندیى خۆی دەکات و عێراق پابەندە بەو تێڕوانینە و هەوڵدەدات بە هاوبەشی بەدی بهێنێت.
رووداو: ئایا عێراق بە فەرمی داوای لە تورکیا کردووە کە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: گفتوگۆیەکی تەکنیکى قووڵ لەسەر ئەوبابەتە کراوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند هەیە کە تاوتوێى ئەوە دەکات، لە سەردانی ئەم دواییانەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت بۆ ئەنقەرە بە وردی باسی ئەم بابەتە کراوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندار، پێمانوایە رێچکەیەکی روون هەیە کە مافی عێراق بەهێز دەکات، هەروەها پەیوەندیی هاوبەشیش بەهێز دەکات لەو بوارەدا، هەموو هەنگاو دەنێین بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی بەبێ زیانگەیاندن بە دیدگەی حکومەتی عێراقی بەبێ ئەوەی هیچ کەموڕکییەک، گوزارشتکردن لە بەرژەوەندیی عێراق لەوپەڕی کاری لەپێشینەدایە، سیاسەتی دەرەوەی عێراق هەوڵی بەدیهێنانی دەدات.
رووداو: کەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەکات؟ ئایا سەردانی هەولێریش دەکات؟
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سەردانی چاوەڕوانکراوی بەڕێز ئەرجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق بە وردی باسکرا لەگەڵ سرووشتی ئەو دۆسیانەی باس دەکرێن لەوانە کە پەیوەندیدارن بە دۆسیەی ئاو، دۆسیەی وزە، کشتوکاڵ، پەرەپێدان، وەبەرهێنان، ئابووری، رێگەی پەرەپێدان و دۆسیەی ئاسایشی سنووری هاوبەش لەنێوان هەردوولا، هاوئاهەنگی دەکرێت لەنێوان فەرمانگەی مەراسیمەکان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و هاوتاکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دواتر لەکاتی خۆید وادەی سەردانەکە رادەگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ