هەڤپەیڤین: كاوە ئەمین
مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام زیاتر وەكو سەركردەیەكی سەربازی دەناسرێت. سەنگاوی تاوەكو هەفتەی رابردووش فەرماندەیی ئەو هێزانەی دەكرد كە نێردراون بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكانی سنووری پارێزگای دیالە، لەوانەش جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە، بەڵام دواتر بەهۆی ناساغی ئەو ئەركەی لێوەرگیرایەوە. سەنگاوی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت داعش و مالیكی هیچ جیاوازییان نییە و هەردووكیان مەترسین بۆ سەر كوردستان. هەروەها دەڵێت مالیكی دوای داعش هێرش دەكاتە سەر كوردستان.
رووداو: تۆ وەك فەرماندەیەك و پێشمەرگەیەكی دێرین، پێتوایە چۆن بوو لە ماوەیەكی كورت و وا بە ئاسانی موسڵ كەوتە دەستی داعش؟
مەحموود سەنگاوی: عێراق خۆی لە ئەسڵدا وڵاتێكی كۆكراوەیە، وڵاتێكە بەزۆر لكێنراوە بە یەكەوە، ئەم وڵاتە پێكهاتووە لە عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و كورد، هەرسێكیان وەك سێ نەتەوە یان سێ بیروبۆچوون پێكەوە ناگونجێن، كاتی خۆی ئینگلیزەكان بە زۆر ئەم وڵاتەیان دروستكردووە، بەدرێژایی مێژوو حكومەتی عێراق بە ئاگر و ئاسن هەم كورد و هەم شیعەشی چەوساندووەتەوە. دواتر كە شیعەكان لەم وڵاتە دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەوانیش بەهەمان شێوە سوننەیان چەوساندەوە.
دوای داعش مالیكی شەڕمان لەگەڵ دەكات
رووداو: پێتوایە ئەوانیش تۆڵەیان كردەوە؟
مەحموود سەنگاوی: بەڵێ ئەوانیش لە هەر شتێكدا پێیان بكرێت زیاتر تۆڵە دەكەنەوە، ئەوەتا لە كاتێكدا ئەوان دەسەڵاتیان بوو، رەنگە هاوكاری ئیقلیمیشیان لەگەڵ بێت، لەبەرئەوەی بە هێزێكی عەشایەر، بە چەند رۆژێك ناتوانی سوپای وڵاتێك تێكبشكێنی، هەرچەندە سوپاكە خۆی فشۆڵ بووە، ئەم سوپایە سوپایەكی دز و جەردە بوو، فەرماندەكانی سوپای عێراق دز و جەردە بوون، هەبوو 500 كەسی كۆكردبووەوە، بەڵام 100 كەسیان دەوامیان دەكرد، پارەی ئەوانی دیكەی دەكردە گیرفانی خۆی. جا سوپایەك بەو شێوەیە دروست بێت بەرگەی شەڕ ناگرێت، ئێستا سوننەكان خۆیان بە خاوەنی حەق دەزانن و باشتر شەڕ دەكەن لە كەسانێك كە ئەوان بە داگیركەری دەزانن، ئەو هێزانەی سنووری موسڵن لە هەموو سنوورەكان هەر ئاوایە، ئەوەتا لە سنووری خانەقین سوپای عێراق خراپترە لە سنووری موسڵ، لە سنووری كەركووك هێزی عێراق خراپترە، بۆیە ئەم هێزە هەر لەسەرەتاوە بە خراپی دروستكراوە.
رووداو: تۆ بە فەرمانی كێ بوویتە بەرپرسی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی خانەقین و جەلەولا؟
مەحموود سەنگاوی: من چەند ساڵێك بەرپرسی مەڵبەند بووم، لە هەمانكاتدا بەرپرسی ئەو هێزانەش بووم لەو ناوچەیە، وەزارەتی پێشمەرگە منیان تەكلیف كرد بچمە ئەوێ بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەو هێزانە بكەم.
رووداو: واتا تۆ سەرپەرشتی هەموو هێزەكان دەكەیت، هێزی هەموو لایەنەكان.
مەحموود سەنگاوی: هەر چەكدارێك لەو ناوچەیە بێت، من سەرپەرشتی دەكەم.
سوپای عێراق سوپایەكی فشۆڵە
رووداو: ئێستا داعش هەتا كوێ هاتووە، رەوشی ئەمنی ناوچەكە لە چ بارێكدایە؟
مەحموود سەنگاوی: رەوشی ئەمنیی ناوچەكە تا بڵێی خراپە، حكومەتی عێراق بە تەواوی داتەپیوە لە جەلەولا، قەرەتەپە، شاری سەعدیە و مەندەلی و ناوچەكانی دیكە.
رووداو: سوپای عێراق لەو ناوچەیە نەكشاوەتەوە؟
مەحموود سەنگاوی: بەڵێ كشاوەتەوە و رایكردووە.
رووداو: واتا پێشمەرگە جێگەی گرتووەتەوە؟
مەحموود سەنگاوی: بەڵێ، لە قەرەتەپە و جەلەولا پێشمەرگە جێی گرتووەتەوە، شاری سەعدیە نە هێزی پێشمەرگەی تێدایە و نە عێراق، ئێستا داعش حاكمە لەوێ، سوپای عێراق ئەو رۆژانە چواردەوری گیرابوو، بە حیساب ئێمە چووین یارمەتییان بدەین، هادی عامری هات لەگەڵ ئێمە دانیشت و گوتی دەمانەوێت هاوكاریمان بكەن، بەڵام هەم هادی عامری و هەم سەركردەكانی دیكە درۆیان كرد لەگەڵ ئێمە، ئێمە چووین هێزەكانی ئەوانمان پاراست، نەمانهێشت هێزەكانی داعش بیانگرن.
رووداو: ئەی بۆچی ئەوان هێزەكانی پێشمەرگەیان بۆردومان كرد لەم رۆژانەی رابردوو؟
مەحموود سەنگاوی: كە ئەو هێزە هات بۆ رزگاركردنی هێزەكەی دیكە، بیباتەوە، لەوكاتەدا ئێمە پشتیوانیمان لێكردن، هێزەكانیان رۆیشت، بەڵام هەر لەو كاتەدا هێزەكانی ئەوان هێزی پێشمەرگەیان تۆپباران كرد، دوای ئەوەش هەلیكۆپتەرەكەیان هەر لە ئێمەیان دا.
داعش نیازی هەیە هێرش بكاتە سەر كوردستان
رووداو: حكومەتی عێراق داوای لێبووردنی كرد؟
مەحموود سەنگاوی: هیچ هەڵوێستێكیان نەنواند، هادی عامری تەلەفۆنێكی كرد بۆ حوسێن مەنسوور كە ئەوە هەڵەمان كرد، ئەو پێیگوتبوو هەڵەی چی بوو، 21 گوللەی تۆپتان هاویشتووە، ئەی بۆ هەلیكۆپتەرەكانتان هاتنە سەر هێزەكانی ئێمە؟
رووداو: لەو ناوچەیەی ئێوەی لێن، چەند لە سەدی خاكی كوردستانە كە لە ژێر دەستی ئێوەدایە؟ چەندی لەژێر دەستی عێراقدایە؟
مەحموود سەنگاوی: من بە ژمارە لەبەردەستم نییە، بەڵام ئێمە ئێستا دەتوانین بە هاوەنی 120 لە سەعدیە بدەین، شاری مەندەلی 90 كیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە، ئەوێ لە ژێر دەستی سوپای عێراقدایە، ئەو سوپایە خۆی نەخۆشە، نامانەوێ بچینە سەری و ئەوەندەی دیكە وێران بێت و ناوچەكە چۆڵ بكات، لەگەڵ چۆڵكردنی رەنگە بە قازانجی داعش بشكێتەوە، لەبەر ئەوە نەچووین.
رووداو: پێتوایە سەعدیە بكەوێتەوە دەستی هێزی پێشمەرگە؟
مەحموود سەنگاوی: تاوەكو ئێستا جووڵەمان نەكردووە، دەتوانین بۆردومانی بكەین، بەڵام نەمانكردووە. ئێمە سنوورمان تا حەمرینە، واتا هەر ئەوە نییە چووینە نێو شاری سەعدیەوە، سنووری كوردستان چیای حەمرینی پشتی سەعدیەیە، سەعدیەش شارێكی كوردستانییە، بە موڵكایەتی و بە تاپۆ هی كوردە.
رووداو: بەڵام لەو ماوەیە زۆربەی دانیشتووانە كوردەكەی ئاوارە بوون و چوونە خانەقین، دوای ئەوە پێتوایە ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە؟
مەحموود سەنگاوی: زەوی باوك و باپیرانیانە، هەر ئازاد بكرێت دەگەڕێنەوە، ناوی گەڕەكەكانی سەعدیە هەمووی كوردییە، هەموو مزگەوتەكان ناوی كوردییان لێیە، گۆڕی مەحموود پاشای جاف لەوێیە، كۆشكەكەی مەحموود پاشا تا ئێستا ماوە.
سوپای عێراق پڕە لە فەرماندەی دز و جەردە
رووداو: ئەو ناوچەیە هاوسنووری رۆژهەڵاتی كوردستانە (ئێران)، ئێران چ رۆڵێكی هەیە لە مەسەلەی هاوكاریكردنی شیعەكان، چونكە ئەو ناوچەیە خەڵكێكی شیعەنشینن؟
مەحموود سەنگاوی: بەداخەوە شیعەكانی ئەوی بۆ بێ بەختی، هەم شیعەن و هەم كوردن، لەبەرئەوەی چەندیان لێكوژراوە نە ئێران پشتگیری كردوون نە مالیكی پشتیوانی كردوون، هەموویان كوژران و زەوییەكانیان جێهێشت.
رووداو: ئەی هەندێك هەواڵ دەڵێن قاسم سلێمانی چووەتە ئەو ناوچەیە و سەردانی ئێوەی كردووە؟
مەحموود سەنگاوی: بە هیچ شێوەیەك كەس نەهاتووەتە لای ئێمە، كەس سەردانی ئێمەی نەكردووە، بەڵام دەڵێن چووەتە بەغداو حەقی خۆیشیانە بەرگری لێبكەن.
رووداو: بۆچی حەقی خۆیانە؟
مەحموود سەنگاوی: ئەوانە شیعەن.
رووداو: واتا تەنیا لەبەر ئەوەی شیعەن دەكرێت دەست لە كاروباری وڵاتێكی دیكە وەربدەن.
مەحموود سەنگاوی: ئەگەر شیعە نەبێت، باشووری لوبنان چ پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ئێران لێرەوە پشتیوانی دەكات، وەكو شیعەگەرێتی.
رووداو: سوپای عێراقی لای تۆ داگیركەرە؟
مەحموود سەنگاوی: من ئەو ناوچەیەی پێیدەڵێن ناوچە جێناكۆكەكان، قەت لە زمانم نەهاتووە بڵێم ناكۆكی لەسەرەكان، دەڵێم ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان.
هادی عامری درۆی لەگەڵ كردین
رووداو: ئەگەر ئەوان سوپایەكی داگیركەرن بۆ لەو ناوچەیە هەمەهانگی هەبووە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە؟
مەحموود سەنگاوی: ئێمە دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە، ئەگەرنا مالیكی و داعش هیچ جیاوازییان نییە.
رووداو: دەگوترێ بەو هۆیەی یەكێتی نزیكایەتیەكی هەیە لەگەڵ ئێران، ناتوانێت بڕیارێك بدات، لەگەڵ داعش بكەوێتە شەڕەوە یان نا، ئەوە تا چەند راستە؟
مەحموود سەنگاوی: ئەوە نییە ئێمە لە شەڕداین؟ داعش هێزێكی تیرۆریستە، پێش ئەوەی لەگەڵ مالیكی نێوانمان باش بێت یان خراپ بێت، ئێمە هەر شەڕمان بووە لەگەڵیان، ئەو هێزە كۆكراوەی ئەو هێزانەی ئەنسارولئیسلامن كە لە شارەزوور شەڕمان لەگەڵ كردن.
رووداو: وەكو یەكێتی ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ مالیكی چۆنە؟
مەحموود سەنگاوی: ئێستا پەیوەندییەكی ئەوتۆمان نییە، لە یادی شەهیدكردنی باقر حەكیم، كاك بەرهەم چووەتە بەغدا، مالیكیشی بینیوەو ئەوانیشی بینیوە، بەڵام چەند بیانبینین و نەیانبینین ئەوان درۆ دەكەن.
رووداو: تۆ پێتوایە مالیكی درۆ دەكات؟
مەحموود سەنگاوی: بەڵێ مالیكی درۆ دەكات، دوای داعش مالیكی شەڕمان لەگەڵ دەكات.
ئەو هێزەی پێشمەرگەی بۆردوومان كرد ئێمە لە دەست داعش رزگارمان كرد
رووداو: ئێستا لە ناوەندە جیهانییەكان باسی دابەشبوونی عێراق دەكرێت، تۆ پێتوایە عێراق لە دوای ئەو شەڕەوە دابەش دەبێت بۆ سێ دەوڵەت؟
مەحموود سەنگاوی: نازانم بۆ ئەم سەردەمە، بەڵام هەر دەبێت وای لێبێت، نازانم لەم رووداوەوە وای لێدێت یان رووداوێكی دیكە دێتە پێشەوە، بەڵام چارەی عێراق سێ ناوچەی فیدراڵییە، كورد، سوننە، شیعە، بەڵام بە دەوڵەتێكی مەركەزی و سەدامێكی دیكەوە بێتەوە، هەرگیز نابێت.
رووداو: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت پێشمەرگە هێرش ناكات تا هێرش نەكرێتە سەری، تۆ وەكو فەرماندەیەكی سەربازی لەو ناوچەیە چۆنی دەبینی، پێتوایە داعش هێرش بكاتە سەر كوردستان؟
مەحموود سەنگاوی: بەڵێ داعش نیازی هەیە هێرش بكاتە سەر كوردستان، وەك ئەوەی لە جەلەولا هێرش دەكات.
رووداو: هەتا كەی لەو ناوچانە دەمێننەوە؟
مەحموود سەنگاوی: هەر دەمێنینەوە و خاكی خۆمانە، خۆ خاكی خەڵكمان داگیر نەكردووە.
رووداو: ئەی دەڵێن 50 كیلۆمەتر بەرەو حەمرین ماوە، بەڵام دەڵێن ئەگەر سیاسییەكان رێگەیان بدەن، هێزی پێشمەرگە بەرەو ئەوێش پێشڕەوی دەكەن.
مەحموود سەنگاوی: من لەم كاتەدا ئەو پێشڕەوییەم پێ باش نییە.
رووداو: واتا دیسان ناوچەیەكی داگیركراومان دەمێنێت، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت؟
سوپای عێراق نەخۆشە و نامانەوێت وێرانتری بكەین
مەحموود سەنگاوی: پێویستە ئەوەندەی دەستمان كەوتووەتەوە خۆمان لەوێ قایم بكەین، قۆناغێكی دیكەی دەوێت، كاتی خۆی لە كوێ بووین، وردە وردە گەیشتینە كوێ.
رووداو: لە كابینەی هەشتەم وەزیری پێشمەرگە لە گۆڕانە، ئێوە ئامادەن وەكو فەرماندەیەك بڕیارەكانی جێبەجێ بكەن؟
مەحموود سەنگاوی: ئەگەر وەزیرێك بێت بە واتای وشە و وەكو كوردێك بیربكاتەوەو وەكو فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە بیربكاتەوە زۆر ئاساییە، لەبەرئەوەی ئەو فەرمانەی ئەو دەریدەكات، فەرمانی هەرێمی كوردستانە، فەرمانی گۆڕان نییە، من پێموایە شێخ جەعفەر وەزیری پێشووی پێشمەرگە هیچ جیاوازی نەدەكرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ