کۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر: پەیوەندییەکی بنیاتنەرانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

26-06-2023
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ خودی ئەڵمانیاش بە "زۆر گرنگ" ناودەبات و دەڵێت هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا گرنگە؛ باس لەوەش دەکات، کە ئەڵمانیا پەیوەندییەکی بنیاتنەرانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. 
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2023، کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری رووداو باسی لە گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتەکەی و پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد. 
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی ئەڵمانیای کرد و ئەمڕۆ لەگەڵ ئۆلاف شوڵتز و کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە.
 
شترایتەر باس لەوە دەکات، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا "زۆر نزیک و هاوڕێیانە و زۆر بنیاتنەریشن؛ ئەمە ئەگەر بە کورتی پێناسەی بکەم، چونکە ئەڵمانیا و کوردەکان، هەروەها ئەڵمانیا و عێراقیش هاوبەشی زۆر زۆر دێرینن. پێموایە، ئەو هاوڕێیەتی و نزیکیەی لە پەیوەندییەکەماندا هەیە، هۆکاری ئەو دێرینییەیە.".
لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا، کلاوس شترایشەر، دەڵێت، "ئەمە هەروەها زۆر گرنگە بۆ ئەڵمانیاش، بۆچی؟ چونکە عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆر بە گرنگ بۆ ئەڵمانیا دادەنرێت." وەکو خۆی دەڵێت، عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە کە لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە و هەرێمی کوردستانیش لە نێو عێراقدا هەڵکەوتووە، ئەویش زۆر گرنگە، "بۆیە ئێمە پەیوەندیی باش و بنیاتنەرانە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر بە گرنگ دەزانین."
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە چەند لایەنێکەوە بایەخی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا دەبینن؛ یەکێک لەوانە گۆڕانی کەشوهەوایە، "گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە و زۆر ئاڵنگارییەکی گەورەیە، ئەمە یەکێک لەو لایەنانەیە."
 ئەڵمانیا چەندین ساڵە چالاکانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەڕی دژی داعش دەکات و پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات. لەو بارەیەوە، شترایشەر دەڵێت، ئەڵمانیا بەشدارە لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و ناوچەکە، "ئەوەش بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، ئەمەش لایەنی دووەم. ئەوەش دەزانیت کاتێک باسی ئاوارە و پەنابەران دەکرێت، ئەڵمانیا ئێستا ماڵی دووەمە بۆ ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ئێزدی؛ ئەمەش لایەنێکی زۆر گرنگە بۆ حکومەتەکەی من و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت حکومەتی بەغدایش حەزبکات لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی لەمەدا بکات.
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا باسی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەلەمانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "حەزدەکەم ئەوە بڵێم کە دواخستنی هەڵبژاردنێک کە خۆی دواخراوە هەرگیز باش نییە."
 
ئەڵمانیا رێگەیەکی یاسایی کردووەتەوە بۆ چوونی گەنجان بۆ ئەڵمانیا بۆ کارکردن و خوێندن. لەبارەی ئەوەی کە بەرپرسانی ئەڵمانیا لە کۆنسوڵخانە چی دەکەن بۆ گەنجان، ئەوانەی زمانی ئەڵمانی لە سەنتەرە باوەڕپێکراوەکان دەخوێنن لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چوون بۆ ئەڵمانیا؛ کۆنسوڵی ئەڵمانیا دەڵێت، دەرفەت هەیە بۆ رۆیشتن بۆ ئەڵمانیا و بۆ خوێندن لەوێ، "خۆشبەختانە نووسینگەی فەرمانگەی ئاڵۆگۆڕی ئەکادیمیی ئەڵمانیامان لێرە لە هەولێر هەیە. من بۆ هەر خوێندکارێکی گەنجی کورد پێشنیاز دەکەم کە ئەگەر پلانی هەیە بچێتە ئەوێ، با خۆی لە دەرفەت، مەرجە پێشوەختەکان شارەزا بکات کە پێویستن بۆ رۆیشتنە ئەڵمانیا و خوێندن لەوێ."
 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر:
 
رووداو: پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئێستا چۆنن؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: پەیوەندییەکان زۆر نزیک و هاوڕێیانە و زۆر بنیاتنەریشن؛ ئەمە ئەگەر بە کورتی پێناسەی بکەم، چونکە ئەڵمانیا و کوردەکان، هەروەها ئەڵمانیا و عێراقیش هاوبەشی زۆر زۆر دێرینن. پێموایە، ئەو هاوڕێیەتی و نزیکیەی لە پەیوەندییەکەماندا هەیە، هۆکاری ئەو دێرینییەیە.
 
رووداو: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ئێوارە لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتز کۆدەبێتەوە؛ ئەمڕۆ بەیانیش لەگەڵ وەزارەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دارایی کۆبووەوە. بایەخی ئەم کۆبوونەوانە بۆ کوردستان یەکجار زۆرن، بۆ ئەڵمانیا چ گرنگییەکیان هەیە؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئەمە هەروەها زۆر گرنگە بۆ ئەڵمانیاش، بۆچی؟ چونکە عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆر بە گرنگ بۆ ئەڵمانیا دادەنرێن، چونکە عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە کە لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە و هەرێمی کوردستانیش لە نێو عێراقدا هەڵکەوتووە، ئەویش زۆر گرنگە. بۆیە ئێمە پەیوەندیی باش و بنیاتنەرانە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر بە گرنگ دەزانین.
 
رووداو: ئێوە وەکو حکومەتی ئەڵمانیا، تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان لە چیدا دەبینن و پێتان وایە لە چ روویەکەوە دەتوانن هاوئاهەنگی لەگەڵ بکەن؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئێمە لە چەند لایەنێکەوە ئەو بایەخە دەبینین، با لە کێشە جیهانییەکەوە دەستپێکەم کە گۆڕانی کەشوهەوایە. گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە و زۆر ئاڵنگارییەکی گەورەیە، ئەمە یەکێک لەو لایەنانەیە. ئەڵمانیا چەندین ساڵە چالاکانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەڕی دژی داعش دەکات و پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات. ئەڵمانیا هەروەها بەشدارە لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و ناوچەکە، ئەوەش بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، ئەمەش لایەنی دووەم. ئەوەش دەزانیت کاتێک باسی ئاوارە و پەنابەران دەکرێت، ئەڵمانیا ئێستا ماڵی دووەمە بۆ ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ئێزدی؛ ئەمەش لایەنێکی زۆر گرنگە بۆ حکومەتەکەی من و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت حکومەتی بەغدایش حەزبکات لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی لەمەدا بکات.
 
رووداو: چاوەڕێدەکەن دوای ئەو کۆبوونەوانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا و بەرپرسانی ئەڵمانیا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هێشتا بەهێز ببن؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: بەڵێ بە دڵنیاییەوە. ئێمە ئاڵوگۆڕمان لەنێواندایە و بەرپرسانی باڵا لە ئەڵمانیاوە دێنە عێراق و هەرێمی کوردستان. یەکێکیان سەردانی وەزیری دەرەوەمان بوو لە ئاداردا کە 4 رۆژ لە عێراق بوو و لەو چوار رۆژەش دوو رۆژیان لە هەرێمی کوردستان بوو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە حکومەتەکەی من چەندە عێراق و هەرێم بە گرنگ دەبینێت؛ هەروەها بە دڵنیاییەوە زۆر دڵخۆشین کە بەڕێزیان سەرۆک سەردانی ئەڵمانیای کردووە و بەهیواین گوتوبێژی باش و بنیاتنەر لەگەڵ زۆربەی هاوبەشە ئەڵمانییەکان بکات.
 
رووداو: چۆن دەڕواننە نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئەوە کاری من نییە قسە لەبارەی بابەتی نێوخۆیی عێراق بکەم، بەڵام تەنیا با ئەوەندە بڵێم، دانوستاندنی بودجە هەمیشە سەختە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیاش کاتێک دێتە سەر بابەتی دانوستاندنی بودجە، چەندین دیبەیت و بەگژیەکدا چوونی سیاسی روودەدات، چونکە پارە گرنگە، بۆیە ئەو بابەتە زۆر قورسە لە هەموو وڵاتێکدا. 
 
رووداو:  خەڵک و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەست دەکەن کە بەغدا بەردەوام هەوڵدەدات دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە و پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان لاواز بکات. ئەڵمانیا دەوڵەتێکی فیدراڵییە، بەهێزبوونی هەرێمەکان کارێکی باشە یان خراپە؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: من ناتوانم پێشنیاز بۆ هاوڕێ عێراقی یان کوردەکانمان بکەم، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمەی ئەڵمانییەکان ئەزموونێکی باشمان لەگەڵ فیدراڵییەکەماندا هەیە. فیدراڵیزم سیستمێکی باشە بۆ هاوسەنگکردنی هێز لە نێوان حکومەتی ناوەندی و لە نێوان هەرێمە فیدراڵییەکانیش. بە دڵنیاییەوە ئێوە ئەگەر فیدراڵیزمێکی راستەقینەتان بوێت، پێویستە پێکهاتەی سیستمێکی فیدراڵیشتان هەبێت. بۆ نموونە، ئێمە ئەنجوومەنی دووەمی نوێنەرانمان هەیە کە تەنیا پێکهاتووە لە نوێنەری هەرێمە فیدراڵییەکان. بە دڵنیاییەوە ئەگەر عێراق بیەوێت ببێتە وڵاتێکی فیدراڵی، ئەوە ئەنجوومەنێکی نوێنەرانی دووەم گرنگ دەبێت بۆ هاوسەنگکردنی دەسەڵاتەکان لەو سیستمە فیدراڵییەدا.
 
رووداو: عێراق بە پێی دەستوور فیدراڵییە، بەڵام هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمی فەرمیی وڵاتەکەیە، ئێوە چ پێشنیارتان چییە بۆ مامەڵەی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان؟ بە روانینی ئێوە، بەهێزبوونی کوردستان عێراقیش بەهێزدەکات؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: پێموایە، وەک گوتم، ئەگەر عێراق بڕیار بدات ببێتە وڵاتێکی فیدراڵیی راستەقینە و دەسەڵاتی فیدراڵی زیاتر یان ئۆتۆنۆمی بداتە هەرێمەکانی دیکەی وڵاتەکە، پێم وایە ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشەکانی وەک ئەڵمانیا کە ئەویش سیستمی فیدراڵی تێدایە و هەروەها ئەو پێکهاتەیەی هەیە کە باسم کرد، بۆ نموونە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی دووەم کە نوێنەرایەتی حکومەتەی فیدراڵییە سەربەخۆکان دەکات لە ئەڵمانیا. هەروەها ئەو ئەنجوومەنە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پارە و بودجەی ئەو هەرێمانە؛ ئەو ئەنجوومەنە هەروەها نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمە فیدراڵییەکان و حکومەتی فیدراڵیش دەکات. 
 
رووداو:  دادگای فیدراڵیی عێراق زۆر بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە. ئایا هەست دەکەن ئەو فیدراڵیەتەی عێراق هەیەتی بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات؟ یان ئایا وای دەبینن عێراق بیەوێت پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لاواز بکات؟

 

کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئەوە پرسیارێکە لە بەرپرسیارێتی مندا نییە وەڵامی بدەمەوە، ببوورە. 
 
رووداو: هەروەک وەزارەتی پلاندانی فیدراڵیی عێراق رایگەیاندووە، رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بووەتە 22 لەسەت. بەپێی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس، دۆزینەوە، دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت مافی هەرێمی کوردستانە، تەنیا بارکردنی لە بەندەری جەیهان مافی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە. بەو هۆیەوە نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە؛ ئێستا عێراق داوا لە تورکیا دەکات رێگە بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات، لە هەمان کاتدا سکاڵای نوێی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 2018 تاوەکو 2023 تۆمارکردووە. واتە بەکردەوە بەغدا نایەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە. ئێستا کە قەیرانێکی وزە لە جیهان دا هەیە، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم کێشەیەی نەوتی هەرێمی کوردستان ؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: من لێدوان لەسەر دانوستاندنی نێوان عێراق و تورکیا نادەم. ئەوە بەرپرسیارێتی من نییە، بەڵام بە گشتی وەک گوتم، هەموومان دەبێت رووبەڕووی ئەو کێشە جیهانییە ببینەوە کە گۆڕانی کەشوهەوایە و پێشموایە وڵاتێکی وەک عێراق کە زۆر دەوڵەمەندە بە گاز و نەوت پێویستە بیر لە ستراتیجیەتی نوێ بکاتەوە. دەبێت عێراق بیر لە داهاتوویەک بکاتەوە کە بەدەستهێنانی وزە لە گاز و نەوتەوە چیدیکە کردەیی نەبێت، ئەوەش لەبەرئەوەی کاریگەریی سەختی دەبێت لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و لەبەرئەوەش رۆژێک دێت سەرچاوە سرووشتییەکان هیچیان تێدا نامێنێت. پێم وایە ئەوە زۆر زۆر گرنگە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمیش ستراتیجیەتی نوێ ئامادەبکەن کە نەک تەنیا چۆن رووبەڕووی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، بەڵکو چۆن وڵاتەکەش ئامادەبکەن بۆ داهاتوویەکی بێ نەوت و گاز.
 
رووداو: پێتانوایە ئەو هەنگاوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ناویانە، لە ئاستی پێویست و لە ئاستی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادان؟ ئایا پێویستە چی بکەن؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: بە دڵنیاییەوە من پسپۆڕی گۆڕانی کەشوهەوا نیم، بەڵام ئەوەی دوای یەک ساڵ لە مانەوەم لەم ناوچەیە بینیومە ئەوەیە کە ئێستا دەڵێم دەکرا کاری زیاتر بکرایە، چونکە لە سەرەتادا باسم کرد عێراق لە ئێستاوە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. زۆرترین کاریگەری واتە بەبیابانبوون، وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان؛ هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کۆچکردنی زیاترکردووە. سەیری بەسرە بکە، سەیری زۆنگاوەکان بکە، سەیری ئەو کێشانە بکە لەوێ هەن. پێموایە وێنە و تێڕوانینێکی زۆر باشت بۆ دروستدەبێت کە وڵاتەکە لە ئێستاوە بە چیدا تێدەپەڕێت. 
 
رووداو: پێتانوایە کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت چۆن چارەسەربکرێت؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: رێگەم بدە تەنیا ئەوەندە بڵێم ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی هەولێر و حکومەتی بەغدایە کە چارەسەرێکی بنیاتنەرانە بدۆزنەوە کە چارەسەرێک بێت بۆ هەموو وڵاتەکە باش بێت بە گشتی. 
 
رووداو: وادیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. ئێوە چۆن دەڕواننە دوو ساڵ دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: حەزەکەم ئەوە بڵێم کە دواخستنی هەڵبژاردنێک کە خۆی دواخراوە هەرگیز باش نییە. هەڵبژاردن بنەمای هەموو دیموکراسییەکە و ئەگەر نەکرێت، کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر دانیشتووانەکە دەبێت. بۆیە هیوادارم هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتی سیاسییان هەیە لە هەرێمەکەدا و لە بەغداش لە گرنگی هەڵبژاردن تێبگەن تاوەکو چی زووە هەڵبژاردن بکرێت لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: زۆر جار دەگوترێت ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، بۆ ناوبانگ، وێنە و پێگەی هەرێمی کوردستان خراپ دەبێت؟ پێتانوایە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، چ زیانێک بە هەرێمی کوردستان دەگات؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: حکومەتەکەی من و ژمارەیەکیش لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا ئێستا لەگەڵ حکومەتی کوردییدا وتووێژ دەکەین تا تێیان بگەیێنین چەندە گرنگە ئەم هەڵبژاردنانە لە زووترین کاتدا بکرێن، چونکە پێمان وایە ئەوە بەشێکە لە بەرپرسیارێتی دیموکراسی هەر حکومەتێک کە هەڵبژاردن بکات و هەروەها رێگە لە دواکەوتنی بگرێت، چونکە ئەگەر سەیری ژمارەی ئەوانە بکەیت لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگیان دا زۆر کەم بوو و ئەمەش ئەوە بە من نیشاندەدات کە بە روونی ناڕەزایەتی و خەمبارییەکی زۆر لە نێو دانیشتووانەکەدا هەیە. ئەوەش لە بەرژەوەندی هەر حکومەتێکە کە هەوڵبدات رێگەی لێبگرێت. وەک گوتم، بڕبڕەی پشتی هەموو دیموکراسیەتێک هەڵبژاردنە و دەبێت بکرێت لەو کاتەدا کە دانراوە. 
 
رووداو: ئەڵمانیا بایەخێکی زۆر بە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین دەدات. چۆن دەڕواننە دۆخی مافی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین و میدیا لە هەرێمی کوردستان؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: بە داخەوە، ئێمە بەرتەسکبوونەوەی مەوداکان دەبینین؛ بەرتەسکبوونەوەی مەودای کۆمەڵگەی سڤیل؛ بەرتەسکبوونەوەی مەودای ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی راگەیاندن. ئێمە هیواخوازین بەرپرسانی نێو حکومەت و بەرپرسانی نێو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەوە تێبگەن کە ئەمە کێشەیە. ئەمە بۆ هەموو دیموکراسییەک کێشەیە. هیوادارین کە بەرپرسەکان نەک تەنیا لەوە تێبگەن کە کێشەیەک هەیە، بەڵکو چالاکانەش کاربکەن بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەربکەن. 
 
رووداو: ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیان. پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند و چەند خاڵێکی بڕیارەکە تایبەتن بە یارمەتیدانی ئێزدیان لە شنگال. ئێوە ئەم ساڵ چیتان کردووە و چی دەکەن بۆ ئێزدییەکان لە کەمپەکان لە دهۆک و بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئێمە لە رێگەی دامەزراوەی گەشەپێدانمانەوە زۆر کار دەکەین؛ زۆر پڕۆژە و پرۆگراممان لە نێو کامپەکاندا هەیە؛ کامپەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچەکانی دیکەش، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ئاوارە و پەنابەران بکەین، بە دیاریکراویش ئێزدییەکان. بەڵام زۆر روونیشە کە بەرپرسیارێتییەک لەسەر شانی بەغدا و هەولێر هەیە؛ بۆ نموونە، بەرپرسیاریێتیی زۆر گرنگی جێبەجێکردنی ئەو شتەی کە بە رێککەوتنی شنگال ناودەبرێت لە زووترین دەرفەتدا؛ هەروەها بەرپرسیاریێتیی سەقامگیرکردنی دۆخی شنگال بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوەدانبکرێتەوە و رەوشی ئەمنی باشتر بێت، بەو هیوایەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک کە حەزدەکەن بگەڕێنەوە، بتوانن بە سەلامەتی و شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە. ئێمە پێشوازیمان لە زۆر زۆر ئێزدی کردووە؛ ئێمە بە خۆشحاڵییەوە ئەو کارەمان کردووە، بەڵام بێگومان ئێمە تەواو تێدەگەین لەوەی کە کاری لەپێشینە بۆ ئەم خەڵکە کە دەیانەوێت بیکەین، رەنگە گەڕانەوە بێت بۆ سەر ماڵ و حاڵیان. هیوادارین حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەولێر هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ ئەوەی ئەو شتە بکرێت. 
 
رووداو: بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵەکوژیی کوردانی ئێزدی کە لە کانوونی دووەمەوە دراوە، چ گۆڕانکاریێکی لە سیاسەتی ئێوەدا دروستکردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کوردانی ئێزدی لێرە و لە ئەڵمانیاش؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا زۆر گرنگە؛ بێگومان ئاماژەیەکی سیاسیی زۆر بەهێزە؛ ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئێمە بەردەوام پابەند دەبین بە یارمەتیدانی خەڵکی ئێزدی لە هەر کوێ بن؛ هەروەها لە هەمان کاتدا دەڵێین زۆر گرنگە لێپێچینەوە لە تاوانکاران بکرێت، بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار بوون لەو تاوانە تۆقێنەرانەی بەسەر خەڵکی ئێزدییدا هێنراون. بێگومان بە پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاساییە و بەم ئاماژە سیاسییە، ئێمە هیوادارین کە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن. 
 
رووداو: ئەڵمانیا رێگەیەکی یاسایی کردووەتەوە بۆ چوونی گەنجان بۆ ئەڵمانیا بۆ کارکردن و خوێندن. ئێوە لە کۆنسوڵخانە چی دەکەن بۆ گەنجان، ئەوانەی زمانی ئەڵمانی لە سەنتەرە باوەڕپێکراوەکان دەخوێنن لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چوون بۆ ئەڵمانیا؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: بێگومان دەرفەت هەیە بۆ رۆیشتن بۆ ئەڵمانیا و بۆ خوێندن لەوێ. خۆشبەختانە نووسینگەی فەرمانگەی ئاڵۆگۆڕی ئەکادیمیی ئەڵمانیامان لێرە لە هەولێر هەیە. من بۆ هەر خوێندکارێکی گەنجی کورد پێشنیاز دەکەم کە ئەگەر پلانی هەیە بچێتە ئەوێ، با خۆی لە دەرفەت، مەرجە پێشوەختەکان شارەزا بکات کە پێویستن بۆ رۆیشتنە ئەڵمانیا و خوێندن لەوێ. 
 
رووداو: زۆر گەنج لە هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن بەرەو ئەوروپا. ئێوە بەنیازن هیچ پڕۆژە بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئێمە زۆر شت دەکەین، پێشتریش باسم لە پشتیوانیی گەورەی ئەڵمانیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. پشتیوانیی ئەڵمانیا تەنیا سەرنجی لەسەر پەنابەر و ئاوارەکان نییە، بەڵکو لەسەر شتەکانی دیکەشە، وەک شیاندنەوەی ژێرخان و رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵک. ئەمە بەراستی پێشانیدەدات کە بە ئەنجامدانی ئەم کارە، دەمانەوێت وڵاتەکە سەقامگیر بکەین، بۆ ئەوەی رۆڵمان هەبێت لە خزمەتکردنی ئەو خەڵکەی لێرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەژیت، هەروەها بۆ ئەوەی تێڕوانینێکیان لا دروستبکەین بەوەی کە لە رێگەی یارمەتیدانیان، دەمانەوێت لێرە لە نێو وڵاتەکەیاندا داهاتوویان هەبێت، نەک ناچاربکرێن کۆچ بۆ وڵاتێکی دیکە بکەن.
 
رووداو: زۆر جار، خەڵکی ئێرە داوای ڤیزە دەکەن، چ بۆ گەشتیاری بێت، بازرگانی یانیش چارەسەری پزیشکی، بەڵام هەست بەوە دەکرێت کە رێکارەکانی پێدانی ڤیزەی ئەڵمانی زەحمەت بوون. چ گۆڕانکارییەک روویداوە؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: مەرج و رێکارەکان نەگۆڕاون، بەڵام پڕۆسەیەکی روونی پێشکێشکردنی داواکارییمان هەیە. ئەو بەڵگەنامانەی کە داوایان دەکەین، بەڵگەنامەی گەشتیاری بن، بازرگانی یان گەشتکردنی پزیشکی بۆ ئەڵمانیا زۆر بە روونی لە سەر ماڵپەڕەکەمان دیاریکراون، بەڵام بەڕاستی کێشەکەمان زەحمەت نەکردووە. بەڵام بێگومان ئێمە گرنگی بەوە دەدەین کە دڵنیابینەوە لەوەی ئەو خەڵکەی گەشتدەکەن بۆ ئەڵمانیا، بە نایاسایی لەوێ نامێننەوە.  بۆچی گرنگی بەوە دەدەین؟ چونکە ئێمە دەزانین ئێمە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی عێراقمان هەیە بێ ئەوەی پاساوێکی یاساییان هەبێت لە ئەڵمانیا دەژین. پێویستە ئەوان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بگەڕێندرێنەوە. بە داخەوە کە دەیڵێم، بەڵام ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکە کوردن. ئێمە گرنگی بە رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەدەین، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر رێوشوێنەکانی ڤیزە، مەرجەکانی روونن و بێگومان ستافەکەم دووبارە پشکنین دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هەموو شتێک دروستە پێش ئەوەی هیچ شتێک بدەین.
 
رووداو: ئایا ئاسانکاری کۆکردنەوەی خێزان بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان (سووریا) دەکرێت لە کۆنسوولخانەی ئێوە؟
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئەوان دەتوانن بێنە کۆنسوڵخانە. ئێمە خزمەتگوزاری پێشكێش بە پەنابەر و ئاوارەی سووری دەکەین ئەگەر مەرجە پێشوەختەکانیان تێدابێت بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ خێزانەکانیان لە ئەڵمانیا کۆیانبکەینەوە. 
 
رووداو: ئێستا چەند کۆمپانیای ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئایا کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بەنیازی هیچ پڕۆژەی تازەن لە هەرێمی کوردستان؟

 

کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئێمە... ئەوە پرسیارێکە زۆر وردەکاری هەڵدەگرێت، رێگەم بدە سەرەتا بڵێم، بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە پەیوەندیی ئابووریی نێوان ئەڵمانیا و عێراق و لە نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بەهێزبکەین. بەم دواییانە شاندێکی بازرگانیی گەورە کە لە زیاتر لە 13 کۆمپانیا پێکهاتبوو، هاتنە هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران و  هەموو ئەندامانی پەیوەندیداری حکومەت هەبوو. پێم وایە ئەوە زۆر گرنگە. ئێمە کار لەسەر دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە سەردانانە دەکەین. ئێمە ژوورێکی بازرگانیمان هەیە کە لێرە لە هەولێرە و رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت. ئەگەر هەڵە نەبم، پێم وایە نزیکەی 90 کۆمپانیای ئەڵمانیمان هەیە کە ئێستا لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون. ئەوە بناخەیەکی زۆر باشە، بەڵام بێگومان دەمانەوێت کۆمپانیای زیاتر بێن، ئێمە بەشێوەیەکی چالاک کاردەکەین و لە نزیکەوە لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیداین لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدەستبێنین. 
 
رووداو: باسی پڕۆژەیەکی کۆکردنەوە و پێکەوەبەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دەکرا، ئایا ئەو پڕۆژەیە دەکرێت ؟
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: ئەوەم خوێندووەتەوە لە هەواڵ و میدیاکاندا، بەڵام بەڕاستی ئاگادار نیم ئەو پڕۆژەیە چۆنە و بە چ شێوەیەکە، واتە شتێکی لەو جۆرەمان لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکانەوە گوێ لێ نەبووە، بەڵام بێگومان کۆمپانیا ئەڵمانییەکان هەموو کات کۆنسوڵخانە لە پڕۆژە و پلانەکانیان ئاگادارناکەنەوە. لەوە زیاتر ناتوانم هیچی دیکە سەبارەت بە پرسیارەکەت بڵێم.
 
رووداو: جەژنی قوربان نزیکە. چ پەیامێکتان هەیە؟ 
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: بەڵێ، بۆ هەموو هاوڕێ کورد و عێراقییەکانم هیوای جەژنێکی خۆش دەخوازم. جەژنتان پیرۆزبێت،  هیوادارم جەژنێکی ئارام بێت. خەڵک دەرفەتی بینینی خێزان و ئازیزانیان دەبێت هەروەها پێکەوە لەگەڵ خێزان و ئازیزانیان کاتێکی خۆش بەسەردەبەن. ئەمە هیوای منە بۆ هەموو هاوڕێیانم لە کوردستان. 
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز کۆنسوڵ بۆ ئەم دەرفەتە. 
 
کۆنسوڵی ئەڵمانیا: زۆر سوپاس دووبارە بۆ میوانداریکردنم. خۆشحاڵ و شەرەفمەند بووم.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئادریان ئێسڵستاین، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا: زۆربەی بازرگانیی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە

کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ئادریان ئێسڵستاین، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی دا، ئێسڵستاین ئاشکرای دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هۆڵەندا و عێراق ساڵانە دەگاتە 6 ملیار یۆرۆ و، هۆڵەندا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا.