نادین ماینز باس لە ترس و هیوای کەمینەکانی سووریا لەژێر سایەی گۆڕانکارییەکاندا دەکات

27-04-2025
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی نادین ماینز، سەرۆکی پێشووی کاروباری ئاینزاکان لە ئەمریکا لەبارەی سووریا لەگەڵ رووداو
هەڤپەیڤینی نادین ماینز، سەرۆکی پێشووی کاروباری ئاینزاکان لە ئەمریکا لەبارەی سووریا لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان تێڕوانینی خۆی لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی سووریاوە دەخاتەڕوو، پاش گەڕانەوەی لە سەردانێکی لە سووریا، باس لە گۆڕانکارییە خێراکان و تێکەڵاویی هەستی هیوا و نیگەرانی دەکات، کە لەلایەن پێکهاتە جیاوازەکانەوە، بەتایبەتی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەستی پێدەکرێت لەژێر سایەی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەدا.
 
نادین ماینز، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان باس لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، کە توانیویەتی ئاستێکی بەرچاو لە ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بهێنێتە ئاراوە، تەنانەت لە ناوچەکانی وەک رەققەش کە پێشتر لەژێر چنگی داعشدا بوون. ئەو جەخت لەسەر هەوڵەکانی یەکڕیزیی کورد، بەتایبەتی لەنێوان لایەنە کوردییەکان و کارگێڕیی خۆسەر، دەکاتەوە و ئاماژە بە کۆبوونەوە ئەرێنییەکانی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکات. سەرەڕای گەشبینییە سەرەتاییەکان سەبارەت بە پاراستنی دەستکەوتەکان و دامەزراوە خۆجێیەکان، هێشتا نیگەرانی لە هاتنی هێزە ئیسلامییەکانی ئیدلیب بۆ ناوچەکانیان هەیە.
 
سەبارەت بە دۆخی کەمینەکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، ماینز نیگەرانیی قووڵی کەمینە لاوازەکانی وەکو ئێزدی و عەلەوییەکان دەخاتەڕوو، کە ترسیان هەیە گۆڕانکارییەکان ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی بوونیان لە ناوچەکە، بەتایبەتی ئەگەر گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان دەسەڵاتی سەربازی و ئیداری بگرنەدەست. ئەو ئاماژە بە ئەزموونی تاڵی عەفرین دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە خەڵکی خۆجێیی خۆیان ناوچەکانیان بەڕێوەببەن، نەک ئەو میلیشیایانەی پێشتر تاوانیان لە دژیان ئەنجام داوە.
 
ماینز تیشکی خستە سەر دیدگای کەمینەکان، بەتایبەتی کریستیانەکان، کە لە سەردەمی ئەسەدیشدا هەستیان بە هاووڵاتیبوونی تەواو نەکردووە و ئێستاش داوای مافی یەکسان و هاووڵاتیبوون دەکەن، نەک پارێزگاریلێکردنی تایبەتیان وەکو "کەمینە". هەروەها باس لە کێشەی یاسایی ئێزدییەکان دەکات کە لە سەردەمی ئەسەددا بە موسڵمان تۆمار کرابوون، ئەمەش زیاتر لاوازی کردوون لە بەرامبەر تووندڕەوەکاندا.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نادین ماینز، سەرۆکی پێشووی کاروباری ئاینزاکان لە ئەمریکا لەبارەی سووریا:
 
رووداو: نادین ماینز، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر خۆشحاڵم، بەخێرهاتنت دەکەم بۆ رووداو.
 
نادین ماینز: سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
 
رووداو: سوپاس. تۆ تازە لە سووریاوە گەڕاویتەوە. زۆر سەرنجڕاکێشە. پێم بڵێ، وەکو پێشتر پێت گوتم، تۆ لە شوباتدا لە رۆژئاڤا بوویت و ئێستاش سەردانی دیمەشقت کردووە. دوا سەردانت چۆن بوو؟
 
نادین ماینز: زۆر سەرنجڕاکێش بوو لە باکووری رۆژهەڵات. لە 5 - 6 ساڵی رابردوودا نزیکەی 12 جار سەردانم کردووە، بە وردی لێکۆڵینەوەم کردووە لەوەی چۆن ئەو خۆبەڕێوەبەرییەیان دروست کردووە، کە کۆمەڵگەی گۆڕیوە و یەکێک لە باشترین دۆخەکانی ئازادیی ئایینی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەکەدا بەرهەم هێناوە، چۆن هاتوونەتە ئەم کۆمەڵگایانەی وەکو رەققە، کە پێشتر لەژێر خەلافەتی داعشدا بوو و ئێستا نیوەی سەرکردەکان ژنن و کەنیسەیان تێدایە، هەرچەندە زۆربەی کریستیانەکان کە هەڵاتن، نەگەڕاونەتەوە؛ بەڵام بێگومان هیچ دووژمنایەتییەک بەرامبەریان نییە. شێوازێکی نوێی پێکەوەژیان هەیە کە بەڕاستی گۆڕاوە. هەوڵم داوە تێبگەم چۆن ئەمەیان کردووە و چۆن سیاسەتی ئەمریکا دەتوانێت باشتر بێت بۆ هاندانیان تاوەکو بتوانن گەشە بکەن و بەردەوام بن لە پرۆژەکەیان. هەروەها کەسانێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێن و یارمەتییان بدەن. ئەوەی دەیبینین ئەم یەکگرتنەیە، بێگومان باسی یەکگرتنی کوردیت بیستووە لەگەڵ پارتی و هەرێمی کوردستان، ئەنەکەسە پشتگیریی کارگێڕیی خۆسەر دەکات و ئێستا کۆنفرانسێکیان هەیە لە سێشەممە. کریستیانەکان ئێستا زیاتر یەکگرتوون. عەرەبەکانیش کە قسەم لەگەڵ کردوون نایانەوێت لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقدا بن، پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامییەکاندا بوون و باش نەبوو بۆیان و نایانەوێت ئەو ئەزموونە تاڵە دووبارە بکەنەوە. دڵخۆشکەر بوو کە ئەو یەکگرتووییە ببینم، وا دیاربوو گەشبینییەک هەبوو لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم و سەرکردەکانی دیکە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع باش بووە. دانوستاندنەکانیان ئەرێنی بووە. هیوای راستەقینەیان ئەوەیە بتوانن یەکبگرن و هاوکات ئەو دامەزراوە شارستانی و حکومییانە بپارێزن کە لە ئاستی کانتۆنەکاندا دروستیان کردوون کە زۆر گرنگ بوون بۆ کۆمەڵگەکەیان و هەموو ئایین و نەتەوە و پێگە جیاوازەکانی تێدا بەشدارە. ئەوەی نایانەوێت ئەوەیە شەڕکەرانی ئیدلیب و شەڕکەری بیانی ببن بە ئاسایشی گوندەکانیان یان بێن و بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنەکانیان بگرنە دەست، کاتێک خەڵکی کۆمەڵگەکە خۆیان ئەم کارە دەکەن و دەبێت بەردەوام بن لە کردنی. پێم وایە ئەمە زۆر مەنتیقییانەیە. رێگەیەک هەیە کە ئەوە بکرێت و تەنانەت دیمەشقیش بەهێز بکات. تەنانەت باسی فیدراڵییش ناکەن، شتێکی کەمترە لەوە. زیاتر وەکو ئەوەیە کە کانتۆنی خۆجێیی بەردەوام بێت و بێتە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق. دیارە هەندێک کەس دەچن و دێن و هەندێکیان دەچنە دیمەشق و هەندێک لە دیمەشقەوە دێن، بەڵام داگیرکردن نابێت. ئەمە هیواکەیە. لەو رووەوە، هاندەر بوو؛ بەڵام زۆربەی کۆمەڵگە زۆر لاوازەکان، وەکو ئێزیدییەکان و عەلەوییەکان، ئەمە بە کۆتایی دەبینن. پێیان وایە کۆتایی کۆمەڵگەکانیان دەبێت لە باکووری رۆژهەڵات. هیچ رێگەیەک نییە بتوانن بمێننەوە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی ئەم ئیسلامییانەدا بن. ناچار بوون هەڵبێن کاتێک سوپای نیشتمانیی سووریا هێرشی کردە سەر عەفرین. هەموو ئاوارە ناوخۆییەکان دەڵێن "بۆستە، ئێمە پێشتر ئەمەمان تاقی کردووەتەوە و باش نەبووە." لە شوباتدا هیوایەکی زۆر هەبوو لە دیمەشق کاتێک سەردانم کرد، بەڵام دوای ئەوە تووندوتیژییە ترسناکەکەی ئادار روویدا کە وڵاتەکەی هەژاند، چونکە ئەو هیوایە هەبوو کە ئەوان بەڕاستی ئیسلامی نین. ئەوان بوون و ئێستا دەیانەوێت ببنە حکومەتی فەرمی. دیارە پێم وانییە ئەمە ئەوە بێت کە شەرع دەیویست. پێموایە سەرۆکی سووریا لەو تووندوتیژییە رازی نەبوو. بەداخەوە، هەموو رۆژێک بەردەوامە و کەمترین رووماڵی میدیایی دەکرێت. بیستوومانە ژنانی عەلەوی رفێندراون. هەوڵ دەدەین وردەکاریی زیاتر بزانین، بەڵام هەموو رۆژێک زانیاریی زۆر نیگەرانکەر لەسەر کارەکانی ئەم ئیسلامی و شەڕکەرە بیانییانە دێتە دەرەوە. هیچ کەس ئەمەی لە باکووری رۆژهەڵات ناوێت.
 
رووداو: تۆ مەزڵووم عەبدیت بینی؟
 
نادین ماینز: بەڵێ.
 
رووداو: رای ئەو چی بوو لەبارەی یەکگرتنی کوردی و کۆنفرانسەکە؟ ئینجا دوایی لەبارەی دیدارەکەیەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا لێت دەپرسم. لەبارەی یەکگرتنی کوردییەوە پێم بڵێ.
 
نادین ماینز: ئەو زۆر کاریگەرە بەو یەکگرتنە. گفتوگۆکانی زۆر باش بەڕێوەچوون. چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆک زۆر ئەرێنی بووە. پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرە هەیە و بەردەوام لەگەڵ ئەنەکەسە لە حەسەکە کۆدەبێتەوە. منیش چاوم پێیان کەوت و ئەوانیش کاریگەر بوون. کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەیە، پەیوەندییان هەیە و لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە دەبێتە ئەو لیژنەیەی دەچێتە دیمەشق بۆ دانوستاندن لەسەر هەندێک لەم شتانە. هەمان ژمارەی ئەنەکەسە و پەیەدەی تێدا دەبێت، لەگەڵ کەسانی سەربەخۆی تر.
 
رووداو: ئەی لەبارەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا چی دەڵێیت؟ ئایا ئەرێنی بوو؟ ئایا پێیوایە بەڕاستی ئەحمەد شەرع پابەندی بەڵێنەکانی و واژۆکەی دەبێت؟
 
نادین ماینز: ئەو بە جۆشوخرۆش بوو بەوەی هەر کۆبوونەوەیەک کردبێتیان لەوەی پێشووی باشتر بووە. پێیوایە رێککەوتنێک دەکرێت کە بۆ هەردوولا سوودبەخش بێت. بێگومان ئەو رێککەوتنەی پێشتر واژۆیان کرد تەنیا سەرەتایەک بوو...
 
رووداو: تەنیا ناونیشان بوو.
 
نادین ماینز: بەڵێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێک خاڵی ئەرێنیی تێدا بوو. بۆ یەکەم جار دانی بە کورددا نا، باسی گرنگیی هەموو ئایین و نەتەوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای کرد. هەروەها زەمینەی خۆشکرد کە هەتەشە نەیەتە ناوەوە و هێزەکانی خۆیان وەکو ئاسایشی خۆجێیی بمێننەوە. کەواتە، گەشبینییەکی زۆر هەبوو.
 
رووداو: باشە. باسی عەفرینت لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کرد؟
 
نادین ماینز: بەڵێ، هەموومان باسی عەفرینمان کرد. تەنانەت لەگەڵ یاریدەدەرەکانی شەرعیش، چونکە پێیان گوتم یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی بووە و دەیویست هەر کە بچێتە دیمەشق کێشەی عەفرین چارەسەر بکات.
 
رووداو: لەم سەردانەدا چاوت بە شەرع کەوت؟
 
نادین ماینز: نا، بە خۆی نا، بەڵام چاوم بە هەندێک لە یاریدەدەرەکانی کەوت.
 
رووداو: لەم سەردانەدا؟
 
نادین ماینز: لە شوباتدا.
 
رووداو: لە شوباتدا. باشە.
 
نادین ماینز: پەیوەندیمان بەردەوام بوو و نوێنەرەکانی پێیان گوتم کە عەفرین کاری لەپێشینەیە بۆی. دوو جار چوومەتە ئەوێ و خواستی گۆڕینی بەڕێوەبەرێتییەکە هەبوو تا هەموو کەس بتوانێت بگەڕێتەوە. بەداخەوە ئەمە رووینەدا، چونکە سوپای نیشتمانیی سووریا، هەمان ئەو کەسانەی کە تاوانیان دژی ئێزدی و کریستیان و کوردەکان کردبوو، ناچار بە هەڵاتنیان کردبوون، ئێستا لە پۆستی حکومیدا دانراون. لەگەڵ یەکێتیی ئێزدییەکان کۆبوومەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دەیان خێزان ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە هەست بە ئارامی ناکەن لەژێر دەسەڵاتی ئەو کەسانەی تاوانیان دژیان کردووە. وەکو ئەوە وایە بڵێی، داعش ئێستا دەبێتە پارێزگار یان شارەوانیی شارەکەت. بۆیە دیسان، خەڵکی خۆجێیی دەبێت بەرپرسی بەڕێوەبردنی خۆیان بن. سەرکردەکانی میلیشیای سوپای نیشتمانیی سووریا نابێت سەرپەرشتیی عەفرین بکەن. هیوادارم... دەزانم قورسە تورکیا و ئەو میلیشیایانەی پشتگیریی تورکیایان لەپشتە دەربکرێن، پێموایە ئەمە دۆخێکی ئاڵۆزە کە دەیبینین لە پەیوەندیدا بە شەرعەوە کە پشتگیریی تورکیای هەیە، بەڵام هەندێک جیاوازیی بیروڕایان هەیە، وادیارە عەفرین یەکێکە لەوانە.
 
رووداو: نادین، کاتێک سەیری سووریا دەکەیت، بەتایبەتی کەمینەکان، ئێزدی، کریستیان و عەلەوییەکان، پێشتر رژێمی ئەسەد رژێمێکی ئایینی نەبوو؛ بەڵام تەنانەت ئەوکاتیش کریستیانەکان هەستیان نەدەکرد مافیان هەیە لە سووریا. ئێستا کە ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، کاتێک قسە لەگەڵ کریستیان و ئێزدییەکان دەکەیت، هەست بە چی دەکەن؟ هەست بە ئارامی و دڵنیایی دەکەن بۆ داهاتوویان لە سووریا؟
 
نادین ماینز: لە شوباتدا کاتێک لەگەڵ سەرکردە ئایینییەکانی هەموو ئایینەکان کۆبوومەوە، زۆربەی پەتریارک و کۆمەڵگە کریستیانە جیاوازەکان، تەنانەت لە دەرەوەی دیمەشقیش، روون بوو کە پێیان وابوو ئەسەد سووریای دابەش کردووە بە زۆرینە و کەمینە و لایەنگری کەمینەی کردووە و زۆرینەی پەراوێز خستووە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەم کۆمەڵگایانە هەبووە. داواکارییان لە ئێمە ئەوە بوو کە نایانەوێت وەکو کەمینە لە سووریا بپارێزرێن. داوای هاووڵاتیبوونی یەکسانیان دەکرد، دەیانەوێت لەگەڵ دراوسێ سوننەکانیان بژین و هەمان مافی هاووڵاتیبوونیان هەبێت. نایانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیاوازییان لەگەڵ بکات. زۆر سەرنجڕاکێش بوو، چونکە هەرچەندە ئەسەد ئایینی نەبوو و وا دەرنەدەکەوت ئایین بەشێکی گەورە بێت لە کارەکانی، بەڵام بۆ دابەشکردنی خەڵک بەکاری دەهێنا و ئەمەش دەسەڵاتی زیاتری پێدەدا. ئێستا خەڵک زۆر نیگەرانن بەهۆی تووندوتیژییەکانی ناوچەی کەناری، خراپترین ترسەکانیان هاتنەدی. بۆ ئێزدییەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا، یاساکەی گۆڕیبوو بۆئەوەی وەکو موسڵمان دابنرێن و نەتوانن خۆیان وەکو ئێزدی بناسێنن. ئەمە کۆمەڵگەکەی بە تەواوی پەراوێز دەخات و وایان لێدەکات ئەگەر بڵێن ئێزدین، وەکو هەڵگەڕاوە سەیر بکرێن، چونکە ناسنامەکانیان دەڵێت موسڵمانن. ئەمەش زیاتر لە بەرامبەر تووندڕەوەکاندا لاوازیان دەکات. گرنگە، جا هەر کەسێک سووریا بەڕێوە ببات، هەر حکومەتێک لە دەسەڵاتدا بێت، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبێت خۆی وەکو ئایین و نەتەوەی خۆی بناسێنێت، ئێزدییەکانیش دەبێت ئەم مافەیان هەبێت.
 
رووداو: لەبارەی داهاتووی سووریاوە هەسەت بە گەشبینی دەکەیت، بەتایبەتی بۆ کەمینەکان و کەمینە ئایینییەکانی وەکو ئێزدی، کریستیان و درووز؟
 
نادین ماینز: بەڵێ، من رێگەیەک دەبینم بۆ سووریایەکی بەهێز، تەنانەت بە هەبوونی ئەم حکومەتەش. پێموایە رێگەیەک هەیە وا بکرێت کە شەرع کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لەچنگدا بێت وەکو سەرۆک، هەندێک دامەزراوەی دیموکراتی هەبن کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن، باکووری رۆژهەڵات دامەزراوەکانی خۆی بپارێزێت، لەوانەیە درووزییەکانیش شتێکی هاوشێوە بکەن. دەستوورێک هەبێت مافی هەمووان بپارێزێت و هاووڵاتیبوون بە خەڵک ببەخشێت. ئەمە دەبێتە هۆی پشتگیریی نێودەوڵەتی و بەم شێوەیە سووریا دەتوانێت بە خێرایی چاک ببێتەوە، بەڵام ئەگەر کەمینەکان پەراوێز بخات و بڵێت، "ئێمە کۆماری عەرەبیی سووریاین، هەموو کەسێکی دیکە لاببات، تەنیا سوننەکان لە پێشەوە دابنیشن و ئەوانی دیکە لە دواوە"، ئەمە پەیامی خراپ دەنێرێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پێم وانییە لەو سیناریۆیەدا ئامادەبن گەمارۆکان هەڵبگرن. بۆیە پێم وایە لە بەرژەوەندیی ئەوە و گرنگیشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێبگات بە هەڵگرتنی گەمارۆکان بەبێ مەرج چاکەی لەگەڵ ناکەن، چونکە پێویستیی بە بیانوویەکە بۆ ئەم گۆڕانکارییانە لای بنکە جەماوەرییەکەی خۆی کە بەم خۆشحاڵ نین. ئەگەر بڵێن، "بۆ گەمارۆکان هەر چیت دەوێت بیکە" و ئەویش بیکات، خەڵک لێی تووڕە دەبن، چونکە بە ویستی خۆی کردوویەتی. پێموایە دەبێت وا دەربکەوێت کە ئێمە ناچارمان کردووە. ئەو کات دەتوانێت بڵێت "دەزانن چییە، ناچار بووین لەبەر ئەمە بیکەین." بۆیە پێم وایە گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەردەیەکی بۆ دروست دەکات کە یارمەتیی دەدات بتوانێت ئەم بڕیارە قورسانە بدات.
 
رووداو: چۆن سیاسەتی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر سووریا پێناسە دەکەیت؟
 
نادین ماینز: پێم وایە هێشتا هەوڵ دەدەن لێی تێبگەن. دیارە نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەبارەی رابردووی ئیسلامیی ئەوەوە کە ئەمەیش هۆکاری باشی هەیە. دەزانم راستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ نەکردووە. وادیارە لەم کاتەدا تەنانەت دان بە حکومەتەکەشدا نانێن وەکو حکومەتێکی یاسایی. هیوادارم کاتێک لە گەشتەکەم دەگەڕێمەوە، بتوانم راپۆرت بدەمە بەرپرسانی حکومی لەبارەی ئەوەی بیستوومە و بینیومە و، ئەو رێگایانەی پێشەوە کە پێم وایە دەکرێت بۆ سووریا سەرکەوتن بێت، بۆ هەموو لایەک. وڵاتێکی زۆر فرەچەشنە، ئەگەر سەیری نەخشەی فرەیی ئایینی بکەیت، ژمارەیەکی زۆر ئایین و نەتەوەی جیاواز هەن. مێژوویەکی درێژیان هەیە لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە. ئەگەر سەیری ساڵانی زوو بکەیت، جەنگ لە هەموو سووریادا نەبووە، تەنیا لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا هەبووە. کەواتە چۆن تێپەڕین لە ساڵانی رژێمی ئەسەد؟ پێموایە پێویستی بە ئاشتەوایی قووڵە. گرژیی تایفیی راستەقینە لەنێوان سوننە و عەلەوییەکاندا هەیە، بۆ نموونە، کە ئێستا زۆربەی تووندوتیژییەکانی لێ دەبینین. رێگە هەیە شەرع پسپۆڕانێک بێنێت کە ئەمەیان لە رواندا و وڵاتانی دیکە کردووە، کە یارمەتیی چاکبوونەوەیان داوە دوای تاوانی ترسناک، کە سووریا پێویستی بەمەیە. کەواتە زۆر شت هەیە دەکرێت بکرێن بۆ بردنە پێشەوەی سووریا. هیوادارم، بەڵام دەشزانم زۆر شت هەیە دەکرێت هەڵە بڕوات. بۆیە گرنگە زیان نەگەیێنین. دەبێت زۆر وریا بین لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە یان باسکردنی شتێک راست نەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژیی تایفی. خەڵک وا دەزانن باسی کوشتاری بەکۆمەڵی کریستیانەکان دەکەن، بەڵام ئەمە رووی نەداوە. ئەمە تەنیا گرژییەکانی زیاتر کرد لە وڵاتدا و یارمەتیی کەسیی نەدا. دەبێت زۆر وریا بین لە چۆنێتیی قسەکردن لەسەر سووریا، چونکە پێویست ناکات بارودۆخەکە لەوەی هەیە خراپتر بکەین.
 
رووداو: نادین ماینز، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
نادین ماینز: زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان.
 
رووداو: بەخێربێن. 
 
نادین ماینز: سوپاس.
 
رووداو: سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات