پیتەر گالبرێس: خواستی کورد لە عێراق و سووریا لەیەکدی جیاوازە
رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتێکی نێوداری ئەمریکی دەڵێت، خواستی کورد لە عێراق جیاوازە لە خواستی کورد لە سووریا، کوردی عێراق سەربەخۆیی دەوێت، بەڵام کورد لە سووریا داوای سەربەخۆیی ناکات.
پیتەر گالبرێس، دیپلۆمات و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لە دۆخی ناوچەکە، دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران و تێڕوانینی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ پێشهاتەکان کرد. ئەو پێیوایە، ئێستا دەرفەتی رێککەوتن لەنێوان واشنتن و تاران زیاترە، چونکە ئێران لە ناوچەکەدا کاریگەریی نەماوە و "تەنیا لە بەشە عەرەبییەکەی عێراق کاریگەریی ماوە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی."
هەروەها ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە بە دیاریکراوی باس لە دۆخی سووریا دەکات و دەڵێت، ئەحمەد شەرع وابەستەی تورکیا نابێت، بەڵام کاریگەریی تورکیا لەسەر سووریا زیاتر دەبێت بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی، بەو پێیەی وڵاتە عەرەبییەکانی دراوسێی سووریا وەکو لوبنان، ئوردن و عێراق خۆیان گرفت و کێشەیان هەیە و ناتوانن پێگەیان لە سووریا بەهێز ببێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پیتەر گالبرێس، دیپلۆماتکاری ئەمریکا:
رووداو: سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی هەموو شتێکی گۆڕا، بەڵام پێش ئەوەی بێینە سەر عێراق، دەمەوێت لە سووریاوە دەستپێبکەم، چەند رۆژێک پێش ئێستا راگەیێندرا کە هێزەکانی ئەمریکا بە رێژەی 50% کەم دەکرێنەوە، پێتوایە لە ساڵی 2026دا هێزی ئەمریکی لە سووریا دەبینین یان هیچ هێزێک نامێنێت؟
پیتەر گالبرێس: لەگەڵ ترەمپدا پێشبینیکردن ئەستەمە، رەفتاری زۆر ناجێگیرە و هیچ ستراتیژێکی دیار نییە، پێموایە کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، گرنگ ئەوەیە کە هەندێک هێز لەوێ بمێنێتەوە و توانای بەکارهێنانی هێزی ئاسمانیی هەبێت بۆ لێدانی داعش کە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، چونکە دۆخی سووریا دەرفەتی نوێ بۆ داعش دەڕەخسێنێت. هیوادارم ترەمپ تێبگات کە وازهێنان لە رۆژئاوا و بەجێهێشتنی بۆ داعش یان دیمەشق، شتێکی باش نابێت بۆی، من لەگەڵ ئەوانەدام کە دەڵێن ئەحمەد شەرع گۆڕاوە، بەڵام کەسانی دەوروبەری نەگۆڕاون، ئەمانە کۆمەڵێک کەسن کە قاعیدە و داعش بوون، کەواتە پێدەچێت ژیرانە بێت کە هەندێک هێز لە سووریا بمێنێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوە، تاوەکو داعش بە تەواوی لە سووریا لەناونەچێت و تاوەکو داهاتووی سووریا روون نەبێتەوە، کە نابێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی، پێویستە هێز بمێنێتەوە.
رووداو: کەواتە بابەتەکە پەیوەندیی بە ژمارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە بوونی هێزەوە هەیە؟
پیتەر گالبرێس: پێموایە ئەوە راستە، تاوەکو ئەو کاتەی هێزی پێویست هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان و هاوئاهەنگیکردنی هێرشە ئاسمانییەکان، گرنگ نییە 2000 کەس بن یان 800 کەس، بۆیە وا نازانم ئەو کەمکردنەوەیە زۆر گرنگ بێت.
رووداو: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا چییە؟ بۆ من قورسە تێیبگەم و وێنەیەکی روون نییە، بۆ تۆش هەر وایە؟
پیتەر گالبرێس: هۆکاری ئەوەی وێنەیەکی روون نابینین، ئەوەیە کە هیچ سیاسەتێک نییە.
رووداو: هیچ سیاسەتێک نییە؟
پیتەر گالبرێس: هێشتا بڕیاریان نەداوە ئایا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکەنەوە یان نا، بڕیاریان نەداوە سزاکان هەڵدەگرن یان نا، بڕیاریان نەداوە چۆن سەیری شەرع دەکەن، بڕیاریان نەداوە ئایا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەمێننەوە یان نا، تەنانەت ستراتیژییەکی گەورەتریش نییە کە بتوانین پێشبینیی داهاتووی پێ بکەین، بۆیە بە تەواوی هیچ نازانین.
رووداو: هەر بەڕاستی ئەمە بە واتای نەبوونی سیاسەتە؟
پیتەر گالبرێس: بە شێوەیەکی ئاسایی، کاتێک گۆڕانکاری لە ئیدارەیەکەوە بۆ ئیدارەیەکی دیکە دەبێت، سیاسەتی ئیدارەی پێشوو بەردەوام دەبێت و بە هێواشی گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، بۆ نموونە کاتێک باراک ئۆباما دوای جۆرج بووش بووە سەرۆک، سەرەڕای ئەوەی دژی جەنگی عێراق بوو، بەڵام هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بەردەوام کرد، هەرچەندە کەمی کردەوە، بەڵام هیچ شتێکی رادیکاڵانە نەبوو، ئەوەی ترەمپ دەیکات کاری رادیکاڵانەیە، رۆژێک باج بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت، سبەینێ لایدەبات، بازاڕی بۆرسە هەڵدەکشێت و دادەکشێت، هەندێک کەس پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەن، رەفتارێکی سەیرە و ناتوانین بڵێین چی دەکات.
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی باشی تورکیا، بەتایبەت ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپ، وەکو هەردووکیان دەڵێن؛ پێتوایە کورد لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ دیمەشق دەتوانێت بۆ پشتگیریی سیاسی پشت بە ئەمریکا ببەستێت؟
پیتەر گالبرێس: نا، پێموانییە بتوانن پشت بە پشتگیریی سیاسیی ئەمریکا ببەستن، بەڵام پێموایە دۆخەکە بەگشتی بۆ کوردی سووریا هیوابەخشە، یەکەم پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوامە و ئۆجەلان داوای کردووە پەکەکە چەک دابنێت و هەڵبوەشێتەوە، کە ئەمە گرنگترین ئامانجە بۆ تورکیا. دووەم، راستییەکە ئەوەیە کە هەسەدە هێزێکی گەورەتر، باشتر پڕچەککراو، باشتر راهێندراو و باشتر رێکخراوە لە هەتەشە یان سوپای نوێی سووریا، چارەسەری سەربازی بۆ دیمەشق ئاسان نابێت، پێشم وانییە تورکیا بیەوێت چارەسەری سەربازی بەکاربهێنێت لەو کاتەدا کە سەرقاڵی پرۆسەی ئاشتییە، کەواتە ئەمە دەرفەتێکە بۆ کوردی سووریا، بەڵام سێ شت پێویستە رووبدات بۆئەوەی سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت، یەکەم پێویستە یەکگرتوو بن و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) پێویستە بەرنامەیەکی هاوبەش پێکبهێنن. دووەم، پێویستە داواکارییەکانیان روون بن، بەتایبەتی دوو داواکاری: یەکەم و گرنگترینیان، پێویستە پێداگری بکەن لەسەر ئەوەی دەستووری نوێی سووریا لەلایەن ئەنجوومەنێکی دامەزرێنەری هەڵبژێردراوەوە بنووسرێت، نەک لەلایەن کەسانێکەوە کە شەرع دایاندەنێت، دەستوور ئەنجامی سازانە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتدا. لە سووریادا، 35% بۆ 40%ی دانیشتووان کورد، عەلەوی، کریستیان و درووزن، لە 60% بۆ 65%ی عەرەبە سوننەکانیش ژمارەیەکی زۆریان عەلمانین، کەواتە ئەگەر لەڕێگەی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنەوە بێت، دەستوورێکی ئیسلامی نایەتە کایەوە. بابەتی دووەم کە پێویستە داوای بکەن، فیدراڵییە؛ فیدراڵی لە وڵاتێکی وەک سووریا کاریگەرە، چونکە لە رۆژئاوا یاسای عەلمانی و یەکسانیی رەگەزی هەیە، نیوەی بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان ژن و نیوەکەی دیکەیان پیاون، لە ئیدلیب دەوڵەتێکی ئیسلامییان بەڕێوەبردووە، لە سیستمێکی فیدراڵیدا دەتوانرێت هەردووکیان جێبکرێنەوە، ئەگەر بچیتە دەوڵەتێکی ناوەندی، لایەنێک دەباتەوە و لایەنەکەی دیکە دەدۆڕێت، کە دەبێتە سەرچاوەی گرژی. ئەم جۆرە جیاوازییانە لە هەموو دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا هەن، لە عێراق هەیە، یاساکان لە کوردستان جیاوازن لە بەغدا و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش هەیە کە دەوڵەتێکی فیدراڵیی ناوەندییە، ویلایەتەکەی من یاسای جیاوازی هەیە لە لویزیانا، ئێمە یاسای گشتی بەکاردەهێنین و لە لویزیانا یاسای شارستانی بەکاردەهێنن، بەگشتی هەمووی سەردەگرێت. شەرع ناتوانێت ویستی خۆی بسەپێنێت و دەبێتە سەرچاوەی ناسەقامگیری، دەزانم لە زەینی عەرەبیدا خەڵک وا بیردەکەنەوە فیدراڵی واتە پارچەپارچەکردنی وڵات، راستە لە عێراق کاتێک کورد دانوستاندنیان لەسەر دەستووری عێراق دەکرد، زۆرترین دەسەڵاتیان بۆ کوردستان و کەمترین دەسەڵاتیان بۆ بەغدا دەویست، چونکە هەموو کەس کوردستانی سەربەخۆی دەوێت. من لە ساڵی 1984ەوە لەگەڵ دۆزی کورددا کار دەکەم، لەو ماوەیەدا هیچ کوردێکی عێراقیم نەبینیوە پێم بڵێت "نا، نا، من پێم باشترە عێراقی بم لەوەی کوردستانی سەربەخۆمان هەبێت،" بەڵام دۆخەکە لە سووریا تەواو پێچەوانەیە و هیچ کوردێکی سووریم نەبینیوە سەربەخۆیی لە سووریا بوێت.
رووداو: ئەحمەد شەرع تەواو بەرەو ئاراستەیەکی پێچەوانە کار دەکات، لەو کاتەی هاتووەتە دەسەڵات، بڕیارە نوێیەکانی وا دەردەکەون سووریایەکی زۆر ناوەندیی دەوێت و بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە فیدراڵیی ناوێت، بەم دۆخەوە سووریا بەرەو کوێ دەچێت، بەتایبەت کە تەواوی دەسەڵاتی بۆ 5 ساڵ داوە بە خۆی؟
پیتەر گالبرێس: دەتوانیت بڵێیت دەسەڵاتی تەواوی هەیە، بەڵام لە راستیدا هیچ دەسەڵاتێکی نییە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە لە سوەیدا، لە کەناراو، لاتاکیا و تەرتووس، ئەو کۆمەڵکوژییە ترسناکانەش روویانداوە، بەڵێ، من دەتوانم خۆم بە هەر شتێک ناوببەم، بەڵام کردنی شتەکە لە واقیعدا دۆخێکی جیاوازە، بۆیە پێویستە کورد پێداگری لەسەر پرۆسەیەکی دیموکراسی بکەن، نەک ئەوەی شەرع داهاتووی سووریا دیاری بکات، بەڵکو خەڵکی سووریا لەڕێگەی هەڵبژاردن و ئەنجوومەنی دامەزرێنەرەوە داهاتوو دیاری بکەن. پێویستە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی رێژەیی بێت، ئینجا دەبینین ئەنجامەکە چی دەبێت، بەڵام کاتێک دەگەیتە ئەوێ، خەڵک پێویستە رێز لە مافی پێکهاتە جیاوازەکان بگرن.
رووداو: دوو وڵاتی دراوسێی سووریا تورکیا و ئیسرائیل، بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی سووریاوە هەیە، ئاشکرایە تورکیا سووریایەکی بەهێز و ناوەندیی دەوێت، بەڵام ئیسرائیل تەواو پێچەوانەکەی دەوێت، پێتوایە لە کۆتاییدا کامیان سەردەکەون، یان کێ کاریگەریی زیاتری لە سووریا دەبێت؟
پیتەر گالبرێس: هەردوو وڵات بەشێکی سووریایان داگیر کردووە، بەشی جیاوازی سووریا، تورکیا لە باکوور، یان لە رێگەی گرووپە نوێنەرەکانیەوە و ئیسرائیل لە باشووری رۆژئاوا، ئاشکرایە تورکیا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر شەرع و هەتەشە هەیە، چونکە پشتگیرییان دەکات، بەڵام هەندێک کەس دەڵێن، "ئەوان هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکەن"، نەخێر بەو شێوەیە کارەکە سەرناگرێت، کاتێک شەرع دەچێتە دەسەڵات، فەرمان لە ئەنقەرە وەرناگرێت و دەکرێت ئەو پەیوەندییە زۆر گرژ ببێت. ئاشکرایە هەر هیچ نەبێت ئەوەندەی ئێمە دەیزانین، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئیسرائیل و دیمەشق نییە، کەواتە تەنیا ئامادەبوونێکە لەوێ، لە کۆتاییدا پێویستە جۆرێک لە دانوستاندنی ئاشتی لەنێوانیان هەبێت، رەنگە ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ رێککەوتنێکی ئاشتی، کە بێگومان کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا و دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەخۆدەگرێت.
رووداو: لەڕووی ستراتیژییەوە، پێتوایە لە داهاتوودا سووریا زیاتر بەرەو لای تورکیا دەچێت یان وڵاتانی عەرەبی؟
پیتەر گالبرێس: پێموایە لەڕووی ئایدۆلۆژی و فەرهەنگییەوە سووریا زیاتر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەبێت، بەڵام تورکیا ئێستا بەهۆی پشتگیرییە راستەوخۆکەیەوە لەوێ هێزی هەیە و دراوسێیەکی گەورەیە بۆ دیمەشق، وڵاتە عەرەبییەکان دوورن، لوبنان هەیە، بەڵام ئەو وڵاتە ناتوانێت زۆر شت بکات، ئوردن وڵاتێکی بچووکە، عێراقیش کێشەی خۆیی هەیە و ناتوانێت زۆر کار بکات لەو رووەوە، پێدەچێت تورکیا کاریگەریی زیاتری لە وڵاتانی عەرەبی هەبێت.
رووداو: لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، پێتوایە ئەنجامی دەبێت؟
پیتەر گالبرێس: نازانم و هیچ زانیارییەکی تایبەتم لەسەر دانوستاندنەکان نییە، بەڵام هیوادارم ئەنجامی هەبێت، پێموایە دۆناڵد ترەمپ خودی خۆی دەیەوێت رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات، حەزی لە رێککەوتنە و پێموایە ئامانجی ئەو کە هەمان ئامانجی ئیسرائیلیشە، ئەوەی زۆرترین گرنگیی پێ دەدەن، راگرتن یان کەمکردنەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانە، جا چ سفر پیتاندن بێت یان بڕێکی کەمی وەک 3.5%، لەنێوبردنی کۆگای 60%، ئەنجامێکی لەو جۆرە دەبێتە ئەگەری رێککەوتن. ئەمە زۆر لە بەرژەوەندیی ئێرانە، چونکە بەرەوپێشچوون بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم، یەکەم هیچ ئاسایشێک دابین ناکات و چەکی بێکەڵکن، چونکە ئەوەندە کوشندەن ناتوانرێت لە جەنگدا بەکاربهێندرێن، دووەم هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەبێتە هۆی هێرشی سەربازی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، کەواتە چ سوودێکی هەیە؟ بە کەمکردنەوە یان نەهێشتنی پیتاندن، ئێران زۆر کەم لەدەستدەدات، پرسیارەکە ئەوەیە، قازانجەکان چین؟ ئێرانییەکان کۆتاییهێنان بە سزاکان دەخوازن، کە پێموایە ترەمپ پێشکێشی دەکات، پێموایە ترەمپ و ئێرانییەکان دەخوازن وەبەرهێنانی ئەمریکی لە وڵاتەکەدا هەبێت، ئەمە دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە بێت و دیارە ئەگەر وەبەرهێنانی ئەمریکی هەبێت، قورستر دەبێت هەردوولا پەیوەندییەکانیان بپچڕێنن. شتێکی دیکە کە لە 2015 گرفت بوو بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران و ئێستا نەماوە، چالاکییەکانی ئێرانە لە ناوچەکە، هاوپەیمانەکانی ئێران وەکو حیزبوڵڵا لە لوبنان تێکشکاوە، رژێمی ئەسەد نەماوە، ئێستا سووریا لەلایەن ئیسلامییەکەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ئەحمەد شەرعە و دژی شیعەکان و دژی ئێرانە، چونکە پشتگیریی ئەسەدیان دەکرد، هەروەها دژی رووسیایە، کەواتە کاریگەریی ئێران لە سووریا نزیکە لە سفر یان هەر سفرە. هاوکات حووسییەکان هێرشیان دەکرێتەسەر و ئەوەندە گرنگ نین، تەنیا شوێنێک کە ئێران بەڕاستی کاریگەریی هەیە لەسەری لە ناوچەکەدا، عێراقە، لە بەشە عەرەبییەکەی عێراق؛ بەڵام بەگشتی چالاکییەکانی ئێران لە دەرەوەی ئێران ئەو کێشەیە نین کە لە 2015دا هەبوو، ئەمە دەبێت رێککەوتنەکە ئاسانتر بکات، ئێران پێویست ناکات دەستبەرداری شتی زۆر ببێت.
رووداو: ئیسرائیل ئەو رێککەوتنەی ناوێت، ئیسرائیل زیاتر داکۆکی لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکات، پێتوایە ئیسرائیل هەوڵ دەدات هەر جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و ئێران پەکبخات؟
پیتەر گالبرێس: پێموایە ئەوە ستراتیژییەکی زۆر نەزانانە دەبێت بۆ ئیسرائیل، چونکە ترەمپ کەسێکە کینە لە دڵ دەگرێت و تۆڵە دەکاتەوە، ئەگەر ئیسرائیلییەکان رێککەوتنێک تێکبدەن کە دەبێتە گەورەترین دەستکەوتی دیپلۆماسیی ئەو، ئەوا بە چاوێکی باشەوە سەیری ناکات و نەتەنیاهوو و ئیسرائیلییەکان باجەکەی دەدەن، دووەم رێککەوتن لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە، واتە بەڵێ دەتوانیت هێزی سەربازی بەکاربهێنیت، بەڵام ئەمە بەڕاستی رێگری لە وڵاتێک ناکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، لەوانەیە هانی بدات و ئەو کاتە شتەکان دەشارنەوە، لەوانەیە لە وڵاتێکی سێیەمدا بیکەن، کەواتە ئەگەر بڕیاری سەربازی بدەیت، مانای وایە دەبێت بەردەوام بۆردوومان بکەیت، دەبێت بەردەوام هێزی تایبەت بنێریت، وەکو ئەوە نییە یەک جار بیکەیت و هەموو شتێک تەواو ببێت، کەواتە چارەسەرێکی ئاشتییانە لەگەڵ چاودێریی وردبینانە ئەنجامێکی زۆر باشتری دەبێت بۆ ئیسرائیل و ئێران بەراورد بە کردەی سەربازی.