به‌لامه‌وه سه‌یره سه‌ڵاح ره‌شید كتێبی (دیداری ته‌مه‌ن) (1)ی بڵاوكرده‌وه! به‌لاشمه‌وه سه‌یره هێرۆخان یان بافڵ و قوباد له دادگا داوایان له‌سه‌ر (به‌ناو) ئاماده‌كاری ئه‌م كتێبه تۆمارنه‌كردووه! ئه‌م كتێبه پێش نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال بڵاوبكرایه‌ته‌وه كارێكی ئاسایی بوو. ئه‌وكاته كێشه‌كه له‌نێوان مام جه‌لال و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا قه‌تیس ده‌كرا. ئه‌وكاته ده‌گوترا: مام جه‌لال بۆ خۆی گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵكردووه و هه‌رچی نووسراوه مام جه‌لال به‌رپرسیارێتی قسه‌كانی خۆی ده‌ستۆ ده‌گرێ، یان مام جه‌لال لەڕێگه‌ی سكرتێری رۆژنامه‌وانیی خۆیه‌وه، روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌ش ده‌كرد.
به‌گوێره‌ی پێشه‌كیی كتێبه‌كه بێت، ئه‌م دیداره ساڵی 1990 ناوی خوای لێهێنراوه و پێش كۆچی دوایی مام جه‌لال به دوو سێ مانگ بڵاوكراوه‌ته‌وه. سه‌ڵاح ره‌شید ماوه‌ی (27) ساڵ چاوه‌ڕوان بووه، ئینجا بڕیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی داوه. ئه‌و له به‌رایی كتێبه‌كه‌دا په‌نجه له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت کە دیداره‌كه (15) ساڵی خایاندووه. گریمان ئه‌م قسه‌یه سه‌د له‌سه‌د راسته، وێڕای ته‌لبه‌نده‌كانی گومان و نیشانه‌ی پرسیار، ئاماده‌كار: ماوه‌ی (7) ساڵی به‌ده‌سته‌وه بووه، دیداره‌كه پێش نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال بڵاوبكاته‌وه!
به‌ڕێزیان له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا تێبینییه‌كی سێ دێڕ و نیوی نووسیوه كه گوایه: مام جه‌لال پڕۆژه‌ی كتێبی (دیداری ته‌مه‌ن)ی نه‌دیوه. به‌بێ ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات: بۆ نموونه: ئه‌م كتێبه بڵاونه‌كرایه‌وه چونكه: كتێبه‌كه دیزاین نه‌كرابوو! كه‌موكورتی تێدابوو، یان ماوه‌ی حه‌وت ساڵ زۆر كورته بۆ داڕشتنه‌وه‌ی كتێبێكی گه‌وره!
((زۆر دۆست و هاوڕێ، پێیان وابوو كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیداره نه‌هاتووه، به‌ڵام من ئه‌م دیداره له‌كاتێكدا بڵاوده‌كه‌مه‌وه، كه به‌داخه‌وه مام جه‌لال نه‌خۆشه و پێشتریش ده‌رفه‌تی ئه‌وه نه‌ڕه‌خساوه دیداره‌كه ببینێ و سه‌رنجی نوێی له‌سه‌ر بڵێ، یان ته‌نانه‌ت روخسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌شی لێوه‌ربگرم،...))
ده‌بوو ئه‌و زۆر له‌وه بوێرتر بووایه ئه‌م دێڕانه بنووسێت! ئه‌و لای چه‌ندین كه‌س راستیه‌كانی دركاندووه كه ئه‌و قسانه‌ی لای ئه‌م و ئه‌و كردوونی، ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م سێ دێڕ و نیوه‌ی سه‌ره‌وه‌ن.
من یه‌كێكم له‌وانه‌ی به‌ڕێزیان ده‌ردی دڵی خۆی له‌لا هه‌ڵڕشتووه و باسی هه‌ڵوێستی مام جه‌لالی كردووه له مه‌سه‌له‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی (دیداری ته‌مه‌ن). له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزم بۆ سه‌ڵاح ره‌شید، ناچارم راستیه‌كان بنووسم و شایه‌تم بۆ قسه‌كانی خۆم هه‌یه و مه‌به‌ستم ته‌نیا ده‌رخستنی راستییه‌كان و هه‌قبێژی و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانه كه نه‌ده‌بوو ئه‌و ئه‌مانه‌ته به‌م شێوه‌یه بشێوێنێت و هیچ هه‌ستیش به قه‌واره و پانایی كاره‌كه نه‌كات.
ئێواره‌یه‌كی ــ ساڵی 2014 ــ له ماڵی عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی بۆ ئێواره‌خوانێك بانگهێشت كرابووین. ناوی ئه‌م به‌ڕێزانه‌م بیرماوه (م. محسین عه‌لی ئه‌كبه‌ر، فوئادی مه‌جید میسری، محه‌ممه‌د سابیر، سه‌ركۆ عوسمان، سه‌ڵاح ره‌شید) ئه‌و ئێواره‌یه باسی سه‌ری هارومار كرا. سه‌ڵاح ره‌شید به درێژی باسی بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا كرد:
ئه‌و گوتی: ((ساڵی 1990 مام جه‌لال ماوه‌یه‌ك له شوقه‌كه‌ی من له به‌رلین بوو. من ته‌سجیلێكم دانابوو، گفتوگۆكانم تۆمار ده‌كرد..))
من گوتم: ((گفتوگۆكان زۆرن؟))
گوتی: ((بیست و نۆ سه‌عاته!))
گوتم: ((ئه‌ی بۆ بڵاویان ناكه‌یته‌وه؟))
سه‌ڵاح گوتی: ((هه‌موو گفتوگۆكان نزیكه‌ی (700) لاپه‌ڕه ده‌بێت. من كورتم كرده‌وه بۆ (400) لاپه‌ڕه و بۆ مام جه‌لالم برد. ئه‌و هه‌ر ده‌نگی نه‌بوو. پاش چوار مانگ سه‌ردانێكم كرد. گوتم: مام جه‌لال كتێبه‌كه‌ت خوێندۆته‌وه و تێبینیه‌كانت چین؟
مام جه‌لال به تووڕه‌ییه‌وه تا ده‌ستی بگرێت كتێبه‌كه‌ی بۆ فڕێدام و گوتی: ئه‌مه هیچی قسه‌ی من نین! من كه‌ی قسه‌ی وام كردووه؟
منیش گوتم: مام جه‌لال من كاسێته‌كانم به‌ده‌نگی تۆ لایه و هه‌موو قسه‌ی تۆن!
مام جه‌لال هه‌ڵچوو، به‌تووڕه‌ییه‌وه وەڵامی دامه‌وه: من قسه‌ی وام نه‌كردووه و ئه‌مانه قسه‌ی من نین! بڵاوی بكه‌یته‌وه به‌یانت له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌م و له رۆژنامه‌كان روونكردنه‌وه‌یه‌كت له‌سه‌ر ده‌نووسم: كه هه‌رچی له كتێبه‌كه‌دا نووسراوه، په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه نییه!))
من له برایان فوئاد مه‌جید میسری و موحسین عه‌لی ئه‌كبه‌رم پرسی: ئایا ئه‌و ئێواره‌یه و قسه‌كانی سه‌ڵاح ره‌شیدیان بیرده‌كه‌وێته‌وه؟
هه‌ردووكیان گوتیان: ئێمه به‌جوانی لەبیرمانه و شایه‌تی ده‌ده‌ین کە سه‌ڵاح له‌و ئێواره‌یه‌دا چی گوتووه!
ئه‌مه هۆكاری راسته‌قینه‌ی بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌یه پێش (2012). خۆی لای چه‌ندین كه‌سی گۆڕان و یه‌كێتی ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی داوه. سێ دێڕو نیوی پێشه‌كی (دیداری ته‌مه‌ن) هه‌ر زۆر له ڕاستیه‌وه دوورن. مرۆڤ بۆ خۆی جوان نییه ره‌ش بكاته سپی و سپی بكاته ره‌ش!
سه‌ڵاح ماوه‌یه‌كی زۆر له ئەوروپا ژیاوه و ده‌بێ ئه‌و راستیه بزانێت: كه‌سێك گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا كرا و پاش سێ چوار رۆژ پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی بینی، ده‌توانێت بڵێت: داڕشتنه‌كه‌م به‌دڵ نییه! من ئه‌م قسه‌یه‌م نه‌كردووه! تكایه بڵاوی مه‌كه‌نه‌وه، چونكه لەڕووی سیاسییه‌وه یان له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زیان ده‌گه‌یه‌نێت! ئیدی ئه‌وە قسه‌ی ئه‌و كه‌سه نییه و نابێت بڵاوبكرێته‌وه. رۆژنامه‌كه یان گۆڤاره‌كه ناچێت به (تۆپزی) و (چاوقایمی) گفتوگۆكه بڵاوبكاته‌وه.
پرۆفیسۆرێك چه‌ند نامه‌یه‌كی بۆ نووسه‌رێكی عه‌ره‌بی سووری ناسیاوی ناردبوو، ئه‌ویش له كتێبێكدا هه‌ر هه‌مووی به‌جوانی بڵاوكردبووه‌وه. پرۆفیسۆره عه‌ره‌به ــ ئه‌ڵمانه خۆ به ئه‌مه‌ریكی زانه‌كه پێی‌گوتم: "زۆرم پێ‌ناخۆش بوو نامه‌كانی منی بڵاوكردبووه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی من رێگه‌ی پێبده‌م، یان داوای ره‌زامه‌ندی بكات. له ئه‌ڵمانیا ئه‌م جۆره ره‌فتاره سزای قورسی دارایی له‌سه‌ره و هه‌ركه‌س بۆ خۆی نییه.. تاد"
مه‌عقول نییه كه‌سێك سه‌رووی بیست ساڵ له ئەوروپا ژیابێت و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك وه‌زیری مافی مرۆڤ ــ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ــ ئیداره‌ی سلێمانی ــ بووبێت، ئه‌وه نه‌زانێت کە نامه‌ی خه‌ڵك، یان گفتوگۆ به‌بێ ره‌زامه‌ندی كه‌سه‌كه بڵاوبكرێته‌وه. با ئه‌و كه‌سه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا كرابێت، پاره‌شی وه‌رگرتبێت، ده‌بێ به نووسین و ئیمزا خۆی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه بدات! ئه‌گەرنا ئه‌و كاره وه‌كو كه‌تن و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ سه‌یر ده‌كرێت.
ده‌بوو ئاماده‌كار، به راشكاوانه دان به‌و راستیه‌دا بنێت كه مام جه‌لال كتێبه‌كه‌ی په‌سه‌ند نه‌كردووه و كه‌سێك به‌بێ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه، رێگه‌ی پێداوه! هه‌ر كه‌سێك گڵۆپی سه‌وزی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه هه‌ڵكردبێت، ده‌بێ سوپاس بكرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه سپۆنسه‌ری بێت و ره‌زامه‌ندی بنه‌ماڵه‌یان راستتر بنووسم: ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی وه‌ده‌ستهێنابێت، ده‌بێ به‌گه‌رمی ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ستیان دابنرێت و به‌دڵ و به‌گیان ناویان بهێنرێت.
ئایا ره‌زامه‌ندیی یه‌كێتی وه‌رگرتووه؟
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی (دیداری ته‌مه‌ن)، ئه‌ندامێكی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێی‌گوتم: "چۆن كه‌سێك ده‌توانێت كتێبێكی وا بڵاوبكاته‌وه کە ره‌زامه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لالی له‌سه‌ر نه‌بێت؟". ده‌نگۆیه‌كی زۆریش بڵاوكرایه‌وه گوایه: (فڵان باڵ دژی فڵان باڵ كتێبه‌كه‌ی بڵاوكردووەتەوە و ئاماده‌كار پاداشت كراوه... تاد)
من هه‌رچی ده‌نگۆ و نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر كتێبه‌كه دانرابوون، دام به‌ده‌م باوه! خۆم هه‌وڵمدا سه‌ره‌داوێك بدۆزمه‌وه كه په‌یوه‌ندی به قسه و قسه‌ڵۆكه‌وه نه‌بێت. په‌یوه‌ندیم به مه‌لا به‌ختیاره‌وه كرد، ئه‌و به‌ڕاشكاوانه گوتی: "مام جه‌لال كتێبه‌كه‌ی پێش بڵاوكردنه‌وه بینیوه ــ ڕه‌شنووسی كتێبه‌كه ــ راست و ره‌وان به سه‌ڵاح ره‌شیدی گوتووه، له بڵاوكردنه‌وه‌ی رازی نیم و به‌هێرۆخان و كوڕه‌كانیشی گوتووه، نابێ رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بده‌ن.. نه (م.س) و نه (سه‌ركردایه‌تی) ئاگایان له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه نه‌بووه و كه‌س پشتیوانی لێ نه‌كردووه.."
به تێلیفۆن په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ستران عه‌بدوڵڵادا كرد و سه‌باره‌ت به (دیداری ته‌مه‌ن) سێ چوار پرسیارم لێ‌كرد، ئه‌و گوتی:
"ساڵی 2002 سه‌ڵاح ره‌شید ره‌شنووسی كتێبه‌كه‌ی بۆ هێنام و منیش پێداچوومه‌وه، هه‌ڵه و كه‌موكورتیه‌كی هێجگار زۆری تێدابوو. من پێمگوت: ئه‌م كتێبه كێشه و سه‌رئیشه‌یه‌كی زۆرمان بۆ ده‌نێته‌وه.."
من ئه‌م پرسیاره‌شم لێ‌كرد: "ئایا سه‌ڵاح ره‌شنووسه‌كه‌ی راده‌ستی مام جه‌لال كردووه و ئه‌و ده‌قه‌كه‌ی خوێندووەته‌وه؟"
ستران گوتی: "به‌ڵێ! مام جه‌لال ده‌قه‌كه‌ی خوێندووەته‌وه و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه، پێیگوتووه: نابێ ئه‌م گفتوگۆیه بڵاوبكرێته‌وه، ئه‌گینا له‌سه‌رت ده‌نووسم.."
دوا پرسیارم ئه‌وه بوو: "له كه‌سوكاری مام جه‌لال كێ پشتیوانی لێكردووه و قسه‌ی مام جه‌لالی شكاندووه؟"
ستران گوتی: "سه‌لاح ره‌شید چووه بۆ لای هێرۆخان و داوای لێكردووه، كتێبه‌كه‌ی بۆ چاپ بكات. ئه‌ویش داوای له من و كاك محه‌ممه‌د سابیر كرد چاوێك به كتێبه‌كه‌دا بگێڕین. ئێمه كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه و په‌ڵه‌مان ده‌ستنیشان كرد. سه‌ڵاح به‌شێك له هه‌ڵه‌كانی چاككرده‌وه و ئاماده نه‌بوو ده‌ستكاری هه‌ندێك بڕگه و رسته بكات! ئیدی هێرۆخان ئاماده نه‌بوو كتێبه‌كه چاپ بكات و ره‌زامه‌ندیشی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌رنه‌بڕی.."
مام جه‌لال ئه‌م جۆره هه‌ڵه‌یه ناكات
ئاماده‌كاری كتێبه‌كه هه‌ڵه‌ی ئه‌وتۆی كردووه کە مایەی سه‌رسوڕمانه! یه‌كێك مام جه‌لال به‌باشی نه‌ناسێت و هه‌ر له‌دووره‌وه سه‌ڵاح ره‌شید بناسێت، ره‌نگه ته‌مومژی گومان به‌رچاوی بگرێت:
1.هه‌موو مرۆڤێكی ئاسایی ناوی خۆی و باوك و باپیری به‌باشی ده‌زانێت. من ژماره‌یه‌كی زۆر له تاڵه‌بانییه‌كان ده‌ناسم. زۆربه‌یان (شه‌جه‌ره)ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌وردی له‌به‌ره و یه‌كتر ده‌ناسن و ئاستی خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌زانن و له‌كوێ و كوێوه به یه‌كتر ده‌گه‌نه‌وه.
ئایا مه‌عقوله من ناوی حه‌وت پشتی مام جه‌لال بزانم، كه‌چی ئه‌و ناوی باپیری خۆی نه‌زانێت؟
به قسه‌ی به‌ڕێزیان بێت، ده‌بێ مام جه‌لال گوتبێتی:
(ناوم، جه‌لال كوڕی شێخ حوسامه‌دینی كوڕی شێخ نووری كوڕی شێخ غه‌فووری تاڵه‌بانیم). راستییه‌كه‌ی: (شێخ حسامه‌دین كوڕی شێخ نوره‌ڵڵا، كوڕی شێخ نووری- یه..)
من بڕواناكه‌م مام جه‌لال نه‌یزانیبێت نوره‌ڵڵا باپیریه‌تی و ئه‌ویش كوڕی شێخ نووری شێخ غه‌فووره..
2. كه‌سێك عه‌ره‌بی نه‌زانێت كاره‌سات نییه، ده‌توانێت داوای یارمه‌تی له هاوڕێیه‌كی بكات، عه‌یبه ئه‌وه‌یه عه‌ره‌بی نه‌زانێت و سواری ملی رسته‌یه‌كی عه‌ره‌بی بێت و بیپسێنێت: گوایه مام جه‌لال ئه‌م رسته‌یه‌ی به‌عه‌ره‌بی بۆ ئاماده‌كار گێڕاوه‌ته‌وه:
3. (موحسین ئیبراهیم گوێی لێ‌بوو گوتی: ((جلال ێ‌سمعنی ێ‌نتم مسیركم ێ‌بادە،..) ل 331
به‌لامه‌وه سه‌یره كه‌سێك پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی ته‌واو كردبێت و (مصیر) و (مسیر) له‌یه‌ك جیا نه‌كاته‌وه!
لاپه‌ڕه (370) ئایه‌تێكی قورئانی به‌م شێوه‌یه داناوه: (اذا جاءكم فاسق بنبأ فتبينوا أن تسيبوا قوما (بجهالة) فتسبحوا على ما فعلتم نادمين)
پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی جاران ده‌یانزانی جیاوازی نێوان ئه‌م وشانه‌ی خواره‌وه چه‌نده:
(تصیبوا) و (تسیبوا)
(تصبحوا) و (تسبحوا)
مام جه‌لال هه‌ر چاوی به‌م دوو رسته‌یه كه‌وتبێت، دڵنیابووه ئاماده‌كار 90%ی كاره‌كه‌ی به لنگه‌و قووچ كردووه! هه‌ر بۆیه گفتوگۆكه‌ی به قسه‌ی خۆی دانه‌ناوه و مرۆڤ به‌هه‌ڵه قسه‌ی كه‌سێك بگوازێته‌وه، ئه‌و كه‌سه مافی خۆیه‌تی بڵێت: (من قسه‌ی وام نه‌كردووه!)
رووداوی بۆ بڵاوكردنه‌وه نه‌گونجاو
مام جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌ك بوو، ده‌یزانی كام بابه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه گونجاوه یان نه‌گونجاوه. مرۆڤێك سه‌ركرده بێت و ماوه‌یه‌ك له‌بواری رۆژنامه‌وانی كاری كردبێت و قانوونی بێت، بێگومان ده‌بێ بزانێت كام بابه‌ت له‌ڕووی قانوونییه‌وه رێگه پێدراوه یان رێگه پێنه‌دراوه؟
هه‌رچی مام جه‌لال له‌ناو ماڵ یان له‌ناو هاوڕێكانیدا گوتبێتی مه‌رج نییه هه‌ر هه‌مووی شایانی بڵاوكردنه‌وه بێت. من ره‌نگه (300) نامه‌ی مام جه‌لال لابێت، به‌ڵام ده‌كرێت سبه‌ی هه‌ر هه‌مووی بڵاوبكه‌مه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌وه بده‌م، ئه‌م نامانه سوود، یان زیان به به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان ده‌گه‌یه‌نن؟! ره‌نگه لای ئه‌ندامانی ئێستا و پێشووی (م. س) و سه‌ركردایه‌تی و ئه‌رشیفی پارتی و گۆڕان و ... سه‌دان دۆكیۆمێنت هه‌بێت و بڵاوكردنه‌وه‌یان زیانی بۆ كه‌س نه‌بێت. بۆ ئه‌و لایه‌نانه به‌ڵگه‌نامه و دۆكیۆمێنته‌كانی به‌رده‌ستیان بڵاوناكه‌نه‌وه؟
سه‌ركرده سیاسی و نووسه‌ره گه‌وره‌كانی جیهان پاش ماڵئاوایی، حزبه‌كه‌یان یان بنه‌ماڵه‌كه‌یان لیژنه‌یه‌كی پسپۆر دروست ده‌كه‌ن و ئه‌و لیژنه‌یه سه‌رپه‌رشتی بڵاوكردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، نامه، وێنه‌كان ده‌كات. بنه‌ماڵه‌ی (زیگمۆند فرۆید ــ 1856ــ 1939) سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، له‌كۆی (20.000) نامه و نووسراو ته‌نیا به‌شێكیان له نامه‌كانی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 1950 لیژنه‌یه‌ك به به‌شداری ماری بۆناپارت (2) و ئه‌ننا فرۆید(3) و ئێرنست كرز دروستكرا، دوای سێ ساڵ شه‌نوكه‌وكردن و گوڵبژێری نامه‌كانی فرۆید بۆ ڤیلهەلم فلیس، له‌كۆی (287) نامە ته‌نیا (153) نامه‌یان بڵاوكرده‌وه، به‌هه‌ندێ سرینه‌وه‌و بڕگه قرتاندن و مشتوماڵكردنه‌وه. به‌شێكی زۆری نامه‌كان له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی فرۆید خۆی له ساڵی 2215 رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌یان ده‌درێت.
زۆر كه‌س هه‌یه، ده‌قێكی نووسی، رێگه‌نادات یان پێی خۆش نییه كه‌سێكی تر ده‌قه‌كه ببینێت و ده‌ستكاری بكات. مام جه‌لال له‌و كه‌سانه نه‌بوو، نووسین و داڕشتنی خۆی ئه‌وه‌نده له‌به‌ر دڵی خۆی په‌سه‌ند بێت و سه‌رنج و تێبینی كه‌سانی نزیكی خۆی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرێت. ئه‌و هه‌ر زۆر پێی باش بوو كه‌سانی تر كه نزیك و شاره‌زا و جێگه‌ی بڕوای بوون، ده‌ستكاری نووسینه‌كانی بكه‌ن.
من ماوه‌یه‌ك لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی (ی.ن.ك) بووم، رۆژانه له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا له په‌یوه‌ندی و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌دا بووین. زۆرجار به‌یانێك یان نووسینێكی بۆ ده‌ناردین، ئه‌گه‌ر بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسیش بووایه كه هه‌ندێ جار له كۆبوونه‌وه‌كاندا نه‌بووم، سه‌ردانی مام جه‌لالم ده‌كرد و سه‌رنج و تێبینی خۆمم له‌سه‌ر بڕیاره‌كه ده‌خسته‌ڕوو، ئه‌ویش ده‌یگوت: (به‌ڕاستی هه‌ر زۆر باشت كردووه، به‌یانه‌كه‌ت بڵاونه‌كردووەته‌وه..) سالار عه‌زیز، عومه‌ر عه‌بدوڵڵا، مامۆستا موحسین عه‌لی ئه‌كبه‌ر گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن و ئاگاداری یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ن كه له كۆبونه‌وه‌ی (م. س) درابوو، ده‌بوو له رادیۆ بخوێنرێته‌وه و به تایپكراوی بڵاوبكرێته‌وه. به‌یانه‌كه نه‌خوێندرایه‌وه و پاش گفتوگۆ بڕیارێكی جیاواز درا و پلانێكی به‌سوودمان جێبه‌جێ كرد! كه من پاش نزیكه‌ی چل ساڵیش رێگه به‌خۆم ناده‌م له‌سه‌ر رووداوه‌كه بنووسم.
مام جه‌لال تیرۆركردنی (نووری حه‌مه عه‌لی و عه‌بدولی سۆران و..) له (هاوینی 1981) هه‌ر زۆر كاری تێكرد و به‌توندی ئیدانه‌ی كاره‌كه‌ی كرد. به‌یانێكی نووسی و بۆ ئێمه‌ی نارد (هه‌ڤاڵ كوێستانی و ئومێدی سه‌عید گه‌وهه‌ر ئاگاداری رووداوه‌كه‌ن). من به‌یانه‌كه‌م سه‌رله‌نوێ داڕشته‌وه و هه‌ردوو ده‌قه‌كه‌م ره‌وانه‌ی مام جه‌لال كرد. ئه‌و وێڕای ده‌ستخۆشی، داڕشتنه‌كه‌ی منی به باشتر دانا و پێی باش بوو داڕشتنه‌كه‌ی من بڵاوبكرێته‌وه، نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر داڕشتنه‌كه‌ی خۆی سووربێت.. زۆرجار، ده‌قێكی ده‌نووسی و له‌سه‌ری ده‌نووسی:
(مامۆستا جه‌عفه‌ر گیان! به كوردیه جوانه‌كه‌ی خۆت، سه‌رله‌نوێ دایڕێژه‌ره‌وه..) هه‌ڤاڵ كوێستانی كۆپله‌یه‌ك یان رسته‌یه‌كی له نووسینه‌كه‌ی مام جه‌لال به‌دڵ نه‌بووایه، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی زۆر جوان رسته‌كانی ده‌گۆڕی.
بیرمه تا ساڵی 1979 مام جه‌لال له‌بری (گفیلی)ی عه‌ره‌بی ده‌ینووسی (زه‌رووبابه‌ت) هه‌ر بۆ نموونه ده‌ینووسی (بۆرژوازی زه‌رووبابه‌ت). هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌هه‌ر كوێ وشه‌ی (زه‌رووبابه‌ت)ی به‌رچاو بكه‌وتایه، وشه‌ی (مشه‌خۆر)ی له‌جێگه‌ی داده‌نا و له‌و رۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ، له‌ئه‌ده‌بی سیاسی كوردیدا (مشه‌خۆر) جێگه‌ی خۆی کردەوە.
كه‌سی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كرا‌و، ئه‌گه‌ر تێبینی له‌سه‌ر هه‌ر كۆپله‌یه‌ك هه‌بوو، یان ده‌بێ بڵاونه‌كرێته‌وه یان بڕگه‌كه به په‌راوێزێكه‌وه بڵاوبكرێته‌وه: هۆی بڵاوكردنه‌وه و سووده‌كه‌ی روون بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بێت. ئه‌ركی ئاماده‌كار ئه‌وه‌یه په‌راوێز و هه‌ندێ تێبینی بنووسێت بۆ ئه‌م بڕگه‌یەی به‌بێ ده‌ستکاری دانراوه: (ئینجا ئه‌و رووداوه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه، ره‌نگه بۆ نه‌شركردن گونجاو نه‌بێت..) ل 313، روونه تێبینییه‌كه‌ی مام جه‌لال هه‌ر بۆ ئه‌وه بووه دانیشتنه‌كه گه‌رم بكات، نه‌ك ده‌قه‌كه به‌بێ مشتوماڵ بڵاوبكرێته‌وه.
دوا وشه
ئه‌م كتێبه بۆ مه‌به‌ستێكی سیاسی نووسراوه، نه‌ك بۆ مه‌به‌ستێكی زانستی و ئه‌كادیمی و خزمه‌تی مێژووی گه‌لی كورد. دیاره ئه‌و به‌هاندانی چه‌ند كه‌سێك له برا گه‌وره‌كانی له ته‌ڤگه‌ری گۆڕان ئه‌م كاره‌ی بڵاوكردووەته‌وه. دیاره چه‌ند به‌شێكی گفتوگۆكه كه به زه‌ره‌ری به‌شێك له سه‌رانی ته‌ڤگه‌ری گۆڕان بووه، سڕاوه‌ته‌وه. به‌هۆی ئه‌م نووسینه‌وه ده‌یان سه‌ركرده و كادری پیشكه‌وتووی (ی.ن.ك) هه‌ست به‌دڵشكان و كه‌رامه‌ت رووشاندن ده‌كه‌ن. مه‌كته‌بی سیاسی (پ.د.ك) هه‌ر زۆر نیگه‌ران بوون. شاڵاوی عه‌لی عه‌سكه‌ری به‌نووسین هاته ده‌نگ. هه‌ق نه‌بوو به‌رامبه‌ر شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و هه‌ڤاڵه‌كانی ئه‌و ڕستانه بنووسرێت.
ژماره‌یه‌كی كه‌م له گۆڕانخوازه‌كان پێیانوایه ئه‌گه‌ر به‌زمانی مام جه‌لاله‌وه ستایشی هه‌ندێ سمبۆلی ئه‌وان كرا، ئیدی ناوی ئه‌و كه‌سه به‌دره‌و‌شاوەیی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو ده‌نووسرێت. ئه‌مه به هه‌ڵه تێگه‌یشتنه له مێژوو! كه‌سانێك وڵاتیان ئاوه‌دان كردبێته‌وه، داكۆكییان له مافی هه‌ژار و لێقه‌وماوان كردبێت و فیداكارییان بۆ گه‌له‌كه‌یان كردبێت و سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان، له دواكه‌وتنه‌وه به دیموكراسی گۆڕیبێ و یاسایان سه‌روه‌ر كردبێ و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییان چه‌سپاندبێ، ئه‌وانه به‌رامبه‌ر دادگای مێژوو كه‌سایه‌تییان ده‌دره‌وشێته‌وه.
به‌ستایشی سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت، به رق و شكاندنی به‌رامبه‌ر به زه‌بری هێز و ده‌سه‌ڵات، راسته‌یه‌كان سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌كان ناگۆڕێت. نه كه‌سانی بووده‌ڵه ده‌بنه قاره‌مان، نه قاره‌مانه‌كان ده‌بنه بووده‌ڵه. سه‌ركرده‌ی سیاسی به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی ره‌ش ده‌كاته سپی و سپی ده‌كاته ره‌ش! هه‌مان سیاسی چه‌ند مانگێك پاش قسه‌كانی پێشووی دوور نییه به پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی چوار مانگ پێشتری نه‌دوێت. چونكه به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و حزبه‌كه‌ی له‌وه‌دایه، به‌گوێره‌ی گۆڕانكاری رۆژ، شیكاری بكات و ریزبه‌ندی بگۆڕێت.
ئاماده‌كاری (دیداری ته‌مه‌ن) هه‌لومه‌رجی مانه‌وه‌ی مام جه‌لالی له به‌رلین قۆسته‌وه. ئه‌وكاته مام جه‌لال به‌دۆخێكی سیاسی زۆر سه‌خت و تاڵ‌دا تێپه‌ڕیوه. مام جه‌لالی ساڵی 1990 هه‌مان مام جه‌لالی ساڵی 2005 نییه.
مام جه‌لال بیره‌وه‌ری نه‌نووسیوه. به‌شێك له یاده‌وه‌رییه‌كانی له روانگه‌ی ساڵی 1990 بۆ ئاماده‌كار گێڕاوه‌ته‌وه. ئه‌ویش سوودی لێوه‌رگرتووه بۆ زڕاندنی ناوی مام جه‌لال و لێدانی یه‌كێتی و قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان باڵه‌كان. ئه‌مه‌ش بۆ مه‌به‌ستێكی سیاسی روون كراوه و هیچ مه‌رج و رێبازی ئه‌كادیمی و زانستی ره‌چاو نه‌كراوه و سه‌ره‌ڕای هه‌ره‌وه‌زی هه‌ڵه‌بڕی، سه‌دان هه‌ڵه له كتێبه‌كه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌ون!
سه‌رنج و سه‌رچاوه:
1. سه‌ڵاح ره‌شید: دیداری ته‌مه‌ن، چاپی یه‌كه‌م، ب1 و ب2، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی 2017
2. ماری بۆناپارت ــ Marie Bonapoarte (1882ــ 1962) كچی نه‌وه‌یه‌كی لویسیانی برای ناپۆلیۆن بۆناپارته: له ته‌مه‌نی (23) ساڵیدا به یه‌كێك له میره‌كانی یۆنان شوو ده‌كات. تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی ده‌بێت و ساڵی 1925 سه‌ردانی زیگمۆند فرۆید ده‌كات و دۆستایه‌تیه‌كی قووڵ له‌نێوان هه‌ردووكیاندا دروست ده‌بێت. ماری ده‌بێته یه‌كێك له قوتابییه‌كانی فرۆید. ژماره‌یه‌ك كتێبی له‌سه‌ر شیكاری ده‌روونی بڵاوكردووەته‌وه. به‌شێك له كتێبه‌كانی فرۆید بۆ فه‌ره‌نسی وه‌رده‌گێڕێت.
3. ئه‌ننا فرۆید ــ Anna Freud (1895ــ 1982) دوا مناڵی فرۆیده‌و ماوه‌یه‌ك ده‌بێته سكرتێری باوكی. ده‌بێته پسپۆر له‌بواری شیكاری ده‌روونی زارۆ‌كان. چه‌ندین كتێبی به ئه‌ڵه‌مانی ده‌رباره‌ی ده‌ر‌وونناسیی منداڵان بڵاوكردووەته‌وه.
4. Kollbrunner. Jürg: Der Kranke Freud. Klett – Cotta. Stuttgart. 2001 S. 57.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ