ئومێد خۆشناو: لە 11 مانگی 2025دا 3.4 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکە، لە 11 مانگی 2025دا 3.4 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. 

شەوی چوارشەممە، 31-12-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: ''بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار، لە 01-01-2025ـوە تاوەکو 01-12-2025، سێ ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە کە بێگومان لە مانگی کۆتایی ساڵیشدا ژمارەی گەشتیاران زیاتر بووە.''
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت، گرنگیی تەواویان بە کەرتی گەشتیاری داوە و ''حکومەت هەوڵی داوە کەرتی گەشتیاری بەرەوپێشەوە ببات، هەروەها کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتەکەش کراوە.''
 
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە هاتنی گروپەکانی گەشتیاری بۆ هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ''پێشتر تەنیا دەیانتوانی لە رۆژدا بێنە هەولێر، ئێستا لە 24 کاژێردا ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێ و دەتوانن سەردان بکەن.''
 
لە سنووری هەولێر، ژێرخانێکی فراوانی گەشتیاری هەیە کە پێکهاتووە لە 1611 شوێنی مۆڵەتپێدراو، لەوانە 445 هۆتێل و مۆتێل و 47 گوندی گەشتیاری.