رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ بڕیاریدا هەموو توانا فریاگوزارییەکان بۆ رزگارکردنی ئەو پێنج هاونیشتمانییە بەکاربهێندرێن چەند رۆژێکە لە کوێستانەکانی سنووری شاری شنۆ بەهۆی بارینی بەفرەوە گیریان خواردووە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ بڕیارێکی دەرکردووە و تێیدا داوای کردووە "هەموو توانا فریاگوزارییەکان بۆ رزگارکردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە بەکاربهێندرێن کە لە کوێستانەکانی ناوچەی شنۆ گیریان خواردووە."
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێش رایگەیاند، سەڕەرای هەموو هەوڵەکانیان، بەهۆی بەردەوامیی بەفر و کڕێوەوە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە تیمی تایبەت رەوانەی ناوچەکە بکرێ.
حەمید مەحبووبی گوتی: "تیمە فریاگوزارییەکانمان لەگەڵ تیمەکانی دامودەزگەکانی دیکە لەوپەری ئامادەییدان و هەر کاتێک کەشوهەوا باشتر بوو، دەستبەجێ پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو پێنج کەسەدا دەستپێدەکات."
بە گوتەی مەحبووبی، تیمە فریاگوزارییەکانی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و دۆزینەوەی شوێنی ئەو پێنج هاونیشتمانییە دەربڕیوە.
سەبارەت بە دۆخی ئەو پێنج هاونیشتمانییەش، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێ: "دۆخی گشتیی ئەم پێنج کەسە باش و گونجاوە. خۆشبەختانە چوونەتە پەناگەیەکی سرووشتی و ئاو و خۆراکی پێویستیان پێیە."
برای یەکێک لەو پێنج هاونیشتمانییەی لە سنووری شاری شنۆ گیریان خواردووە، رۆژی چوارشەممە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە رزگاریان بکەین. چوارشەممە بە هاوکاری تیمێکی مانگی سووری شنۆ چووین بۆ رزگارکردنیان، بەڵام بەهۆی بەفر و رێبەندانەوە نەمانتوانی و گەڕاینەوە."
برای ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکانی شنۆوە توانیومانە بە تەلەفون پەیوەندییان پێوە بکەین. ئەوان دەڵین، شوێنەکەمان باشە و خواردنمان پێیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگی سوور هێلیکۆپتەری نییە، هەر بە پێ هەوڵماندا بچین بۆ هێنانەوەیان. بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکە و ئەو بەفرە زۆرەی باریوە، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووین لە گەڕاندنەوەیان."
ئەو پێنج هاونیشتمانییە 6 رۆژ لەمەوبەر بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانیان چوونە چیاکانی سنووری سیدەکانی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی لەوێ رزگارکران و گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، لەو کوێستانانەی سنووری شنۆ گیریان خوارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ