بەغدا 50 ملیۆن لیتر نەوتی ناردووە و لە شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دابین کردووە و پرۆسەی دابەشکردنی لە سەنتەری شارەکان دەستیپێکردووە. بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوت تەرخانکراوە و نرخەکەشی 31 هەزار دینارە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پشکی پارێزگاکان لەو 50 ملیۆن لیترە بەم شێوەیەیە: پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 20 ملیۆن لیتر، پارێزگای هەولێر نزیکەی 20 ملیۆن لیتر و پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 10 ملیۆن لیتری بەرکەوتووە.
 
سەلام عومەر، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە مەڵبەندەکانی یەک و دووی سلێمانی دەستمان بە دابەشکردنی نەوت کردووە، کە بۆ هەر خێزانێک 100 لیترە بەرامبەر بە 31 هەزار دینار."
 
سەبارەت بە پشکی هەڵەبجە، سەلام عومەر روونیکردەوە تاوەکو ئێستا تەواوی پشکی نەوتی سنوورەکەیان بۆ نەنێردراوە و گوتی: "کاتێک تەواوی نەوتەکە نێردرا، پشکی هەڵەبجە لێرەوە دەنێرین بۆیان."
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە مانگی رابردووەوە دابەشکردنی ئەو نەوتەی بەغدا ناردوویەتی دەستیپێکردووە.
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "پشکی ئێمە 10 ملیۆن و 792 هەزار لیترە، لە مانگی رابردووەوە لە سەنتەری شار دەستمان بە دابەشکردن کردووە و تاوەکو نەوت هەبێت بەردەوام دەبین."
 
نەوتەکەی عێراقی لە رێگەی کارتی زیرەکەوە دابەش دەکرێ. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک هۆکاری دابەشکردنی لە سەنتەری شارەکان بۆ ئەوە گەڕاندەوە "پێشتر لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی دەوروبەر، نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان، لە دەستپێکی ئەم وەرزەی سەرماوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری شارەکان دابەش کراوە.
 
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکرد، یەک بەرمیلی 200 لیتری بوو و بەرامبەر 104 هەزار دینار بە هاونیشتمانییان دەدرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە