رۆژی شەممە 25-2-2017 کاژێر 16:27 خولەک، وەک هەموو رۆژانی ئاسایی گەشتێکی هەواڵەکانم پێشکەشکرد و دواین ڤیتی لە پەخش بوو و خۆم ئامادەکردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە گەشتەکە ، لەژووری کۆنتڕۆڵ شۆڕشی پرۆدیوسەر و ماندی دەرهێنەر پێیان گوتم "هەواڵێکی بەپەلە هەیە بیخوێنەوە".
دواتر پێیانم گوت چییە؟ گوتیان "شیفا گەردی، بەڕێوەبەری ئاوتپووتی تۆڕی میدیایی رووداو لە موسڵ شەهید بوو". سەرەتا پێکەنیم و گوتم "بەڕاستی گاڵتەیەکی زۆر ناخۆشە" و باوەڕم نەکرد ، ئەوان هەر سووێندیان دەخوارد کە راستە و منیش هەر دەمگوت با زوو کۆتایی بە گەشتەکە بهێنم.
لە کۆنتڕۆڵەوە هەر بە قوڕگی گریانەوە پێیان گوتم "بەخوا راستە". ساردی و تەزوییەک هەموو گیانی گرتم و کە سەیری ئایپادی بەردەمم کرد کە بەپەلە هات و نووسرابوو " شیفا گەردی شەهیدبوو". ئێستاش دەیگێڕمەوە هەمان هەست دەمگرێتەوە و قوڕگم پڕ لە گریان و چاوم پڕ فرمێسک دەبێت.
هەواڵەکە هاتە سەر ئۆتۆکیو و دەستم کرد بە خوێندنەوە ، بەڵام چ خوێندنەوەیەک تاوەکو جاری یەکەم خوێندمەوە چەندین هەڵەم کرد، یەکێک لە هەڵەکانم لەبری ئەوەی بڵێم ساڵی 2017 گوتم ساڵی 2016 ، ئیدی ئەو کاتە دەنگ لە قوڕگم بە زۆر دەردەهات و فرمێسکی چاوانم هەموو نووسراوەکانی لێ تێکەڵ دەکردم و هەستێک دەیگوت نا شەهید نەبووە بڕوا مەکە.
نەمدەزانی بگریم بۆ هاوڕێ و هاوکارێکی ئازیزم کە چوار ساڵە لە بنمیچی ژوورێکدا پێکەوەین یان ئەرکی خۆم بەجێ بگەیەنم و هەواڵەکە بگەیەنم. جاری یەکەم خوێندمەوە و تەنیا ئاواتم ئەوە بوو نەڵێن جارێکی دیکە دووبارەی بکەوە کەچی هەر لە کۆنتڕۆڵ دەیانوت دووبارە بیخوێنەوە و چەند دیمەنی ئەو رۆژەی شیفاش هاتە سەرشاشە، هێندەی دیکە تێکیدام، هەستێکم هەبوو کە هیوادارم دوژمنیشم ئەو هەستەی لا دروست نەبێت.
ئەوەندە پەشۆکابووم کە لە دوای بەپەلەکە لەکاتێکدا هەموو گریان و خەم سەرتاسەری گیانمی داگرتبوو ، روو لە کامێرا و روو لە بینەرەکان وەک هەمیشە گوتم "هەرشادبن"، بەڵام دڵنیام لەو کاتەدا هیچ مرۆڤێک نەبوو کە دوعای شادبوونی من بیگرێتەوە و هەموو بەو هەواڵە خەمباربوون.
کە هەواڵەکە تەواوبووم و هەستام هەر سەیری دەورووبەرم دەکرد ، هەموو چاو بە فرمێسک و خەمبار لە ستۆدیۆ تا ژووری هەواڵ دەنگی گریان و شیوەن بوو، خەمێک کە هەرگیز ساڕێژ نابێت.
لە زۆر کەسم بیستووە دەڵێن "کاری ئێوە ئاسان و خۆشە"، بەڵام ئەوان تەنیا ئەو کاتە دەبینن کە بێژەر یان پێشکەشکار لەسەر شاشەیە ، ئیدی نازانن لەوەتەی شەڕی نگریسی داعش خاکی کوردستانی گرتووەتەوە، هاوشێوەی شەهید شیفا و یونس مستەفای، وێنەگرمان کە بریندارە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم ، پڕ بە دڵ بۆ هەر هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی نیشتمانەکەم ئاوا گریان و خەم هەموو کارمەندانی رووداوی گرتووەتەوە.
ئێستاش کە گەشتی هەواڵی کاژێر 16:00 ی ئێوارە دێت، خەمێکی زۆر قوڵ دەمگرێتەوە و هیوادارم هیچ کات هەواڵێکی دیکەی واناخۆش نەخوێنمەوە ، بەڵێن بێت شەهید شیفا درێژەدەری رێگات دەبین.



