39 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت

01-03-2018
گۆڤەند مستەفا
عوسمان ئۆجەلان: سەردانی مەزاری مەلا مستەفا ئەرکێکی پیرۆزە
عوسمان ئۆجەلان: سەردانی مەزاری مەلا مستەفا ئەرکێکی پیرۆزە
نیشانەکردن مەلا مستەفا
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-3-2018، 39 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت. هاونیشتمانیان سەردانی مەزارەکەی لە بارزان دەکەن و لە چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستانیش بەو بۆنەیەوە چالاکی بەڕێوەدەچن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان سەردانی مەزاری مەلا مستەفا بارزانی-یان لە ناوچەی بارزان کرد.  

لە ئامەدی باکووری کوردستانیش ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بەرزرادەگیرێت و بەو بۆنەیە چالاکی بەڕێوەدەچێت.

ماشەڵلا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند، لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی-دا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بارەگای پارتی ئازادی کوردستان، ژمارەیەک پارتی باکووری کوردستان لەوانە پارتی ئازادی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان- باکوور و ژمارەیەک پارتی دیکە لە رێوڕەسمێکدا یادی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مەلا مستەفا دەکەنەوە.

بەهۆی باری نائاسایی لە تورکیا، ناتوانرێت رێوڕەسمەکە بەشێوەیەکی بەفراوان لە دەرەوە بەڕێوەبچێت، بۆیە لەنێو بارەگای بارەگای پارتی ئازادی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هەر ئەمڕۆ لە ساڵیادی کۆچی دوایی مەلا مستەفای بارزانی، لەنێو کەمپی دۆمیز  لە پارێزگای دهۆک یادەکە بەرز رادەگیرێت.

تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-3-2018 لە کەمپی دۆمیز دوو چالاکی بەڕێوەدەچن، چالاکییەکیان لە کاژێر 4:00ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت، بڕیارە چەندین گوتار لەلایەن بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستانەوە پێشکەشبکرێن.

پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت، چالاکییەکی دیکە بڕیارە لە هەمان کەمپ لە کاژێر 6:00ی ئێوارە بەڕێوەبچێت، بە ئامادەبوونی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و چەند گوتار و پەیڤێک لەلایەن بەرپرسان و پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان پێشکەشبکرێن.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت، هەر بەو بۆنەیە ماوەی هەفتەیەک دەبێت 15 گەنجی کەمپی دۆمیز بە پێ بەرەو بارزان بەڕێکەوتن و بڕیارە ئەمڕۆ بگەنە مەزارگەی نەمران لە بارزان.

عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتڤانی باکووری کوردستان و برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە میانی سەردانیکردنی بۆ مەزاری مەلا مستەفا لە بارزان، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەزارگەی بارزانی نەمر بۆ هەموو کوردان شوێنێکی پیرۆزە، وەکو چۆن کەعبە بۆ موسڵمانانی جیهان شوێنێکی پیرۆزە، ئەو مەزارگەیەش بۆ ئێمەی کورد و نەتەوەی کورد و بە تایبەتی بۆ ئەوانەی تێکۆشان بۆ ئازادی کوردستان دەکەن، شوێنێکی پیرۆزە".

عوسمان ئۆجەلان بە پێویستی دەزانێت "هەموو کوردێک سەردانیکردنی ئەو مەزارگەیە بە ئەرکێکی خۆی بزانێت و هەموو ساڵێک سەردانی ئەو مەزارە بکات و بیر بۆچوون و باوەڕی خۆی بەهێز بکات و لەسەر تێکۆشانی خۆی بەردەوام ببێت. ئێمە دەزانین وەک کورد دوژمنمان زۆرە، بۆ ئەوەی ئەو دوژمنە نەتوانێت بەسەماندا زاڵبێت، پێویست بەوە دەکات لە رێگا و رێبازی بارزانی نەمردا بە باوەڕییەکی گەورە و بە خەباتێکی قارەمانانە بەردەوامی بەو خەباتە بدەین".

عوسمان ئۆجەلان دەشڵێت "کێشەکان چەند گەورە ببن، ئەگەر ئێمە بێداگری لەسەر رێبازی بارزانی نەمر بکەین، لەو بڕوایەدام دەوڵەتبوون و سەربەخۆبوون لەو رێگایەدایە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەڵێین هەموو کوردێک پێویستە لەو رێگەیەدا ببنە یەک، لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو هەڵانەی کراون جارێکی دیکە دووبارە نەکرێنەوە، لێرەوەش سڵاو بۆ بەرخودانڤانانی عەفرین دەنێرم و پێویستە سەردانی ئەو شوێنە پیرۆزە بکەن و لێرە فێرببن باوەڕی خۆیان بەهێز بکەن و تێکۆشانی خۆیان بەرزبکەنەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە