رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کۆمیتەی هەڵبژاردنی پارێزگای کرماشان دەڵێت، نزیکەی 100 بەربژێری ئەو پارێزگایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کشاونەتەوە. دەشڵێت، 32 هەزار کەس لە پارێزگاکە، ئەرکی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆیە.
عەلی شەعبانی، جێگری پارێزگار و بەرپرسی کۆمیتەی هەڵبژاردنی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، 95 بەربژێری پارێزگاکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کشاونەتەوە و ئێستا لە ئاستی پارێزگای کرماشان، 208 بەربژێر رکابەری لەسەر هەشت کورسیی پەرلەمان دەکەن.
عەلی شەعبانی ئاماژەی بەوە کرد، لە کرماشان نزیکەی 32 هەزار کەس ئەرکی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لە رێگەی هەزار و 670 بنکەی دەنگدانەوە لە ئەستۆیە، هەروەها رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە بەپێچەوانەی یاسای هەڵبژاردن هەڵسوکەت بکات.
ئەمڕۆ هەینی، 12یەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان 1,059 بەربژێر رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی 38 کورسیی پەرلەمانی ئێران دەکەن کە پارێزگای ورمێ 12 کورسی، کرماشان 8 کورسی، سنە 6 کورسی، لۆرستان 7 کورسی و ئیلام 3 کورسی لە پەرلەمانی ئێراندا هەن.
بەرپرسی کۆمیتەی هەڵبژاردنی پارێزگاکە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری کشانەوەی بەربژێرەکان بکات گوتی، لە سنووری شاری کرماشان 34 بەربژێر، لە ئیسلام ئابادی رۆژئاوا و داڵاهۆ 25 بەربژێر، لە قەسری شیرین کشاونەتەوە.
گوتیشی، لە سەرپێلی زەهاو و گەیڵانی رۆژئاوا 13 بەربژێر، لە سنووری پاوە، روانسەر، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی 10 بەربژێر، لە کەنگاوەر، سەحنە و هەرسین هەشت بەربژێر و لە سونقور و کولیاییش پێنج بەربژێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کشاونەتەوە.
بۆ بەڕێوەچوونی 12یەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە کراونەتەوە، کە 44 هەزاریان بنکەی جێگیر و 15 هەزاریان بنکەی گەڕۆکن، هەروەها لەو ژمارەیە 35 هەزار بنکە لە شار و 24 هەزار بنکە لە گوندەکان دەبن.
وەک عەلی شەعبانی دەڵێت، کۆمیتەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی کرماشان کە هەوڵی بەڕێوەچوونێکی شەفافی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەدات، تاوەکو ئێستا بە نووسراو هۆشداریی بە 17 بەربژێر داوە کە پێشتر پێشێلکاریی یاسای بانگەشەی هەڵبژاردنیان کردبوو و چوار بەربژێری سەرپێچیکاری دیکەش ناویان دراوەتە دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە.
بەگشتی 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەری دەکەن کە 12٪ـی بەربژێرەکان ژن و 88٪یان پیاون. ئەندامەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
هاوکات، لەم هەڵبژاردنەدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایان رکابەریی یەکدی دەکەن و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ