قایمقامی خانەقین: ئەوەی فڕێ دراوەتە خوارەوە تانکیی سووتەمەنیی فڕۆکەیە، نەک مووشەک
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەک لە سنووری قەزاکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەوەی بینراوە تانکیی یەدەگی سووتەمەنیی فڕۆکە بووە."
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکان دەرکەوت، ئەوەی کەوتووەتە خوارەوە مووشەک نییە، بەڵکو تانکیی سووتەمەنیی فڕۆکەیە."
بە گوتەی جەواد فەیزوڵڵا، "فڕۆکە جەنگییەکان دوای بەکارهێنانی سووتەمەنیی نێو تانکییە یەدەگەکانیان، فڕێیان دەدەنە خوارەوە بۆ ئەوەی کێشی فڕۆکەکە سووکتر بێت."
قایمقامی خانەقین ئاماژەی بەوەش کرد، تانکییەکە لە رۆژئاوای خانەقین و رۆژهەڵاتی گوڵاڵە فڕێ دراوەتە خوارەوە و گوتیشی، "رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە."
ئەم روونکردنەوەیەی قایمقامی خانەقین لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە کە لە لە سنووری خانەقین مووشەکێک کەوتوەتە خوارەوە.