هەڵكشان و داكشانی دەنگەكانی پارتی لە (1992 تا 2014)

01-05-2018
ئیسماعیل حەمە عەلی خورماڵی
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

پێشەكی:
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، لە پاش ڕاپەڕینی 1992ەوە بەشداری سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانی كردووە و دەتوانم بڵێم لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا یەكەم بووە. لێرەدا تیشك دەخەینە سەر ژمارەی دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 تا 2014 و شیكاری ئەو داتایانە دەكەین. هەروەها شیكاری دۆخی پارتی دەكەین لەو هەڵبژاردنانەدا، تا ئاستی هەڵكشان و داكشانی دەنگەكانی دەستنیشان بكەین.
 
داتاكانی هەڵبژاردن:

لە عێراق و هەرێمی كوردستان سێ‌ جۆر هەڵبژاردن كراون: (پەرلەمانی كوردستان- پارێزگاكان- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق). لەخوارەوە بەكورتی تیشك دەخەینە سەر شێوازی بەشداریكردنی پارتی لەو هەڵبژاردنانە و داتاكانی.

یەكەم: هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان

 
- كەمترین دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 بووە، زۆرترین هەڵكشانیش لە دەنگەكانیدا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014  بوو


هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992

یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو. حەوت لیست بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا كرد كە ژمارەی ئەندامانی ئەو خولەی پەرلەمان 105 پەرلەمانتار بوو، واتە كێبڕكێكە لەسەر 105 كورسی بوو. پارتی بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری كرد و توانی لەكۆی (971,453) دەنگ (437.889) دەنگ بهێنێت، واتە ڕێژەی 45.1%.

لەو هەڵبژاردنەدا جگە لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستی هاوبەشی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) كە 423.833 دەنگیان هێنا، واتە (43.61%)ی رێژەی دەنگەكان، هیچ لیستێكی دیكە نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێ‌ كە 7%بوو.  سەرەڕای ئەوەی پارتی 14056 دەنگی زیاتر بوو لە لیستە هاوبەشەكەی یەكێتی و زەحمەتكێشان، بەڵام كورسییەكانی پەرلەمانیان 50 بە 50 لە نێوان خۆیاندا دابەش كرد، پێنج كورسییەكەی دیكەشیان دایە مەسیحییەكان (4 كورسی بۆ بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و یەك كورسیش بۆ لیستی یەكگرتووی مەسیحییەكانی كوردستان).

ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 1992


 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2005

پاش زیاتر لە 13 ساڵ، لە 30/1/2005  خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. 13 لیست كێبڕكێیان لەسەر (111) كورسی دەكرد. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی لەگەڵا یەكێتی و چەند حیزبێكی دیكە پێكەوە (لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان)یان پێكهێنا و لەكۆی (1.753.918) دەنگ (1.570.663) دەنگیان بەڕێژەی 89.6% بەدەستهێنا و (104) كورسی پەرلەمانیان بەركەوت. لەناو لیستەكەدا (37) ئەندام بەر پارتی كەوت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان- ساڵی 2009

لە رۆژی 25/7/2009 سێیەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو كە 24 لیست كێبڕكێیان لەسەر (111)  كورسی كرد. پارتی و یەكێتی پێكەوە (لیستی كوردستانی)یان پێكهێنا و توانییان لەكۆی (1.876.196) دەنگ (1.076.370) دەنگ و (59) كورسی بهێنن بە ڕێژەی 57.37%، پارتی لەو هەڵبژاردنەدا 32 كورسی بەركەوت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2013

 
- نزمترین رێژەی دەنگی پارتی لە هەرێمی كوردستان  34.6% بووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی 2010. بەرزترین رێژەشی 45.1% بووە لە هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەماندا

هەڵبژاردنی 2013 دەركەوتنەوەی دەنگی راستەقینەی پارتی بوو، لەو هەڵبژاردنەدا كە لە21/9/2013 بەڕێوەچوو، (31) لیست بەشدارییان كرد. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و لەكۆی (1.970.317) دەنگ توانی (743.984) دەنگ بهێنێ‌، واتە 37.8%ی دەنگەكان، پارتی لەو خولەی پەرلەمان خاوەنی (38) كورسییە.

دووەم: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان

لەكوردستان دوو هەڵبژاردن بۆ پارێزگاكان كراوە، یەكەمیان لە ساڵی 2005 كە پارتی لەگەڵ چەند حیزبێكی دیكە هاوپەیمانێتیان پێكهێنا و لە كۆی (124) ئەندام (61) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیان بردەوە. دووەمیان لە ساڵی 2014 دا كرا، پارتی بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری كرد و لەكۆی (90) ئەندام (34) ئەندامی ئەنجوومەنی بردەوە. لەخشتەی ژمارە (1) وردەكاری ئەو هەڵبژاردنانە خراوەتەڕوو:

خشتەی ژمارە (1) دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان



سێیەم: هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لە عێراقدا چوار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە. لە ساڵی 2005 دوو هەڵبژاردن و پاشان لە ساڵی 2010 و 2014. 

لە دوو هەڵبژاردنی 2005 دا، زۆربەی حیزبە كوردستانییەكان بە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بەشدارییان كرد، بۆیە دەنگەكانی پارتی ناتوانرێت دیاری بكرێت لەبەر ئەوەی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری نەكردووە.

لە هەڵبژاردنی 2010 دا پارتی و چەند لایەنێكی دیكە هاوپەیمانیەتیەكان پێكهێنا و لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم (670.600) دەنگ و (16) كورسییان بەدەستهێنا بە رێژەی 34.59%.

لە هەڵبژاردنی 2014 چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و لەكۆی (2.128.167) دەنگ (789.122) دەنگ و بە رێژەی 37.08%، (17) كورسی بەدەسهێنا، وەك لە خشتەی ژمارە دوو روونكراوەتەوە.

 خشتەی ژمارە (2) دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق



تێبینی/ لیستی كوردستانی بریتی بوو لە لیستی پارتی و یەكێتی و چەند پارتێكی دیكە، لەهەندێ‌ لەو هەڵبژاردنانەدا دەنگی هەریەك لەو پارتانە جیاكراونەتەوە لەسەر بنەمای دەنگی پاڵێوراوی هەر لیستێك.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم:

سەبارەت ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی زۆرجار بەشێوەی هاوپەیمانی بەشداری لەو ناوچانەدا كراوە، بۆیە داتایەكی ورد و دروست لەو بارەیەوە لەبەردەست نییە بۆ پارتەكان، بەڵام بە ورد بوونەوە لەكۆی دەنگی پاڵێوراوانی لیستەكان ئەوا ئەنجامی دەنگەكانی پارتی لەو ناوچانە دیاری دەكرێت، لە خشتەی ژمارە (3)دا دەنگی پارتی و رێژەكەی ڕوونكراوەتەوە:

خشتەی ژمارە (3) دەنگەكانی لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان



خشتەی ژمارە (3) ڕێژەی دەنگی پارتی دەردەخات لەسەر ئاستی پارێزگاكانی ناوچە كوردستانییەكان. ئەگەر لەو سێ‌ پارێزگایە تەنیا دەنگی لیستە كوردسانیەكان وەرگرین ئەوا لە ساڵی 2010 پارتی (236.768) دەنگ و رێژەی 42.6% دەنگی كورد لەو ناوچانە پێكدەهێنێ. لە ساڵی 2014 پارتی (259.816) دەنگ و رێژەی 42.4% دەنگی كورد لەو ناوچانە پێكدەهێنێ.

شیكاری داتاكان

هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان:

لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان (2005 و 2009) ناتوانرێت دەنگی پارتی و رێژەكەی بزانرێت، چونكە بەشێوەی هاوپەیمانی بەشدار بووە و لیستی داخراویش پیادەكراوە. خشتەی ژمارە (4) داتاكانی ئەو هەڵبژارنانە دەخاتەڕوو:

خشتەی ژمارە (4) دەنگەكانی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان



لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، پارتی ژمارەی دەنگەكانی هەڵكشاوە، بەڵام رێژەكەی و ژمارەی كورسییەكانی داكشاوە. رێژەكەی لە 45.1% داكشاوە بۆ 37.8%، ژمارەی كورسییەكانیشی لە (50) كورسییەوە بووە بە (38) كورسی.

دووەم: هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان

ئەگەر بەراوردی دەنگ و رێژەی پارتی بكەین لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان وەك لە خشتەی ژمارە (1)دا روونكراوەتەوە:

لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك دەنگەكانی پارتی زیادی كردووە، بەڵام رێژەكەی كەمی كردووە. لە پارێزگای سلێمانی ئەگەرچی لەچاو دوو پارێزگاكەی دیكە دەنگی بەردەوام لاوازە، بەڵام لەڕووی دەنگ و رێژەوە كەمی كردووە.

لەڕووی ژمارەی ئەندامی ئەنجوومەنەكەش بەرەو داكشان رۆیشتووە. لە ساڵی 2005 توانی لە (124) ئەندام (61) ئەندام بەدەست بهێنێت بەڕێژەی 49.19%، بەڵام لەساڵی 2014 لە كۆی 90  ئەندام تەنیا (34) ئەندام بەدەستهێناوە. بەڕێژەی 37.78%. لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی ساڵی 2005 چەند حیزبێك هاوپەیمانی پارتی بوون و پێكەوە ئەو ئەنجامەیان بەدەستهێناوە. كەواتە بەگشتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان پارتی ڕوو لە داكشان بووە.

سێیەم: هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لەدوو هەڵبژاردنی 2005 ناتوانرێت دەنگەكانی پارتی دیاری بكرێت لەبەر ئەوەی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری نەكردووە. هەڵبژاردنەكان لیستی هاوپەیمانی و داخراو بووە.

بەسەرنجدان لەخ شتەی ژمارە (2) كە دەنگەكانی پارتی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی روونكردووەتەوە لەسێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، ئەوا پارتی لەهەر سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەنگ و رێژەی روو لە هەڵكشان بووە.

ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان

سەبارەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، وەك لە خشتەی ژمارە (3) دا روونكراوەتەوە، پارتی لەهەرسێ‌ پارێزگای (كەركوك، نەینەوا، دیالە) ژمارەی دەنگ و رێژەكەی لە هەڵكشاندا بووە. لەڕووی دەنگەوە (23.048) دەنگی زیادكردووە بەڕێژەی 0.86% هەڵكشاوە.
لە ناوچە كوردستانییەكاندا پارتی لە دوایین هەڵبژاردندا (259.816) دەنگی هێناوە، بەرێژەی 12.26%ی دەنگی ئەو سێ‌ پارێزگایە و  42.2% ی رێژەی دەنگی كوردە لەو پارێزگایە.

هەڵبژاردنەكان بەپێی ساڵ:

لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان لە ساڵی 1992 تا 2014 پارتی بەشداری كردووە بەو شێوەیەی كە لەسەرەوە روون كراوەتەوە. لەبەر هاوپەیمانێتی و لیستی داخراو لەهەندێ‌ هەڵبژاردندا دەنگی پارتی نازانرێت، بەڵام لەو هەڵبژاردنانەی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كردووە یاخود لیستی كراوە بووە، دەتوانرێت لەڕێی هەژماری دەنگی كاندیدەكانییەوە دەنگەكانی دیاری بكرێت. ئەگەر تەنیا سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان وەرگرین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامانەی كە لەخشتەی ژمارە (5) ڕوونكراوەتەوە:

خشتەی ژمارە (5) دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا



ئەنجوومەنی پارێزگا 2014 816.654 37,8% 2,161,038

خشتەی ژمارە (5) دەریدەخات كە دەنگەكانی پارتی لەنێوان ساڵانی 1992 تا 2014 هەڵكشان و داكشانی بەخۆیەوە بینیوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 كەمترین ڕادەی دەنگەكانییەتی كە (437.889) دەنگە. دواتر لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2005 دەنگەكانی هەڵكشاوە، بەڵام جارێكی لە ساڵی 2010 ڕووی لەداكشان بووە و (70.833) دەنگی كەمكردووە. پاشتر دەنگەكانی هەڵكشاوە. زۆرترین هەڵكشانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014 بوو كە (816.654) دەنگی هێناوە.

لەڕووی رێژەی دەنگەوە كە پێوانەیەكی دروستترە بۆ هەڵسەنگاندن، چونكە ژمارەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. نزمترین رێژەی پارتی لە هەرێمی كوردستان  34.6% بووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2010، بەڵام ئەو رێژەیە لە هەڵبژاردنی 2014 زیادی كردووە بۆ 37.1%.  بەرزترین رێژەی پارتیش لەهەرێمی كوردستان 45.1%بووە، ئەویش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە