رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆیی کەرکووک - خولی جیهاد دڵپاک بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکەش بۆ رووداو دەڵێت ''لەم فێستیڤاڵەدا پێناسەیەکمان بۆ جیهاد دڵپاک داناوە و، پێمانوابووە هەمیشە مۆمێک بووە بۆ کەرکووک سووتاوە".
شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی شانۆیی کەرکووک لەکاتی بەشدارییکردنی لە بوڵتەنی نووڕۆژ لەبارەی ئەوەی بۆچی فێستیڤاڵەکە بەناوی شانۆکاری کورد جیهاد دڵپاکەوە ناونراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جیهاد دڵپاک یەکێکە لەو ناوە درەوشاوە و گەورانەی مێژووی شانۆ و درامای ئێمە لە شاری کەرکووک، چ لە ئاستی کوردستان و چ لە ئاستی عێراق ئێمەش بڕیارماندا بە ئەمەک و بەوەفا بین بۆ ناوە گەورەکانی رابردوو و مێژووی خۆمان و شوێن و پێی ئەوان هەڵبگرین لە کاری هونەریدا".
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک دەڵێت: "لەم فێستیڤاڵەدا پێناسەیەکمان بۆ جیهاد دڵپاک داناوە و پێمانوابووە جیهاد دڵپاک هەمیشە مۆمێک بووە بۆ کەرکووک سووتاوە، هیوادارم خولی یەکەمی فێستیڤاڵی کەرکووک کە بەناوی ئەو شانۆکارە نازدارەی شارەکەمانەوە ناومان ناوە لە ئاست گەورەیی ناوی ئەوا بووبێتین".
لە فێستیڤاڵی شانۆیی کەرکووک هەشت شانۆ نمایشدەکرێن، شکۆ عومەر دەڵێت: "فێستیڤاڵی شانۆیی کەرکووک خولی جیهاد دڵپاک، بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ هاوکاریی و سپۆنسەری چەند لایەنێکی کەرتی تایبەت. بەم داهاتە کەمەی هەیە و ئەو قەیرانەی رووی لە کوردستان کردووە، ئێمە نەماندەتوانی لە هەموو شارەکانی عێراقەوە نمایشی شانۆیی بانگهێشت بکەین ، لەبەرئەوە دوای پۆلێنکردن بڕیارماندا هەموو پارێزگاکانی کوردستان و کەرکووک و دوو شاری زیندووی عێراق کە بریتین لە پارێزگاکانی بەغدا و بەسرەن بانگهێشت بکەین".
فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 1-5-2019 دەستپێدەکات و تاوەکو 4ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و رووداو سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکەیە.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک دەشڵێت: "چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە کاژێر 10ی بەیانی هەموو رۆژێک دەستپێدەکات، جگە لە رۆژی یەکەم. کە بریتییە لە دوو کۆڕی رەخنەیی بۆ نمایشی شانۆییەکان، رۆژانەش سیمینارمان لەبارەی شانۆ دەبێت لە کاژێر 15:00 بۆ 16:00، کاژێر 17:00 بۆ 18:00 نمایشی یەکەم دەستپێدەکات و کاژێر 19:00 بۆ 20:00 نمایشی دووەم دەستپێدەکات، ئەمە جگەلەوەی رۆژنامەیەکی رۆژانەشمان هەیە و کار و چالاکییەکانی تێدا بڵاودەکرێتەوە".
هەشت گرووپی شانۆیی بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن و پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی پێنج خەڵاتی زێڕین دەکەن. دوو گرووپیان لە کەرکووکن وەک خانەخوێی فێستیڤاڵ هەوڵدراوە بەپێی ئەو توانا کەمەی هەیە، لەهەر پارێزگاکەوە نمایشێک بانگ بکرێت.
لەکۆی ئەو هەشت بەرهەمەی دەبردرێنە فێستیڤاڵەکە، سێیان بەزمانی عەرەبی و پێنج بەرهەمیان بەزمانی کوردین، کە لەنێوان دەیان کاری دیکەدا هەڵبژێردراون بۆئەوەی بەشداری فێستیڤاڵیان پێبکرێ.
بۆ پێشوازی و ئیدارەی کاری فێستیڤاڵ، هەشت لیژنە لە هونەرمەندانی کەرکووک درووستکراون، زیاتر لە 150 کەسایەتی هونەری شانۆ و درامای کوردی و عێراقی بانگهێشت کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ