پەرلەمانتارێکی پارتی: ئەگەر بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی پەرلەمانەوە سیاسی بێت، ملکەچی نابین

01-06-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڕياری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی خول پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت: "هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، ئەگەر بەدەستمان بگات و یاسایی بێت ملکەچی دەبین، بەڵام ئەگەر سیاسی بێت، ملکەچی نابین." ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "پەرلەمانتاران دەوامی خۆیان دەکەن، بەڵام هیچ لیژنەیەک کۆبوونەوەی نەکردووە." 
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاری 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا و رایگەیاند، درێژکردنەوەکە "نادەستووری و نایاساییە" و هەر بڕیار و یاسایەکیش لەو ماوەیەدا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە، لە رووی دەستوورییەوە "پووچەڵە".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023 تۆڕی میدیایی رووداو لە پەرلەمانتارێکی یەکێتی وەری گرتووە، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراقیش هێشتا پەرلەمانتاران دەوامی خۆیان دەکەن. 
 
ئەرشەد حوسێن، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی دوو لیژنەی پەرلەمانە لەبارەی دەوامی پەرلەمانتاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڕیارەکەی دادگە هیچ کۆبوونەوەیەکی لیژنە نەکراوە و دانیشتنیش نەبووە. بەڵام دەوامی پەرلەمان هەر هەیە، دامەزراوەی پەرلەمان هەر هەیە و سەرۆکی دیوان و 600 فەرمانبەری هەیە و دەوام دەکەن."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت، تائێستا هیچ شتێکی فەرمییان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بەدەست نەگەیشتووە، ئەوان مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەن و گوتی:  "ئەگەر داواکە یاسایی بێت ئەوە ملکەچی دەبین، ئەگەر سیاسی بێت ئەوە وەکو هەموو ئەو بڕیارانەی دیکە ملکەچی نابین."
 
بەگوتەی ئەرشەد حوسێن، دەبێت دادگە نووسراوی فەرمی بنێرێت و سەرۆکی هەرێم بۆ پەرلەمانی بنێرێت دواتر دەستەی سەرۆکایەتی بۆ ئەوانی بنێرێت، ئەو کات ئەوان ئەوەی یاسایی بێت جێبەجێی دەکەن. 
 
سارا دڵشاد چاوشلى، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی تورکمانی گەشەپێدان کە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەوامی پەرلەمانتاران دەکرێت، ئێمە دوێنێ لە دەوام بووین، بەڵام لیژنەکان تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوە و کارێکمان نەبووە."
 
چاوشلی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق گوتی: "بڕیارێکی سیاسییە، بۆیە زۆر پابەندبوونی پێوە دیار نییە."
 
بەگوێرەی مادەی 25ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئەندامێتی پەرلەمانتاران بە کۆتاییهاتنی خولی پەرلەمان یان هەڵوەشاندنەوەی، مردنی ئەندام یاخود ئەندام توانای راپەڕاندنی کاری پەرلەمانی نەبێت، کۆتایی دێت.
 
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
 
دوایین ناکۆکیی نێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی کە رۆژی 22ـی ئایار لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی روویدا، لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بوو. 
 
لە دوایین کۆبوونەوە، تەوەری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و متمانەدان بە دوو ئەندامی نوێ کۆمسیۆن بە واژۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان و بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان خرایە بەرنامەی کارەوە. ئەوەش بووە هۆی گرژیی و ئاڵۆزی لەنێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی.  
 
دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان، فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە و دوو ئەندامی نوێش متمانەی پەرلەمانتارانیان وەرگرت، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، کۆمسیۆن کارانەکراوەتەوە و رێگرییان لەوە کردووە. 
 
ئەو ناکۆکییانەی یەکێتی و پارتی لە کاتێکدایە، بە گوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق هەر بڕیار و یاسایەک دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرکرابێت، نایاساییە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI)

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناو و زانیاریی 386 فەرمانبەری بۆ بانکی (TBI) نارد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمیی کوردستان یەکەم لیست رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) دەکات، تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە؛ لیستەکە لە 368 فەرمانبەر پێکهاتووە