دوو فەرماندەی پەکەکە: وەک 'نیازپاکی' چەکەکانمان لەنێودەبەین
رووداو دیجیتاڵ
دوو فەرماندەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایدەگەیێنن، گەریلاکانیان لە داهاتوویەکی نزیکدا وەک "هەنگاوێکی نیازپاکی" چەکەکانیان لەنێودەبەن، بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆیان بە پرۆسەی چەکدانان نیشان بدەن دوای دەیان ساڵ لە ململانێ لەگەڵ تورکیا.
ئەم چەکدانانە پلان بۆ داڕێژراوە و وەرچەرخانێکە لە گواستنەوەی ئەو گرووپە لە شۆڕشی چەکدارییەوە بۆ دانوستاندنی سیاسی، وەک بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە یەکێک لە درێژترین ململانێکانی ناوچەکە.
دوای بانگەوازی ئۆجەلان لە شوباتی ئەم ساڵ، پەکەکە لە مانگی ئایاردا رایگەیاند، کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.
فەرماندەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە، کە لە ساڵانی رابردوودا بەشداریی شەڕیان لە دژی هێزەکانی تورکیا کردووە، لە رێوڕەسمێکدا لە رۆژانی داهاتوودا چەکەکانیان لەنێودەبەن یان دەیانسووتێنن."
هەنگاوەکە لەلایەن فەرماندەیەکی دیکەشەوە پشتڕاستکرایەوە کە ئەویش بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی بۆ ئاژانسەکە کردووە.
تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەسەر شوێنی رادەستکردنی چەکەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەکدانانەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
فەرماندەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پەکەکە هێشتا بڕیاری لەسەر ژمارەی وردی ئەو گەریلایانە نەداوە کە چەک دادەنێن، هەروەها شوێن و کاتی رێوڕەسمەکەش دیاری نەکراوە.
لە مانگەکانی رابردوودا، پەکەکە چەندین هەنگاوی مێژوویی ناوە، کە بە ئاگربەست دەستیپێکرد و بە راگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی لە 12ی ئایاردا گەیشتە لووتکە.
فەرماندەی یەکەم گوتی، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا راگەیێندراوێکی نوێ لەلایەن ئۆجەلانەوە بڵاوبکرێتەوە.
بڕیارە شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کە رۆڵێکی سەرەکی لە ئاسانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆجەلان و ئەنقەرەدا گێڕاوە، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە، پێش ئەوەی سەردانی ئۆجەلان لە زیندان بکات.
تائێستا، وردەکاریی کەم لەبارەی چۆنیەتیی میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەکە هەیە، بەڵام ئەنقەرە رایگەیاندووە بە وردی چاودێریی پرۆسەکە دەکات.