رووداو زانیاری لەبارەی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلای پەکەکە بڵاودەکاتەوە

30-06-2025
سۆران حوسێن
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، چەک دابنێن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان زانیاری وەرگرتووە و، بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، رێوڕەسمی چەکدانانەکە دەکەوێتە سەرەتای مانگی تەممووز و لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتوون، چاوەڕوان دەکرێ "لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە پەیامێکی نوێ بڵاوبکاتەوە و دوای ئەوە پرۆسەی چەکدادانەکە دەست پێدەکات".
 
دوو سەرچاوەکە دەڵێن، لەنێوان 03 بۆ 10ـی تەممووز، ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەس دا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
 
لەبارەی چارەنووسی ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن، سەرچاوەکان گوتیان: "گەریلاکان لە رێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ئەو شوێنەی ئێستا لێیدەژین ، واتە ناگەڕێنەوە نێو شارەکانیان".
 
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن "ئەگەر گۆڕانی سیاسیی خێرای چاوەڕوانەکراو روونەدات، پلانی چەکدانانەکە لەکاتی دیاریکراودا وەک خۆی بەڕێوەدەچێت".
 
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی " ناودەبرێت.
 
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد. 
 
هەروەها  سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و  پارتەکانی کوردستان،  هەروەها ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان پێشوازییان لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد .  
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، 20ـی ئایار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدادان کرد و گوتی: "ئەوەی لەسەر شانی هەرێمی کوردستان بووبێت رۆڵی خۆی گێڕاوە بۆ نزیکبوونەوەی هەردوولا و لە داهاتووشدا هەر وا دەبێت".
 
لەبارەی چۆنێتی چەکدادانی پەکەکەوە رێبەر ئەحمەد گوتی: "هێشتا ‌هەندێک بابەت روون نییە بۆ ئەوانەش گفتوگۆش دەکەن. بۆ نموونە، بابەتی چەکدادانەکە کەی، چۆن و لەکوێ دەبێت؟".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.