رووداو - سلێمانی
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، سەركەوت حەسەن (ناسراو بە سەرکەوتی کوبە)ی كاندید كردووە، فەرمانی دەستبەكاربوونەكەشی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بۆ ئەوەی رەزامەندی دەستبەكاربوونی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ دەربكرێ.
سەركەوت حەسەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "من لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە كاندیدكراوم بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و تەنیا چاوەڕێی ئەوە دەكەم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانەكەم بۆ دەربچێت و دەستبەكاربم".
پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن و ئەو رێككەوتنەی لەنێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان واژۆكراوە، دوو ساڵ بە دوو ساڵ، ئێستا دەبێ پارێزگار لە بزووتنەوەی گۆڕان بێت، بەڵام لەماوەی رابردوودا سەردار قادر دەستی لەكار كێشایەوە، بەمپێیە ئەو پۆستەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن جێگری پارێزگار كە لە یەكێتی نیشتمانییە، بەڕێوەدەبرێت.
سەركەوت حەسەن گوتیشی: "لەنێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە یەكلایی بووەتەوە كە من ئەو پۆستە وەردەگرم، تەنیا فەرمانە وەزارییەکەیشی ماوە و پێویستە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەربچێت".
سەركەوت حەسەن كە بە (سەركەوتی كوبە) ناسراوە، پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، ماوەیەکیش بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی بوو. لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لەگەڵ ئەو بزووتنەوەدایە، لە نێو گۆڕانیشدا ماوەیەک باژێڕوانی سلێمانی بوو.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ