گەنجێکی کورد گەورەترین خەڵاتی جیهانی بواری بیرکاری بردەوە

01-08-2018
عومەر شایان
نیشانەکردن مەریوان کوردستان خەڵاتی فیڵدز کۆچەر بیرکار
A+ A-

رووداو- هەولێر

کوڕە کوردێکی مەریوانی نیشتەجێی لەندەن خەڵاتی فیڵدزی بردەوە، کە گەورەترین خەڵاتی بیرکارییە لە جیهاندا. ئەو دەڵێت "هیوادارم دڵی 40 ملیۆن کوردم خۆشحاڵ کردبێت".

خەڵاتەکانی فیڵدز لەم خولەیدا درایە چوار پڕۆفیسۆری بواری بیرکاری کە بریتین لە کۆچەر بیرکار، ئەلسیۆ فیگالی، پیتەر شوڵتزە و ئەکشای ونکاتش، بەهۆی ئەو کارە گەورە و گرنگانەی لە بواری بیرکاری ئەنجامیانداوە. رێوڕەسمەکە لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل بەڕێوەچوو.

پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، کە گەنجێکی خەڵکی مەریوانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و مانگێکی ماوە تەمەنی ببێتە 40 ساڵ، ماوەی چەند ساڵێکە وەک پەنابەر چووەتە بەریتانیا و ئێستا لە زانکۆی کەمبریجی ئەو وڵاتە مامۆستایە. کۆچەر بیرکار جگە لە خەڵاتەکە بڕی 15 هەزار دۆلاریشی پێبەخشرا.



کۆچەر بیرکار، بە گۆڤاری زانستی کوانتای گوتووە، ئەو کاتەی لە زانکۆی تاران خوێندکاریی بەکالۆریۆس بووە چووەتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەری کردووە. ئەو دەڵێت "کاتێک دەچووە ئەو یانە بیرکارییەی لەوێ دەیخوێند، وێنەی براوەکانی خەڵاتی فیڵدز لەسەر دیوارەکانی دانرابوون، سەیریانم دەکرد و بەخۆمم دەگووت، رۆژێک دێت بتوانم یەکێک لەوانە ببینم؟ ئەوکاتەی لە ئێران بووم تەنانەت نەمدەزانی ئاخۆ دەتوانم بڕۆمە وڵاتانی رۆژئاوا".

کۆچەر بیرکار دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەڵێت: "هیوادارم ئەو هەواڵە خەندە بخاتەسەر لێوی 40 ملیۆن کورد لەجیهاندا".



پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، بەهۆی ئەو کارانەی لە هەندەسەی جەبر ئەنجامیداوە ناسراوە و پیشتریش خەڵاتی بەنێوبانگی لورهۆڵمی بردووەتەوە.

خەڵاتەکە، کە بە نۆبڵی بواری بیرکاری دادەنرێت، لە ساڵی 1932ـەوەوە دەدرێ بە ئەو کەسانەی لە بواری بیرکاریدا داهێنان دەکەن. خەڵاتەکە لەسەر ناوی زانای بیرکاری جۆن چارڵس فیڵدزی کەنەدی ناونراوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە