جێ هەیە لە لەشی مرۆڤدا، لەناو پزیشكاندا پێیدەگوترێ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان. چۆن؟ كاتی دەوامی حكوومی كە ئەركە، ئەم دەڵێ ئەوە جێی ئیشی من نییە، ئەو دەڵێ جێی ئیشی من نییە. كاتی دەوامی تایبەت كە دەستكەوتە، ئەم دەڵێ جێی ئیشی منە و ئەو دەڵێ نەخێر جێی ئیشی منە.
هۆی یەكەمی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە جیهاندا كەشتی بوو. ئەو كەنارەی هاتن و چوونی كەشتیی لێوە ڕێكدەخرێت، ناوی بەندەرە. بە ئینگلیزی و زۆربەی زمانەكانی ڕۆژئاوا (port) یان شتێكی نزیك لەمەی پێدەڵێن. دواتر شەمەندەفەر پەیدابوو. هێڵی ئاسنین دروستكرا و هاتوچۆی وشكانیی نێودەوڵەتییش پەیدابوو. هەردووكیان وەك هۆی گواستنەوەی گشتی.. دواتر فڕۆكە دروستكرا. فڕۆكە چییە؟ كەشتییەكە، لەجیاتی بە دەریادا بڕوا، دەفڕێ. دەچێتە وڵاتێك و دێتەوە، بەڵام بە هەوادا نەك بە دەریا و زەریادا. ئەو شوێنەی لێوەی دەردەچێت و لێی دەنیشێتەوە هەر بەندەرە، بەڵام بەندەرێكی هەوایی. ناویان لێنا (airport). بە كوردی دەبێتە بەندەری هەوایی یاخود ئاسمانی. تورك ڕێك وەك خۆی وەریانگرت. بەندەر (liman) و هەوا (hava)یە. بوو بە (havalimanı). عەرەبیش هەر وایانكرد. سەرەتا ناویان لێنا (المینائ الجوی). ئەوەی فیلمی ڕەشوسپیی میسڕیی تەماشاكردبێ، دیتوویەتی نووسراوە (میناو القاهرە الجوی). زمانی عەرەبی لەڕووی وشەسازییەوە لاستیكییە. لە یەك شتا كڵۆڵە. ناتوانێت دوو وشە لێكدات و بیكاتە یەك. بە نەنگییان زانی بە دوو وشە وشەیەك دەربڕن. مەگەر یەكەم كەس (عەباس)ی ئەوان نەبوو ویستی بفڕێ! هەستان ناوی خۆیانەیان بۆ دۆزییەوە: (مگار).. ئەمە لە ڕێزمانی عەرەبیدا ناوی شوێنە. لە كوردیدا بە مانای (فڕگە) دێت. كورد بەكاری نەهێنێت حەقی نییە. هەر جێیەك چیی لێبێ (خانە)یەكی پێوە دەنێ. فڕۆكەی لێیە، كەواتە فڕۆكەخانەیە.
هۆی گەیاندن مێژوویەكی درێژی هەیە. لە كۆتری نامەبەرەوە دەستپێدەكات. ڕەنگە لە ئاگركردنەوەشەوە بێت كە سەروەختێك بۆ گەیاندنی پەیام بەكارهاتووە. دواتر پۆستە و تەلەگرام و تەلەفۆن و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و سەتەلایت و فاكس و مۆبایڵ و ئینتەرنێت.. حاڵی حازر سمارتفۆن و مۆبایڵ و لەڕێی ئینتەرنێتیشەوە كۆی پەیوەندی و گەیاندنەكانی جیهان بەڕێوەدەچن.
وەزارەت یەكەیەكی ئیداریی حكومەتە. كاری ڕێكخستن و كۆنترۆڵكردنی ئەو بوارانەیە كە ناوەكەی ئاماژەی بۆ دەكات، بە شێوەیەك كە كۆی دانیشتووان سوودی لێ وەرگرن.
لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتێك هەیە بەناوی گواستنەوە و گەیاندن. لەڕووی گەیاندنەوە، پۆستەكەی نەبێ كە كەس حسێبیشی بۆ ناكات، یەك كۆمپانیای گشتیی نیشتمانیی تەلەفۆن و مۆبایڵ و ئینتەرنێتی نییە. هەمووی كەرتی تایبەتە. بڕیار و ڕاسپاردەیان لە خوارەوە بۆ دێت.
لەڕووی گواستنەوەشەوە بەندەری نییە، هێڵی ئاسنینی نییە، هێڵی وشكانیی نییە، یەك پاسی گشتییش چییە نییەتی. هەیەتی و نییەتی فڕگەیە. با بڵێین فڕۆكەخانەیە. ئەویش تا ئێستا جێناكۆكە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا. وەختی ئەرك ئیشی شتاقیان نییە و وەختی دەستكەوت ئیشی هەردوولا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ