هاوپەیمانێتییەک: بەهۆی وشەی 'گۆڕان'ەوە کۆمیسیۆن ناوەکەی پێ گۆڕین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی عێراق کە رێبەرایەتی هاوپەیمانێتیی بەهاکانی مەدەنی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دەکات، دەڵێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی هاوپەیمانێتییەکەی پێ گۆڕیون و هۆکارەکەش وشەی 'گۆڕان' بووە؛ بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "بەهۆی لێکچوونی ناوەکانەوە بووە."
رۆژی سێشەممە 1-8-2023، یاسر سالم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە 12 حیزب، کۆمەڵە، گردبوونەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک سیاسەتمەدار هاوپەیمانێتییەکمان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەناوی هاوپەیمانیی هێزەکانی گۆڕانی دیموکراسی پێشکێشکرد، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەپاساوی لێکچوونی ناوەکان و نزیکیی ناوەکە لە هێزی دیکەوە، ناوەکەی رەتکردەوە، بەڵام پاساوەکەی کۆمیسیۆن لاوازە، بۆیە ناوەکەمان بۆ هاوپەیمانێتیی بەهاکانی مەدەنی گۆڕی."
یاسر سالم پێیوایە، "هۆکاری سیاسی" لە پشت پاساوەکەی کۆمیسیۆنە و دەڵێت: "بەهۆی ئەوە بوو کە بەشێک لە چالاکوانانی خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 بەشدارن لەگەڵماندا."
بەگوتەی یاسر سالم، هاوپەیمانێتییەکەیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و پارێزگای کەرکووک، بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و ناوی بەربژێرەکانیشیان ئامادەن.
هاوپەیمانیی بەهاکانی دیموکراسی لە حیزبی شیوعی عێراق، جوڵانەوەی "نازل أخذ حقي"، پارتی ماڵی نیشتمانی، رەوتی دیموکراتی، رەوتی وەعدی عێراقی، جووڵانەوەی ماڵی عێراقی، بزووتنەوەی تشرینی دیموکراسی، رەوتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی و چەند پارت و پەرلەمانتارێک پێکدێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر هاوشێوەیی و نزیکی لە ناوی لیستەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەر هەڵبژاردنێکی دیکە هەبێت، دەبێت بیگۆڕن، چونکە ئەوە رێکارێکی هەڵبژاردنە، هیچ مەبەستێکی سیاسیی لەپشتەوە نییە و بۆ هەمووان وەکو یەکە و ئەو قسانە نادروستن."
بڕیارە رۆژی 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت. لەدواى ئەو هەڵبژاردنە، ئەندامانی ئەنجوومەنى پارێزگان، پارێزگارى نوێ بۆ پارێزگاکانیان هەڵدەبژێرن.