هاواری تینوێتی لە شارەزوور؛ 200 هەزار کەس لەژێر هەڕەشەی بێ ئاویدان
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای شارەزوور، ژیان بەستراوەتەوە بە پڕۆژەی ئاوی بێستانسوورەوە، تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی نزیکەی 200 هەزار هاونیشتمانییە. بەڵام ئێستا، زەنگی مەترسی لێدەدرێت و ئەم سەرچاوە ژیانییە خەریکە وشک دەکات.
کێشەکە تەنیا کەمبوونەوەی ئاو نییە، بەڵکو کارەساتێکی ژینگەیی و مرۆییە. سەرچاوەکانی پڕۆژەکە کە ئاو بۆ شارەزوور، عەربەت، زەڕایەن، و کەمپی پەنابەرانیش دابین دەکات، بەڕێژەیەکی مێژوویی کەمیکردووە. ئێستا کاریگەرییەکەی لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا بە روونی دەبینرێت؛ چوار رۆژ جارێک، تەنیا سێ کاژێر ئاویان پێدەگات.
شاهۆ جەلال، دانیشتووی قەزای شارەزوورە و دەڵێت، "ئەو ئاوەی پێمان دەدرێت زۆر کەمە، تەنکییەکانمان پڕناکات. ناچارین بە 10 بۆ 12 هەزار دینار تانکەرێک ئاو بکڕین. ئەم دۆخە وای لێکردووین قەدری ئاو بزانین، جاران کە ئاو زۆر بوو، هەموو ماڵێک سۆندەی لەبەر دەرگا بوو بۆ شۆردن".
باکۆ حوسێن، شۆفێری تانکەرە و ئاماژە بەوە دەکات، "خواستێکی زۆر بۆ کڕینی ئاو هەیە، لەوەتەی هەڵەبجەی تازە هەیە بێ ئاویی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. رۆژانە نزیکەی 25 کەس پەیوەندیم پێوە دەکەن، بەڵام منیش بە نۆرە ئاو وەردەگرم و ناتوانم بۆ هەموویانی دابین بکەم".
لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، بەرپرسان چی دەڵێن؟ فەرمانگەی ئاو دڵنیایی دەدات لە خاوێنی ئەو بڕە کەمەی ئاو، بەڵام دەڵێت چارەسەری کێشەکە بەندە بە بودجەیەکەوە کە لەبەردەستدا نییە.
رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور بە رووداوی گوت، "چارەسەری خێرا ئەوەیە ئاو لە پڕۆژەی ئاوی سێ ئاشانەوە بگوازینەوە بۆ پڕۆژەی بێستانسوور، بەڵام بودجەمان لەبەردەست نییە. لە رێگەی جێگری پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە لە هەوڵداین بۆ دابینکردنی بودجە".
لەنێوان هاواری تینوێتی هاونیشتمانییان و وەڵامی 'پارە نییە'ی بەرپرساندا، چارەنووسی نزیکەی 200 هەزار کەس نادیارە و چاوەڕوانی چارەسەرێکی ریشەیین.