چەکدارێکی پێشووی داعش بە تۆمەتی سووتاندنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ستۆکهۆڵم رۆژی پێنجشەممە سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر جیهادییەکی سوێدی بەناوی ئوسامە کرایم سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی تاوانی سووتاندنی فڕۆکەوانێکی ئوردنی بە زیندوویی بەسەردا ساخ بووەوە.
دادوەر ئانا لیلینبێرگ گولێشیۆ گوتی، "لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە تۆمەتبارەکە لە شوێنی رووداوەکە بووە، جلی هاوشێوەی ئەوانی دیکەی لەبەر کردووە و چەکی پێبووە، هەروەها رێگەی داوە وێنەی بگیرێت."
هەرچەندە بەڵگەی ڤیدیۆیی دەریخست کە پیاوێکی دیکە ئاگرەکەی کردووەتەوە، بەڵام دادوەرەکە گوتی: "کردەوەکانی تۆمەتبارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان لە مردنی قوربانییەکەدا کردووە کە دەبێت وەک بکەرێک هەژمار بکرێت."
کرایم بەهۆی رۆڵی لە هێرشەکانی پاریس و برۆکسێل لە ساڵانی 2015 و 2016 لە فەرەنسا سزای 30 ساڵ زیندانیکردن و لە بەلجیکاش سزای زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.
لە 24ی کانوونی دووەمی 2014، فڕۆکەیەکی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئوردن لە سووریا کەوتە خوارەوە.
بەگوێرەی داواکاری گشتی سوێد، فڕۆکەوانەکە، موعاز کەساسبە، هەمان رۆژ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە نزیک شاری رەققەی ناوەڕاستی سووریا دەستگیرکرا، دواتریش گرتەڤیدیۆییەکی بڵاوکرایەوە و تێیدا دەرکەوت کە لەنێو قەفەسێکدا بە زیندوویی سووتێندراوە.
دادوەر گولێشیۆ گوتی، کردەوەکانی کرایم بریتی بوون لە "پاسەوانیکردنی قوربانییەکە پێش و لە کاتی کوشتنیدا و بردنی بۆ ئەو قەفەسەی کە تێیدا بە زیندوویی ئاگری تێبەردرا."
دادگا بڕیاریشیدا قەرەبووی دایک، باوک، خوشک و براکانی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە بکرێتەوە، کە بۆ هەر یەکێکیان 80 هەزار کرۆنی سوێدی (8,200 دۆلار) بوو.
دڵنەوایی بۆ خێزانەکە
داواکارانی گشتی نەیانتوانیوە رێکەوتی وردی کوشتنەکە دیاری بکەن، بەڵام لێکۆڵینەوەکان شوێنەکەیان دەستنیشان کردووە.
گولێشیۆ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی کە تۆمەتبارەکە قسەی نەکرد کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بڕیارەکە نەبوو، چونکە داواکاری گشتی بەڵگەی پتەوی پێشکەشکرد و لێکۆڵینەوەکەش ورد بوو."
بەگوێرەی پارێزەرەکەی، کرایم سوور بووە لەسەر ئەوەی کە تەنیا 15 بۆ 20 خولەک لە شوێنەکە بووە و ئاگاداری ئەوە نەبووە چی روودەدات تاوەکو ئەو کاتەی کامێراکانی بینیوە.
جەودەت کەساسبە، برای فڕۆکەوانەکە کە لایەنێکی سکاڵاکار بوو لە دۆسییەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "ئەم بڕیارە تا رادەیەک دڵی خێزانەکە خۆش دەکات."
براکەی گوتیشی، "سوپاسی سوێد و دەسەڵاتی دادوەریی بێلایەنی سوێد دەکەین بۆ هەوڵەکانیان لە بەدواداچوونی ئەم کەیسەدا."
پەشیمان نییە
پارێزەری خێزانەکە لە دادگا نیگەرانیی خۆی دەربڕی، کە کرایم هیچ هاوسۆزی و پەشیمانییەکی بۆ کردەوەکانی نیشان نەداوە.
میکایل وێستەرلوند بە دادگەی گوت، "زۆربەی ئەو کەسانەی شایەتحاڵی ئەوە بوون کە بەسەر موعازدا هات، بێگومان پێویستیان بە چارەسەری تاهەتایی، یان لانیکەم درێژخایەن دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو زەبری دەروونییەی کە ئەمە لە مرۆڤێکی ئاساییدا دروستی دەکات."
وێستەرلوند گوتیشی، "لەبەرامبەردا، وا دیارە کرایم تووشی زەبری دەروونی نەبووە، بەڵکو ئیلهامی وەرگرتووە. ئیلهام بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی، کە وای لێکرد بەشداری بکات و دواتر بە تۆمەتی کردەوەی تیرۆریستی لە ئەورووپا سزا بدرێت."
کرایم، کە خەڵکی شاری مالمۆیە لە باشووری سوێد، لە فەرەنسا سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی یارمەتیدان لە پلاندانانی هێرشەکانی تشرینی دووەمی 2015ی پاریس و لە بەلجیکاش سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی هێرشەکانی ساڵی 2016ی فڕۆکەخانەی سەرەکی و وێستگەی میترۆی بڕۆکسل.
لە 12ی ئادار، فەرەنسا رەزامەندی دەربڕی کە بۆ ماوەی نۆ مانگ رادەستی سوێدی بکاتەوە، کە ئەو ماوەیە بوو بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکە پێویست بوو.
دادگای ستۆکهۆڵم رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دەبێت تاوەکو 27ی کانوونی دووەم بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرەنسا.