کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە رۆژی پێنجەمی دایە؛ 'دیار نییە ئەمڕۆش تەواو دەبێت یان نا'
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەڵێت، لە کۆی 64 مادەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، 44 مادە تەواوکراون و بڕیارە ئەمڕۆ گفتوگۆکانی تایبەت بە رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی تەواوبکرێن و رەنگە هەر ئەمڕۆ سەرکردایەتیش هەڵبژێردرێت.
رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023، زیاد جەبار، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ پێنجەم رۆژی کۆنگرەیە، ئەمڕۆ تاوتوێکردن و گفتوگۆی مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بەردەوام دەبێت، تائێستا 44 مادەی پەیڕەو تەواو بوون، 20 مادە ماون و گفتوگۆکان لەسەر ورد و درشتی وردەکاریی ئەو مادانە دەکرێت، بۆیەش کۆنگرە درێژکرایەوە، چونکە گفتۆگۆی چڕ و بەشداریی زۆری ئەندامان بەتایبەت لەبارەی پەیڕەوەوە هەیە."
سەبارەت بە کارەکانی دیکەی ئەمڕۆی کۆنگرەی یەكێتی، زیاد جەبار گوتی: "ئەگەری هەیە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش هەڵبژێردرێت، ئەگەر گفتوگۆی پەیڕەو تەواو بکرێت و پەسندبکرێت، بەو دوو کارەش ئەگەر بتوانین ئەمڕۆ تەواویان بکەین، کۆنگرە کۆتایی پێدێت."
هەرچەندە بڕیار بوو کۆنگرەی یەکێتی سێ رۆژ بخایێنێت، بەڵام کارەکانی کۆنگرە درێژکرانەوە. زیاد جەبار گوتی: "هێشتا دیارنییە ئایا ئەمڕۆ کۆتا رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەبێت یان کۆنگرەکە بۆ سبەی دووشەممەش درێژدەکرێتەوە. ئەوە لەسەر گفتوگۆکانی ئەمڕۆ راوەستاوە."
زیاد جەبار رەتیکردەوە ناکۆکی لەنێوان سەرکردەکانی یەکێتی لەبارەی سەرکردایەتییەوە هەبێت و گوتی: "کۆنگرە لە کەشێکی زۆر پۆزەتیڤ و ئاسایی بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەکی نەهاتووەتە رێ."
رۆژی 27-09-2023 کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیار بوو سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی پەیڕەوی یەکێتی، کاتەکەی درێژکرایەوە.
رەشنووسی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە 64 مادە و 18 لاپەڕە پێکدێت، بڕیاربوو رۆژی هەینی 29ـی ئەیلوولی 2023، لە کۆنگرە دەنگی لەسەر بدرێت، لە پەیڕەوەکەدا یەکێتی سێ ئەنجوومەنی دەبێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەکانیشی بە 600 ئەندام و کەمتر دیاریدەکات، ئەندامانی سەرکردایەتیش لە 124ـەوە بۆ 61 ئەندام کەمدەکرێنەوە.
بەشی شەشەمی رەشنووسی پەیڕەوی یەکێتی پەیوەستە بە مەکتەبی سیاسی، کە لە مادەی 33ـی پەیڕەوەکەدا دەڵێت، لە سەرۆک، 12 بۆ 14 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پێکدێت، لەلایەن سەرۆکەوە پێشنیاز دەکرێت و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێت.
بەپێی مادەی 54، یەکێتی "ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی" دەبێت و لە 9 بۆ 15 ئەندامی پێکدێت، سەرۆکی یەکێتی پاش کۆنگرە ئەندامان و سکرتێر و جێگرەکانی دیاریدەکات.
بەپێی رەشنووسە پێشنیازکراوەکە، یەکێتی ئەنجوومەنێک بەناوی ئەنجوومەنی پشتیوانی پێکدەهێنێت و ژمارەیان لە 100 کەس زیاتر نابێت، ئەرکی ئەنجوومەنەکە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی یەکێتی دەبێت و راستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرۆکەوە دەبێت و راپۆرتەکانی بۆ سەرۆکی یەکێتی بەرزدەکاتەوە.