ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی هەڵبژێردران؛ لیستی ناوەکان ببینە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێنجەم رۆژیدا کۆتاییهات و ئەندامانی سەرکردایەتیی نوێی حیزبەکە هەڵبژێردران کە ژمارەیان 60 کەسە. سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "یەک لیستی سەرکردایەتی هەبوو، بە کۆی دەنگ پەسندکرا."
لە پێنجەم رۆژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسندکرا. بەگوێرەی پەیڕەوەکە، ئەندامانی سەرکردایەتی 60 ئەندام دەبن.
رۆژی یەکشەممە 01-10-2023، لە کۆنگرەکەدا جەعفەر شێخ مستەفا وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی هەڵبژێردرا. پێشتر کۆسرەت رەسووڵ عەلی بەناونیشانی سەرۆک ئەو پۆستەی هەبوو.
هەروەها حاجی مەسیفی بە سکرتێری ئەنجوومەنی پشتیوانی یەكێتی دەستنیشان کرا کە ئەنجوومەنەکە لە (100) ئەندام پێكدێت و ئەندامەكانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دەستنیشان دەكرێت.
دوای تەواوبوونی کۆنگرەی حیزبەکەی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، کۆنگرەکەی یەکێتی "زۆر بە جوان"ـی تەواوبوو. "بە دوور و درێژی گفتوگۆ لەسەر هەموو بڕگەکانی پەیڕەو کرا."
بافڵ تاڵەبانی گوتی، "بەرنامەیەکی تایبەت بۆ گەنجان و دابینکردنی هەلی کار بۆیان دادەنێین و لە پڕۆژەکانی ساڵی رابردوومان بەردەوام دەبین."