رووداو دیجیتاڵ
گوهدار زێباری، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان بۆ جاری سێیەم حوکم درایەوە. پارێزەرێکی دەڵێت، بە تۆمەتی هەبوونی چەکی تاپڕی بێ مۆڵەت لە ئۆتۆمبێلەکەیدا، شەش مانگ حوکم دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرانی گوهدار زێباری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە گوهدار زێباری بە تۆمەتی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت لە جۆری تاپڕ لە ئۆتۆمبێلەکەیدا شەش مانگ سزادرا".
ئەرتیسی گوتی: "سێ پۆلیس لە دادگە دژی گوهدار زێباری شایەتییان دا، کە گوایە تاپڕ لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە. لەبەرامبەردا گوهدار زێباری رەتیکردەوە چەکی هەبووبێت و چەک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بووبێت."
ئەرتیسی گوتیشی، "وەکو تیمی پارێزەران پێکەوە گفتوگۆ دەکەین و پاشان بڕیار دەدەن کە بڕیارەکە تەممیز دەکەنەوە یان نا."
هەروەها دایکی گوهدار زێباری ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لە دادگە لە دوورەوە کوڕەکەی بینیوە و نەیانهێشتووە لە نزیکەوە ببیبینێت. لەبارەی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەتیشەوە گوتی، "راست نییە و چەکی نەبووە؛ ماڵی کچەکەمیان پشکنیوە و چەکێکی تاپڕیان دۆزیوەتەوە؛ چەکەکە هی کاتی ئینگلیزەکانە و باوکی من بۆ یادگاریی هەڵیگرتبوو و هەر کارناکات."
گوهدار زێباری لە 22ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 دەستگیرکرا و بەگوێرەی مادەی 156ـی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ بەندکردن حوکمدرا.
شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان حوکمەکەی زێباری و چوار هاوڕێی دیکەی کەم کرایەوە؛ حوکمەکەی زێباری 60٪ کەمکرایەوە.
بڕیاربوو گوهدار زێباری رۆژی 16ـی ئاداری 2023، ئازاد بکرێت، بەڵام بەگوێرەی مادەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی، لە 15ـی ئادار بۆ ماوەی حەوت مانگ حوکم درا، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی "لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی دەستکاری کردووە و گۆڕیویەتی"؛ دواتر پارێزەرەکانی ئەو بڕیارەیان تەمیزکردەوە و حوکمەکەی بۆ پێنج مانگ کەمکرایەوە و دەبووایە رۆژی 16ـی ئابی 2023 ئازاد بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ