لە گوندێکی سیدەکان نزیکەی 200 دارمازوو بڕدرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە گوندی داسن لە سنووری قەزای سیدەکان دەڵێت، لەلایەن کەسێکەوە 200 داری تەڕ لە گوندەکەیان بڕدراونەتەوە. پۆلیسی دارستانی سنوورەکەش دەڵێت، ناوی تۆمەتبارەکەیان دەستکەوتووە و دوای لێکۆڵینەوە سزای دەدەن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2023) هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی داسن لە سنووری قەزای سیدەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە نزیکەی 200 داری تەڕ لە جۆری مازوو لە گوندەکەمان بڕدراونەتەوە."
عەقید ئەمیر خۆشەوی عیسا، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بڕینی دارەکان ئاگادارکراوینەتەوە، بەڵام بەهۆی هەبوونی پەکەکە و هێزی دەرەکی لە سنوورەکە، هەروەها تۆپبارانی وڵاتان، نەمانتوانیوە بچینە شوێنی داربڕینەکە؛ سەرووی خۆشمان ئاگاداریان کردووینەتەوە لەو سنوورانە جووڵەمان کەم بێت، چونکە بە ناوچەی قەدەخەکراو ناسێندراون."
عەقید ئەمیر دەڵێت، ئەو تۆمەتبارە دۆخی ناوچەکەی قۆستووەتەوە و زانیویەتی هێزی ئەوانی لێ نییە بۆیە دارەکانی بڕیوەتەوە. گوتیشی، "ناوی خاوەنی زەوییەکەمان وەکو تۆمەتبار وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەی ورد دەکەین، کە بزانین خۆی بڕیونی، یان کەسێکی راسپاردووە یان بەبێ ئاگاداری ئەو دارەکان بڕاونەتەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران جەختیکردووە، کە دوای لێکۆڵینەوە "سزای یاسایی تووند"ی ئەو کەسە دەدەن، کە دارەکانی بڕیونەتەوە.
بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ـی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، ئەمساڵ لە سنوورەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ زیاتر لە 30 رووداو کراوەتەوە، کە بەشێکیان بەهۆی داربڕینەوە بوون و هەندێکیشیان بەهۆی راوکردن و تاوانە ژینگەییەکانی دیکە بووە.