هاونیشتمانییەکی عەفرین بۆ رووداو: چەکدارانی فەیلەقی شام دەستیان بەسەر خانووەکەمدا گرتووە


رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی گەواندای سەر بە ناحیەی راجۆ لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، هاونیشتمانییەکی کورد لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی، 6 مانگە لەنێو دووکانێکدا دەژین.

فەیسەڵ حوسێن حەبەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خانووەکەی لە گوندەکەیان کراوەتە بارەگای گرووپی چەکداریی فەیلەقی شام.
 
فەیسەڵ 6 مانگە گەڕاوەتەوە گوندەکەی، بەڵام دەرگەی ماڵەکەی داخراوە. بە گوتەی خۆی، ئەو چەکدارانەی خانووەکەیان کردووەتە بارەگا، داوای پارەی لێ دەکەن بۆ ئەوەی خانووەکەی رادەست بکەنەوە.
 
ئەو هاونیشتمانییە کوردە ئاماژە بەوە دەکات، "بە ناچاری" لەگەڵ منداڵ و هاوژینەکەی لەنێو "دووکانێکدا بێ خزمەتگوزاری دەژین".
 
فەیسەڵ دەڵێت، "کەسێکی هەژارە" و توانای نییە ئەو پارەیە بدات کە لێی داوا دەکرێ، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی خانووەکەی وەربگرێتەوە.