گالەری

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
10 Photos
ساڵح قادر @salihqadr
ئەمە مزگەوتی سوورە؛ لە سەنتەری شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە، تەمەنی 800 بۆ 900 ساڵ دەبێت.
 
مزگەوتەکە لە سێ نهۆم پێکدێت و لەسەر رووبەری 1400 مەتر دووجا دروستکراوە. جێگەی زیاتر لە5 هەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە.
 
کەریم زەکی، ئەندامی ئومەنای مزگەوتەکانی سەردەشت بە رووداوی راگەیاند، مزگەوتەکە تاوەکو ئێستا چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە، دوایینجار 20 ساڵ لەمەوبەر بە هەوڵی خێرخوازان و حکومەت دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا و  10 ساڵ لەمەوبەر بە رووی نوێژخوێناندا کرایەوە.
 
سەبارەت بە مێژووی مزگەوتەکە، کەریم زەکی گوتی: "دوایینجار کە نۆژەنکرایەوە، چەند خشتێکی کۆن لە بناخەکەیدا دۆزرانەوە، دوای پشکنین دەرکەوت تەمەنی خشتەکان لە نێوان 800 بۆ 900 ساڵ دەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین مزگەوتەکە 900 ساڵ لەمەوبەر هەبووە."
 
بەم مێژووە دێرینەوە، هێشتا مزگەوتەکە لە لیستی شوێنەوارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە، بەڵام کەریم زەکی لەو بارەیەوە گوتی: "نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر سەرۆکی گشت مۆزەخانەکانی ئێران سەردانی مزگەوتەکەی کرد، وێنە و ڤیدیۆی مزگەوتەکەی گرت، بۆ ئەوەی لە لیستی فەرهەنگی میراتی کولتووری تۆمار بکرێت."
 
بەهۆی ئەوەی مزگەوتەکە لە خشتی سوور دروستکراوە، بۆیە ناونراوە مزگەوتی سوور، لە نێو خەڵکی سەردەشتدا بە مزگەوتی جامعەش ناسراوە، بەو پێیەی تاکە مزگەوتی سەنتەری شاری سەردەشتە نوێژی هەینی تێدا دەکرێ