ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت

02-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن، حەواڵەکردنی پارە، دەستەبەرکردنی مادە بۆ درۆن و مووشەکی ئێرانی و پەرەدان بە سیستم و تەکنەلۆژیایان، چوار کۆمپانیا دەخاتە لیستی سزاکانییەوە.
 
رۆژی هەینی، 2-2-2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو سزایانەی سەپاند.
 
گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو تۆڕە کە لە چوار کۆمپانیا پێکهاتووە بەشداربوون لە کڕین و دەستەبەرکردنی مادە و تەکنەلۆژیای گرنگ بۆ درۆن و مووشەکی ئێرانی و پەرەدان بە سیستمی ئەو چەکانە، بەتایبەت، زنجیرە درۆنەکانی شاهید کە لەلایەن ئێرانەوە بەرهەمدەهێندرێن.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی ئەو وەزارەتە هاتووە سێ لەو کۆمپانیایانە لە هۆنگ کۆنگن لەوانەش، فای ئینتەرناشناڵ، دیولینگ تەکنەلۆجی و ئەدڤانتج ترەیدینگ. هەروها، کۆمپانیای نارین سێپەر لە ئێران.
 
ئەو کۆمپانیایانە سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی PKGBـین کە لەلایەن حەمید دێغانەوە بەڕێوە دەبرێن. 
 
بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، حەمید دێغان چالاکانە پشتگیری لە چەندان رێکخراوی چەکداری و سەربازی دەکات لەوانەش سوپای پاسدارانی ئێران، "هەروەها ئەو کەسە لەرێگەی کۆمپانیاکانی هۆنگ کۆنگەوە شتومەکی ئێرانی بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆ قازانج و سوودی سوپای پاسداران فرۆشتووە".
 
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ تیرۆریزم و هەواڵگریی دارایی گوتی، "بڵاوکردنەوەی چەکە پێشکەوتووەکانی ئێرانی لە نێویاندا درۆن و مووشەک کە سەربازانی ئەمریکی دەکەنە ئامانج، وەک هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە ماونەتەوە."
 
وەزارەتی گەنجینە هۆکاری سزادانی ئەو کۆمپانیایانە بەمشێوەیە رووندەکاتەوە:
 
کۆمپانیای بازرگانیی فای ئینتەرناشناڵ FYIY کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە بزوێنەری درۆنی شاهیدی کڕیوە و بە ملیۆنان دۆلار حەواڵەی کردووە.
 
کۆمپانیای دیولینگ کە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییە یارمەتیدەر بووە لە کڕینی چەندین پارچەی گرنگی درۆن و دەستەبەرکردنی بۆ ئێران.
 
کۆمپانیای بازرگانیی ئەدڤانتج لە هۆنگ کۆنگ چەندین پارچەی گرنگی ئەلیکترۆنی و فڕینی بۆ درۆنەکانی ئێران دابینکردووە.
 
کۆمپانیای نارین سێپەر کە بنکەکەی لە ئێرانە و بەشێکە لە کۆمپانیاکانی PKGB کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادراوە.
 
ئەمریکا دەڵێت لە ئەمڕؤوە هەر موڵک، پارە یان کەلوپەلێک سەر بەو ناوانەی سزادراون لە ئەمریکا هەبێت، بلۆک دەکرێن و لەلایەن حکومەتەوە رادەگیرێن.
 
لە راگەیێندراوێکی هاوشێوەدا لە 31-1-2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سێ کۆمپانیای دیکە سەپاند کە لە رێگەی فرۆشتنی شتومەکی ئێرانییەوە پارەیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان ناردبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.