خوێندنی باڵا: ئەوانەی گرێبەستن ناتوانن بخوێنن
رووداو دجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا دەڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا لاری نییە ئەوان خوێندنی باڵا بخوێنن بەگوێرەی رێکاری زانکۆکان، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرێکی گشتیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "رێنمایی حکومەت هەیە، کە رێگرە لە خوێندنی گریبەستەکان".
رۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بە زانکۆکان گوتراوە، ئەوان لارییان نییە لەوەی گرێبەستەکان خوێندنی باڵا بخوێنن، بەو مەرجەی زانکۆکە رێکاری دەوامەکەی بگونجێنێت".
محەممەد نەجیب دەڵێ، بەشێکی زانکۆکان پێویستیان بە ستافی خاوەن بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرایە، بۆیە ئامادەن رێگە بە گرێبەستەکان بدەن بخوێنن.
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی گرێبەستەکان، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ رێگرە لەبەردەم خوێندنی باڵا بۆ گرێبەستەکان وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی: "وەزارەتی دارایی بە ئێمەیان گوتووە کاری لەسەر دەکەن بۆ رێگەدان بە خوێندنمان".
لە بەرامبەردا د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی رێنمایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان گرێبەستەکان ناتوانن خوێندنی باڵا بخوێنن".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی: "رێنماییەکەی حکومەت بۆ گرێبەستی هەموو وەزارەتەکانە نەوەکو تەنیا وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەموو گرێبەستەکان لە پێویستیدا گرێبەستیان بۆ کراوە و ناکرێ بچن بخوێنن و دەوام نەکەن".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار مامۆستای گریێبەستی پەروەردە، 4 هەزار و 100 مامۆستایی گرێبەستی خوێندنی باڵا هەن، جگە لە گرێبەست ژمارەیەکی دیکە لە وەزارەتە جیاکان.