رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەکات، پابەندی چەند خاڵێک بن بۆ خزمەتی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە سعودیە بۆ عومرە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، داواکەیان ئەنجامی رەخنەی خەڵکە لە کۆمپانیاکان.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەڵک سکاڵای هەبووە دژی کۆمپانیاکان و بەدواداچوونمان کردووە و سزاشمان داون، ئەوەی بڵاومان کردووەتەوە هەڵێنجراوی داواخوازییەکانی خەڵکە".
ستوونی گوتی: "لیژنەمان لە هەردوو شاری مەککە و مەدینە هەن لە سعودیە، هەر کۆمپانیایەک پابەندی رێنماییەکان نەبێ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێت".
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەدا کە ئێوارەی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە 13 خاڵ ئاراستەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کراوە.
دەقی داواکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە، کە ئاراستەی ئاراستەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی کردووە:
1- پێویستە کۆمپانیاکان پێشوەختە کاتی رۆیشتن و گەڕانەوەی گەشتەکان دیاری بکەن، تاوەکو هاونیشتمانیان بە وردی ئاگاداری کاتی گەشتەکانیان بن.
2- بەر لە دەستپێکی گەشتەکە، دەبێت خاوەن کۆمپانیا بەرنامەی گەشتەکە بە شێوەی نووسراو یان برۆشور بداتە عومرەکاران و تەواوی بەرنامەکەیان بۆ روون بکاتەوە.
3- پێویستە لە شارەکانی مەدینە و مەککە، خواردن بەپێی ژمارەی عومرەکاران ئامادە بکرێت؛ رێگە نادرێت خواردنی 30 کەس بۆ 40 کەس دابەش بکرێت و دەبێت رەچاوی جۆری خواردنیش بکرێت.
4- گۆڕینی هۆتێل لە کاتی گەشتەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، هەروەها نابێت دەستکاری ژمارەی رۆژەکانی مانەوە لە مەککە و مەدینە بکرێت و دەبێت بەرنامەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
5- هێنانی عومرەکار بۆ فڕۆکەخانە یان دەروازەی عەرعەر پێش دەرچوونی ڤیزە قەدەخەیە، بە پێچەوانەوە کۆمپانیا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
6- نابێت هیچ کۆمپانیایەک بێ ئامادەبوونی خاوەنەکەی؛ هاوبەشەکەی یان فەرمانبەرێکی رێگەپێدراوی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە گەشت بکات و خاوەن کۆمپانیا لە مەدینە چاوەڕێی عومرەکاران بکات.
7- لە گەشتی وشکانیدا دەبێت دوو شۆفێر هاوسەفەری عومرەکاران بن؛ خاوەن کۆمپانیا یان هاوبەشەکەی بۆیان نییە شۆفێریی پاسەکە بکەن.
8- وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە عومرەکاران لەبەرانبەر (زیارەتی رەوزە) قەدەخەیە.
9- بۆ ئەوەی هۆتێلەکان زوو چۆڵ بکرێن، نابێت عومرەکاران زیاتر لە 6 کاژێر پێش گەشتەکەیان ببرێنە فرۆکەخانە یان هەر شوێنێکی دیکە کە ببێتە هۆی ماندووبوونیان.
10- پێویستە 48 کاژێر بەر لە گەشتەکە خاوەن کۆمپانیا یان نوێنەرە رێگەپێدراوەکەی، مەنیفێستی ناوی عومرەکاران رادەستی نووسینگەی حەج و عومرەی شارەکەی خۆی بکات.
11- ئەو کۆمپانیایانەی لە رێگەی فرۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشت دەکەن، بۆیان نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ گواستنەوەی نێوخۆیی (چوون و گەڕانەوە) لە عومرەکاران وەربگرن.
12- نابێت عومرەکاران لە هۆتێلێک بن و بۆ نانخواردن بچنە هۆتێلێکی دیکە، هەروەها دابەشکردنی عومرەکارانی یەک گرووپ بەسەر دوو هۆتێلی جیاوازدا قەدەخەیە.
13- لە کاتی ونبوونی هەر عومرەکارێک، خاوەن کۆمپانیا بۆی نییە بگەرێتەوە کوردستان تاوەکو چارەنووسی عومرەکارەکە دیاری دەکرێت و رێکارەکانی گەڕانەوەی تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ