عیماد ئەحمەد: بە هەنگاوەكانی مالیكی یەكپارچەیی عێراق پارێزراو نابێ

02-03-2014
نیشانەکردن عیماد ئەحمەد
A+ A-

رووداو – هەولێر

عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی مالیكی لەبارەی نەناردنی مووچە و بودجەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە گەمارۆدانی ئابووری وەسفدەكات. ئەو هۆشداریش دەدات كە ئەگەر مالیكی لەسەر ئەو هەنگاوانەی بەردەوام بێت، ئەوا یەكپارچەیی خاكی عێراق پارێزراو نابێ.

عیماد ئەحمەد سەبارەت بە راگەیەنراوی نووسینگەی نو‌وری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەربارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاندووە "حكومەتی ناوەندی بەرپرسە لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، چونكە وەك لەبەیاننامەكەیدا هاتووە پێویستە 17% ی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عیراق ساڵانە بدرێت بە هەرێمی كوردستان، كەئەمساڵ بەبیانووی رێكنەكەوتن سەبارەت بەپرسی نەوت، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگرتووە، كە خۆشی لە بەیاننامەكەدا دانی پێداناوە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان لەو بودجەیە دابیندەكرێت كە لە بەغداوە دێت".

عیماد ئەحمەد ئە‌و هەنگاوەی مالیكی بە "پێچەوانەی دەستوورو یاسا" لە قەڵەم دەدات‌و دەڵێ "بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عیراق مافێكی دەستووریەو ناكرێ وەكو كارتێكی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان بەكاربهێنرێت".

سەبارەت بەو مەرجەی لە بەیاننامەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هاتووە، كە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق گرێدەدات، عیماد ئەحمەد گوتی "هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری نەوت بەتایبەتی سازادنی گرێبەست و دابینكردنی ژێرخانی پیشەسازی نەوت و هەناردەكردنی لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانی خۆی بووە لەدەستووردا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە جگە لەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردووەتەوە كە داهاتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەبێتە سەرچاوەیەكی دیكەی زیادبوونی داهات بۆ هەموو عێراق، "بەمەرجێك هەرێمی كوردستان شەریكی راستەقینە بێت لەپڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت و داهاتەكەشی راستەخۆ بێتە بانكەكانی هەرێم، لەپێناوی زەمانەتكردنی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێم لەكاتی خۆیداو رێگەگرتن لەوەی وەكو كارتی فشار دژی بەكاربهێنرێت وەكو ئەوەی ئێستا دەبینین".

عیماد ئەحمەد هۆكاری سەرەكی كێشەی بەغداو هەولێر بۆ نەبوونی هەردو‌و یاسای نەوت و گاز و یاسای دابەشكردنی داهات دەگێڕێتەوەو دەڵێ "پێمانوایە ئەم هەنگاوە  زیانی گەورەی بۆ  یەكپارچەیی عێراق و مانەوەی دەبێت، چونكە ناكرێ بەم شێوە تاكڕەوییە ئیدارەی وڵات بكرێت و بۆ دەستكەوتی سیاسی سەرپێچی لەسەر دەستوور و بەها سیاسییەكان بكرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە