گالەری


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەر دەبن. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان کێشەی سەختتری بەڕێکردووە و ئەم کێشانەش چارەسەر دەبن. باس لەوەش دەکات کە "پارتی و یەکێتی جگە لە رێککەوتن هیچ رێگەچارەی دیکەیان نییە".

ئەمڕۆ پێجشەممە، 02-03-2023، لە سێیەمین رۆژی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەژێر ناوی "گرفتە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داهاتووی هەرێمی كوردستان" قسەی کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاییندەی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، دۆخی عێراق و ناوچەکە، پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەیش قسەی کرد.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "پێموایە [پارتی و یەکێتی] دەیانەوێت رێکبکەون، چونکە رێگەچارەی دیکەیان نییە. چی دەکەن؟ ئەگەر رێکنەکەون، ئەڵتەرناتیڤەکەی چییە؟" گوتیشی، "ئەگەر ئەم کێشانەی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەر نەبن، بەس پێم بڵێن ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ بۆ یەکێتی ئەڵتەرناتیڤ چییە و بۆ پارتیش ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ هەربۆیە دەبێت رێکبکەوین."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کرد تیمی یەکێتی کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە، بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکان و لەوێوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەشڵێت، لە دەرەوەی کۆبوونەوەکانی حکومەت هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.