رووداو دیجیتاڵ
کورد هەر سێ کورسییەکەی پارێزگای ئیلامی لە پەرلەمانی ئێران بردەوە، وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، پارێزگای ئیلام بەسەر دوو بازنەی ئیلام - دێلوڕاندا دابەشکراوە کە لە بازنەی ئیلام دوو پەرلەمانتار بۆ شارەکانی ئیلام، سیروان، چارداوڵ، هەلیلان، میهران، مەلەکشایی، چووار و ئەیوان هەڵبژێردران.
رۆژی شەممە، 2-3-2024، عەبدولساحیب نادری، قایمقامی قەزای ناوەندیی ئیلام رایگەیاند، فەرەیدوون هیممەتی بە 34 هەزار و 914 دەنگ کە دەکاتە 22.21٪ـی کۆی دەنگەکان براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی بازنەی ئیلام بوو.
براوەی دووەمی بازنەی ئیلام سارا فەلاحەتی، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانە کە بە 34 هەزار و 712 دەنگ کە دەکاتە ٪22.05ی کۆی دەنگەکان توانی ئەمجارەش ببێتەوە پەرلەمانتار لە خولی 12ـەیەمی پەرلەمانی ئێران.
بەگوێرەی ئاماری قایمقامیەتی قەزای ناوەندی ئیلام، لە بازنەی هەڵبژاردنی ئیلام 253 هەزار و 813 کەس دەنگیانداوە.
بازنەی دێلوڕانیش شارەکانی دێلوڕان، ئابدانان و دەرەشار بەدرە لەخۆدەگرێت و کورسییەکی پەرلەمانیان بۆ دیاریکراوە.
لەو بازنەیەدا ئەسەدوڵڵا چراغی توانی بە بەدەستهێنانی 31 هەزار و 595 دەنگ کە دەکاتە 40٪ـی کۆی دەنگەکان، ببێتە نوێنەری هەر چوار شارەکەی باکووری پارێزگاکە لە پەرلەمانی ئێران.
بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ئیلام 617 هەزار و 102 کەسە.
لەو پارێزگایە 477 هەزار و 429 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. بۆ هەڵبژاردنی خولی 12ـەیەمی پەرلەمانی ئێران 54 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو بۆ بەدەستهێنانی سێ کورسییەکەی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ